حه‌مه غه‌فور
hamagafur@gmail.com
شازده‌ی ئه‌م مانگه ژیانی ته‌مه‌ن 21 ساڵ له ووڵاتی سوید له‌لایه‌ن باوکیه‌وه ئه‌دریته به‌ر چهقۆو ئه‌بێته یه‌کێکی تر له قوربانیانی ده‌مارگیریی باوکسالاری‌و که‌لتووری قێزه‌وونی نامووسپه‌رستی. پاڕێزه‌ری باوکی ژیان له زمانی خۆیه‌وه ووتوویه‌تی؛ هۆکاری کوشتنی ژیانی بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندۆته‌وه که کچه‌که‌ی ماوه‌یه‌که دهسهڵاتو سه‌رگه‌وره‌یی ئه‌وی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه‌و به‌پێی ئاره‌زووی ئه‌و(یانی ژیانی کچی) نه‌جووڵاوه‌ته‌وه.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه؛ ئایا کاتێک باوکی ژیان ساڵی 2007 که کچه 17حه‌ڤده ساڵه‌که‌ی به زۆر یان به فریودان ئه‌دات به که‌سێکی 11یازده ساڵ له خۆی گه‌وره‌تر، به دڵی ژیان ههڵسو که‌وتی کردووه یان جووڵاوه‌ته‌وه؟ بێگومان وه‌ڵام نه‌خێره! ئه‌وساش دوای 3سێ ساڵ‌و پاش بوونی مناڵێک وه‌ختێک ژیان چاوئه‌کاته‌وه، ئه‌بینێت له‌جیاتی دێوه‌زمه‌ی باوکی، مێردێک له پێستی باوکی‌دا ئێستا بۆته هاوسهریو ده‌بێت لێره به‌دواوه ملشۆڕو کۆیله‌ی ده‌ستی ده‌مارگیرێکی تر بێت، بۆیه چه‌ند مانگێکه له پیاوه‌که‌ی جیابۆته‌وه‌و به‌نیاز بووه وه‌کو کیژێکی جه‌وانی ئازادی سویدی ژیانی گه‌نجانه‌ی به‌رنامه‌ڕێژی بکاو کۆیله‌ی ده‌ستی باوک‌و مێرد نه‌بێت. ئه‌م ههڵسو که‌وته‌و موماره‌سه‌ی ئه‌م مافه سه‌ره‌تاییه‌ی، ژیان بوویه قه‌ستی سهریو ده‌ماری شه‌ره‌فپارێزی باوکی قنج بوویه‌وه‌و چه‌قۆی دایه دهستیو جهرگو هه‌ناوی کچه‌که‌ی خۆی دڕندانه کون‌کون کرد.
به‌داخه‌وه ئه‌بێت بڵێین؛ مێژووی بیست ساڵی ڕابردووی کوردستان، به خوێنی گهشو به‌ناهه‌ق ڕژاوی ده‌یان هه‌زار کیژو ژنی وه‌کو ژیان ڕهنگینهو مۆتیڤی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ڕه‌شه‌کوژیه‌ی ژنانیش که‌لتووری کورده‌واریه‌و له‌ناویشیدا نه‌ریتی چه‌په‌ڵی نامووس‌و شهرهفپاریزیه. نه ژیان یه‌که‌م ژنه که عاده‌تی باوکسالاری‌و گه‌وره‌سالاری تووڕههڵدابێو له‌پێناو ماف‌و ئازادیهکانیدا ده‌ستی نای نابێت به‌ڕووی خواسته دواکه‌وتووانه‌و عهشائیریهکانی باوکیه‌وه‌و له ئه‌نجامدا بووبێته نێچیرێکی به‌سه‌زمانی ده‌ستی چه‌قۆی که‌لتووری پارێزگاری له شهرهفو نامووس، وه نه دوایین قوربانیش ئه‌بێت. به‌ڵکو هه‌تا ئه‌م که‌لتووره نامرۆڤانه‌یه، هه‌تا ئه‌م نه‌ریته پیس‌و دواکه‌وتوانه‌یه‌ی پاراستنی شه‌ره‌ف جاڕی بۆ بدرێ‌و تاوانکارانی بکوژی ژنان خهڵاتو داڵده بدرێن‌و وه‌کو ساله موزه‌لی بکه‌ونه به‌ر بڕیاری لێبووردنی گشتی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه‌و له زیندان ئازاد بکرێن، ئه‌م عاده‌ته نه‌گریسه، ئه‌م مۆته‌که ناشیرینه به‌سه‌ر سه‌ری ڕه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستانه‌وه ئه‌مێنێته‌وه‌و ڕه‌واج په‌یدا ئه‌کات.
باوکی ژیان 62 شهستو دوو ساڵ ته‌مه‌ن له‌پاڵ خوتبه‌ی مه‌لاو فه‌توای مزگهوتو به‌رگری ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له ڕهوشتو که‌لتووری کورده‌واری‌و خۆماڵی، له پای ڕێزدانانی بۆ ڕهسمو نه‌ریتی خێڵهکیو دواکه‌وتوانه‌دا، خۆی هه‌رگیز له ده‌مارگیری باوکسالاری‌و شه‌ره‌فپارێزی ڕزگاری نه‌بوو. به‌داخه‌وه نیشته‌جێ بوونیشی له سکۆلارترین ووڵاتی ئه‌وروپادا یارمه‌تی نه‌دا خۆی پاک بکاته‌وه له‌و ده‌مارگیریه دواکهوتاوانهیه، بۆیه هه‌مان مۆتیڤ، هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیان له مانه‌وه‌ی ئه‌م عادهتو ڕه‌وشته دژه ژن‌و دژه مرۆییانه‌دا هه‌یه توانیان مۆفه‌ق بن‌و ویژدانی داگیر کهنو ههستو نه‌ستی مرۆییانه‌ی له‌که‌دار که‌ن، تا چه‌قۆیان دایه ده‌ستی باوکی ژیان‌و جه‌رگی ڕۆڵه‌یه‌کی شیرینی خۆی لهتو په‌ت کرد له‌پێناو مانه‌وه‌ی به‌ڵای ئه‌م نه‌ریته قێزهوونو نامۆیه به‌سه‌ر ژیانی هاوچه‌رخی ئێمه‌و کۆمه‌ڵگاکه‌مانه‌وه.
تراژیدیای له خوێن هه‌ڵکێشانی جه‌سته‌ی نازدارو پاک‌و بێگه‌ردی ژیان، شه‌رمه‌زاریه‌کی دیکه‌ی بۆ نه‌ریتی نامووسپهرستیو که‌لتووری کورده‌واری گوێڕایه‌ڵیی بۆ باوکان تۆمار کرد. ئه‌م کاره‌ساته‌ی له‌ناو جه‌رگه‌ی ووڵاتێکی سکۆلاری وه‌کو سویددا ڕوویدا، داستانی ستهمکێشی ژنانی کوردستانی جارێکی تریش کێشایه‌وه مهیدانو بوویه سه‌ر تیتڵی ڕۆژنامه‌و هه‌واڵه‌کان. ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه، ئه‌م مۆتیڤه گیانسهختهی پشتگیری له مانه‌وه‌و درێژه‌ی ئه‌م که‌لتوورو عاده‌ته ناڕه‌واو دواکه‌وتوانه‌یه ئه‌کات، بانگه‌وازی هه‌موومان ئه‌کات، ده‌ستی ئازادیخوازان‌و ڕووناکبیران‌و منهوهرانو له پێشیانه‌وه کۆمۆنیسته‌کان ماچ ئه‌کات، بۆ ڕیسواکردنی له ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌دا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ کارێک بکرێت که ئۆباڵی ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانکاریانه له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان نه‌خرێته پاڵ به‌ره‌ی ئازادیخواز‌و سکۆلاری کوردستان‌و ڕه‌وه‌ندی مۆدێرنی کوردستانه‌وه. پێویسته ئه‌م تاوانه چه‌په‌ڵه هه‌ر به‌پای خاوه‌نه‌کانی بنووسرێته‌وه‌و هه‌مواربکرێت. پێویسته کۆمه‌ڵگای کوردستان بۆ به‌رگری له خۆی بۆ سه‌رفرازی نه‌وه‌کانی، ئه‌م که‌لتووره دژه ژنه، ئه‌م نه‌ریته ناموسپهستانهیه تووڕههڵداته نێو زبڵدانی مێژووه‌وه. ئه‌م کاره سه‌خت نیه‌و هه‌نگاوی سه‌ره‌تای به وێڵکردنی خوتبه‌ی مزگهوتو فه‌توای ئیسلام‌و بانگه‌شه‌ی ناسیونالیزمی کوردی‌و ده‌سه‌لاتدارانی ئێستا بۆ جاڕدانی که‌لتووری خۆماڵی‌و سازکردنی چه‌ندین ڤیستیڤاڵی که‌لتووریه‌وه له ناوچه جیاجیاکانی کوردستاندا، ده‌ست پێئه‌کات. ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی ئه‌و ڤیستیڤاڵه که‌لتووریانه ساز ئه‌کات، به‌رای من به‌شێکن له‌و مۆتیڤه‌ی هانی ده‌مارگیری نامووسپارێزی ئه‌ده‌ن بۆ قوربانی سه‌ندن له ژنان.
20-11-2010
/////////////////////////////////
توهین نمودن یکی از دراویش مهتدی در فیس‌بوک علیه شخص من به بین و تفکر این وردیش را بخوانید.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر