Pages

۱۳۹۰ دی ۵, دوشنبه

کوشتاره‌کانی سوریا به هاتنی چاودێرانی کۆمکاری عه‌ره‌بی نه‌وه‌ستاوه و چاودێرێکیش بریندار بوو


کوشتاره‌کانی سوریا به هاتنی چاودێرانی کۆمکاری عه‌ره‌بی نه‌وه‌ستاوه و چاودێرێکیش بریندار بوو

[20:49] 11/Dec/26 




هه‌ولێر 26کانوونی یه‌که‌م/دیسه‌مبه‌ر (PNA)- چاودێری مافی مرۆڤی سوریا داوای کردووه چاودێرانی کۆمکاری عه‌ره‌بی به زووترین کات خۆیان بگه‌یه‌ننه شاری "حمس" و له هێرشی هێزه ئه‌منییه‌کان بۆ حمس جگه له کوژرانی لانی‌که‌م 25که‌س، یه‌کێک له چاودێرانی کۆمکاری عه‌ره‌بیش بریندار بووه. 


ئه‌و چاودێره‌ی کۆمکاری عه‌ره‌بی، بارودۆخی سوریای به "جینوساید" له‌قه‌ڵه‌م دا.

"موسته‌شار مه‌حجوب" چاودێرێکی کۆمکاری عه‌ره‌بی که به گوته‌ی خۆی به ده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌کان بریندار بووه به که‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ی راگه‌یاندووه: "رژێمی سوریا خه‌ریکه تۆڵه له خه‌ڵک ده‌ستێنێته‌وه و ئه‌وه‌ی له سوریا رووده‌دات، جینۆسایده."

به‌پێی هه‌واڵێکی رادیۆ "DW"ی ئه‌ڵمانی، یه‌کێک له دژبه‌رانی حکومه‌تی سوریا که نه‌یویستووه ناوی ئاشکرا بکرێت گوتوویه‌تی، ناڕازیانی حکومه‌ت توانیویانه چوار چاودێری کۆمکاری عه‌ره‌بی به قاچاغی بۆ حمس ببه‌ن.

چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ده‌ڵێت، له هێرشه‌کانی ئه‌مڕۆی هێزه ئه‌منییه‌کان بۆ شاری حمس، لانی‌که‌م 25که‌س کوژراون و 124که‌سیش بریندار بوونه که 14 له کوژراوه‌کان ته‌نیا له گه‌ڕه‌کێک به ناوی "بابا عه‌مر" بوونه.

هه‌روه‌ها له شاری "حه‌ما"ش سێ که‌س کوژراون که یه‌کێکیان مێرمنداڵ بووه.

به‌پێی به‌رنامه‌کان بڕیاره ئه‌مشه‌و 50چاودێری کۆمکاری عه‌ره‌بی بچنه سوریا و به‌گشتی ژماره‌یان ده‌گاته 150 بۆ 200که‌س.

به ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆلی کۆمکاری عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن سوریا بۆ چوونی چاودێرانی ئه‌م کۆمکاره بۆ سوریا به مه‌به‌ستی که‌م کردنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌کان، نه‌ک ئه‌و توند و تیژییانه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکو ژماره‌ی کوژراوان دوای ئیمزا کردنی ئه‌م پرۆتۆکۆله به‌رزتر بۆته‌و به جۆرێک که له‌و رۆژه‌وه تاکو ئێستا(که‌متر له هه‌فته‌یه‌ک) نزیکه‌ی 200که‌س کوژراون.
-------------------

مەسعوود بارزانی): دەستوور كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان چارە نەكات، كوردستانیان لە ڕاپرسییەكدا یەكلای دەكەنەوە



[11:56] 11/Dec/26

سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)

هه‌ولێر 26 كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر (PNA)- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) دووپاتی كردەوە، ئەگەر بێت و لە ڕێگەی دەستوورەوە كێشەی ناوچە جێناكۆكان چارە نەكرێت، ئەوا كورد كێشەكە دەباتە پەرلەمانی كوردستان و ئەوكات كوردستانیان بڕیاری لە بارەوە دەدەن.
(بارزانی) لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی فارسیی رادیۆ دەنگی ئەمەریكا ڕایگەیاند:"كێشەی ناوچەی جێناكۆكەكان لە دەستووردا هاتووە و ئێمەیش هەوڵ دەدەین كە بە گوێرەی دەستوور و تا دواسات چارەی بكەین، بەڵام مساوەمەی لەسەر ناكەین و، كاتێكیش دەستوور نەیتوانی یەكلای بكاتەوە ئەوا كێشەكە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكەین بۆ راپرسی لەسەركردن و لە ڕێی ڕاپرسیێكەوە گەل چ بڕیارێكی دا ئێمەی پێوەی پابەند دەبین."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاشكاوانە كەموكوڕیی زۆری بەغدای لە چارەكردنی كێشەكان ڕاگەیاند و جەختی كردەوە كە كاتكوشتن كێشەكان چارە ناكات و باشترە بۆ هەموو گەلی عێراق كێشەكە بە زووترین كات چارەی بكرێت.
(بارزانی) ئاماژەی دا كە كورد بۆچوونەكانی لە پرسەكەدا ناسەپێنێ، هەروەها ڕایگەیاند "كەس مافی ئەوەی نییە كە بۆچوونێكی دیاریكراو بەسەر خەڵكی كەركووكدا بسەپێنێ و، ئەوە كەركووكییەكانن كە بڕیار لە چارەنووسیان دەدەن و کاتێک بڕیاریان دا بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان ئەوا کاریکی زۆر باشە، ئەگەریش بڕیاریان دا كە نەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان ئەوا بڕیار هیی ئەوانە."

-----------------------------------------


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر