Pages

۱۳۹۱ مهر ۱۹, چهارشنبه

عه‌ره‌بێك به‌ ئاڵای‌ كوردستانه‌وه‌


عه‌ره‌بێك به‌ ئاڵای‌ كوردستانه‌وه‌

عارف قوربانی
ئه‌م به‌یانیه‌ له‌سه‌ر رێگای‌ هاتنم به‌ره‌و سلێمانی‌، له‌ دامێنی‌ بانی‌ مه‌قان دیمه‌نێك سه‌رنجی‌ راكێشام، كابرایه‌كی‌ عه‌ره‌ب به‌ دسداشه‌و عه‌گاڵه‌وه‌ ئاڵایه‌كی‌ شه‌كاوه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ كوردستانی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ و به‌ پێ رووه‌و سلێمانی‌ ده‌هات. بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خۆم له‌گه‌ڵ‌ زاكیره‌م ماندوو بكه‌م یان مه‌به‌ستم بووبێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و دیمه‌نه‌ به‌راورد كاریه‌، یه‌كسه‌ر ئه‌و مێردمنداڵه‌ عه‌ره‌به‌ چڵمنه‌م هاته‌وه‌ به‌رچاو كه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ناو خاكی‌ كوردستان و له‌یه‌كێ‌ له‌ سه‌یرانگا دڵگیره‌كانی‌ وڵاته‌كه‌م بێڕێزی‌ به‌ ئاڵای‌ كوردستان كرد و ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئیعلامییه‌ كوردییه‌م به‌یاد هاته‌وه‌ كه‌ به‌یه‌ك چاو ته‌ماشای‌ هه‌موو عه‌ره‌بیان كردو هه‌ڵمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ له‌ دژیان به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌م دیمه‌نه‌ی‌ ئه‌م به‌یانیه‌؛ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رخست كه‌ هه‌موو عه‌ره‌ب وه‌ك یه‌ك نین به‌رانبه‌ر به‌ كورد و ئاڵا پیرۆزه‌كه‌ی‌ و ره‌مزو سه‌روه‌ریه‌كانی‌. ئه‌گه‌ر به‌شێكی‌ عه‌ره‌ب خراپیش بن، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نمونه‌ی‌ ئه‌م هاوڵاتیه‌ش زۆره‌ كه‌ رێز له‌ پیرۆزییه‌كانی‌ میلله‌ته‌كه‌مان ده‌گرێت.

راوه‌ستام و وه‌ك ساكارترین ئیتیكی‌ پیشه‌یی‌ داوای‌ ئه‌وه‌م لێیكرد ده‌توانم وێنه‌ت بگرم، ره‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕی‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كیم گرت، كه‌ جگه‌ له‌و ئاڵا شه‌كاوه‌یه‌ عه‌لاگه‌یه‌كی‌ نایلۆن به‌ ده‌ستیه‌وه‌ بوو هه‌ندێ‌ نان و دوو ده‌به‌ ئاوو و جامانه‌یه‌كی‌ سوری‌ تیابوو. لێم پرسی‌ له‌ كوێوه‌ هاتوویت و بۆ كوێ‌ ده‌چیت؟

پێی‌ ووتم كه‌ بیست رۆژێكه‌ به‌پێ‌ و به‌م ئاڵایه‌وه‌ له‌ شاری‌ به‌سره‌وه‌ كه‌وتومه‌ته‌ڕی‌ و هاتووم بۆ كوردستان بۆ لای‌ مام جه‌لال.

منیش لائیرادی‌ ووتم ئێ‌ وه‌ڵا مام جه‌لال له‌ به‌غدایه‌، له‌ سیمایدا نائومێدیه‌كی‌ زۆرم خوێنده‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر رام گۆڕی‌ و ووتم ئا، مام جه‌لال به‌یانی‌ دێته‌وه‌ بۆ كوردستان، هه‌ستم كرد ئه‌مجاره‌ زۆری‌ پێخۆش بوو.

من نازانم ئه‌م پیاوه‌ به‌چی‌ ماناو مه‌غزایه‌ك به‌م ئاڵایه‌وه‌ بۆ لای‌ مام جه‌لال دێت و ئه‌گه‌ر به‌خواستی‌ دڵی‌ من بهاتایا، خوازیار بووم بیوتایا هاتووم بۆ سه‌ر مه‌زاری‌ شه‌هیدانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، یان مۆنۆمێنتی‌ ئه‌نفال له‌ چه‌مچه‌ماڵ‌. گه‌رچی‌ ئه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماره‌ بۆ لای‌ هاتووه‌، به‌ڵام مام جه‌لال یه‌كێكه‌ له‌ ره‌مزه‌ گه‌وره‌كانی‌ كورد و هاتنی‌ ئه‌م پیره‌مێرده‌ به‌ پێ له‌ به‌سره‌وه‌ بۆ سلێمانی‌ به‌ ئاڵایه‌كی‌ كوردستانه‌وه‌، بۆ ئێمه‌ی‌ كورد خۆشه‌ و ئاسوده‌یی‌ به‌ دڵماندا دێنێ‌. ئه‌گه‌ر مام جه‌لالیش ئه‌م ئاڵایه‌ وه‌ك دیاری‌ پیره‌مێردێكی‌ ریش چه‌رمووی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌سراوی‌ له‌ ژوره‌كه‌ی‌ له‌ سلێمانی‌ به‌ ته‌نیشت ئاڵای‌ عیراقه‌وه‌ دابنێ‌، ئه‌وكات له‌ دیدارو چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ناكه‌وێته‌ به‌ر ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆچی‌ ئاڵای‌ كوردستان له‌ ژوره‌كه‌ی‌ نیه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ پێی‌ ده‌ستور ئاڵای‌ خۆی‌ هه‌یه‌ و كاتێ‌ سه‌رۆك له‌ كوردستان بوو ئه‌و مافه‌ی‌ ده‌بێ‌ شانبه‌شانی‌ ئاڵای‌ كۆماره‌كه‌ی‌، ئاڵای‌ هه‌رێمه‌كه‌ش بشه‌كێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاڵای ده‌ستی ئه‌و پیره‌مێرده‌ عه‌ره‌به‌ ماندووه‌ له‌ ژووری سه‌رۆك كۆماردا، ده‌بێته‌ ره‌مزێك بۆ چیرۆكی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی عیراق و وه‌ڵامێكیش ده‌بێت بۆ ئه‌و عه‌ره‌به‌ شۆڤێنیانه‌ی كه‌ تۆوی دووبه‌ره‌كی له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا ده‌چێنن.

هیوادارم كه‌ راگه‌یاندنه‌كانی‌ كوردستان بچن به‌پیری‌ ئه‌م پیره‌مێرده‌وه‌ و وێنه‌ی‌ بۆ جیهان بڵاوبكه‌نه‌وه‌، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بێڕێزییه‌ی‌ مێردمناڵێكی‌ عه‌ره‌ب پێشتر به‌رامبه‌ر به‌ ئاڵای‌ كوردستان ئه‌نجامی‌ دا.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=10151051272411626&set=a.378231816625.165755.335351711625&type=1


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر