Pages

۱۳۹۱ شهریور ۲۰, دوشنبه

له‌ رووداوێكی نادیاردا ژنێك و دوو برای كوژران


له‌ رووداوێكی نادیاردا ژنێك و دوو برای كوژران
وارڤین – هه‌ولێر:  له‌ رووداوێكی نادیاردا له‌ گوندی ماستاوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر، ژنێكی ته‌مه‌ن (23 ساڵ) و دوو برای كوژران و هه‌ریه‌كه‌ له‌ باوك و خه‌زوور و هاوسه‌ری ژنه‌كه‌ش ده‌ستگیركران.

ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (9 / ئه‌یلول – سێپته‌مبه‌ر / 2012) له‌ گوندی ماستاوه‌ی نزیك گوندی (توڕه‌ق)ی خۆرهه‌ڵاتی هه‌ولێر، دوای نانخواردنی ئێواره‌، ژنێك به‌ ناوی (سۆزان سیامه‌ند ئیسماعیل) له‌ دایكبووی (1987) و دوو برای  به‌ ناوه‌كانی (سیروان سیامه‌ند و سه‌ركه‌وت سیامه‌ند) كوژران و هاوسه‌ری ژنه‌كه‌ش له‌ شوێنی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ بووه‌.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ (وارڤین) سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بنكه‌ی پۆلیسی (توڕه‌ق) رایگه‌یاند، پێشتر ئه‌و خێزانه‌ كێشه‌یان هه‌بووه‌، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا (سۆزان و هاوسه‌ره‌كه‌ی) سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر كه‌سێك به‌ ناوی (د.خ) تۆمار كردبوو.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتیشی: "به‌ بڕیاری دادوه‌ر فه‌رمانی گرتن بۆ (د.خ) ده‌رچوو بوو، به‌ڵام به‌ هۆی نادیاری شوێنی مانه‌وه‌ی تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌".

روونیشیكرده‌وه‌، دواتر (سیامه‌ند ئیسماعیل) كچه‌كه‌ی واته‌ (سۆزان) ده‌باته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و رێگه‌ نادات له‌لای هاوسه‌ره‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا به‌ ئاماده‌بوونی مامی و باوكی و هاوسه‌ری، كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌ و (سۆزان) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵی خۆی و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی به‌ ژیانی ئاساییكردووه‌ته‌وه‌". دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ مانه‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌، ئێواره‌ی رابردوو، دوو برای (سۆزان) به‌ ناوه‌كانی (سیروان و سه‌ركه‌وت) ده‌چنه‌ ماڵی خوشكه‌كه‌یان و داوای لێده‌كه‌ن له‌گه‌ڵیان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵی باوكیان".

هه‌روه‌ها گوتی: "له‌و میانه‌یه‌دا كێشه‌ و ده‌مه‌قاڵێ له‌ نێوان براكانی سۆزان و هاوسه‌ره‌كه‌یدا درووستبووه‌ و له‌ئه‌نجامی كێشه‌كه‌ش (سۆزان) ته‌مه‌ن (23 ساڵ) و دوو براكه‌ی كوژران".

ورده‌كاری ئه‌و تاوانی كوشتنه‌ تائێستا نازانرێت و پۆلیس بۆی روون نه‌بووه‌ته‌وه‌ كێ ده‌ستپێشخه‌ری كردووه‌ له‌ ته‌قه‌كردن.

ته‌رمی كوژراوه‌كان ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری كراوه‌ به‌ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو، ئه‌نجامه‌كه ده‌درێته‌وه‌ پۆلیس.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی (وارڤین) كه‌ له‌ پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتوون، به‌ پشتبه‌ستن به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی (406) له‌ یاسای سزادانی عێراقی، هه‌ریه‌ك له‌ (باوك، خه‌زووری، هاوسه‌ری) سۆزان ده‌ستگیركراون.

هه‌روه‌ها پۆلیس سه‌رقاڵی سۆراغكردنی (د.خ) یه‌ كه‌ گومانده‌كرێت سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان بوو بێت و ئه‌و كێشه‌ی خێزانی له‌ نێوان ئه‌و ژن و مێرده‌دا درووستكردبێت.
ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
-----------------------

سێهه‌م دانیشتنی دادگای تایبه‌ت به‌ كه‌یسی مامۆستا ساكار به‌ڕێوه‌ده‌چێت
وارڤین – سلێمانی: بڕیاره‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌ (11 / ئه‌یلول – سێپتێمبه‌ر / 2012) سێیه‌م دانیشتنی دادگای تایبه‌ت به‌ كه‌یسی مامۆستا ساكار به‌ڕێوه‌ بچێت و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیشدا گروپی (ژیان) ره‌خنه‌ له‌ بێده‌نگی رێكخراوی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ده‌گرێت.

مامۆستا ساكار له‌ سه‌ره‌تای (شوبات – فێبرایه‌ر)ی رابردوو كوژرا و باوكی وه‌ك تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی تاوانه‌كه‌ له‌ دوای خۆ حه‌شاردانی له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركرا و تا ئێستا دوو دانیشتنی تایبه‌ت له‌ دادگای سلێمانی سه‌باره‌ت به‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ چوون و دانیشتنی یه‌كه‌میان چه‌ندخوله‌كێك بوو. له‌ دانیشتنی دووه‌میشدا دایكی ئاماده‌ی شاهێدی دان نه‌بوو. گروپی (ژیان) وه‌ك گروپێكی تایبه‌ت به‌ داكۆكیكردن له‌ پرسی ژنان چاودێری ره‌وشی به‌ڕێوه‌ چوونی دانیشتنه‌كانی دادگا ده‌كات و پێشتریش له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، دادگاییكردنی بكوژه‌كه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ ده‌رخستنی جدییه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ته‌نگه‌وه‌ چوونی پرسی ژنان.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی گروپی (ژیان)ه‌.

دانیشتنێكی دیكەی دادگا بۆ دۆسیەی كوشتنی مامۆستا ساكار بەڕێوە دەچێت 

لە  ڕۆژی سێشەمە ١١-9-2012 دانیشتنێكی دیكەی دادگا بۆ دۆسیەی كوشتنی مامۆستا ساكار بەڕێوە ئەچێت كە لە شەوی 5-2-2012   لەناحیەی سەركەپكان كوژراو باوكی تۆمەتبارە بەكوشتنی .

وەك گروپی ژیان داوا لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و چالاكوانان ئەكەین بەدواداچون بۆ ئەم كەیسە بكەن ، وە جێی نیگەرانیە كە یەكیەتی مامۆستایانی كوردوستان لەئاست ئەم پرسەدا بێدەنگن.

لە بەرواری 2-9-2012  لەكاتی داد بینی پێشو  ئێمە ئامادەبوین و بەسوپاسەوە دادوەری دۆسیەكە قبولی كرد كە چەند بۆچونێكی خۆمان دەرببڕین ، چونكە بێجگە لە داواكاری گشتی هیچ سكاڵا كەرێكی دیكە بۆ مافی كەسی لە ئارادا نیە ، تێبینی ئەوە ئەكەین كە دایكی مامۆستا ساكار زۆربەی ڕاستیەكانی لایە هەربۆیە ئامادە نەبوو لەبەردەم دادوەر سوێند بخوات و شایەتی لەسەر تۆمەتبار "مێردەكەی"  بدات و سەرەڕای فشارە زۆرەكان لەسەری.

 ئێمە وەك گروپی ژیان مەترسی ئەوەمان هەیە بەهۆی ئیجرائاتی رۆتین و گرنگینەدانی تەواو بەم جۆرە كەیسانە تۆمەتبار ئازاد بكرێت، تەنانەت ئەگەر تۆمەتەكەش ساغ بێتەوە مەترسی ئەوە هەیە بە هۆی  دوا بڕیاری لێبوردنەوە هیچ سزایەك جێبەجێ نەكرێت.

 مایەی پرسیارە كە یاسای توندوتیژی خێزانی و بەڵێنە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەت لە موناسەباتە تەشریفاتیەكاندا، چ جێگەیەكیان هەیە لە واقعی كوردوستاندا ئەگەر ئەم جۆرە دۆسیانە بەم شێوەیە كۆتاییان پێ بێت  ...؟ 

بۆ وەرگرتنی زانیارو لێدوان پەیوەندی بكەن بەم ژمارانەوە : 
بەهار موونزیر  ٠٧٧٠٩١٠٢٢٣٧      شەنگە ڕەحیم   ٠٧٧٠١٩٤٣٧٠٢
ئیمەیل:zhyangrop@gmail.com
كات:  سێ‌ شەممە 9:30ی بەیانی
شوێن: بەردەم دادگای سلێمانی
گروپی ژیان
١٠/٠٩/٢٠١2
http://warvin.org

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر