Pages

۱۳۸۹ دی ۲, پنجشنبه

دیمانەیەك لە گەل ئەفسەری پلەیەكی خانە نیشین (ئاڤی سیتی)

دیمانەیەك لە گەل ئەفسەری پلەیەكی خانە نیشین (ئاڤی سیتی)
ناوم (ئاڤی)یە لە بنەماڵەكەیدا بە (سیتی) بانگ دەكرێم، لە سالی 1943 لە بەغدا لە دایك بوومە، لەبنەماڵەیەك لە چوار برا و خوشكیك و دایك و باوك كە 7 كەس بوون لە بنەمالەكەمان، باپیرم بەبیر دێ، كە داپیرەم مرد ئەویش هاتە لامان و لەگەڵ چەند كوڕ و كچێكی هەموومان لە یەك ماڵدا دەژیان لە گەڕەكێك لە گەڕەكەكانی بەغدا، باوكم خەریكی كاری كڕین و فرۆشتنی زێڕ بوو لە نێوان بەغدا و تاران كاتی خۆی.
كورتەیەك لەژیاننامەی:

پارەدار بووین و ژیانمان زۆر خۆش بوو، ئەوكات هەرچەندە من منداڵ بووم، بەڵام بیرەوەرییەكانم بیر دێنەوە، لە ساڵی 1951 دا لە كۆچە گەورەكەدا هاتین بۆ ئیسرائیل. دایكم كاتێ هاتین بۆ ئێرە، دووگیان بوو و برا بچووكەكەم لە سكیدا بوو، لێرە لەدایك بوو كە ناوی (یۆسی)یە. ئێستە لە كۆمپانیای ئەلێكتریكی لە عەفولە كار دەكات. ماڵمان لە بەغدا نێزیك مزگەوتیك بوو، نازانم لە چ گەڕەكێك بوو، بەڵام لە ساڵی 1948 دا وەك منداڵێك بیرم دێتە و لە نێزیك ماڵەكەمان بنكەیەكی سەربازی هەبوو كە عێراقییەكان دەهاتن خۆیان ناونووس دەكرد بۆ خزمەتی سەربازی، هاواریان دەكرد مردن بۆ زایۆنییەكان. من ئەوكات نەمدەزانی ئەوانە چی دەڵێن و مەبەستیان چییە، كە هاتم بۆ ئێرە زانیم مەبەستیان دەوڵەتی ئیسرائیلە كە داوای نەمانی دەكەن. كە هاتین بۆ ئیسرائیل لە جێگەیەك نێزیك لە حەییفا جێگیر بووین بە ناوی (شەعرێ عەلیا)، لەوێ هاتین بۆ عەفولە بۆ (مەعبەرەت بێت) لەوێش ماینەوە دوای مانگێك خانوویەكی دەستكردمان وەرگرت كە دوو و نیو بە چوار و نیو بوو، تا گەورەبوونی هەموومان هەر لەوێ بووین.
لە هاوین تەندوور بوو و بە زستان زۆر سارد بوو، ژیان تێیدا زۆر زەحمەت بوو، لە ناو ئەم خانووە چێشتخانە هەبوو و گەرماو هەبوو و ژووری نووستنیشی هەبوو. هەمووی لە ناو یەكدا بوون. لە ساڵی 1958 دا چووین بۆ (گڤعاتە مۆرێ) كە نێزیك عەفولەیە و لەوێ ژیاین و لە قوتابخانە دەستم كرد بە خوێندن كە لە گەرَەكەكەمان چەند ماڵی كورد هەبوون، هەموویان تا ئێستە دۆستمن وەك برا سەیری یەك دەكەین. من قوتابخانەم تەواو كرد چووم بۆ سوپا، لە سوپادا كۆرسی ئەفسەریم تەواو كرد بووم بە ئەفسەری پلە دوو، مامەوە شەڕی ساڵی 1967 دا بەسەردا هات، من چووم بۆ (فرقەی پەڕەشووتوانانی) ئیسرائیل كە بە باشترین فرقە ناو دەبرێ تا ئێستا و من لەوێ بووم بە ئەفسەری پلە دوو و ئەوكات (چڤی بارزانی) جێگری فەرماندەی فرقەكەمان بوو، من ئەفسەر بووم لەوێ دوای ئەوەی كە خزمەتم تەواو كرد من نووسراوێكم نووسی گووتم نامەوێ ئیتر لە سوپادا بمێنمەوە و دەرچووم. هاتمەوە بۆ عەفولە لێرەدا جێگیر بووم و ژنم هێنا و ماڵ و مناڵم بەیەكەوە نا و دەستم كرد بە كاركردن.
من سەرەتا لەگەڵ یەكێك هاوبەش بووم لە دووكانی ستۆدیۆی وێنەگرتن و لە دواییدا ئەو پیر بوو وازی هێنا و من دووكانەكەم لێ كڕییەوە، نێزیكەی زیاتر لە 30 ساڵ دەبێ ئەو دووكانەم هەیە و كار دەكەم، رۆژ بە رۆژ تا هێزم تێدا مابێ، لە دواییدا منیش وەك ئەو خەڵكە خانەنەیشین هەر دەبم و واز لە كار دەهینم و كەمێك بۆ خۆم دەحەسێمەوە. ئەوەی كردوومە بۆ وڵات هەر كەمە، من هەمیشە لە خزمەتی گەلەكەمدام، یارمەتیی گەلانی تریش دەدەم، ئەگەر لەدەستم بێ بۆ ئازادی و رزگاربوون لەچەنگی دوژمنەكانیان، من زۆرم پێ خۆشە دەبیستم نەتەوەی كورد لە كوردستان نیمچە سەربەخۆییەكیان هەیە و رۆژنامەیان هەیە و كاری باش دەكە ن بۆ نەتەوەكەیان.

ئیسرائیل - كورد: كاتێك ئێوە لە بەغدا بوون بیرەوەرییەكانی منداڵێ وهامووشۆتان لەگەڵ دراوسێكانتاندا چۆن بوو؟

ئێمە هەموو كات لە كۆڵان لەگەڵ منداڵاندا یاریمان دەكرد، هیچ شتێكی وا نەبوو جیا بین لەگەڵ ئەوانی تردا، هەموو هاوسێكانمان لەگەڵمان باش بوون، بە حوكمی ئەوەی كە باوكم بازرگانیی زێڕی دەكرد لە نێوان ئێران و عێراق و پارەدار بووین و ژیانمان زۆر لە ئەوانەی دەوروبەرمان باشتر بوو و هەموو كات ئێمە هیچ ئاڵۆزییەكمان بۆ دروست نەبوو، نە من و نە خێزانەكەم، بگرە زۆر رێزیان لێ دەگرتین لە گەڕەكدا.

ئیسرائیل -كورد :ئێوە ئەو كات كە لە عێراق بوون، چ موڵك وسامانتان نەبوو كە لەوێ بەجێ مابێ و نەتان توانی دارایییەكانتان لەگەڵ خۆتاندا ببەن؟
ئێمە ئەو خانووەی كە تێدا بووین لە بەغدا باوكم كڕی بووی لە خاوەنەكەی و جێ ماوە. زەوی و زاری كشتوكاڵیمان زۆر هەبوو لە دەرەوەی بەغدا، بەڵام من نازانم لەوێیە ئەویش رۆیشت، باوكم هەمووجار دەیگووت كوڕم بۆت باس دەكەم، بەڵام من لەبەر سەرقاڵیی ژیان بۆم نەدەكرا بزانم چۆنە ئەم بەسەرهات و وردەكارییە، كەسیش بیری وا بۆ نەدەچوو وەك ئەمڕۆی لێ دێ كە بتوانین داوای مافی خۆمان بكەینەوە، بۆیە شتەكە كەمێك ئالۆز بووە .

ئیسرائیل - كورد : ئایا تۆ چۆن دەڕوانیتە دوا رۆژی نەتەوەی كورد لە كوردستانی عێراق؟

من زۆر بە گەشبینییەوە دەڕوانمە نەتەوەی كورد لە كوردستانی عێراق، بە راستی تا ئێستە سەركەوتوون لە بەدیهێنانی مافەكانیان، خۆت دەزانی ماف نادری بەڵكو دەسێنری، ئەوەش هەوڵ و تێكۆشانی دەوێ لە سەركردایەتیی كورد و هەوڵدانی رۆڵەكانی بۆ بەدیهێنانی مافەكانیانی پێویستە، چونكە خۆت دەزانی عەرەب خاوەن قسەی خۆی نییە، هەركات دەرفەتی هەبوو لێت پەشیمان دەبێتەوە، دەڵێ من ئەو كەسە نەبووم كە لەگەڵ تۆدا پەیمانم بەست، بۆیە زوو بە زوو دەبێ دەست و برد بكرێ بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆییی بۆ كورد لە كوردستانی عێراق بە تایبەتی و ئەگەر بكرێ لە بەشەكانی تریش بكرێ زۆر چاكە.

ئیسرائیل - كورد: ئێوە چۆن دەڕواننە گۆڤارەكەمان بۆ پێوەندیی نێوان گەلی كورد وگەلی یەهود لە ئیسرائیل؟

من زۆر خۆشحاڵم گۆڤارێكی وا هەیە كە باس لە پێوەندیی نێوان كورد و جووەكان دەكات، چونكە هەردوو گەل زۆر زوڵمیان لێ كراوە و مافیان خوراوە. ئەو پێوەندییە هەر هەبووە، بەڵام ئێستە زۆر پتەوترە و ئەم گۆڤارە وەك پردی پێوەندیی وایە لە نێوانمان، خێر و شەڕی یەكتری دەزانین و خۆ ئامادە دەكەین دژی دوژمنانمان و پەنا بە خودا هەر سەر دەكەوین.

ئیسرائیل - كورد : لە كۆتادا زۆر سوپاست دەكەین كاتمان لێ گرتی، چونكە ئێوە كارتان هەیە و جێگەی رێزی ئێمە و گۆڤارەكەی، هەر بژین بەخۆشی و شادی.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر