Pages

۱۳۹۱ خرداد ۹, سه‌شنبه

HPG: گه‌ریلاکانمان کۆپته‌رێکى سکۆرسکیان خسته‌ خواره‌و

HPG: گه‌ریلاکانمان کۆپته‌رێکى سکۆرسکیان خسته‌ خواره‌و

چه‌ترپرێس ـ ANF

ناوه‌ندى چاپه‌مه‌نى و راگه‌یاندنى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل به‌ لێدوانێک رایگه‌یاند که‌ له‌ ئه‌نجامى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى سوپاى تورک له‌ قه‌دپاڵه‌کانى ناوچه‌ى (گم گم)ى موش گه‌ریلاکان کۆپته‌رێکى جه‌نگى جۆرى سکۆرسکییان خستۆته‌ خواره‌وه‌. 
HPG ورده‌کاریى ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ى راگه‌یاند که‌ تیایدا سێ گه‌ریلا ژیانیان له‌ده‌ست دابوو. هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانى کرد که‌ ئه‌و سێ که‌سه‌ى ده‌ستگیر کراون هیچ په‌یوه‌ندییه‌کان به‌وانه‌وه‌ نییه‌. له‌ روونکردنه‌وه‌که‌دا HPG ئاشکرای کرد که‌ گه‌ریلاکان زه‌بر له‌ کۆپته‌رێکى جه‌نگى ده‌ده‌ن و دواى گڕگرتنى ده‌ته‌قێته‌وه‌. 
HPG ورده‌کارى ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ى به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاند: "رۆژى 23ى گوڵان دوابه‌دواى چالاکى گه‌ریلاکان له‌ ناوچه‌ى (گم گم)ى سه‌ر به‌ شاری موش که‌ تیایدا ئه‌فسه‌رێکى پله‌دارى جه‌ندرمه‌ى تورک کوژرابوو، یه‌کینه‌ى ئه‌نجامده‌رى چالاکیه‌که‌ گه‌یشتوونه‌ته‌وه‌ شوێنى خۆیان. هه‌ر له‌ دواى ئه‌م چالاکییه‌ش که‌ له‌ دژى په‌ره‌سه‌ندنى ئۆپه‌راسیۆنه‌کان ئه‌نجام درا، سوپاى تورکى داگیرکه‌ر له‌ رۆژى 24ى گوڵاندا له‌ ناوچه‌کانى له‌یله‌ک، ره‌کاسا، تانزیکى سه‌ر به‌ (گم گم)ى مووش ده‌ستى به‌ ئۆپه‌راسیۆن کردبوو. له‌ به‌ره‌به‌یانى رۆژى ناوچه‌کانى چۆرسان، میرۆ، بادان، گردى بۆگا و ناوچه‌ى گوللوجه‌ى هه‌مان هه‌رێم به‌ کۆپته‌رى جۆرى سکۆرسکى سه‌رباز دانراون و ئۆپه‌راسیۆنه‌کان به‌رفراوانتر کراون. هه‌مان رۆژ گه‌ریلاکانمان له‌نزیکى گوندى تا نزیک چالاکییه‌کیان له‌دژى کۆپته‌رێکى سکۆرسکى ئه‌نجامدا و گوزێک به‌ر کۆپته‌ره‌که‌ ده‌که‌وێت و ئاگر ده‌گرێت و ناچار ده‌بێت له‌ هه‌رێمه‌که‌ دور بکه‌وێته‌وه‌. دواتر کۆپته‌ره‌که‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌ و ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌. دوابه‌دواى چالاکییه‌که‌ تا دره‌نگانى شه‌ویش کۆپته‌ره‌کانى دیکه‌ى جۆرى کۆبرا به‌ شێوه‌یه‌کى چڕوپڕ ناوچه‌که‌ بۆردومان ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ‌ به‌رده‌وامکردنى ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌دا و بۆردومانى به‌رده‌وامى کۆبراکان و هه‌روه‌ها چه‌ند پێکدادانێکدا سێ گه‌ریلامان شه‌هید ده‌بن."
HPG رایشیگه‌یاند که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک په‌یوه‌ندییان به‌و سێکه‌سه‌ه‌وه‌ نییه‌ ده‌وترا له‌ هه‌رێمى ئۆپه‌راسیۆن به‌دیل گیراون.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ به‌ربڵاوبونه‌وه‌ى ئۆپه‌راسیۆن و پێکدادانه‌کان، ناوه‌ندى چاپه‌مه‌نى و راگه‌یاندنى (HPG) له‌ روونکردنه‌وه‌یه‌کدا رایگه‌یاند که‌ له‌ به‌ستا سه‌باره‌ت سه‌ربازى تورک کوژراون. گه‌ریلاکان له‌سه‌ر رێى جوله‌مێرگ ـ چه‌لێ رێگه‌یان بڕیوه‌ و ناسنامه‌یان کۆنترۆڵ کردووه‌ و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ ئۆپه‌راسیۆنى دێرسیم کرد. 
له‌ لێدوانه‌که‌ى ناوه‌ندى چاپه‌مه‌نى و راگه‌یاندنى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل (HPG)دا هاتووه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ى سوپاى تورکدا که‌ له‌ 26ى گوڵان له‌ ناوچه‌ى به‌ستاى سه‌ر به‌ شڕناخ ده‌ستى پێکردبوو، رۆژى (27)ى گوڵان له‌ناوچه‌ى روسۆرى سه‌ر به‌ به‌ستا پێکدادانێک له‌ نێوان گه‌ریلاکان و سه‌ربازاندا رووی داوه‌ و له‌ ئه‌نجامدا سه‌ربازێک کوژراوه‌ و سه‌ربازێکیش بریندار بووه‌. له‌ لێدوانه‌که‌ى (HPG)دا هاتووه‌ که‌ دوابه‌دواى پێکدادانه‌که‌ سوپاى تورک هه‌واڵى کشانه‌وه‌ى داوه‌ و له‌و کاته‌دا له‌ لایه‌ن گه‌ریلاکانه‌وه‌ چالاکییه‌ک له‌ دژیان ئه‌نجام ده‌درێ که‌ له‌ چالاکییه‌که‌دا پێنج سه‌رباز ده‌کوژرێن و شه‌شى تر بریندار ده‌بن. 
ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى HPG رایگه‌یاند که‌ له‌ کاتژمێر (14:00 ـ 16:00)ى رۆژى (28)ى گوڵان گه‌ریلاکان له‌سه‌ر رێى جوله‌مێرگ ـ چه‌لێ کاروانێکى زیاتر له‌ (100) ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیان راده‌گرن و له‌باره‌ى دوا گۆڕانکارییه‌کانه‌وه‌ پرۆپاگه‌نده‌یان بۆ ده‌که‌ن.
.chatrpress.com
----------------------------
وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونى (PKK) بۆ جه‌له‌ولا

(PKK): ئێمه‌ ئاماده‌یین (گه‌ریلا) بنێرین بۆ ئه‌و ناوچانه‌

چه‌ترپرێس 

ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ روونکردنه‌وه‌یه‌کدا که‌ دانه‌یه‌کى بۆ (چه‌ترپرێس) نێردراوه‌ وه‌ڵامى هاواره‌که‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى جه‌له‌ولا ئه‌نوه‌ر حسێن ده‌داته‌وه‌ که‌ داواى پاراستنى سه‌ر و ماڵى هاوڵاتیانى ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کانى کردبوو که‌ باسى له‌وه‌ کردبوو ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ به‌هانامانه‌وه‌ نه‌یه‌ت داواده‌که‌ین (گه‌ریلا) بمانپارێزێت. 
رۆژى (26)ى گوڵان ئه‌نوه‌ر حسێن به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى جه‌له‌ولا به‌ ئامانجى گه‌یاندنى ده‌نگى هاوڵاتیانى ناوچه‌که‌ و ئاگادارکردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ مه‌ترسییه‌ جدییه‌کانى هێزه‌ چه‌کداره‌کان له‌سه‌ر جه‌له‌ولا و سه‌عدییه‌ و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان له‌ رێگاى راگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ داواى له‌ (PKK) کردبوو که‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هێزى گه‌ریلا ره‌وانه‌ى ناوچه‌که‌یان بکات و دواتریش له‌ لێدوانێکى تایبه‌تدا بۆ (ANF) ئاماژه‌ى به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانى هێزه‌ چه‌کداره‌ جیاجیاکانى دژبه‌رانى کورد له‌سه‌ر کورد و به‌تایبه‌تى کوردانى ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کان کردبوو و رایگه‌یاندبوو "فشارێکى زۆرمان له‌سه‌ره‌، هاوارمان بۆ ئاوه‌ڕدانه‌وه‌ى لایه‌نانى په‌یوه‌ندیدار بووه‌ له‌ ناوچه‌که‌" هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانیشى کردبوو "بێ به‌رنامه‌یى کورد هه‌زاران خێزانى ئه‌م ناوچانه‌ى ناچارى به‌جێهێشتنى خاک و زێدى باو و باپیرانیان کردووه‌". 
له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د ده‌نیز به‌پرسى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى (KCK) له‌وه‌ڵامدا وتبووى ئێمه‌ ئاماده‌یین (گه‌ریلا) بنێرین بۆ ئه‌و ناوچانه‌. 
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ وه‌ڵامى هاواره‌که‌ى جه‌له‌ولا و ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کانى دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند که‌ "داواکردنى هه‌ر هێزێک که‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستورى عێراق نه‌گونجێت پێچه‌وانه‌ى یاساى عێراقه‌ و هاوکات ده‌بێته‌ بیانوێک به‌ ده‌ست ناحه‌زانى گه‌له‌که‌مان بۆ په‌کخستنى کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا". 
له‌باره‌ى هه‌ڕه‌شه‌کانى هێزه‌ چه‌کداره‌کان بۆ سه‌ر جه‌له‌ولا و ناوچه‌ جێ ناکۆکه‌کانى تر، جه‌بار یاوه‌ر ده‌ستنیشانى ده‌کات که‌ "داوا له‌ له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین، خۆیان به‌ دور بگرن له‌ لێدوانى توند و نایاسایى چونکه‌ ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ هیچ خزمه‌تێک به‌ کورد ناکات". 

ده‌قى خاڵه‌کانى ناو رونکردنه‌وه‌که‌:
1) ماده‌ى (140) ماده‌ێکى یاساییه‌ ده‌ستورى ئێراقه‌ و پێویسته‌ له‌ رێگاى دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و هه‌نوکه‌ش سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد سوره‌ له‌ سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌ رێگاى سیاسیه‌وه‌ نه‌ک سه‌ربازییه‌وه‌.
2) داواکردنى هه‌ر هێزێک که‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستورى ئێراق نه‌گونجێت پێچه‌وانه‌ى یاساى ئێراقه‌ و هاوکات ده‌بێته‌ بیانوێک به‌ ده‌ست ناحه‌زانى گه‌له‌که‌مان بۆ په‌کخستنى کێشه‌ هه‌ڵپسێراوه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
3) ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئێراق ڕێککه‌وتووین له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى باره‌گاى لیواى سێى گه‌رمیان له‌گه‌ڵ باره‌گاى دوو فه‌وج، بۆ باکورى ئه‌و پێنج بازگه‌یه‌ى که‌ له‌و ناوچانه‌دا هه‌یه‌ که‌ له‌ قه‌ره‌ته‌په‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات بۆ جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ و خانه‌قین تا نزیک مه‌نده‌لى به‌مه‌به‌ستى لێکنزیکردنه‌وه‌ و باشتر کۆنتڕۆڵکردنى ئه‌و ناوچانه‌ و ته‌نسیقکردن له‌گه‌ڵ لیواى (4)ى فرقه‌ى یه‌کدا. 
4) به‌پێى یاسا ڕێگا نادرێت هێزى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى ئێراقى بچێته‌ ناو شاره‌کانه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى شاره‌کان بێت، چونکه‌ لایه‌نى ئه‌منى ناو شاره‌کان ده‌بێت له‌لایه‌ن ئاسایش و پۆلیسه‌وه‌ بپارێزرێت.
5) له‌سه‌ره‌تاى ساڵى (2010)دا بڕیاردرا چه‌ند لیژنه‌یه‌ک پێک بهێنرێت، یه‌کێک له‌و لیژنانه‌ش لیژنه‌ى وه‌زارییه‌ ئه‌م لیژنه‌ییه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئێراق و هه‌رێم و وه‌زاره‌تى به‌رگرى و پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ ده‌وورى بۆ ماوه‌ى سێ مانگ جارێک کۆ ده‌بنه‌وه‌، لیژنه‌که‌ى تریش کارى باڵایه‌ ،جگه‌ له‌وه‌ى که‌ لێپسراوى هه‌ماهه‌نگى نێوان ئێراق ـ ئه‌مه‌ریکاى تێدایه‌ ، ئه‌م لیژنه‌یه‌ش بۆ شاره‌کانى دیاله‌و موسڵ و که‌رکوک و سه‌رجه‌م ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کانه‌ که‌ ناوه‌ندى هامه‌هه‌نگى هه‌یه‌ له‌ نێوان هێزى پێشمه‌رگه‌ و به‌رگرى ئێراق و ئه‌مه‌ریکا، بۆیه‌ جێگیرکردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ یاساییه‌ و به‌ پێى ڕێککه‌وتنى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى ناوه‌ند بووه‌. 
6) هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ شان به‌شانى هێزه‌کانى سوپاى ئێراق له‌ بازگه‌کان به‌ هاوبه‌شى ئه‌رکى پاراستنى شاره‌که‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن، له‌ هه‌مان کاتدا ده‌وریاتى هاوبه‌شیان هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان. 
7) داوا له‌ له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین، خۆیان به‌ دور بگرن له‌ لێدوانى توند و نایاسایى، چونکه‌ ئه‌و جوره‌ لێدوانانه‌ هیچ خزمه‌تێک به‌ کورد ناکات، گه‌ر هه‌ر روداوێکى نایاسایى بێنرا پێویسته‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و لیواى سێى گه‌رمیان ئاگادار بکرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ده‌م داخوازییه‌کانیانه‌وه‌ بچن. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر