حكومه‌ت پلانی ستراتیژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی په‌سند كرد
وارڤین – هه‌ولێر: له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم پلانی ستراتیژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان په‌سندكرا و بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ حكومه‌ت ئیش له‌سه‌ر ئه‌و پلانه ده‌كات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ (وارڤین) ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان له كوردستان (په‌خشان زه‌نگه‌نه) رایگه‌یاند، كه‌مێك پێش ئێستا له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی ستراتیژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان په‌سند كرا.
گوتیشی: "پلانه ستراتیژییه‌كه وه‌ك كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت".
هه‌واڵی په‌یوه‌ست:
////////////
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌كرێته ستراتیژیه‌تی حكومه‌ت"
وارڤین - هه‌ولێر: دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و پێكهێنانی بۆردی چاودێریكردنی ره‌وشی مافه‌كانی ژن بڕیاره له داهاتوویه‌كی نزیكدا ستراتیژیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان بكرێته ستراتیژیه‌تی حكومه‌ت بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر پرسی توندوتیژی دژ به ژنان و له چه‌ند وه‌زاره‌تێكیش یه‌كه‌كانی ده‌رفه‌تی یه‌كسان پێكده‌هێنرێن.
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه (6 / ئاب – ئۆگست / 2012) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمانی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه كۆبوویه‌وه؛ كه له كابینه‌ی پێشووی حكومه‌تدا بۆ به‌دواداچوونی پرسه‌كانی ژنان له هه‌رێم دامه‌زرابوو، بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی حكومه‌ت، جه‌خت له‌سه‌ر به‌ته‌نگه‌وه هاتنی پرسی توندوتیژی دژ به ژن كرایه‌وه.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه، بۆ دووه‌مجار رۆژی چوارشه‌ممه (8 / ئاب – ئۆگست / 2012) به ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره په‌یوه‌نداره‌كان و داواكاری گشتی و ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی توندوتیژی بۆردێك بۆ چاودێریكردنی ره‌وشی ژن له هه‌رێمی كوردستان پێكهێنرا.
سه‌باره‌ت به دوا هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی ژن له هه‌رێمدا، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نه‌كه (په‌خشان زه‌نگه‌نه) به (وارڤین)ی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌نجومه‌نی خانمانی به‌سه‌ر كرده‌وه و جه‌خت له‌سه‌ر به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی زۆری پرسی ژن كرایه‌وه، بڕیاردراوه له نزیكترین كاتتدا پڕۆژه‌ی ستراتیژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان بكرێته ستراتیژی كاری حكومه‌ت و له‌مه‌ودوا حكومه‌ت به‌گوێره‌ی ئه‌و ستراتیژه كار له‌سه‌ر پرسه‌كانی ژن به‌هاوبه‌شی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بكات.
گوتیشی: "له دوا كۆبوونه‌وه‌دا پڕۆژه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه كراوه بۆ ئه‌وه‌ی له وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا یه‌كه‌یه‌كی تایبه‌ت به چاودێریكردنی ره‌وشی ژن و ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو به‌ناوی (یه‌كه‌كانی ده‌رفه‌تی یه‌كسان) دابمه‌زرێت و بڕیاریشه له سه‌ره‌تاوه له چه‌ند وه‌زاره‌تێكه‌وه ده‌ستپێبكرێت".
سه‌باره‌ت به كاری ئه‌و یه‌كه ئیدارییانه، ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان گوتی: "ئه‌و یه‌كانه ئه‌ركیان ئه‌وه ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو بڕه‌خسێندرێت و له سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت و سیاسه‌تی وه‌زاره‌ته‌كان كاری جدی بۆ نه‌هێشتنی جیاكاری بكرێت.
له لێدوانه‌كه‌یدا بۆ (وارڤین) په‌خشان زه‌نگه‌نه) ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان سه‌رقاڵی وتوێژ و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامه له رێگه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست چ له رووی پرۆگرامه‌وه و چ له رووی سیسته‌مه‌وه تاوه‌كو كار له‌سه‌ر پرسی یه‌كسانی جۆری كۆمه‌ڵایه‌تی له بواری په‌روه‌رده‌دا بكرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پلانی سازكردنی ۆرك شۆپێك یاخود كۆنفرانسێكی تایبه‌ت له نێوان هه‌ردوولادا ساز بكرێت".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمیش كار ده‌كات له پێناو چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به ژنان له رووی ته‌ندروستییه‌وه".
له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان رایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه (16 / ئه‌یلوول – سێپتێمبه‌ر / 2012) كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێم و راوێژكاری یاسایی سه‌رۆكی حكومه‌ت سازكراوه بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی دێنه رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی یاساكانی تایبه‌ت به توندوتیژی خێزانی و باری كه‌سی.
گوتیشی: "له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌كاری كراوه بۆ سازدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی نێوان ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی وردتر كار له‌سه‌ر پرسی جێبه‌جێكردنی یاساكانی تایبه‌ت به پرسی توندوتیژی دژی ژنان بكرێت و ئه‌و گرفت و ئاسته‌نگانه‌ی دێنه رێگه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی و یاسای باری كه‌سێتی نه‌هێڵدرێن".
ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان له هه‌رێمی كوردستان په‌خشان زه‌نگه‌نه) ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه له ئێستادا سووربوون و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر كۆتایهێنان به نادادپه‌روه‌ری و چاره‌سه‌ری پرسی نادادپه‌روه‌ری له ئاست ژنان هه‌یه".
دووپاتیشكرده‌وه، كه پێویسته پرسی ژن و نه‌هێشتنی جیاكاری دژ به ژن ببێته پرسێكی گشتی كۆمه‌ڵگه و خه‌می هه‌موو لایه‌ك بێت و چاره‌سه‌ره‌كه‌ش به شێوه‌ی سیسته‌ماتیك ده‌بێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێویسته رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌ریه‌ك له بواری خۆی ببێته شه‌ریك و پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی و چاره‌سه‌ری پرسی نایه‌كسانی".
ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان له هه‌رێمی كوردستان له سه‌رده‌می دوو ساڵی سه‌رۆكایه‌تی (به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح)ی سه‌رۆكوه‌زیران پێكهێنرا و له دوای گۆڕینی پێكهاته‌ی حكومه‌ت چاره‌نووسی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه به نادیاری مابوویه‌وه و دواجار دوای فشاری ده‌زگا و رێكخراوه‌كانی ژنان و روودانی تاوانی كوشتنی (نیگار ره‌حیم) (16 ساڵ) بۆ یه‌كه‌مجار له دوای زیاتر له (100) رۆژ له وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، (نێچیرڤان بارزانی) سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمانی كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌میندار و ئه‌ندامانیدا كۆبوویه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان دوای ئه‌وه هات كه ده‌زگای وارڤین بۆ پرسه‌كانی ژن رۆژی سێشه‌ممه (13 / ته‌مموز – یۆلیۆ / 2012) وه‌ك یه‌كه‌م ده‌زگای تایبه‌ت به پرسی ژن زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی رایگشتی له خراپی ره‌وشی ژنان لێدا و به‌یاننامه‌یه‌كی بۆ رایگشتی و به‌رچاوی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه.
به‌یاننامه‌كه‌ی ده‌زگای وارڤین كه به هه‌ر سێ زمانی كوردی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بڵاوكرایه‌وه، له ناوه‌نده رۆژنامه‌وانی و چاپه‌مه‌نییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییدا به بایه‌خه‌وه بڵاوكرایه‌وه.
به‌یاننامه‌كه چه‌ند داواكارییه‌كی خستبووه‌ڕوو بۆ به‌رچاوی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم و له داواكارییه‌كیاندا، رایگه‌یاندبوو كه پێویسته چاو به ده‌سه‌ڵات و په‌یكه‌ری ئیداری هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاودێریكردنی توندوتیژیدا بخشێندرێته‌وه و سنووری ده‌سه‌ڵاتیان فراوان بكرێت.
http://warvin.org
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر