لە 25ی نۆڤەمبەردا ژنێك خۆی كوشت
وارڤین – كەركووك: ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ دەستپێكی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە گەڕەكی پەنجا عەلی شاری كەركووك ژنێك بە چەك خۆی كوشت.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین) سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركووك، رایگەیاند، رووداوەكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گەڕەكی پەنجا عەلی شاری كەركووك روویداوە و بەهۆی كێشەی خێزانییەوە ژنێكی تەمەن (37) ساڵ بەناوی (ناسكە عەلی)، بەچەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
گوتیشی: "بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، (ناسكە عەلی) بە چەكی كڵاشینكۆف خۆی كوشتووە".
ئەو سەرچاوەیە روونیشیكردەوە، پۆلیس بە مەبەستی زانینی وردەكاری رووداوەكە، تەرمی (ناسكە)یان رەوانەی پزیشكی دادوەری كەركووك كردووە.
ئا: نێرگز قادر
http://warvin.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=1684&Jor=9
///////////////////
سلێمانی: ژنان چەند چالاكییەكیان ئەنجامدا
وارڤین – سلێمانی: بهبۆنەی دەستپێكردنی هەڵمەتی شانزە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی گروپی (25ی نۆڤەمبەر) چەند چالاكییەكان ساز كرد.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (25 / تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر / 2012) لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی گروپێكی ژنان بەناوی گروپی (25ی نۆڤەمبەر) چەند چالاكییەكیان رێكخست.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین) چالاكوانی ژن و یەكێك لە رێكخەرانی چالاكییەكە (بەهار مونزیر) رایگەیاند، ئێمە بە بەرزكردنەوەی پانكارت و لافیتەی تایبەت بە درووشمەكانی گروپەكەمان، وەك بیرخستنەوەیەك بۆ یادی ئەو ژنانەی بەهۆی توندوتیژییەوە كوژراون بۆ ماوەی چەند خولەكێكك سەر رێگەی سەرەكی (شەقامی سالم)مان داخست.
گوتیشی: "وێڕای ئەوەی داوامان كردبوو، كە ئەمڕۆ بە شێوەیەكی رەسمی خولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی قوربانییەكان رابگەیەندرێت، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسی ئەو داوایەی پشتگوێخست".
ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەوان وەك گروپی (25ی نۆڤەمبەر) دووبارە رەخنە لە بڕیاری لێبوردنی گشتی دەگرن كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان خستوویەتییە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە چالاكییەكەدا ناو و وێنەی ژنانی قوربانی توندوتیژی نمایشكران و چەند تابڵۆیەكی یادگاریی بۆ زیندوو راگرتنی یادی قوربانییەكان نمایشكران.
هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ساڵانە لە جیهاندا بە بڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكان لە رۆژی لێبوردنی جیهانی واتە (25 / تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر) دەستپێدەكات و تا رۆژی راگەیاندنی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ واتە (10 / كانوونی یەكەم – دیسەمبەر ) واتە بۆ ماوەی (16 رۆژ) بەردەوام دەبێت.
ئا: ئەرسەلان رەحمان
/////////////////
6 رێكخراوی ژنانی رۆژهەڵات بەیاننامەیەكی هاوبەش بڵاودەكەنەوە
وارڤین – سلێمانی: ژمارەیەك لە كۆمەڵە و رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە بۆنەی دەستپێكی هەڵمەتی شانزە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەكەدا كۆمەڵە و رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان رایدەگەیەنن: " بە هۆی بوونی كۆماری ئیسلامی لە ئێران، یاسا و دەسەڵات بە تووندی دژی ژنانە و بە واتایەكی دیكە توندوتیژی بەشێكی جیانەكراوە لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە كە نەتەنیا دژی ژنان بەڵكوو دژی هەموو تاكەكانی كۆمەڵ بە كار دەبرێت".
هەروەها هاتووە: "روودەكەینە هەموو میدیا و راگەیاندنی كوردی و داوایان لێدەكەین هەستن بە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە و هەوڵبدەن بە دەرخستنی لایەنە نێگەتیڤ و ناحەزەكانی توندوتیژی دژی ژنان و وشیاری و زانیاری بڵاو بكەنەوەو رۆڵی گرنگی خۆیان لە بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژناندا بگێڕن و پرسی ژن و كێشەكانی نیوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ریزی یەكەمی ئاجێندای كاری خۆیان دابنن".
دەقی بەیاننامەكە:
توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەكی جیهانییە، كە بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر لە هەموو كۆمەڵگەكان بوونی هەیە و وەك مۆتەكەیەك سێبەری خستووەتە سەر ژیانی زۆربەی ژنانی جیهان.
بە كارهێنانی توندوتیژی دژی ژنان و ئاكامەكانی وەك مەسەلەیەكی جیهانی، چ لە نێو چوارچێوەی خێزان و چ لە هەموو بەشەكانی دیكەی ژیانی ئەوان، برینێكی كۆنە كە ناخ و هەست و دەروونی ژن و تەنانەت ئاسایشی تێكدەدا و ئەمەش دەبێتە بەربەستێك لە سەر رێگای هەموو كار و چالاكیە كۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیەكانی ژن. لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی بە تایبەت ئەو وڵاتانەی كە یاساكانیان لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەكانی مافی مرۆڤ دانەڕێژراوە، زیاترین توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەكرێت و دەسەڵات و یاساش دەبێتە بەشێك لەو كلتور و فەرهەنگە دژە ژنە و ئەمەش وایكردووە كە توندوتیژی شوڕ بێتەوە نێو هەموو بوارەكانی ژیانی ژنان.
لە ئەگەری روودانی هەر شەڕ و كێشەیەك یان هاتنە ئارای قەیرانی ئابووری و بە گشتی هەر گۆڕانكارییەك لە ئاستی جیهاندا، ئەوە یەكەم قوربانیانی ژنانە. هەنووكە بە هۆی قەیرانی ئابووری كە جیهانی گرتووەتەوە، رێژەیەكی بەرچاو لە ژنانی جیهان لە بارودۆخێكی نالەباردا بە سەردەبەن و گوشارێكی لە رادەبەدەریان لە سەرە و بازرگانیان پێوە دەكەن.
بە هۆی بوونی كۆماری ئیسلامی لە ئێران، یاسا و دەسەڵات بە تووندی دژی ژنانە و بە واتایەكی دیكە توندوتیژی بەشێكی جیانەكراوە لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە كە نەتەنیا دژی ژنان بەڵكوو دژی هەموو تاكەكانی كۆمەڵ بە كار دەبرێت.
هەڵاواردنی رەگەزی، سیاسەتی جیاكاری لە نێو زانكۆ و قوتابخانەكان، نەبوونی یاسای پشتگیری لە ژنان، نایەكسانی لە نێوان ژن و پیاو لەهەموو بوارەكانی ژیان، قەتلی نامووسی، قاچاخی ژنان و كچان، فرەژنی و دەیان مەسەلەی دیكە لە ئێران، هەموو مافە مرۆییەكانی ژنانی پێشێل كردووە و ئەوانی كردووەتە توێژێكی بێ دەسەڵات و بێ دەرەتان.
هۆكاری سەرەكی توندوتیژی دژی ژنان، هەمان ئەو هەڵاواردنانەیە كە نایەكسانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە پەرە پێدەدات و ژن دەكاتە بوونەوەرێكی پلەنزم و بێدەسەڵات.
توندوتیژی و ئاسەوارەكانی كاریگەری لە سەر ناخ و دەروون و كەسایەتی ژن دادەنێت و دەبێتە كۆسپێك لە سەر رێگای بۆ بەرەوپێشچوون و هەنگاونان بەرەو داهاتوو.
كۆمەڵگای ئەمڕۆی مرۆڤایەتی پێویستی بە هێز و توانای هەموو تاكەكان و بەتایبەتی ژنان هەیە تا كۆمەڵگەیەكی یەكسان و بە دوور لە هەر چەشنە جیاوازی و توندوتیژییەك دابمەرزێنێت. بۆیە ناكرێت لە كاتێكدا كە ژنان هێشتا بەرەوڕووی توندوتیژی و سوكایەتی و هەڕەشە دەبنەوە، چاوەڕوانی ئەوەیان لێبكرێت چالاكانە لە هەموو بوارە كۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و كلتوری بەشدار بن، بۆ بەشداری هەرچی زیاتری ژنان و بۆ بنیات نانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان و هەروەها بۆ پەرەوەردە كردنی نەوەیەكی پێشكەوتوو، پێش هەر شتێك پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ كەم كردنەوەو سڕینەوەی توندوتیژی لە هەمووكۆمەڵگاكان.
ئەمەش لە هەر كۆمەڵگەیەك پێویستی بە یاسایەكی دادوەرانە و پەروەردەیەكی ئەمڕۆیی و سەنتەری داڵدەدانی ئەو ژنانە هەیە كە بەرەورووی توندوتیژی دەبنەوەو لە هەمانكاتدا وشیار كردنەوەو دانی زانیاری بە هەموو چین وتوێژەكان و لە هەموو گرنگتر دەور و رۆڵی میدیا و راگەیاندنەكانە لەمبوارەدا.
بە هۆی ئەوەی لە ئێران، هیچ یاسا و رێسا و ناوەندێك بۆ پشتگیری لە ژنان نییە و لە هەمانكاتدا میدیا لە خزمەت بەرژەوەندیەكانی دەسەڵاتدارانی رژێمی دژە ژنی ئێرانە، بە شێوەی پراكتیك لەمبارەوە كارێكی چڕوپڕ بەڕێوە ناچێت.
هەر لێرەوە روودەكەینە هەموو میدیا و راگەیاندنی كوردی و داوایان لێدەكەین هەستن بە جێبەجێكردنی ئەم ئەركە و هەوڵبدەن بە دەرخستنی لایەنە نێگەتیڤ و ناحەزەكانی توندوتیژی دژی ژنان و وشیاری و زانیاری بڵاو بكەنەوەو رۆڵی گرنگی خۆیان لە بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژناندا بگێڕن و پرسی ژن و كێشەكانی نیوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ریزی یەكەمی ئاجێندای كاری خۆیان دابنن.
لە هەمانكاتدا هاوكاری و لێك نزیكبوونەوەی رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بوونی پلاتفۆرم و بەرنامەی هاوبەش بۆ چارەسەری پرسی ژنی كورد بە گرنگ دەزانین و یەكدەنگی و یەكگرتوویی ریزەكانی ژنان، هەنگاوێكی گرنگە بۆ سەر خستنی پرۆسەی یەكسانیخوازی.
ژنانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
یەكێتی ژنانی دیموكراتی كوردستان
كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
یەكێتی ژنانی دیموكراتی كوردستانی ئێران
كومیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
ژنانی یەكێتی دیموكراتیكی كوردستان
ئا: ئهرسهلان رهحمان
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر