ڕۆژ وڵات : لای په‌که‌که چه‌ک دانان یانی خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان
هاوکاتی زۆربوونی توندوتیژیه‌کان له چه‌ند مانگی ڕابردوودا له نێوان هێزه سه‌ربازیه‌کانی حکومه‌تی تورکیا و سه‌رهه‌ڵداوانی پارتی کرێکارانی کوردستان واته په‌که‌که که داوای خودموختاری ده‌کات له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیادا، درنگانێکی ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا کراوه‌یی وڵاته‌که‌ی نیشان داوه بۆ سه‌رله‌نوێ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی وتووێژ له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانیکراوی کورده‌کانی تورکیا. ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له دیمانه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌نادۆڵیا به که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی 7 ی گوتووه ده‌شێت سه‌رله‌نوێ دانوستاندن بکرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئیمراڵی واته ئه‌و دوڕگه‌یه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی لێ زیندان کراوه بۆ هه‌تا هه‌تایه.
ڕۆژ وڵات، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی کۆما جڤاکێن کوردستان واته که‌جه‌که ده‌ڵێت کێشه‌ی کورد له تورکیا کێشه‌یه‌کی سیاسیه و ده‌شبێت به ڕێگه‌یه‌کی ئاشتیانه‌ی دیموکراسیانه چاره‌سه‌ر بکرێت.
پێشتر سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا نه‌ک هه‌ر په‌که‌که ، به‌ڵکو نوێنه‌رانی کوردیشی له په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌دا به تێرۆریزم گوناهبار ده‌کرد و داوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌شی ده‌کرد له ئه‌ندامانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی کورده‌کان.
سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا دیسانه‌وه داوای چه‌ک دانانی په‌که‌که‌ی کردۆته‌وه و هه‌روه‌هاش کۆتاییهێنان به توندوتیژیه‌کان.
ڕۆژ وڵات ده‌ڵێت په‌که‌که هه‌رگیز چه‌ک دانانێت، چونکه تورکیا ناهێڵێت ته‌نانه‌ت به‌ده‌په‌ش له تورکیادا سیاسه‌ت بکات.
په‌که‌که هه‌تا ئێستا چه‌ند جارێک وه‌ک نیشاندانی خواستباشی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له تورکیادا ئاگربه‌ستی تاکلایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاندووه.
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی که‌جه‌که به به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکای گووت هه‌موو ئاگربه‌سته‌کانی په‌که‌که به بڕیاری ئۆجه‌لان بووه.
له‌وه‌تای ساڵی 1984 ه‌وه که په‌که‌که بڕیاری چه‌کهه‌ڵگرتنی داوه زیاتر له 35 هه‌زار که‌س له هه‌ردوولا کوژراون. پێشتریش حکومه‌ته‌که‌ی پارتی داد و گه‌شه پێدان پڕۆژه‌ی کرانه‌وه‌ی دیموکراتی له تورکیادا ڕاگه‌یاند به‌ڵام وه‌ک چاو‌دێر ده‌ڵێن ئانکه‌ره له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنه‌کانیدا میکانیزمێکی ئاشکرای نه‌بووه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له تورکیادا که به به‌شێکی گرنگ و گه‌وره‌ی کرانه‌وه له تورکیادا داده‌نرێت.
حکومه‌تی تورکیا وتووێژی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا ڕه‌تده‌کاته‌وه که به ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناودێر کراوه له‌لایه‌ن تورکیا و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و یه‌کێتی ئه‌وروپاوه، به‌ڵام دان به‌وه‌دا ده‌نێت که کاربه‌ده‌ستانی تورکیا به نهێنی وت‌ووێژیان له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندا کردووه و هه‌روه‌هاش له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تری په‌که‌که‌دا، وه‌لێ وه‌ک کاربه‌ده‌ستانی تورکیا ده‌ڵێن ئه‌و وتووێژانه سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون.
لایه‌نێکی سیاسی کورده‌کانی تورکیا داوای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی ئه‌م وتووێژانه‌ی کردووه له نێوان ئانکه‌ره و سه‌رهه‌ڵداواندا و ده‌ڵێت چاره‌سه‌ر ته‌نها دیالۆگه. ئه‌م لایه‌نه سیاسیه‌ی کورده‌کان ده‌خوازێت هه‌ردوو لایان، په‌که‌که و له‌شکری تورکیا کۆتایی به دوژمنکاری نێوانیان بێنن.
سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا به که‌ناڵی 7ی گوتووه ته‌نها له‌مساڵدا 239 سه‌رهه‌ڵداوی په‌که‌که و 144 که‌س له هێزی ئاسایشی و 29 که‌سی سیڤیڵیش به‌هۆی قه‌یرانی نێوان سه‌رهه‌ڵداوان و حکومه‌تی تورکیاوه کوژراون.
زانیاری زیاتر له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌دایه:
ڕاپۆرت له‌سه‌ر لێدوانه‌کانی ڕۆژ وڵات
سەرچاوە
http://www.dengiamerika.com
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر