ژنانی کوردستان بۆ بەشداری کردن لە کۆنفڕانسی ژنانی کورد رێککەوتن
ساکار عەبدوڵڵازاده
رووداو- هەولێر
ئامینە زکری، رێکخەر و ئەندامی کومیەتی ئامادەکاری دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد به (رووداو)ی راگەیاند "کومیتەی ئامادەکار له 12/05/2012 لەگەڵ لایەنی ناکۆک کە بڕیاری بایکۆت کردنی کۆنفڕانسیاندابوو، دانیشتنێکی بەڕێوە برد. لە دانیشتنەکەدا لەسەر خاڵک ناکۆکەکان گتفوگۆ کرا و گەیشتینه ئەنجامێکی هاوبەش".
بە گوتەی رێکخەر و ئەندامی کومیەتی ئامادەکاری دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد، ئێستا کومیتەی ئامادەکاری ئامادەیە له 22ی ئەم مانگە کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ببەستێت.
ئامینه زکری سەبارەت به لایەنە ناکۆکەکان و هۆکاری کێشەکانیان رایگەیاند "لایەنی باشوور هیچ کێشەیەکیان نەبوو، بەڵام ژنانی 3 پارچەکەی دیکە کوردستان هەندێک داوا و تێبینیان هەبوو. تهڤگهری ژنانی ئازاد و دیموکراتی(DOKH)، کۆما ژنانی بڵند(KJB)، یهکێتی ژنانی رۆژههڵاتی کوردستان(YJRK)، 8 پارتی رۆژهەڵاتی کوردستان و 15 پارتی رۆژئاوای کوردستان تێبینی یان رەخنەیان لەسەر کۆنفڕانسەکە هەبوو".
ئامینە زکری گوتیشی "لەسەر داوای پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەندامێکیان لە کۆنفڕانسدا بۆ زیاد کرا. لەسەر داوای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەندامیان لە کۆنفڕانس و رێبەرایەتی کۆنفڕانس زیاد کرا و لەسەر داوای ژنانی باکووریش هەندیک خاڵ لە رۆژەڤی کۆنفڕانسەکە زیاد کرا".
رێکخەر و ئەندامی کومیەتی ئامادەکاری دووەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد ئاشکراشی کرد "نوێنەری ژنانی باکوور هەندێک داخوازیان هەبوو کە لە جێگای خۆیدا نەبوو، بۆ نمونە داوایان دەکرد بەشداری به هەندێک پارتی کە ئەوان به خائینیان ناو دەبردن، نەکردرێت کە ئەوە لە لای ئێمەوە به تووندی رەت کرایەوە. کەس ئەو مافەی نیه ناوی خائین بوون به پارتیەکی کوردی بدات. ئەو کۆنفڕانسە پێویستە بە بەشداری سەرجەم پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت".
ناوبراو کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستانیشه رایگەیاند "بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان لێژنەیەکی تایبەت پێک هاتووە کە ئەو لێژنەیە ئەندامانی بەشداربوو دیاری دەکات. بۆ ئەوروپاش لێژنەیەکی تایبەت پێک هاتووە و پێویستە بەشداربووانی هەموو سەربەخۆ و بێ لایەن بن".
بە گوتەی ئامینه زکری "186 ژن لە چوارپارچەی کوردستان و کوردانی روسیا، ئەرمەنستان، لوبنان، ئەوروپا و ئەمریکا لەو کۆنفڕانسەدا بەشداری دەکەن".
رۆژهڤی کۆنفرانسهکه بهمجۆره دهستنیشانکراوە:
1- دیدی ژن بۆچارهسهری پرسی نهتهوهی کورد لهههر چوارپارچەی کوردستان وه ڕۆڵی ژن لهئاواکردنی یهکێتی نهتهوهی و ئاستی بهشداربوونی ژنان له کۆنفرانسی یهکێتی نهتهوهی کوردا.
2- کێشهکانی ژنانی کورد لهههموو بهشهکانی کوردستان گفتوگۆ بکرێت.
3- لهسهر چونێتی رێکخستنی ژنان گفتوگۆ بکردرێت.
4- دهبێت بۆ ژنانی کورد ناوهندێک دابمهزرێت.
کۆنفڕانسی یەکەمی ژنانی کورد لە ساڵی 2010 لە ئامەدی باکووری کوردستان بەرێوە چوو.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر