Pages

۱۳۹۱ آبان ۳, چهارشنبه

کورد و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ئامریکا .. نیگار عینایەتی .


کورد و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ئامریکا .. نیگار عینایەتی .
لە ماوەی گفتوگۆ و روبەروبوونەوەی هەر دوو کاندیدای کۆماریخواز و دیموکراتەکان، “باراک ئۆباما” و “میت رامنی”، هەڵسەنگاندنێکی بەربڵاویان سه‌باره‌ت به‌ بەڕێوەبردنی سیاسەت و پلان و پرۆژەکانیان بۆ ماوەی ٤ ساڵی داهاتوو ئاراسته‌کردووه‌ که‌ به‌ سه‌رکه‌وتنی هه‌رکامێکیان ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بخرێنه‌ بواری کردارییه‌وه‌. لە بابەت سیاسەتی ناوخۆی ئامریکادا، مژاری سەرەکیی گفتوگۆکان له‌سه‌ر بێکاری و خوێندن وکێشەی ئابووری بوو.


 لەم دەیەی رابردووه‌وه‌ هەتا ئێستا ئامریکا تووشی قەیرانی ئابووری بووە و هەر ئەوەش وای کردووە کە وەکوو دڕندەیەک هێرشی هەموو لایەک بکات هه‌تا بتوانێت بژێوی خۆی دابین بکا. بێکاری، نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کاری نایاسایی لە ئامریکادا رووی لە زیاد بوونە و بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ناچارن سیاسەتی دەرەکی خۆیان وا تەرخان بکەن کە سوود و قازانج بۆ خۆیان بەدەست بهێنن.
به‌ گشتی لە گفتۆگۆکانیان و بە تایبەت له‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سێهه‌‌مدا، هەردوو کاندیدی بەشی دیموکراتەکان و کۆماریخوازان لەسەر سیاسەتی دەرەکی جیاوازیەکی ئەوتۆیان نەبوو. ئەو خاڵەش بووە مژاری سەره‌کی چاپەمەنی نێوخۆی ئامریکا و دەرەوە. هەردووکیان لە سەر سیاسەتێکی هاوبه‌شن و خاوەنی پرۆژەیه‌کن، تەنیا جیاوازیەکەیان لە سیاسەتی دەرەوەدا چۆنیەتی پراکتیککردنی پرۆژەکانە و کات و زەمانەکەی جێی مشتومڕی ئەوان بوو.
“ئوباما” وەکوو نوێنەری دیموکراتخوازان ده‌ستکه‌وته‌کانی له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری خۆیدا پۆلینبه‌ندی کرد، کوژرانی “ئۆسامە بێن لادەن” به‌ گەورەترین دەستکەوتی خۆی لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی سەرۆک کۆماری دادەنێت. لە هەمانکاتدا ئەلقاعیدە وەکوو بزووتنه‌وه‌ی رادیکاڵی ئیسلامی به‌ دوژمنی ئامریکا و نەتەوەکه‌ی دەستنیشان کرد. هەروەها لە سەر کوژرانی سەفیری ئامریکا لە “بێنگازی”، ئۆباما کوتی که‌ ئەوەی ده‌ستدرێژی بکاته‌ سه‌ر خەڵک و دەوڵەتی ئامریکا بە تووندترین شێوه‌ تۆڵەیان لێدەکەینەوە.
هاوکات سیاسەتی دیموکراتخوازانی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین دەست نیشان کرد و رایگه‌یاند کە پرۆژەی بە دیموکراتیزاسیۆنیان لە ناوچەکە دەستی پێکردووە و ئەوەی وا لەگەڵ ئامریکا لە
 ئالیانس دا نەبێت ئەوە بە تووندترین شێوه‌ رووبەڕووی دەبنەوە و ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌ کرد کە ئیسرائیل تاکه‌ دۆست و ئالیانسی ئەوانە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا. لە درێژەی قسەکانیدا ئۆباما کوتی، ئەگەر هەر لایەنێک هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل ئێمە لایەنی ئێسرائیل دەگرین و ده‌یپارێزین. هەر لەم هەفتەیەی پێشوودا ئامریکا و ئیسرائیل مانۆڤری نیزامی و لەشکەریی هاوبەشیان پێکهێنا بۆ ئەوەی هاوپەیمانیەکەیان بە دنیا نیشان بدەن.

لە هەمانکاتدا “میت رامنی” نوێنەری کۆماریخوازان لە سەر مژاری ئیران جەختی لە سەر ئەوە کرده‌وه‌ کە دەبوایە ٤ ساڵ لەمەوبەر حەرەکەتێکی رادیکاڵانە نیشانی ئێران بدرابایە. ئەو ئیرانەی ئێستا ٤ ساڵ لە چەکی ناوەکی نزیکتر بۆتەوە، و بە تووندی رەخنەی له‌ ئۆباما گرت. “رامنی” لەو باوەڕه‌ دایه‌ کە ئەگەر ئێران هاوکاریی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نەکات پێویست بە هێرشێکی سه‌ربازی دەبێت بۆ ئەم وڵاتە. لە لایەکی دیکەوە زۆر بە روونی و بێپەردە جەختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ کە پێویستە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا ئەو کاوسە لابچێت و ئەوانەی وا لەوێ خاوەن هێزن پێویستە گوێرایەڵی ئامریکا بن و بە گۆر خواستی ئامریکا بجوڵێنه‌وه‌. هه‌روه‌ها بە روونی رایگه‌یاند که‌ دەبێت پاکستان و ئەفغانستان ببنه‌ ئاڵقه‌به‌گوێی ئه‌وان.
* چاوخشانێکی کورت بە سه‌ر ٤ ساڵ سەرۆک کۆماریی ئۆبامادا
کاتێک ئۆباما وەکوو یەکەم سەرۆک کۆماری رەشپێستی ئامریکا هەڵبژێردرا، هەموو چاوەکان لە سەر ئامریکا و سیاسەتەکانی بوو، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هەڵبژاردنێکی مێژوویی بوو لە نێوان دوو کاندیدی سەرۆک کۆماری کە یەکیان رەشپێست و ئەوی دیکەیان ژنێک بوو به‌ ناوی خانمی کلینکتۆن کە هەر کامێکیان بیانبردبایەتەوە مێژوویان لە سەرۆک کۆماری ئامریکا تۆمار دەکرد. له‌ هەڵبژرادنەکانی ٢٠٠٩دا بۆمان دەرکەوت کە ئەم سیستەمە زۆری ماوە بۆ ئەوەی کاندیدێکی ژن ببێت بە سەرۆک کۆماری و ئامادەیە رەشپێستێک هه‌ڵبژێردرێت بەڵام ژن نەبێت.
لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی سەرۆک کۆماری دیموکراتخوازەکان، ئەوەی کردیان چاوپێداخشاندنێک بوو بەسه‌ر سیستەمی رۆژهەڵاتی ناڤین و بۆ ئەوەی جێ پەنجەی خۆیان لەوێ بکەنەوە بە ئاگرخستنە نێو ناوچه‌که‌ و هەڵگیرساندنی بە نێو بەهاری عەرەبی و شەڕی لیبی و کوشتنی قەزافی دەرکەوت کە مەبەست پەیڕەوکردنی سیاسەتی نوێیە و دەیانەوێت مۆرەکانی خۆیان بگۆرن و مۆرەی تازەتر دابنێن کە بە تەواوی گوێ لە مشتی ئەوان بن. مۆرەکانی پێشوتر سڵەیان لە ئامریکا کردبۆوە و وەکوو جاران قازانجیان بە ئامریکا نەدەبەخشی. هەر بۆیەش ئەو ئاگرەیان لەو وڵاتانە هەڵگیرساند بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بکەن. ئەوەی جێی سه‌رنج بوو، ئەو وڵاتانەی وا بانگه‌شه‌ی ئاشتیخوازییان دەکرد خۆیان پێشه‌نگ بوون لە شەڕی دژ به‌ قەزافی. بۆ نمونە نۆروێژ چەندین فانتۆمی بە بۆمبی نوێوە لە سەر دەوڵەتی قەزافی تاقی کردەوە وسەرمایە گوزاریەکی بەرینی لە لیبی پێک هێنا و لە هەمانکاتدا لە وڵاتەکەی خۆی نرخی نەوت و بێنزینی بردە سەرێ و بە میلیارد دۆڵار قازانجی کرد .
هەر لەو سەروبەندەدا و به‌ دەستپێکی شەڕی لیبی، خەڵاتی شانۆئاسای نۆبێلی ئاشتی دەدرێت بە ئۆباما کە ساڵێک بە سەر سەرۆک کۆماریەتیه‌که‌ی تێپەرنەببوو. خەڵاتەکەی لە سەر بنه‌مای پاراستی کەشوهەوا و پاراستنی ئۆکۆلۆژی پێ بەخشرا، بەڵام کوا دەستکەوتەکانی ئۆباما کە شایەنی ئەو خەڵاتە بێت؟ لە راستیدا دەستکەوتی سیاسەتی پاراستنی ئۆکۆلۆژی ئۆباما، مردنی ماسی زەریاکان و ته‌شه‌نه‌کردنی نەوت لە نێو دەریا و زەریاچەکان و مردنی باڵندە و نەمانی دارستانەکانی بە دواوە بوو.
لە هەمانکاتدا پرۆژەکانی بەدیمۆکراتیزەبوونی رۆژهەلاتی ناڤین بێجگە لە کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی سڤیل لەو ناوچه‌یه‌ هیچ دەستکەوتێکی بۆ گەلانی ئەو دەڤەرە بەدواوە نەبوو. دیاره‌ که‌ به‌ کوژرانی ئەو مرۆڤانە وڵاتانی رۆژئاوایی دەستکەوتی مه‌زنی ئابووریان هه‌بوو و گەورەترین قازانجیان لە فرۆشتنی چەکەکانیان کرد .هەتا ئیستا زیاتر لە سی هەزار کەس لە سوریا بوونەته‌ قوربانی و زیاتر لە ١٠٠هەزار مرۆڤی بێتاوان لە ئێراق و ئەفغانستان کوژراون. ئەوەش دەستکەوتی بە دیموکراتیزە کردنی ئامریکایه‌ له‌ رۆژهەڵاتی ناڤین.
لە راستیدا ئەو شەڕەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت لە سوریا له‌ئارادایه‌ ، شەڕی ساردە لە نێوان دوو جه‌مسه‌ری جیهانی کە لایەکیان زلهێزانی روسیا وچینه‌ و لایەکەی کەیان ئامریکا و ناتۆیە. وڵاتانی وەکوو ئێران، سوریا و لوبنان مۆرەی سەرەکین بۆ ئەم شەڕە ساردە کە وەکوو شەڕی جیهانی سێهەم بەنێو دەکرێ.
* کاوسی رۆژهەڵاتی ناڤین و سیاسەتی “میت رامنی” وەکوو کۆماریخواز
ئێستا “میت رامنی” چۆن دەتوانێت سیاسەتی دەرەکی خۆی بە تایبەت ئەم قەیرانەی لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە کە خۆی وەکوو کاوس بەنێوی کرد ، کۆبکاتەوە؟ سیاسەتەکەی کۆماریخوازان بە زەبری لەشکەرکەشی و کوشتنی گەلانی بێ تاوانی رۆژهەڵاتی ناڤین کۆتایی پێدێت، و خۆشیان بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکەن. لە لایەکی دیکەوە قەیرانی زیاتری ئابووری و کۆمەڵایه‌تی لە جیهازی کۆماری خوازاندایە ئەگەر بێت وسەرکەوتن لە هەڵبژاردندا وەدەست بهێنن. ئەوەشمان نابێت لە بیر بچێت کە “میت رامنی” مەسیحیەکی تووندڕه‌وه‌ و ئەوەش دەتوانێت کاریگەری راستەوخۆی هەبێت بۆ دژایەتیکردنی ئایینەکانی دیکە بەتایبەت ئیسلام.
سیاسەتی ئامریکا سیاسەتێکی ئیمپریالیستی و کۆنۆلیالیستی مۆدێرنە. هەر بۆیەش لە سیاسەتی دەرەکیدا لە نێوان کۆماریخوازان و دیموکراتەکان جیاوازیەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێ. هەر کامێکیان سەرکەوتن بە دەست بهێنن ئەوە گۆڕانکاری بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناڤین و گەلانی دیکەی جیهانی پێی نیە، بێجگە لە قەیرانی زیاتر و کوشتوکوشتاری مرۆڤانی بێ تاوان.
* هەڵبژارندی سەرۆک کۆماری و کورد
لە کاتی سەرۆککۆماری ئۆبامادا ئەو بەڵینانەی وا بە کورد درابوون هیچیان جێبەجێ نەکراون و تەنانەت لە سەر کورد و هێزی ئازادیخوازی گەلەکەمان بازرگانی سیاسی کراوە.
 یەکێک لە بازرگانیەکان، لە سەرهێلی تەلەفون بۆ حکومەت وهەرێم بوو لە نێوان ئامریکا و بەغدا، دوای ئەوەی ناکۆکیەکانی سەرۆک وەزیری ئێراق “نوری مالکی” لەگەڵ “بارزانی” زیادی کرد. بە تایبەت لە سەر بابەتی تاریق هاشمی، ئامریکا بێ یەک و دوو لایەنی نوری مالکی گرت و بڕیاری داخستنی هێلی تەلەفونی حکومەت و هەرێمی دا و تەنانەت حکومەت و هەرێمی ناچار بە گوێرایه‌ڵی له‌ سیاسەتی بەغدا کردووە . پێك نەهێنانی مادەی ١٤٠ یەکێک لە په‌یماننامه‌کانی نێوان ئامریکا و بەغدا و تورکیایە.


لە لایەکی دیکەوە بە هەموو شێوه‌یه‌ک یارمەتی سەربازی و زانیاری کۆکردنەوەی لە سەر هێزی رزگاریخوازی گەلەکەمان پ.ک.ک دەدا بە تورکیا و تەنانەت چەکەکانی ئامریکایان بۆ شەر لە دژی کورد لە باکور بەکار هێناوه‌. گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد “عەبدوڵڵا ئۆجەلان” کە زیاتر لە ١٥ مانگە بەردەوامە لە درێژه‌ی سیاسەتی نگریسی ئەوانە بۆ سەر کورد.
راوەستانی دیالۆگی چارەسەری لە نێوان PKK و تورکیا بۆپرسی کورد لەو وڵاتەدا کە لە ئۆسلۆ بەرێوە دەچوو بە دەستوری ئامریکا راوەستاوە . هەرە نمونەی تازە و بەرچاو ، باڵوێزی ئامریکا لە ئانکارا کە کوتبووی پێشنیاری تاکتیکی لە نێوبردنی “ئۆسامە بێن لاده‌ن” دەکەن بۆ “موراد قەرەیڵان” سەرۆکی کۆنسەی “کۆما جڤاکێن کوردستان”. هەر دوابەدوای ئەم گوتارە کۆماجڤاکێن کوردستان لە راگەیاندراوێکی رەسمی دا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە کوشتنی یەکێک لە رێبەرانی ئەم ته‌ڤگه‌ڕه‌ دەیانەوێت شەڕی کورد و تورک گەرم تر بکەن. هەروەها وتەی باڵوێزی ئامریکا رووبەرووی نارەزایەتی تووندی هاوسەرۆکانی” BDP” بۆوە.
* چارەسەر نەبوونی پرسی کورد دەستی وڵاتەیەکگرتووەکانی تێدایە
چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بە شێوازێکی راستەو خۆ دەستی ئامریکا و وڵاتانی ناتۆی تێدایە و لە بەرژەوەندی ئەواندا نیە کە ئەم پرسە بە شێوازێکی دیموکراسیانە چارەسەر بکڕیت. هەر بۆیەش لەم شەڕەدا دیسان ده‌یانه‌وێت پەیمانی لۆزانێکی نوێتر بۆ کورد دابرێژن و کورد بەوەی کە ئیستا لە پارچەیەکدا فیدراڵی هەیە رازی بکەن و پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەن بە قوربانی ئەو پاڕچەیە. لە هەمانکاتدا هەر کات بیانەوێت ئەو دەستکەوتەش لە دەست کوردان دەرهێنن.
بەڕێوەبردنی سیاسەتی کوردی باش و کوردی خراپ پێش دەخەن و وا نیشان دەدەن ئەو کوردەی گوێ لە مشتی ئەوان بێت ئەوە کوردی باشە و ئەوانەی دیکە کوردی خراپن و پێویستە لە نێو بچن. لە هەمانکاتدا بە هەموو شێوازێک و بە ئابلۆقەی ئابوری دەیانەوێت دەستکەوتی کوردان لە رۆژئاوای کوردستان لە نێو ببەن.
ئەوەی کورد بتوانێت وەکوو فاکتۆرێکی بنه‌ڕه‌تی لە ناوچەکەدا سەرکەوتنی خۆی بەدەست بهێنیت پێویستە هێزی خۆی کۆکاتەوه‌ و تەنیا بە پاڵپشتی هێزی جەوهری خۆی دەتوانێت دەستکەوتەکانی هەیەتی بیپارێزیت و دەستکەوتی نوێ بەدەست بهێنێت و وەکوو هێزیکی سیاسی حیسابی بۆ بکرێت. پێویستە ئەوەش باش بزانین کە سیاسەتی ئامریکا هەمیشە سیاسەتێک بووە کە دۆستەکانی خۆی کردۆتە قوربانی دوژمنەکانی. ئەوەی دۆستی ئامریکا بێت ئەوە گەورەترین زه‌ره‌ری کردووه‌، چونکە ئامریکا هه‌میشه‌ دۆستەکانی خۆی وەکوو نێچیری سیاسی بۆ سەرکەوتن بەسەر دوژمنانی بەکار هێناوه‌. خاڵی لاوازی ئێمەی کوردیش حکومەت و هەرێمە کە هەر دەم وەکوو نێچیری ئامریکا بۆ وڵاتانی تورکیا و ئێران و ئێراق و تەنانەت سوریا بە کار هاتووه‌.
بۆ ئەم هەلومەرجە سیاسیە پێویستە کورد خۆی کۆبکاتەوە و کۆنفرانسی نەتەوەیی خۆی ببەستێت، و پێویست دەکات کوردان لە هەر شوێنێک کە هەن دەستکەوتی کوردان بپارێزن و خاوەنداریەتی لێ بکەن، کە ئێستا رۆژئاوای کوردستانە. بەرێوە نەچوونی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد راستەوخۆ دەستی ئامریکای تێدایە و ئەوانەن نایانەوێت کورد یەک بگرن و ببنە خاوەن یەک هەڵوێست.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر