یەكگرتن ئیرادە و نیازپاكیی پێویستە نەك مانۆڕی سیاسی
باشە تا دوێنێش مەگەر بڕیار نەبوو “لەو رۆژانە”دا دوور لە هەر جۆرە پیلانگێڕییەك ئێوە دابنیشن و ئەگەریش “بەڕێكەوت” بێ دیسان باسی لێك نێزیكبوونەوەی هەردوو لایەنی دیموكراتەكان بكەن؟ چی بەسەر هات؟ بۆچی حدكا پەشیمان بوویەوە؟ یان نەكا نێزیكبوونەوەی 2 دیموكراتەكانتان بە رێككەوتنامە لەگەڵ چارەگە كۆمەڵەیەك گۆڕییەوە؟
خۆ بڕیار بوو “بەستەڵەك”ی نێوان هەردوو دیموكرات لەو هاوینە گەرمەی باشوور بێتە شكان، ئەرێ بۆچی دیسان بەرەو زستان دەڕۆین و هەواڵێكمان لە شكانی ئەو بەستەڵەكەی
بەردەوام رێبەرانی حدكا باسی دەكەن، پێ ناگا؟
چاوەڕێ بووین جەژنی یەكگرتنەوەی هەردوو دیموكرات بگرین و دڵخۆش بین بەوەی یەكبوونی یەكجارەكی كورد لە رۆژهەڵات نێزیكە، بەڵام لەناكاو ئەو جەژنە گەورەتان بە ئاهەنگێكی خنجیلانە گوڕییەوە! هەموو دنیا دەزانێ كە جەژن لە ئاهەنگ باشترە و گەورەترە! وا نییە؟
خۆ ئێوە هەمووتان بەهۆی یەك دەرد و بۆ یەك ئامانج ساڵانێكە پەڕیوە باشوور بوونە و بێگومان ناخۆشی و مەینەتی زۆرتان بینیوە و چێشتووە كەس ناتوانێ حاشا لەوە بكا زۆربەتان وەك شۆڕشگێڕ خۆتان و ژیانتان لەسەر داناوە، بەڵام بۆچی خاوەندارێتیی لە خۆتان و چارەنووستان ناكەن كە مەرجی یەكەمی هەمان یەكگرتنە؟ بەڕاستی شتێكی تر هەیە خەڵك نازانێ؟ من نایزانم.
ئەرێ رێبەرانی كورد لە رۆژهەڵات، بەتەما نین بۆ ماوەیەكی كورتیش بێ وەك رێبەر بجووڵێنەوە نەك سكرتێری گشتیی حزبەكانتان؟! لە كاتێكدا ئێمە وەك خەڵكی ئاسایی ئامادەین بێ ئەوەی هەڵبژاردنێكی گشتگیرتان بۆ كرابێ وەك رێبەر ناوتان بێنن، بەڵام ئێوە نابن بە رێبەری هەمووان! بەڕاستی ئێمە هەڵەین بە ئێوە دەڵێن رێبەر یان ئێوە خۆتان لە قەرەی رێبەرێكی نەتەوەیی نادەن و بۆتان ناكرێ؟ ئاخر مەگەر حزبیش هەر لە كورد و بۆ نەتەوە دروست نەبووە؟
چەندین ساڵە هەمووتان باسی یەكدەنگی و یەكڕەنگی دەكەن و وتار و لێدوان و نووسینەكانتان پڕن لە دەستەواژەی یەكڕیزی و یەكگرتن و تەبایی ئەویش لە بەرژەوەندیی گشتیی كورد لە رۆژهەڵات، پێم ناڵێن كوا هەنگاوتان؟
وەك لەم رۆژانە باس دەكەن لەمێژە لەو راستییەی گەیشتوون كە تا ئەوكاتەی یەك نەگرن ناتوانن كاریگەر بن، باش ئەوە دەزانن كە پێویستە لە پێناو بەرگریكردن لە رابردووی شۆڕشگێڕیتاندا ئەمڕۆ یەكدەنگی و یەكریزی هەڵبژێرن، بەڵام وەك دیارە نە تەنیا زۆر خەمخۆری رابردووتان نین، وا خەریكە بەرامبەر داهاتووش خەمساردی هەڵدەبژێرن، ئەرێ بۆ؟ باشە دەزانن كە داهاتوو هەمووی هەر هی ئێوە نییە و هەموو چین و پێكهاتەكانی رۆژهەڵاتیش پشكیان هەیە؟ وەڵامی سەدان گیراوی سیاسی و شەهید و چاوەڕوانانی حوكمی سێدارەی زیندانەكان رێژیم ئاوا دەدرێتەوە؟
بەڕاستی بەنیازن تاكەی وا لە دەوری بازنەی یەكتریدا بخوولێنەوە بێ ئەوەی هیچ كامتان ددان بەیەكتریدا بنێن؟ بێ ئەوەی ئاگەدار بن لەوەی خەڵكیش خەریكە پەژیوان دەبێتەوە لەوەی رۆژانێك ددانیان بەئێوە داناوە. ئاخر ئەوەی ئێوە دەیكەن سەنگی خەباتی كوردی رۆژهەڵاتی سووك نەكردووە؟
هەڵسوكەوتی ئێستە حدكا جۆرێكە لە توندوتیژیی سیاسی، بەڵام باشە چۆن دەكرێ بە زمانی توند و نیوچە دیكتاتۆرییەوە بەرگری لە ئازادی و دیموكراسی بكەن؟ هەرگیز ناتوانی بە هەڕەشە و سیاسەتی نكۆڵی بانگەشە بۆ ئارامی و پێكەوەبوون بكەی. ئەگەر هەندێك حزب و كەس پێیان وایە ئەوان رێچكە و پەیژەی خۆیان هەیە و دەتوانن خێر لە توندوتیژی ببینینن دەبێ بزانن كە لەم سەردەمەدا هەرجۆرە توندوتیژییەك تەنیا خزمەت بە نەمانی كەسی ئەنجامدەری دەكا.
ئەزموونی رابردوو ئەو راستییە دەسەلمێنن كە یەكگرتن تەنیا بە گرتنەپێشی نیازپاكی و هەبوونی ئیرادە و بڕواهەبوون بەو یەكبوونە دێتە ئاراوە، هەروەها مادام لە هەستیارترین قۆناخەكانی خەبات كە ئێستەیە و ئێوە یەكتان نەگرتووە، بۆمان دەردەكەوێ كە هێشتا لە زۆربەتاندا ئەو ئیرادە و نیازپاكییە نییە. تا ئەوكاتەی هەموو وزە و هێزتان پاراستنی خۆتان و بەرژەوەندییەكانتان بێ، دۆخەكە هەروا بەردەوام دەبی. ئەو دۆخەی كە تێیدا لە قۆناخی یەكەمدا زیان بە مافەكانی كوردی رۆژهەڵات دەگا دواتر خۆتان.
هەردوو لایەنی حدك و حدكا ناچارن لێك نێزیك بنەوە و تەنانەت دواتر تێكەڵیش بنەوە، بەتایبەت كە ئەو حزبە لەوبارەیەوە چەندان ئەزموونی مێژوویی هەیە و لە دۆخی زۆر خراپتریشدا هەر ناچار بووە یەك بگرێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئەگەر ئەمڕۆ حدكا “نەبوونی كات” دەكاتە بیانوو تا لەوبارەیەوە لەگەڵ حدك كۆ بێتەوە، بەڕاستی بڵێ ئەو چەند سەعاتەی دانیشتن لەگەڵ حدك لەلایەن حدكاوە چ شتێكی گرینگتری تێدا بكرێ كە لە پرسی لێك نێزیبكوونەوەی دیموكراتەكان بۆ كورد لە رۆژهەڵات بەنرخ تر بێ؟ وەڵامی ئەو پرسیارەم زۆر لا گرینگە.
http://xornews.net/archives/12441
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر