Pages

۱۳۹۱ مهر ۶, پنجشنبه

راپۆرتێک لە سەر باروودۆخی زیندانیانی سیاسی PJAK لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان


راپۆرتێک لە سەر باروودۆخی زیندانیانی سیاسی PJAK لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان

كۆماری ئیسلامی ئێران وەكوو رژیمێكی تۆتالیتەر و دژی ئازادیەكانی مەدەنی، لە سەرەتای هاتنە سەركاریەوە هەتا ئەمڕو هەمیشە پێداگری كردووە لە سەر سەركوت كردنی ئازادیخوازان و بنەبڕ كردنی رامانی ئازادانە ژیان كردن. هەمیشە هوڵدانی بۆ ئەوە كردووە كە بچووكترین خۆ راپساندن لە كوت و زنجیرەكانی بە نامرۆڤانەترین شێوە وڵام بداتەوە. چالاكی و خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران وەكوو هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و جووداخوازی نیشان دەدات و بە توندترین شێوە لە بەرامبەریدا كاردانەوە نیشان دەدات. 


لە كاتی سەركەوتنی شۆرشی ئیسلامی ئێران بە لانیكەم 4500 كەسی كورد لە شارە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە فەرمانی خومەینی و لە بن بەرپرسیارێتی خەڵخاڵی دا(سەرۆكی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئەوكاتە) بە بێ هیچ دادگاهی و مەحكەمەیەكی فەرمی لەسێدارە درا
ن. ئێستاش لە دوای سی و چوار ساڵ، زیندانەكانی ئێران پڕە لە كەسایەتی رۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، هونەرمند، خوێندەوانانی زانكۆ، چالاكانی مدەنی و كەسانی ئازادیخواز كە تەنیا تاوانیان ئازادانە ژیان كردن و تێكۆشان بۆ هێمنی كۆمەڵگایە. ئێران كە ئەندامی 5 پەیماننامە لە 9 پەیماننامەی نێونەتەوەییە لە بواری مافی مرۆڤە، كە لە لایەنی حقوقییەوە مەجبوور بە لەبەرچاو گرتنی خاڵەكانییە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە بواری پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا یەكێك لە وەڵاتە پلەدارەكانەی سەرەوەی ریزبندییە. بە بەرچاو گرتنی ئەو رەفتارەی كۆماری ئیسلامی ئێران دەرحەق بە زیندانیانی سیاسی بەتایبەت و گشتی زیندانیانی دیكە، دەردەكەوێت كە كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ پایبەندیەكی ئەخلاقی و حقوقی بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و تەنانەت هێندی لە خاڵەكانی یاسای بنەڕەتی خۆیشی دا نییە. وەكوو نموونە: خاڵی 23ی یاسای ئێران دەڵێت: "لێپرسینی باوەری و عەقیدە لە ئێران قەدەخەیە و نابێ بە هۆی باوەڕی جیاواز كەسێك تۆمەتبار یان تاوانبار بكرێ". بەڵام بە پێچەوانە هەبوونی زیندانیگەلێك وەكوو زەینەب جەلالیان كە تەنیا بە هۆی بیرو ڕایەكی جیاوازو بەهرەمەندی لە كەسایەتی ژنێكی ئازادی كورد كە پێچەوانەوەی عەقلییەتی دواكەوتوو و دژەدێمۆكراتیكی سیستەمی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، لە لایەن ئەو رژیمەوە حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. ئازادی رادەڕبڕین و باوەڕی لە ئێراندا یانی دووبارە كردنەوەی باوەرییەكانی رژیم و هەڵگوتن و مەدحی زیاتریان. هەروەها دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بریتین لە جوڵانەوە لە چوارچێوەی جەبرێكی كە شەریعەت دیاری دەكا. رەخنە گرتن لە سیستەمی ئێران هاوكاتە لە گەڵ گرتن، ئەشكەنجە، زیندان و سێدارە و حوكمی وەك، شەڕ لە هەمبەری خوا و خستنە مەترسی ئاسایشی وڵات و هەوڵدان بۆ لە رووخاندنی رژیم..

http://pjak.org/kurdi.php?id=1700

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر