Pages

۱۳۹۱ مهر ۱۷, دوشنبه

راپۆرتی پلینۆمی یەکەمی پێش کۆنفرانسی چوارەمی


راپۆرتی پلینۆمی یەکەمی پێش کۆنفرانسی چوارەمی
"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"
 دوێنی یەکشەممە رێکەوتی ٧/١٠/٢٠١٢ بە مەبەستی کۆکردنەوەی تواناکانی حیزب و داڕشتنی پلان بۆ چالاککردنەوەی ئەندامان و ناوەندەکانی چالاکی، سەرکردایەتی "پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان" یەکەمین پلینۆمی پێش کۆنفرانسی 
چوارەمی خۆی گرێ دا.


لەم پلینۆمەدا کە ٦ سەعاتی خایاند، ئەم بابەتانەی خوارەوە تاوتوێ کران.
١-هەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسیی دنیا، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین، ئێران و کوردستان بە تایبەتی.
٢-تاوتوێکردنی پڕۆژە پێشکەشکراوەکان و پەسندکردنی کۆمەڵە گەڵاڵەیەک بۆ کاروتێکۆشان لە داهاتوودا
٣-تاوتوێکردنی بەرنامەی پارتەکەمان و پێداچوونەوە بە بڕگەکانیدا، بە مەبەستی گونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخی ئێستای کوردستان و جیهاندا
٤-تاوتوێکردنی بارودۆخی پێوەندییەکانمان لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکاندا
______________________________________
بریارەکانی پلینۆم:
١-تا کاتی بەستنی کۆنفرانسی چوارەمی پارتەکەمان، کار بە بەرنامەی پەسندکراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تازە لەم پلینۆمەدا دەکرێت.
٢-ئەندامانی دەستەی باڵای سەرکردایەتی دەسنیشان کران.
٣-بریاری راگرتنی هەموو کۆنتاکتێکی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان پەسند کرد و هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی تازەی راسپارد بۆ چالاکترکردنەوەی پێوەندییە کوردستانییەکانمان بە تایبەتی و پێوەندییەکانمان بە گشتی.
ناوەندی راگەیاندنی
"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"
                                8/10/2012
 ------------------
راپۆرتی پلینۆمی یەکەمی پێش کۆنفرانسی چوارەمی
"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"

 دوێنی یەکشەممە رێکەوتی ٧/١٠/٢٠١٢ بە مەبەستی کۆکردنەوەی تواناکانی حیزب و داڕشتنی پلان بۆ چالاککردنەوەی ئەندامان و ناوەندەکانی چالاکی، سەرکردایەتی "پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان" یەکەمین پلینۆمی پێش کۆنفرانسی چوارەمی خۆی گرێ دا.
لەم پلینۆمەدا کە ٦ سەعاتی خایاند، ئەم بابەتانەی خوارەوە تاوتوێ کران.
١-هەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسیی دنیا، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین، ئێران و کوردستان بە تایبەتی.
٢-تاوتوێکردنی پڕۆژە پێشکەشکراوەکان و پەسندکردنی کۆمەڵە گەڵاڵەیەک بۆ کاروتێکۆشان لە داهاتوودا
٣-تاوتوێکردنی بەرنامەی پارتەکەمان و پێداچوونەوە بە بڕگەکانیدا، بە مەبەستی گونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخی ئێستای کوردستان و جیهاندا
٤-تاوتوێکردنی بارودۆخی پێوەندییەکانمان لەگەڵ حیزب و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکاندا
______________________________________

بریارەکانی پلینۆم:

١-تا کاتی بەستنی کۆنفرانسی چوارەمی پارتەکەمان، کار بە بەرنامەی پەسندکراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تازە لەم پلینۆمەدا دەکرێت.
٢-ئەندامانی دەستەی باڵای سەرکردایەتی دەسنیشان کران.
٣-بریاری راگرتنی هەموو کۆنتاکتێکی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان پەسند کرد و هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی تازەی راسپارد بۆ چالاکترکردنەوەی پێوەندییە کوردستانییەکانمان بە تایبەتی و پێوەندییەکانمان بە گشتی.


ناوەندی راگەیاندنی

"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان
"
                                8/10/2012







بەرنامەی

"پارتی لیبراڵ دێمۆكراتی كوردستان"



راگەیاندراوی"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"

سەبارەت بە رێكخستنەوەی ماڵی خۆی لە هەلومەرجی تازەدا

خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییە كوردستانی و ئێرانییەكان
ژنان, لاوان, خوێندكاران, رووناكبیران
چینی زەحمەتكێش و زیانلێكەوتووی كوردستان

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تازەی ناوچەكە و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و بە بەرگی تازەی كۆڵنەدان لە شۆڕش و تێهەڵچوونەوەی دووبارە, هاتووینەوە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و ئامانجمان ئەوەیە وزەی خۆمان بە تایبەتی بۆ خەبات و بەربەرەكانێ‌ لە بەرانبەر دوژمنی سەرەكیی نەتەوەی كورد واتە كۆماری ئیسلامی ئێران تەرخان بكەین.
بە ڕای ئێمە, كورد لە بەرانبەر بارودۆخێكی هاوشێوەی سەدەیەك لەمەوبەردا وەستاوە.
یەك سەدە لەمەوبەر و لەپاش كۆتاییهاتنی شەڕی جیهانیی یەكەم, پەیمانە نێودەوڵەتییەكان باسیان لە دابەشكردنی جیهان و سەرهەڵدانی نەتەوەی تازە و وڵاتی تازە و لەت لەتكردنی ئیمپراتووریای مێژوویی ناوچەكە واتە عوسمانلی و تەنانەت لەدایكبوونی وڵاتی كوردستان كرد.
ئەگەرچی هەلومەرجی ئەوكاتەی نەتەوەی كورد زۆر لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا جیاوازیی هەبوو, كەچی هاوشێوەی ئەو دەرفەتەی ئەو كاتە, ئێستاش باسی دابەشكردنەوەی جوغرافیای ناوچەكە و لەدایكبوونەوەی كوردستانێكی گەورە و رزگاریی كورد لە كۆیلایەتیی مێژوویی, پرسێكی گرنگ و گەرمی ناو بازنەی ئەنجومەنەكانی ستراتێژیستە جیهانییەكانە و دەبێ بە فكر و هەوڵێكی بەرفراوانتر لە جارانمانەوە خەریكی شۆڕش و سیاسەت و داڕشتنی پلانی كارا بۆ رزگاریمان لە بندەستەیی داگیركارانی وڵاتەكەمان بین.
باسی فكر و هەوڵی بەرفرەتر لە جاران هەر ئەو هۆكارە بوو, كە بووەوە هاندەرمان, بە هێزێكی گەنجانە و بە شەففافییەتەوە كاروبارەكانمان بە پڕۆژە بكەین و بیخەینە خزمەتی خەباتی كوردستانەوە.
بەڕای ئێمە هەر لایەنێك كە نەیتوانی فكر دروست بكات, بە باڵای لایەنەكانیتردا دەتوێتەوە و ئەگەریش خاوەنی پتانسییەلێكی فكریی گەورە بوو, هیچكات لە گۆڕەپانی خەباتدا وەدەر نانرێت و فەرامۆش ناكرێت.
       
لە راستیدا ئێمەش ئامانجمان لە تێكەڵبوونمان لەگەڵ هاوپەیمانانی رابردووماندا ئەوە بوو, كە ئاڵوگۆڕێكی قووڵ بەسەر تەشكیلات و شێوازی بەڕێوەبەری و كرداری شۆِڕشگێڕانەی لایەنی پاڵپشتیكراودا بێنین و مەخابن ئەو خەونەی ئێمە بۆ خزمەتكردنی فرەكاراكتەر و فرەهزر, لە ریزەكانی لایەنی پێشووماندا بە ئاكام نەگەیشت و مەبەستیشمان لە تێكەڵبوون خزمەتی گەورەتر بوو بە شۆرشی نەتەوەكەمان و هەر بۆیەش لە پاش سەرنەگرتنی هەوڵەكەمان و هاوفكری كردن لەگەڵ كۆمەڵێك لە گەنجانی هاوڕێ و هاوسەنگەرماندا, کە تەنانەت بەشیکیان لە ریزەکانی پارتی پێشووماندا نەبوون و بەشێکیشیان ئەندامی تازەی ئەم رەوتە نوێیەن،  بە ئامانجی تێهەڵچوونەوە و كۆڵنەدان تا ئازادیی كوردستان لەژێر ناوی "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"دا درێژەمان بە خەباتی نەتەوەیی خۆمان دایەوە.
ئامانجمان ئەوەیە كە بە فكر و پلانێكی سیاسی – كۆمەڵایەتیی سەرنجڕاكێش, كاریگەر و وزەبەخشەوە, بێینەوە مەیدانی خەبات و درێژە بە چالاكییەكانمان بدەین.
بە ڕای ئێمە بەدەگمەن هەڵكەتووە كە فكرێكی خزمەتگوزاری ئامانجەكانی گەل بفەوتێ‌ و ئەگەرچیش بۆ ماوەیی گۆڕانی بەسەردا هاتبێت بەڵام هەر لە یادەكاندا دەمێنێ‌ چونكا خەیاڵی مێژوویی گەلێكی لە بڕگەیەكی مێژوودا داگیركردووە.
ئێمەش لە بڕگەیەكی هەرچەند كەمی رابردوودا سەلماندمان كە وزەیەكی گەورەمان پێیە و دەتوانین دووبارە بە هەمان پتانسییەلەوە و بە ئایدیایەكی تەواو جیاواز و تازەوە خزمەت بە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەكەمان بكەین و لەم كاتە هەستیارەدا هێزەكانمان چڕ بكەینەوە تا بتوانین لە گۆڕانكارییە مەزنەكەی ئەمدواییەدا رۆڵی كارا بگێڕین.
بەڕای زۆر یەک لە بیرمەندان و سیاسەتوان و رووناکبیر و چالاکانی نەتەوەیی، ئەم رەوتە دەتوانێ رەوتێکی کارا و تەندروست و خزمەتگوزار بێت لە پەرەپێدانی سیاسەتی نەتەوەییانەدا و بە ڕاوێژمان لەگەڵ زۆر کەسایەتیی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەو ئاکامە گەیشتین کە ئەم پڕۆژە بەرفراوانە چاکتر و کاراتر بکەین.
ئامانجی سەرەکیمان لە هاتنەوەمان بۆ گۆرەپانی سیاسیی کوردستان خزمەتکردنە و نامانهەوێ لەگەڵ هیچ لایەنێکی کوردستانی و ئێرانیی خزمەتکار و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی کورددا توشی کۆنتاکت ببین.
داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییە ئازادیخوازەکان دەکەین کە لەو هەلومەرجە تازەیەی ئێمەدا پالپشت و هاوکارمان بن.
ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی
"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"
6/10/201


دەستپێك :

لە كات و ساتێكی ناسكداین و كورد خەریكە لەگەڵ خاوبوونەوەی سەهۆڵی رۆحی ناوچە و نەتەوە چەقبەستووەكان، ئەزموون و قۆناغێكی تازە لە شارستانییەتی پڕ لە تەنگ و چەڵەمەی خۆی تاقی دەكاتەوە.
ئیتر دیكتاتۆرە ملهۆڕەكان وەكو جاران ناتوانن درێژە بە دەسەڵاتی سەركوتكارانەی خۆیان بدەن و نەتەوەو پێكهاتە بێ ماف و سەركوتكراوەكانیش وەكو جاران بێدەسەڵات نین.
دەنگی زەوتكراوی ستەملێكراوانی مێژووی ژیانی دیكتاتۆرەكان ئەوڕۆ هەرایەكی جیهانیی سازداوە و ئاستی گەشەی مافەكانی مرۆڤ بەو ڕادەیە گەیشتووە، كە چیتر وەكو دۆسیەیەكی ناوخۆی وڵاتان سەیر ناكرێن.
پشتیوانیكردن لە دێمۆكراسیخوازیی بزووتنە نەتەوەیی و جەماوەری و مەدەنییە پشتگوێخراوەكان بەو ئاستە گەیشتووە كە پشتیوانی سەربازییان بە پێی یاسا و رێسا ئەخلاقی و جیهانییەكان لێدەكرێ‌، ئەگەرچی كێشەكانی ناوچەكە و بە تایبەتی كوشتوبڕەكانی سوپای سووریا یاسا و رێسا جیهانییەكانیشی تووشی بێ متمانەیی كردووە و باوەڕی گەلانی زوڵملێكراوی بەرانبەر مافە گەردوونییەكانی مرۆڤ تووشی رامان و گومان كردووە.
بەم پێیە و لە كۆنفرانسی داهاتووماندا –كۆنفرانسی چوارەم-  ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی زیاترمان پێدەسپێردرێ‌ و خۆمان بۆ گۆڕانكاریی مەزن ئامادە دەكەین و پرسیاری سەرەكیمان لەخۆمان ئەوەیە كە چۆن بەرەوپیری دۆسیەی رزگاریی نیشتمانێك جووڵە بكەین كە خەریكە زنجیرەكانی خۆی دەپسێنێ‌ و نەتەوەیەكی تازە شانبەشانی كۆمەڵە نەتەوەیەك لەدایك دەبێت كە كێشەی وەك ئێمەیان هەیە و باڵادەستیی نەتەوەی فارس هەموومانی بە سیستەمە پاوانخواز و داگیركارانەكەیەوە تووشی كارەساتێكی سیاسی – مێژوویی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و كلتووری كردووە؟
بە ڕای ئێمە كێشەی نەتەوەی كورد تەنیا یەك كێشە نییە.
كێشەی ئێمە تەنیا لابردنی رژیمی كۆماری ئیسلامی و دەركردنی لە خاكی كوردستان نییە، كێشەی ئێمە خۆی لە دوو بواردا دەدۆزێتەوە:
1-                   نەبوونی ئازادی لە ولاتەكەماندا
2-                   نەبوونی سەروەری نەتەوەیی
واتە ئێمە ئەگەر وەك نەتەوەی باڵادەست ئازادییەكانمان زەوتكراوە، كەچی وەكو ئەوان و لەپاش ئازادبوونی كوردستان و ئێرانیش كێشەمان هەیە.
ئێمە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین كە وەكو نەتەوە و وەك شوناسێكی جیاواز لە خۆیان قبووڵمان بكەن و دان بە سەروەرییەكانماندا بنێن.
هەوڵەكانی "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" ئەوەیە كە هەم شانبەشانی نەتەوەكانیتری ئێران لە دژی كۆماری ئیسلامی و عەقڵییەتی پاوانخواز شەڕ بكات. هەم بە دیالۆگ و دانووستان لەگەڵ لایەنەكانی نەتەوەی باڵادەستدا سەروەرییەكانی خۆی وەدەست بێنێ‌  و لەگەڵیاندا پێك بێت.


بەرنامەی
"پارتی لیبراڵ دێمۆكراتی كوردستان"

بەشی یەكەم
ئامانجەكان
1-بەرنامەی هاوبەشمان لەگەڵ پێكهاتەكانی ئێران دا
پارتی لیبرال دێموكراتی كوردستان، بە لە بەر چاوگرتنی ویست و داخوازییەكانی كۆمەڵگا و بە پێی هەلومەرجی سیاسیی وڵات وبە هەوڵدان بۆ دروستكردنی دۆخێكی سیاسیی لەبار، كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەوڵی بۆ ئەدا، دەیهەوێ‌ كەسایەتیی تێكشكاوو پێشێلكراوی گەلی كورد زیندوو بكاتەوەو لە هەوڵی ئەوەدایە، خەڵكی كورد لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیاندا(بێ‌ ئەوەی هیچ لایەن و تاقم و گروپێ بتوانن، بارودۆخەكە لە قازانجی خۆیاندا بەلاڕێدا ببەن)كاریگەری و دەورێكی بەرچاویان هەبێ‌.
ئەمەیش پیشاندەری ئەو راستییەیە، پارتی لیبڕاڵ دێمۆكراتی كوردستان نایەوێ‌ ئیرادەی مافخوازانەی گەلی كورد بكەوێتە ژێرڕكێفی   هیچ لایەنێكی دیكەوەو بە نیازە، خەڵك بۆ خۆیان لە كەشێكی لە بارو ئارامدا، بڕیاری چارەنووسسازی خۆیان بدەن و ئەم پارتەیش پشتیوانی ڕای گشتی و خواستەكانی گەلی كوردستان بێت. كە وایلێهات ئەوە رەوتی سیاسیی وڵات و ئیرادەی خەڵكە، كە بڕیاری كۆتایی  دەرئەكا. ئێمەش پشتگیری لە بریاری ئازاد و سەربەستی میللەتەكەمان ئەكەین. ئەگەریش بۆ كێشەی نێوان گەلانی ئێران فۆرمێك پێشنیار بكەین ئەوا خوازیاری
دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین لە ریفراندۆمێكی ئازاددا بۆ كوردستان و دانی بریاری مافی مانەوەیان لە چوارچێوەی خاكی ئێران و دابینبوونی مافەكانی كوردانی نیشتەجێی پارێزگاكانی دوور لە خاكی كوردستانین، كە بە هۆی سیاسەتی راگواستنی زۆرەملێ و كۆچ پێدانیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی پێشووتری ئێرانەوە زیانێكی مێژوویییان لێكەوتووە و دەبێ‌ قەرەبوو بكرێنەوە و نوێنەری تایبەتیان لە دامودەزگاكانی حكوومەتدا بۆ دابنێن كە زمانحاڵی ئەوان و ئازارەكانیان بێت و جارێكیتر وەك شارۆمەندی بێناسنامە و پلە چەندەم سەیر نەكرێن.
پێش ئەوەش كار بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بكرێت، پلانی ئەوە دابنێین كە جوغرافیای وڵاتەكەمان ساغ بكەینەوە. واتە ناوچە سەرڕاستەكان  سەر بە هەرێمی رۆژهەڵاتی كوردستانن و لەو هەرێمانەیدا كە وەكو خۆراسان كوردی لێیە، ئێمە خوازیاری مافی خۆبەڕێوەبەری بۆ هاووڵاتییانی كوردی خۆمانین هەروەها كە، دانی مافی خۆبەڕێوەبەری بە كەمایەتییەكانی نیشتەجێی كوردستانیش مافێكی ئینسانی و دێمۆكراتیكی ئەوانە.
بۆچی مافی چارەی خۆنووسین؟
ئەم چەمكە  بریتی لە چەشنە هاوپەیمانێتییەكی نێوان نەتەوەكان، قەوارەو لایەنەكانە كە تێیدا هیچ شێوە هەژموونیخوازییەكی تایبەت بە مێژووی كۆنی ، سازشكردنی نابەرپرسیارانەو نادێمۆكراتیك لە نێوان قەوارەكاندا ناهێڵێ و بە دوور لە پاوانخوازی و خۆ سەپاندن درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە ئێراندا یان بەدەر لەم چوارچێوەیەدا بدەن.
ئەم شێوازە كە باس لە قەرەبووكردنەوەی زیانە مێژووییەكانیش لە نەتەوەی باڵادەست دەكات، خوازیاری دابین بوونی شێوە بارودۆخێكی مەرجدار بە یاسایە، كە تێیدا  نەتەوەی باڵادەست داوا لە نەتەوەكانیتر  بكات لە گەڵیدا هاوڕاو هاوپەیمان بن و قەرەبووی رابردووی ناسازیان بۆ بكاتەوە. واتە دوو مەرجی تازەی پێوە دیارە:
1-                   نەتەوەی باڵادەست داوا دەكات لەگەڵیدا هاونیشتمان بن.
2-                   نەتەوەی ژێردەست داوای قەرەبوو كردنەوە دەكات و لە هەمانكاتیشدا لە مافەكانی خۆی دەست هەڵناگرێت.
تێبینی: خەباتی ناسیۆنالیستیی هەڵبژاردەی حیزبی ئێمە جیاوازییەكی زیاتری لەگەڵ خەباتی رابردووماندا هەیە. ناسیۆنالیزمی ئێمە ناسیۆنالیزمێكی تەكنیكی و هونەرییە. بەو مانایەی كە، ئێمە هەتا دیاریكردن و یەكلاییكردنەوەی سنوور و جوغرافیا و دەسەڵاتی نەتەوەییمان لە قۆناغی یەكەمداین.
لە قۆناغی یەكەمدا داوای دابەزینی ناسیۆنالیزمی زاڵ واتە شۆڤینیزمی نەتەوەی باڵادەست لە هەڵوێستی دوژمنكارانەی خۆیان ئەكەین، كە دان بە سەروەرییەكانی ئێمە بەسەر خاك و نیشتمانی خۆماندا بنێن و لە هەمان كاتیشدا بیر لە قەرەبوو كردنەوەی ئەو زیانانە بكەنەوە كە لە 2500ساڵەی رابردووی دەسەڵاتیاندا لە ئێمەیان داوە.
وڵاتی لەتكراوی ئێمە بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەنی خاك و زاراوەگەل و ئایین و كەمە نەتەوەی زۆرو رەنگینە. لە كوردستانی ئێمەدا بێجگە لە كورد، ئازرەری و ئاشووری و فارس و ئەرمەنیش هەن. لە ناو خۆماندا زاراوەگەلێكی زۆر بە لق و پۆپی جیاوازەوە لە باری زمانەوانییەوە گەشەیان كردووە. لوڕ وچوارمحاڵ و بەختیاری و مەمەسەنی و  كۆهگیلوویە و بۆیێرئەحمەد و لەك و كەلهوڕ و گۆران و ئەردەڵانی و جاف وهەورامانی و موكریانی و شكاك و هەركی و جەلالی و بادینی و زۆر لایەنی دیكە هەن، كە رەنگاڵەیی بوونی نیشتمانەكەمان دەسەلمێنن.
 كوردانی ئێمە لە باری ئایینیشەوە یەكدەست نین. لە كوردستاندا ئایین رۆڵێَكی كاریگەری تەنانەت لە شۆڕشدا بووەو چەندین ئایینی گەورەی وەكو: ئایینی كۆنی كوردان(ئایینی یارسان: ئەهلی هەق)و زەردەشت و ئایینی زۆرینەی كورد(ئیسلام، هەم شیعەو هەم سوننە) و تەنانەت ئایینی مەسیح و ئایینی یەهوود، ئەم دەڤەرەیان پڕ لە بۆن و بەرامەی خۆیان كردووە.
ئێمە لێرەدا داوا لە باڵادەستەكان ئەكەین خۆیان ئیدانەی خۆیان بكەن و خاڵ و سنووری مەرجدار بە یاساوە بۆ خۆیان دابنێن: یاسایەكی دێمۆكراتیك و ئینسانی كە لە پارلمانی داهاتوودا بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی وڵات و بە پشت¬بەستن بە دەنگی متمانەی خەڵك و راپرسی، هاتبێتە بە¬رهەم و لە راستیدا گرێكانمان بكاتەوە.
لەگەڵ دروستبوونی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیدا و بەهێزبوونی نەتەوەو لایەنە بێدەسەڵاتەكانی كۆن و گەشەی ململانێی سیاسی - دێمۆكراتیكی پلۆرال(فرە ڕەهەند) قۆناغی دووهەم دەست پێدەكا.
لە قۆناغی دووهەمدا  كە قۆناغی تەواو بوون و كاڵبوونەوەی ناكۆكییەكان و قۆناغی پاش چارەسەربوونی كێشە دێرینەكانە، باسكردن لە كێشەی میللی جێگەی خۆی دەدات بە شێوازێكی نوێتر لە مللانێ‌ كە ئەویش پێشبڕكێی نەتەوەكانە.
لەم قۆناغەدا كورد وعەرەب، فارس و تورك و بەلووچ و ئازەری و توركەمەن و ئاشووری و ئەرمەنی و جوولەكەو... واتای خۆیان دەگۆڕن.
 بارودۆخێكی شارستانییانە باڵ بەسەر خەبات و ململانێی ئێمەدا دەكێشێ‌.
ئێمە لەم قۆناغەدا، لەگەڵ راگرتنی سنوور و تایبەتمەندییەكانی خۆمان وەكو كورد، بە شێوەیەكی ئینسانییانە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا دەجووڵێینەوە. ئیتر بارودۆخەكە بۆ ناسیۆنالیزمی مەدەنی دەگۆڕدرێ‌. لێرە بە دواوە ململانێیەكی شارستانییانە دروست دەبێ‌. شارستانییەتێك كە بەرەو ئیمپراتووریایەكی ئینسانی و دێمۆكراتیك دەمانبات.
ئەوەی كە ئێمە باس لە قەرەبووكردنەوەی رەگەزە زیانلێكەوتووەكان دەكەین، بەو مانایەیە كە لە سەردەمی مۆدێرندا باڵادەستەكان بۆ بەهێزبوونی خۆیان و چارەسەریی كۆمەڵێك كێشە(نەك بە تەواوی) كە هەڵچوون و داچوون و تەنگژە دەروونییەكانی پێ سەركوت بكەن، هێندێ مافیان بە ژێردەستەكانی خۆیان ئەدا و لە هێندێكیشی خۆیان دەبوارد. بۆ نموونە یەكێك لە كێشەكانی پێكەوە ژیانی قەوارەكان لە سەردەمی مۆدێرندا ، جیاوازیدانان لە نێوان نەتەوە و لایەنەكاندا و براگەورەیی و بچووكی و رەوابوونی مافی زیاتر بۆ قەوارەی ستەمكارو هەژموونیخواز بوو. جیابوونەوەی نەتەوەكانی (سوئێد و نۆروێژ) و هەروەها (سلۆڤاك و چێك) بەشێك لەو گرفتانەی بەڕێوەبەریی وڵات لە رۆژگاری مۆدێرن و عەقڵییەتی هەزارەی پێشووماندا بوو.
 لە سەردەمی ئێستادا كە بە سەردەمی جیهانیبوون و پاش مۆدێرن بە ناوبانگە، فۆرمی ژیان و بەڕێوەبەری ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە.
 لەم سەردەمەدا ئێمە بۆ یەكەمجار خوازیاری ئەوەین، پێش لەوەی ئەوان نەتەوە بێدەسەڵاتە خەباتكارەكان بە ناووناتۆرەی وەكو(جوداییخواز و ئاژاوەگێڕو تێكدەر و هتد…) تاوانبار بكەن، بە دیدێكی رەخنەگرانەو ئینسانییەوە، وەكو لایەنی بە دەسەڵات و تەنانەت هەڵەكار، چاو بە رابردووی خۆیاندا بخشێنن.
چونكا رابردوویەكی كارەساتبار و هەر لەو كاتەشدا تەماوییان هەیە و دەبێ‌ بۆ گەڕانەوەی متمانەی قەوارەكانی دیكە هەوڵێكی نەپساوە بدەن.

دوا رۆژ لە بەرنامەی ئێمەدا

رێباز و پلانی سیاسیی ئێمە لە چوارچێوەی "لیبرالیزمێكی ئینسانی"دا دەسوورێتەوە .
لیبرالیزمێكی قەرەبووخوازی ئینسانی كە لەسەر پلانی "قەرەبووخوازیی مێژوویی" بنیات دەنرێ .- جبران طلبی تاریخی
 لە دوور مەودای سیاسیی كوردستاندا وادەبینین، دەسەڵاتێكی تەواو دێمۆكراتیكمان ببێ‌ و هەڵبژاردنی "لیبرالیزمی ئینسانی"ش وەکو ئامانجمان بە مەبەستی سازكردنی داهاتوویەكی پڕ لە بەختەوەرییە. هەروا کە جێرمی بێنتام دەڵێ"زۆرترین بەختەوەری بۆ زۆرترین رێژە لە خەڵکی کۆمەڵگا."
لیبرالیزمی كوردستانییانەی ئێمە، لیبرالیزمێكی جیاوازە. بەو مانایە دەتوانین دنیایەكی جیاواز بۆ خۆمان بخولقێنین و هیچكام لە هەڵەكانی رابردووی ئایدیا و فەلسەفەی لیبراڵی رۆژئاواییش وەئەستۆ نەگرین.  بەڵکوو بە دەسکەوتە زانستییەکانیان شەڕی ستاندنەوەی کەرامەتی خۆمان لە داگیرکار بکەین.
بنەمای لیبرالیزمی رۆژئاوایی لەسەر دوو چەمكی (قازانج خوازی ، یوتیلیتاریسم) لە ئابووریدا و (ئازادسازی و سەركوتی هەستی جنسی كە خۆی لە ئابووریی "لیبیدۆ"یی - فڕۆیدی دا دەبینێ‌) و سروشتی مرۆڤ و ئازادی و كەرامەتی ئینسانی وەكو ئامرازێكی ئابووری بەكار دێنێ‌،لە كۆمەڵگای رۆژئاواشدا كەوتووەتە بەر ڕەخنە و خەریكن پێداچوونەوەی بۆ دەكەن.
لە راستیدا "قازانج خوازی" بووە هۆی ئەوەی كلتووری داگیركاری دروست ببێ‌ و مرۆڤ و ئامانجە سروشتییەكانی پشت گوێ‌ بخرێن و ئامانجە سەرەكییەكانی لیبرالیزم كە خۆی لە یەكسانیی تاكەكان لە بەرانبەر یاسا و كۆمەڵگادا پێناسە دەكرد، بوو بە هەژموونیخوازیی تاكی بەهێز و بەم شێوەیەش توانییان كەرامەتی مرۆڤ بۆ قازانجی خۆیان هەڕاج بكەن.
كورد بە هۆی ئەوەوە كە نەتەوەیەكی ئازادیخواز بووە و هەوڵی خۆدەربازكردنی لەژێر ڕكێفی داگیركاران داوە، دەتوانێ‌ لە ئامانجە سەرەكییەكانی لیبرالیزم بۆ ئاوەدانكردنەوەی ماڵی خۆی و بە بنەما گرتنی (پاراستنی كەرامەتی تاكەكان و گەشەكردنی سروشتیی كۆمەڵگا بە پێی نیازە بنەڕەتییەكانی مرۆڤی كورد و بە ئامانج گرتنی  دابینکردنی پێداویستی سروشتیی مرۆڤ لە جێگای بە ئامرازكردنی كەرامەتی مرۆڤ بۆ دابینكردنی بەرژەوەندیی تایبەت) كەڵك وەربگرێ‌.
یانی هیومانیزمی (مرۆڤگەرێتی) كوردی ، جیاوازیی زۆری لەگەڵ هیومانیزمی رۆژئاواییدا دەبێ‌ و نەتەوەیەكی ژێردەستەش چەمكی لیبرالیزم بە شێوازێكی دیكە بەكار دێنێ‌ بۆ ئەوەی كەسایەتیی خۆی و تاكەكانی پێ‌ بنیات بنێتەوە. كە واتە لیبرالیزمێكی هیومانیست لەگەڵ لیبرالیزمێكی "قازانج – تەوەر"دا جیاوازیی دەبێ. ئەوان نەتەوایەتییەكی هەژموونیكیان بە لیبرالیزمەوە چەسپاند، بەڵام كورد دەیەوێ‌ نەتەوایەتییەكی دێمۆكراتیك و كەرامەتپارێز دابمەزرێنێ‌.
لە دوور مەودای نەتەوەیی خۆیدا، كورد دەیەوێ‌ خەونە مێژوویییەكانی خۆی و ناسنامە و خەونی تازەی خۆی پێكەوە گرێ بدات. یانی " مادستانی گەورە " و ئیمپراتووریای دێمۆكراتیكی خۆی بهێنێتەدی ، كە تێیدا مرۆڤدۆستی و یەكسانیی رەگەزی و قەوارەیی بە پێوانەی هەڵسەنگاندن دادەنێ‌. یانی سیاسەتی (براوە – براوە) بە پەسند دەزانێ‌ و بە بنەمای دەگرێ‌.
بەكورتی پلانی "قەرەبووخوازیی مێژوویی" لە بوارەكانی خوارەوەدا درێژە بە كاروبارەكانی دەدات:
1-                   مافەكانی مرۆڤ
2-                   مافی نەتەوە و قەوارە فەوتاوو زیانلێكەوتووەكان
3-                   ئابووری و بازاڕ و پیشەسازی
4-                   كلتوور و زمان و چالاكییەكانی پێوەنديدار بەم بوارەوە
5-       درونناسی رەگەز و كۆمەڵگا رووخاوەكان


وڵاتەكەمان باشتر بناسین

رۆژهەڵاتی كوردستان چوارچێوەیەكی جوغرافیایی درێژی، خاوەن وزەو هێزی ئینسانیی كارامەو بە پێزە، كە لە (باشووری رووباری ئاراس)ەوە تا (خەلیج و ناوچەی ئەهواز) درێژەی هەیە.
رۆژهەلاتی كوردستان بریتی لە حەوت (ئوستان) پارێزگای سەرڕاست و كوردانی پچڕاو( لە پارێزگای هەمەدان وەكو نموونە) و كوردانی پەڕاكەندە و دوورخراوەی دیكەن، كە لە پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی ئێران و ناوەڕاستدا نیشتەجێن.
ئەو حەوت پارێزگا یەیش ئەمانەن: 1-كوهگیلوویە و بۆیێرئەحمەد2- چوارمحاڵ و بەختیاری 3- ئیلام   4- لوڕستان 5- كرماشان 6- كوردستان 7- پارێزگای ورمێ . لەگەلِ ئەوەیدا لەگەڵ پارێزگاكانی هەمەدان و ئەراك و...دا، گرفتی خاكمان هەیە.

جوغرافیای شێواوی رۆژهەڵاتی كوردستان پێویستی بە ساخكردنەوەو پێداگرییەكی بەڵگەنامەیی و بەهێز هەیە، كە بتوانین بە پێی ئەو بەڵگانە، ئەو بەشانەی لە خاكی كوردان، كە داگیركراوو لە كورد چۆڵكراون، بگێڕینەوە بۆ باوەشی نیشتمانەكەمان.
دیارە بێجگە لە ویست و داخوازیی دانیشتووانی ناوچەكان و بە لە بەرچاوگرتنی هۆكاری ئابووری و جوغرافیایی، دەبێ‌ رۆشنگەرییەكی زۆریش( وەكو ئەركی سەرشانی ئەندامانی دەستەبژێر و لیبراڵی هێزەكەمان) بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامە دابڕاوەكانی ئەم خاكە( و بیر و ئاوەزی ئەنفالكراوی گەلەكەمان) بۆ نێو بازنەی بنەماڵەیی كوردان بكەین، كە بەهۆی سیاسەتی دوژمنكارانەو شۆڤینیستیی باڵادەستەكانەوە ناسنامەی میللیی خۆیان لێ‌¬ئەستێندراوەتەوە، ئەمەش پێویستی بە وەگەڕخستنی توانایەكی زۆری رێكخراوەیی هەیە، كە تاكەكانی كۆمەڵگا بۆجارێكیترو بە شێوەیەكی زانستییانە، بە خۆیان بناسێنێتەوە كە ئەوان خاوەنی ئاوات و ئامانج و كلتوور و خەون و مۆسیقاو داب¬ونەریت و زمان و وشەو لە ئاكامدا رەسەنایەتییەكی هاوبەشن و هەستكردن بە هاوخەباتی و هاوئامانجی دەتوانێ‌، رزگاری لە ژێردەستەبوونمان زووتر بۆ مسۆگەر بكا.
تێ‌¬بینی:لێرەدا پێویستە بگوترێ‌، بێجگە لەوەی ئێمە خاكی كوردستان بە خاكی خۆمان و هاوخەباتیی¬هێزی پارچەكانی دیكەی كوردستان بە پێویست و ڕەوا دەزانین، هەوڵی یارمەتی گەیاندن و دروستكردنی هێزێكی كوردستانیی گەورەیش(لە چوارچێوەی كۆنفێدراسیۆنێكی بەربڵاودا) بە پێویست دەزانین. وەكو هێزی یارمەتیدەری كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش لە كاتە ناسكەكاندا رۆڵ دەگێڕین و یارمەتیی هەموو هێزە كارامە ومیللی – دێمۆكراتیك و شۆڕشگێڕەكانی دیكەیش قبووڵ ئەكەین.
ئەمەیش تاكە رێگای سەركەوتنی میللەتی كوردە، كە لە جێگەی ئەوەی بیر لە دروستكردنی هاوپەیمان لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆمان، بە بێ یەكێتیی ریزەكانمان بكەینەوە، با بۆ جارێكیش بێ‌، بە تەواوەت پشت بە هێزەكانی خۆمان ببەستین.






"بەشی دووهەم"


بەڕێوەبردنی وڵات لە داهاتوودا چۆنە؟
لە داهاتوودا و پاش نەمانی دەسەڵاتی توتالیتەر و هاتنەئارای دۆخێكی دیمۆكراتیك و ئازاد، حكوومەتی ئێران دوو شێوازی بەڕێوەبەریی هەیە:

قۆناغی پێش رێفراندۆمە چارەنووسازەكە

1-      شێوازی ئیدارەكردن و بەڕێوەبردنی گشتی
لەم شێوازەدا دەسەڵات بە شێوەی هاوبەش لە نێوان هەموو قەوارەكاندا دابەش دەبێت.
- مەرجی یەكەم لە سەركەوتنی مۆدێلی ناسێنتراڵ ( لامەركەزی و فرەپێكهاتە و قەوارەدا ) بۆ وڵاتێكی وەكو ئێران كە تاكو ئێستا لەسەر شێوەیەكی ستەمكارانە بەردەوامیی بە دەسەڵاتداریی خۆی داوە، پاراستنی مافی هاوڵاتییانی هەرێمەكانی بێجگە لە نەتەوەی باڵادەست و سفركردنەوەی رابردوویان و داڕشتنەوەی متمانەداری یاسا و رێساكانی وڵات لەسەر شێوازی سڕینەوەی ئاسەواری خراپی رابردووە.
- رێژەیەكی تایبەت بۆ دەنگدان دادەنرێ‌ و خەڵك نوێنەری خۆیان دەستنیشان دەكەن و دەچنە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
- هەموو نەتەوەو قەوارە رەسەنەكان دەبێ‌ مافی ویتۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی لە كاتە هەستیارەكاندا كە بەرەڕووی مەترسی دەبنەوە ، بەكاری بێنن.
- دەبێ‌ مافی قەرەبووكردنەوەی ئەو قەوارەو رەگەزانەی لە ڕەوتی پێشكەوتنەكاندا لەوانیدیكە بەجێماون بە پێی یاسا دابین بكرێ‌.
- یەكەمین ئەركی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریكردنی سنووری جوغرافیایی قەوارەكانە.
- مافی جیابوونەوەی دێمۆكراتیك و بێ‌ ئەملاوئەولا بۆ هەموو قەوارەیەك لە دەستووردا دەبێ‌ بگونجێ‌.
- سەرۆكایەتییەكانی وڵات دەبێ‌ بە پێی ڕەزایەتی هەموو لایەنەكان دەستنیشان بكرێن.
- سوپا مافی دەستێوەردانی لە حكوومەتی ناوچەكاندا نییە.
- ناوچەكان دەتوانن رێككەوتننامەی تایبەت بە خۆیان لە ئاستێكی دیاریكراودا لەگەڵ ولاتانی دەرەوە ببەستن.
- زمان و دراوی هاوبەش دەبێ‌ سمبولی یەكەیەكی تایبەتی قەوارەیەكی بەهێز نەبێت. یانی دەبێ‌ چەندین زمان و سمبولی فەرمی لە وڵاتدا ببێ‌.

2 شێوازی ئیدارەكردن و بەڕێوەبردنی ناوچەیی:

شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی "حكوومەتی هەرێمی رۆژهەڵاتی كوردستان"یش لەسەر رێككەوتنی پاراستنی مافی قەوارەكان و مافی دەنگی ئازادانەی خەڵك و نەهێشتنی كلتووری جیاوازیدانان لە نێوان تاك و قەوارەكاندایە.
-- حكوومەتی كوردستان، حكوومەتێكی دێمۆكراتیكی فرەلایەنی گشتگیرە، كە هەموو پێكهاتەجۆربەجۆرە نەتەوەیی و ئایینی و  هەموو كەمایەتییەكانی نیشتەجێی¬خاكی كوردستان، لە دەسەڵاتدا بەشدار ئەكا و مافی هەموویان دەپارێزێ‌.
-- حكوومەتی كوردستان،  نوێنەری (بۆماوەیی) خەڵكی كوردستانەو بۆ بریاری خەڵك رێز دادەنێ‌ ومافی دەستدریژی كردنە سەر ( یاسا و هەرێمی تاك و قەوارجیاوازەكان)ی نییە.
-- دەسەڵاتی گەورە لە حكوومەتی كوردستاندا لە دەستی خەڵك و سەندیكا و گرووپ و لایەنە مەدەنییەكاندا دەبێت. بۆ ئەوەی حكوومەت نەتوانێ‌ سەرەڕۆیی بكات، دەبێ‌¬كۆمەڵی مەدەنی و رێكخراوە مەدەنییەكان ئیجازەی یاسایی¬یان هەبێ‌، لە بەرانبەر حكوومەتدا هەڵوێست بگرن و حكوومەت نەتوانێ‌ سەركوتیان بكات. حكوومەت دەبێ‌ وەڵامی ویست و داخوازییەكانیان بداتەوەو بە چاوی رێزەوە لێیان بڕوانێ‌.
پێویستە دەسەڵاتەكانی (دادوەری و یاسادانان و بەڕێوەبردن) سەربەخۆ بن و هێزەكانی سوپا و پۆلیس مافی سەركوتكردن و پێشێلكردنی ئیرادە و ئامانجەكانی هاوڵاتییانیان نەبێت.
- سەرۆكی هەرێم بەدەنگدانی ئازاد و سەربەخۆ هەڵدەبژێردرێ‌.سەرۆكی هەرێم لە راستیدا دەبێ‌ نموونەی ئیرادەی رێكخەری پێكهاتەكان و كەسایەتیی نەتەوەییمان بێت.
- پارلمانی كوردستان بە دەنگی ئازادی خەڵك هەڵدەبژێردرێت، چاودێریی دەسەڵات دەكات و یاساكان دەستنیشان دەكات و چاودێری بەڕێوەبردنیانە.
- پارلمانی كوردستان سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاری دەكات و ئەویش كابینەكەی بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانە دەنێرێتە پارلمان.
- 3/2ی دەنگەكانی پارلمان دەتوانێ‌ متمانە لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم وەربگرێتەوە و پارلمانیش هەڵبوەشێنێتەوە.
- مافی راپرسیی جەماوەری (ریفراندۆم) لە شێوەی هەڵبژاردنی گشتیدا و لە پرسە چارەنووسسازەكاندا دەبێ‌ بدرێت بە دانیشتووانی خاكی كوردستان.


قۆناغی دوای "ریفراندۆمە مەزنەكە"

لە پاش ئەوەی ریفراندۆمێكی گشتی ئەنجام دەدرێت، گەلی كوردستان شانبەشانی نەتەوە و كەمایەتییەكانیتر بریار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات.
بریار دەدات كە وەك شوناسێكی سەربەخۆ كار بكات، یان وەكو بەشێك لە ئیمپراتووریای ئێران درێژە بە ژیانی سیاسیی هاوبەشی خۆی لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەدا بدات.


بەشی سێهەم:


پڕەنسیپەكانی حیزبی ئێمە:

1-  (تاك) بنەما و بنچینەی كۆمەڵە و تاكی تەندروست و بەختەوەر، بنیاتنەری ئەقڵی تەندروست و رێكخەری كۆمەڵگایەكی بەختەوەرە. چونكا، ئێمە لەو باوەڕەداین: لە كۆمەڵگایەكی تەندروستدا،(تاك) نانی جیاوازییەكانی خۆی ئەخوات، كەچی لە كۆمەڵگایەكی بیماردا،(تاك) خاوەنی ناسنامە و كەسایەتیی خۆی نییە، بەڵكو بۆی دروست ئەكەن. واتە لە ژێر كاریگەریی رەوتی دەقكردن و لە قاڵبدانی تاكەكاندا بە مەبەستی دروستكردنی سوپایەكی ترسناك كە هیچ ئیرادە و توانای بڕیاردانێكی لە خۆیەوە نییە، دەهاڕدرێ‌.
ئەركی سەرشانی پارتی ئێمە ناساندنەوەی تاك بە تاكی كورد و دانیشتووانی كوردستان بە كورد و مافەكانیان بە شێوەیەكی راستەقینە و بە دوور لە قاڵبگرتن و لە خاچدانیانە.
لە راستیدا رواڵەتی شێواوی خەباتی ئێمە لە شێواندنی كەسایەتیی تاكی كوردەوە دەستی پێكردووە. بۆ زیندوو كردنەوەی شۆڕشی كورد دەبێ‌ لە هەڵسانەوەو هۆشیار كردنەوەی  تاكەكانەوە دەست پێ بكەین
2-   گرێنتیی ماف و ژیانی تاكەكانی نێو كۆمەڵگاو رێكخراوو ئۆرگانەكانی، كە خەریكی ژیان وخزمەت بە بەرەو پێشبردنی ئامانجەكانی كۆمەڵگای كوردستانن، بە بێ‌ جیاوازیدانان، مافی هەموو مرۆڤێكی نیشتەجێی خاكی كوردستانە.
3-    پلۆرالیزمی سیاسی وپێداگریكردن لەسەر كۆمەڵگایەكی فرەپێكهاتە و فرەلایەن ئامانجێكی ئیمڕۆیی كۆمەڵگا بەختەوەرەكانە.لەراستیدا ئەگەر بە بێ‌ دەمارگیری (تعصب) سەیری پێكهاتەی كۆمەڵگا بكەین، كۆمەڵگا بریتیە لە رەگەزە جیاوازەكان كە زۆر بە كەمی لە یەكتر دەچن و دەتوانین لە جێگای دەستەواژەی زۆرینە ، دەستەواژەی (كەمینە – زۆرەكان) ناو ببەین. هەر لەبەر ئەم هۆیانە، پلۆرالیزمی سیاسی یەكێك لەو ئامانجانەیە كە ئێمە پێداگری لەسەر دەكەین. یانی هیچ ئایدۆلۆژیایەكی داپڵۆسێنەر دۆست و هاوبیری ئێمە نییە و ئەوەی دەستێوەردان لە مافی تاكەكاندا ئەكا، ئەوەی ئازادیی ڕا دەربڕین و ڕاگەیاندن پێشێل ئەكا. ئەوەی یەكسانیی نێوان تاكەكان بۆ كەڵك وەرگرتن لە دەرفەتەكانی بەردەمیان، دەخاتە ژێر كاریگەریی بیرۆكەی دەسەڵاتخوازانەی خۆیەوەو ناهێڵێ‌ بە ئامانجە ئینسانییەكانیان بگەن و لە جێی خزمەتكردن بە كۆمەڵگا، بیانهێنێتە خزمەتی ئامانجەكانی خۆیەوە، ئێمە خوازیاری هاوپەیمانێتی لە گەڵ ئەواندا نابین، چونكا كاتێك ئەو هێزانە بە دەسەڵات ئەگەن، تاقمی سەرەڕۆو دەست¬درێژیكەر دروست ئەكەن و دەبنە مایەی ئازاری هاووڵاتییان و ئازادی لە دەستی  گەل دەردێنن و كۆیلایەتییەكی خۆماڵی دروست ئەكەن.
4-   ریفۆرمی ئایینی یەكێك لەو ئامانجانەیە كە هێزی لیبراڵی كوردستان لە پلاتفۆرمی خۆیدا گونجاندوویەتی.
ئێمە خوازیاری ئەوەین كە بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك ئایین بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی بەكار نەهێنێ‌، نابێ‌ لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگادا وەكو سەرچاوەی یاسایی دەستنیشانی بكەین.
5-  كۆمەڵگای كوردستان بە هیچ شێوەیەك لەباری پیشەسازییەوە گەشەی نەكردووە و لە باری بازاڕیشەوە لە ئاستێكی نزمدایە. ئامانجێكی گەورەی ئێمە گەشەپێدانی پیشەسازی و دروستكردنی بازاڕێكی ئازادی ناوچەیی و جیهانی لە كوردستاندایە. چونكا كوردستان وەكو شا-ڕێگای سەرەكیی ئورووپا – ئاسیا دانراوە و دەتوانین لەو بەهرە سروشتییەی كوردستانیش بۆ گەشەپێدانی وڵاتەكەمان كەڵك وەربگرین.
6-  پێكهێنانی یەكیەتیی نەتەوەیی و دروستكردنی سیمایەكی جوان بۆ خەبات و كلتوور و شارستانییەتی كورد لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمێكی دێمۆكراتیكدا، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئێمەیە، چونكا سیمای راستەقینەی ئێمەیان لەناو میللەتانی سەربەستی دنیادا شێواندووە و دەبێ‌ هەوڵی داڕشتنەوەی خۆمان و كلتوور و ناسنامەی خۆمان بدەین.
7-  یەكێك لە ئامانجەكانی لیبرالیزمی قەرەبووخوازی كورد، چالاككردن و هاندانی هێزی ناوەكیی كۆمەڵگا، واتە: كۆمەڵە و رێكخراوە مەدەنییەكانە. ئەمەش لە كورتكردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا رۆڵ دەگێڕێ‌ و لە برەوپێدان بە كلتووری دێمۆكراسی و دەستەبەربوونی ئازادییەكاندا كاریگەریی خۆی دەبێت. ئەم بووژانەوەش بە (شۆڕشی كۆمەڵایەتی) دادەنێین، مەبەستیشمان لە کورتکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت ئەوەیە کە جارێکیتر نەبینەوە قوربانیی پاوانخوازیی کلتوور و دەستەیەکی تایبەت و بۆ خۆمان بە ئازادی، خاوەندارێتیی سەروەرییەکانمان بکەین.
8-  بوونی مافی مڵكدارێتیی تایبەت، گەشە بە سەرمایەداری و بنیاتە ئابووری و دارایی و پیشەسازییەكان دەدات. ئێمە ئامانجمانە كۆمەڵگایەكی پڕ لە بنیاتی سەربەخۆی ئابووری دروست بكەین و بۆ ئەم مەبەستەش پشتگیریی تەواوی سەرمایەكانی كۆمەڵگا و كەرتی تایبەت دەكەین.
لە راستیدا سەرمایەداریی كوردستان  تامی شێوەیەك لە چەوساوەیی و غەدری تاقیكردووەتەوەو لەژێرباری ئابووری دەوڵەتیی كۆماری ئیسلامی و دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا شكاوەو نەیتوانیوە گەشە بكات. ئێمە پشتگیریی خۆمان بۆ سەرمایەدارە خۆماڵییەكان و هاتنی سەرمایەی دەرەكی بۆ ناوخۆی ولاتەكەمان رادەگەیەنین.
9-  یاسا – سەروەری یەكێك لە ئامانجەكانی ئێمەیە. لە داهاتوودا پشتگیریی خۆمان بۆ باڵادەستیی یاسا و یەكسانیی هەموو تاكێكی وڵاتەكەمان لە بەرانبەر یاسادا دەردەبڕین.
10-  مافی هاوڵاتیبوون یەكێك لە مافە شارستانییەكانی دنیای پێشكەوتووە و دەبێ‌ هەموو كەسێكی كوردستانی و هەموو كەسێكی لەچەوسانەوە هەڵاتوو، كە پەنای بۆ كوردستان هێناوە لەم مافە یاسایی و دێمۆكراتیكە بێبەش نەكرێت.
11-  یەكسانیی نەتەوەیی ، ئایینی، ئابووری و كەڵك وەرگرتن لە دەرفەتە یەكسانەكان و ئازادییە ئینسانییەكان و جیاوازییەكانمان ، مافێكی دێمۆكراتیكەو ئێمەش پەرەی پێدەدەین.
12-                 یەكێك لەو مافانەی كە لە كوردستان ئەستێندراوەتەوە نەبوونی مافی (هاولاتیی جیهانی) وەكو مافێكی سەرەتایی نەتەوەو قەوارەكانی سەر گۆی زەوییە. ئێمەش وەكو وڵاتێكی مێژوویی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو سەروەرییە بۆ خەڵكەكەمانداین .
13-                 بە مەبەستی لۆبیكردن بۆ كێشەی كورد، هەوڵی زۆر نەدراوە و ئامانجێكی ئێمە ئەوەیە، وەكو لۆبیی نەتەوە گەورەو خاوەن شكۆكان، هێز و دەسەڵاتێكی گەورە بۆ خۆمان دروست بكەین، كە بتوانین بەو هێزەوە بەرگری لە مافەكانمان بكەین.
14-                 یەكێك لەو كێشانەی تاكو داهاتوویەكی دووریش ئاسەواری خراپی لە كوردستان و ناوچە دواكەوتووەكانی جیهاندا دەمێنێ‌ ، كێشەی رەگەزە جیاوازەكان و كێشەی ژنی كورد لە ناخی یاسا و رێساكانی كۆمەڵگادایە. ئەمەش تەنیا بە یاسا و پەروەردە چارەسەر دەكرێ‌.
بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، ئێمە پێمانوایە "یاسای قەرەبووكردنەوەی رەگەزە جیاوازەكان" دەبێ‌ ببێ‌ بە یاسایەكی ئینسانی و بە هیچ شێوەیەك نەتوانن بیگۆڕن. یانی ببێ‌ بە یەكێك لە هێڵە سوورەكانی یاسای كوردستان. چونكا كوردیش لە راستیدا بەشێكە لەو قەوارەو رەگەزە جیاوازانە ، كە دەبێ‌ بە هۆی زیانێكی مێژوویییەوە كە لێی كەوتووە، قەرەبوو بكرێتەوە.

پوختەی ئامانجەكانی پێوەندییە كوردستانی و ئێرانی و جیهانییەكانمان ئەمانەن:

1-                   بۆ پێوەندییەكانمان لەگەڵ هێزە خەباتكار و نەتەوەییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، خوازیاری پێكهێنانی "بەرەی یەكگرتووی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان" ین.
2-                   بۆ پێوەندییەكانمان لەگەڵ هێزەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان، خوازیاری پێكهاتنی یەك كۆنگرەی نەتەوەیی مەعنەوین كە بتوانێت دەنگی هەموو كورد لە ناوخۆیدا - بە بێ پشتگوێ خستنی هێزەكانمان – كۆبكاتەوە.
3-                   بۆ پێوەندییەكانمان لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەی ئێراندا كە غەیری فارسن، خوازیاری دروستكردنی یەكێتییەكی پتەوی نەتەوە و قەوارە بندەستەكانین.
4-                   بۆ پێوەندیمان لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست و هێزەكانی خوازیاری ئەوەین كە قەرەبووی زیانەكانی مێژوومان بۆ بكەنەوە و دان بە سەروەرییەكانی ئێمەدا وەك شوناسێكی جیاواز لە خۆیان بنێن.
5-                   پێوەندییە جیهانییەكانمان بەم ئامانجانەی خوارەوە و لەگەڵ ئەم لایەنانەدا درێژە پێ دەدەین:
أ‌.                    دروستكردنی لۆبییەكی جیهانی بۆ راگرتنی دەستدرێژیی لایەنەكانی دژبەری مافەكانمان
ب‌.                  ناساندنەوەی كورد وەك نەتەوەیەكی قەرەبووخواز و زیانلێكەوتوو بە ڕای گشتی دنیا و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان
ئەم لایەنانەش دەبێ وەك پاڵپشتیكار پێوەندییان پێوە بگیرێت:
1-                   ولاتانی رۆژئاوایی و دژبەری كۆماری ئیسلامی وەك یەكێتی ئورووپا
2-                   وڵاتانی ئیسلامیی دژی سیاسەتەكای كۆماری ئیسلامی – بێجگە لە  داگیركارانی كوردستان
3-                   ولاتان و نەتەوەكانی دۆستی كورد كە لە رۆژانی تەنگانەدا هاوكارییان كردووین.






هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر