Pages

۱۳۹۰ فروردین ۱۴, یکشنبه

كوردستان و باشووری سوودان و فەلەستین نوێترین وڵاتانی سەربەخۆی جیهان دەبن


كوردستان و باشووری سوودان و فەلەستین نوێترین وڵاتانی سەربەخۆی جیهان دەبن
شەپۆلێكی بەرفراوان لە خۆپێشاندان و ناڕەزایی و توندوتیژی، وڵاتانی عەرەبیی ناوچەكەی گرتووەتەوە.

توێژەرانی سیاسی پێیان وایە كە ئەم شەپۆلە تەنیا گۆڕانكاری لە كاروباری بەڕێوەبردن لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، بەڵكوو جارێكی دیكەی نەخشەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕدرێت.
دامەزراندنی چەندین دەوڵەتی نوێ
(ئالوف بین) لە ڕۆژنامەی "هائارتز"ـی ئیسڕائیلیدا بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە ڕووداوەكانی ئێستای ناوچەكە ئاماژە بەوە دەدەن كە ڕێككەوتننامەی (سایكس بیكۆ)، لە ڕۆژانی كۆتاییی تەمەنیدایە و لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا، چەندین وڵاتی نوێ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا دروست دەبن.
نووسەر لە بابەتەكەیدا پەنجەی بۆ ئەوە ڕاكێشاوە كە لە ماوەی مانگ و ساڵانی داهاتوودا سێ وڵاتی نوێ بە ناوەكانی كوردستان، باشووری سوودان و فەلەستین دروست دەبن.
ئەو هەروەها پێی وایە كە دەكرێت دروستبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ تەنیا لەو سێ شوێنەدا نەوەستێت و چەند شوێنێكی دیكەیش بگرێتەوە، لەوانەیش سیریناسیا لە خۆرهەڵاتی لیبیا، خۆرئاوای سەهارا كە چی دیكە لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی مەغریبدا نەماوە، باشووری یەمەن.
(ئالوف بین) هەروەها پێی وایە كە دەكرێت چەند وڵاتێكی دیكەیش لە ناوچەی كەنداو دابمەزرێن و هەردوو وڵاتی سعوودیە و سووریایش ببنە دوو وڵاتی دیكە.
هەرچی پێوەندیی بە سعوودیەوە هەیە، ناوچەی حیجاز كە شوێنە پیرۆزەكانی ئیسلامی تێدایە، ببێتە وڵاتێك و خۆرهەڵاتی وڵاتیش كە لە ڕووی سامانی سرووشتییەوە زۆر دەوڵەمەندە ببێتە وڵاتێكی دیكە.

ئەوەیشی پێوەندیی بە سووریاوە هەیە ئەوەیە كە سوننەكان ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و عەلەوی و دروزەكانیش ببنە خاوەن دەوڵەتێكی دیكە.
(دەیڤید ئیگناتیوس)ـیش لە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ـی ئەمەریكاییدا بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئەوەی ئێستا لە ناوچەكەدا ڕوو دەدات دەبێتە هۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە و پێ دەچێت دەرئەنجامی ئەوەیش دروستبوونی چەند دەوڵەتێكی نوێ بێت.

پڕۆسەی ڕزگاریی عێراق و سەرەتای دەستپێكردنی پڕۆسەكە
(ئالوف بین) لە بابەتەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە سنووری ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ساڵانی 1916 و 1922 بڕیاری لەسەر درا، بەڵام جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم سنوور و نەخشەیە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و یەكەمین هەنگاویش بۆ ئەو گۆڕانكارییە پڕۆسەی ڕزگاریی عێراق بوو لە لایەن ئەمەریكاوە لە ساڵی 2003ـدا كە بووە هۆی دامەزراندنی چەند هەرێمی دیفاكتۆیی لەسەر بنچینەی نەتەوەیی.
ئەم پڕۆسەیە بە كشانەوەی سوپای ئیسڕائیل لە كەرتی غەززە و دامەزراندنی هەرێمێكی دیفاكتۆیی لە لایەن (حەماس)ـەوە بەردەوام بوو و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا ڕیفراندۆم لە (باشووری سوودان) بە ڕێوە چوو بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچەیە و زۆرینەی بەشداربووانیش بە "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی دەنگیان دا.
ئەم نووسەرە پێی وایە كە خۆپێشاندانەكانی ناو جیهانی عەرەبی ئەم پڕۆسەیەی خێراتر كرد و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەم پرۆسەیە هێشتا لە قۆناغێكی سەرەتادایە.
پێش دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی توونس و میسر، توێژەرەوەی شارەزای (نیو ئەمێریكەن فاوندەیشن) (پاراگ خانا)، كتێبێكی بە ناوی "هاو تو ڕەن زی وێڵد" واتە (جیهان چۆن بە ڕێوە ببرێت) بڵاو كردەوە.
ئەم توێژەرەوەیە لە كتێبەكەیدا باسی لەوە كردووە كە لە ماوەی چەند دەیەی داهاتوودا ژمارەی وڵاتانی سەربەخۆ بۆ 300 وڵات زیاد دەكات، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئێستا نزیكەی 200 وڵاتی سەربەخۆ هەن.
(بین) پێی وایە كە ئەوەی ئێستا لە ناوچەكە ڕوو دەدات دەبێتە هۆی دروستبوونی ژمارەیەك لەو وڵاتە سەربەخۆیانە.
دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی
(ئالوف بین) لە بابەتەكەیدا ئاماژە دەدات كە لەگەڵ كۆتاییهاتنی سەردەمی كۆلۆنیاڵیزم مانەوەی سنوورەكان وەكوو خۆیان بوونە بنچینەی ڕاگرتنی ناوچەكە، بەڵام ئەمە ناڕەزاییی ژمارەیەكی زۆر خەڵك و پێكهاتە و گەلی لێ كەوتەوە، لەوانەیش كوردەكان كە بەسەر چوار وڵاتی ئێران، سووریا، توركیا و عێراقدا دابەش كران.
ئەم نووسەرە پێی وایە كە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەرفەتی سەربەخۆیی دەداتە كوردەكان، سەرەڕای ئەوەی كە هەندێك وڵاتی ناوچەكە ناڕازین و دژی ئەو هەنگاوە دەوەستنەوە.
(كریستین دێتز)ـیش لە گۆڤاری "نیۆن تۆمی"ـی ئەمەریكایی بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە كە كورد ڕۆڵێكی كارا لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا دەگێڕێت، بەڵام زۆرینەی هاووڵاتیان سەربەخۆییان دەوێت.
(دێتز) هەر لە درێژەی بابەتەكەیدا دەڵێت بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش خەون بە سەربەخۆیی هەرێمەكەیانەوە دەبینن، بەڵام ڕەچاوی سیاسەتی پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردی دەكەن.
ئەم نووسەرە هەر لە درێژەی بابەتەكەیدا دەڵێت كە ژمارەیەك لە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان پێ ناچێت، ئامادە بن ددان بە سەربەخۆییی هەرێمی كوردستاندا بنێن ئەوەیش بەهۆی هەبوونی پێكهاتەی كورد تێیاندا، بەڵام دداننان بەو سەربەخۆییە لە لایەن وڵاتانی دیكەوە، بە تایبەتی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا، زۆر گرنگە بۆ پێناساندنی سەربەخۆیی كوردستان.
(ئالوف بین) لە كۆتایی بابەتەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە ڕۆژئاوایش ڕۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی بەلاوە قبووڵە كە جیاجیا و پارچە پارچە بێت و ئێستایش لە چەندین بەرەوە دژ بە هەستی یەكگرتوویی عەرەبی و بیرۆكەی توندی ئیسلامییە.
هەر بۆیەیش، بەپێی تێڕوانینی (بین)، ڕۆژئاوایش هەوڵی ئەوە نادات شكست بەم پڕۆسەیە بهێنێت، بەڵكوو بەشدارییەكی تەواو چالاكیشی تێدا دەبێت.
نووسەرەكە ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە بەرپرسانی (ئیسڕائیل)ـیش هەمان تێڕوانینی بەرپرسانی ڕۆژئاوایان هەیە و یارمەتیدەریشیان دەبن بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆژەیە.
رۆژنامه‌ی هه‌ولێر

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر