رێگە بە حەبیبوڵا گوڵپەری پوور نادرێ کە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێ
NNS ROJ:
بەرپرسانی گرتووخانەی سمنان، سی مانگە ئیزنیان بە حەبیبوڵا گوڵپەری پوور
نەداوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوە و جگە لەوە هەڕەشەی جێبەجێکردنی حوکمی
ئێعدامیان لە ناوبراو کردووە.
زانرا کە هەفتەی رابردوو، بنەماڵەی گیراوی سیاسی مەحکووم بە ئێعدامی کورد "حەبیبوڵا گوڵپەری پوور"
بە مەبەستی دیتنی کوڕەکەیان سەردانی گرتووخانەی سمنانیان کردووە بەڵام
سەرەڕای بەڵێنی پێشووتری بەرپرسی گرتووخانەکە، رێگە بە بنەماڵەی حەبیب
نەدراوە کە چاویان بە ناوبراو بکەوێ.
چالاکێکی مافی مرۆڤ بە کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێرانی راگەیاندووە کە "حەبیبوڵا گوڵپەری پوور" زیاتر
لە سێ مانگە ئیزنی دیتنی ئەندامانی بنەماڵەی پێنەدراوە و جگە لەوەش لە ژێر
گووشاری زۆر دایە و بۆ وێنە رێگەی پێنادرێ کە وەک جاران لە رێگەی
تەلەفۆنیشەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە پێوەندی دابێ.
سەرچاوەی ئاماژەپێکراو هەروەها باس لەوە دەکات کە لەم دواییانەدا،
بەرپرسانی ئەمنی گرتووخانەکە، بە بیانووی ئەوەی کە گۆیا ئەو گیراوە کوردە،
لە ناو گرتووخانەکە پرۆپاگەندەی سیاسی دەکات، هەڕەشەیان لێکردووە کە
ئێعدامی دەکەن.
ناوبراو پێشووتریش لە لایەن ئیتلاعاتی شاری سمنانەوە هەڕەشەی جێبەجێکرانی حوکمەکەی لێکرابوو.
"حەبیبوڵا گوڵپەری پوور"، لەدایکبوونی ساڵی
١٩٨٣ی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ٥ی ڕەزبەری ٨٨ی هەتاویەوە لە کاتێک
دا کە لە مەهابادەوە بەرەو ورمێ دەڕۆیشت قۆڵبەست و زیندانی کراو و پاش چەند
مانگ ئەشکەنجە و زەخت و گووشار سزای ئیعدامی بەسەر دا سەپا.
ناوبراو لە ماوەی نزیک بە سێ ساڵی
ڕابردوو دا چەند جار بۆ گرتووخانەکانی مەهاباد، ورمێ، سنە و دووبارە ورمێ
ڕاگوێزرا و سەرئەنجام لە رێکەوتی ٢٥ی رەشەممەی ١٣٩٠ی هەتاوی، بۆ گرتووخانەی
سمنان، لە ناوەندی ئێران دوور خرایەوە و بە هۆی پەسەند کرانی حوکمەکەی لە
لایەن دیوانی باڵای دادی ئێرانەوە، هەر
خولەک، چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی
حوکمەکەی لە ئارا دایە.
-------------------------------
کەماڵ شەریفی چوار ساڵە لە مافی چاوپێکەوتن بێ بەشە
NNSROJ: گیراوێکی سیاسی کورد سەڕەڕای تێپەڕبوونی چوار ساڵ، هەروا لە مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی بێ بەشە.
بە
پێێ هەواڵێکی هەواڵنێری هرانا، ئۆرگانی خەبەری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ
لە ئێران، رۆژنامەنووس کەماڵ شەریفی، ٣٨ ساڵی تەمەنە و هەرچەند گیراوێکی
سیاسیە بەڵام لە گرتووخانەی میناب خراوەتە پاڵ گیراوانی ئاسایی و
تاوانبارانی مادە هۆشبەرەکان و مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی پێنادرێ.
ئەم گیراوە سیاسیەی کورد تەنیا جارێک، ئەویش دوای مانگرتنێکی درێژخایەن چاوی بە دایک و برایەکی خۆی کەوتوە.
شەریفی
ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە شاری سەقز قۆڵبەست کرا و لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی
سەقز بە سەرۆکایەتی قازی شایق، سزای ٣٠ ساڵ گرتووخانەی بە سەر دا سەپا.
یەکێک
لە نزیکانی کەماڵ شەریفی دەڵێ «ئێمە زۆر جار داوای چاوپێکەوتن لە گەڵ
کەماڵمان لە گەڵ بەرپرسان هێناوەتە گۆڕێ، بەڵام دیار نییە ئەوان بە چ
هۆکارێک رێگە نادەن وەک سەرجەم گیراوانی تر، چاومان پێی بکەوێ.»
------------------------
مێدیایی کوردی و کەم و کورتییەکانی
ەحمەد ئیبڕاهیمی
سەردەم، سەردەمی مێدیا و راگەیاندنە. ئامرازێک کە جگە لە گەیاندنی هەواڵ و
نووچە، بە شرۆڤەکردنی رووداوەکانی رۆژ، ئاستی زانیاری تاکەکانی کۆمەڵگا
بەرز بکاتەوە و بەم شێوە، بۆ وێنە بۆ پێشخستنی هەستی نەتەوەیی و
لێکنزیککردنەوەی تاکەکان کەڵکی لێوەربگیرێ.
سەردەمانێک، ئەدەبیات بە گشتی و فۆرمێکی تایبەتی ئەدەبیات وەک "رۆمان"،
رۆڵێکی هاوشێوەی مێدیایی ئێستای دەگێڕا. لە زەمەنێک لە مێژوودا، یەکێ لە
کارکردەکانی رۆمان ئەوە بووە کە دەیتوانی نەتەوەسازی بکات و راستەوخۆ و
ناڕاستەوخۆ، خاڵە هاوبەشەکانی "گەل"ێک
زەق بکاتەوە. کارێک کە تاکوو ئێستا بە کورد نەکراوە و ئەمەش خاڵێکی لاوازی
ئێمەیە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە رۆمانی کوردیش، وەک مێدیاکەی ساوایه.
وەک باسکرا، مێدیا دەتوانێ یەکێک لەو بژارانە بێت کە دەکرێ لە رەوتی
نەتەوەسازیمان دا رۆڵ بگێڕێ. مێدیا بەم هۆیە کە توانیویەتی سنوورە
دەستکردەکان ببەزێنێ و پانتایەکی جیهانی دا خۆی بنوێنێ، توانایی ئەوەی هەیە
کە ببێتە فاکتەرێکی گرینگ و کاریگەر لەم مژارەدا.
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە رۆڵی مێدیایی کورد لە نێو کۆمەڵگەدا چەندە و
کاریگەری چەندەی لە پێکەوەنانی تاکەکان و سازکردنی یەکێتی نەتەوەیی هەیە؟
ئایا
راگەیاندنی کوردی توانیویەتی لە بازنەی ئایدیالۆژیکی خۆی بێتە دەر و
بێلایەن بێت و بۆ لێکگرێدانی هەستی تاکەکان رۆڵی زیاتر بگێڕێ؟
بە ڕای من وەڵامی ئەو پرسیارە "نا"یە
بۆیە کە راگەیاندنی کوردی هیچ کات نەتوانیوە ئاوێنەیەک لە کۆمەڵگای کوردی
بێت. بۆ نموونە، کاتێک مێدیا لە سۆنگەی ئایدیالۆژییەکی تایبەتەوە لە
بەردەنگ دەڕوانێ، ناچار کۆمەڵگا دابەش دەبێ و جیاوازییەکی ساز دەکات.
مێدیایی لە چەشنە، مۆرکی حیزبی پێوە دیار دەبێت نەک نەتەوەیی و زیاتر و
زیاتر تاکەکان لێک دوور دەکاتەوە و بە پێچەوانە هەستی نەتەوەییان کەم
دەکاتەوە.
ئەگەر هەڵسەنگاندنێکمان لە نێوان مێدیایی کوردی و مێدیایی وڵاتانی داگیرکەر
هەبێ، شتی هەرە زەق و دیار ئەوەیە کە مێدیایی داگیرکەر، زۆر زیرەکانە،
هاوکات لەگەڵ پەرەپێدان بە ئاسیمیلاسیۆن، سەرنج دەدەنە باوەڕی خەڵکی کورد.
لە سەتا هەشتاری کۆمەڵگای کوردستان ١٤٠٠ ساڵە، هەڵگری بیروباوەڕێکی ئایینی
تایبەتن. مێدیایی بێگانە و داگیرکەر هەوڵ دەدات خەڵک لە لایەنی بیر و
باوەڕی دینییەوە بە لای خۆی رابکێشێ و بێژێ کە بەم شێوە رێز لە دین و
باوەڕیت دەگرین بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەو رێزگرتنە رەواڵەتییە، خەریکە
ناسنامەی نەتەوەییت کاڵ دەکاتەوە.
لە هەمبەر ئەو هوژوومەش، راگەیاندنی کوردی، نە تەنیا هیچ بۆ یەکێتی
نەتەوەیی ناکات بەڵکوو پەرتەوازەتریشی دەکات و ئەیهەوێت کە هەموو تاکێکی
کورد بخاتە چوارچێوەی حیزبەکان و قاڵبێکی سێکۆلار.
کێشە لەوەدایە کە دوژمنان، پاژنەی ئاشیلمان دەناسن بەڵام سەرکردەی کورد کە
مێدیاشی لە رکێف دایە، هێستا بەرژەوەندی پارتەکەی لە بەرژەوەندی گەلەکەی بۆ
گرینگترە.
رەنگە ئەگەر سەرکردە و مێدیایی کورد بایەخیان بە باوەڕی گەلەکەیان دابا، خەڵکانێکی زۆرتریان بۆ لای خۆیان رادەکێشا. لێرەدا مەبەست لە باوەڕ، دینە و ئەمەش جگە لە ئیسلام، چەندین ئایینی تریش دەگرێتەوە کە لە کوردستان پێڕەویان هەیە و دەبێ رێزیان لێ بگیرێ.
بۆ وێنە لە باکووری کوردستان، ئەگەر گرینگی زیاتر بە بیر و باوەڕی هاوڵاتیان درابا، رەنگبوو کە هەژمارێکی زیاتر لەو ٣٥ کوردە، ئێستا ئەندامی پارلەمانی تورکیا دەبوون [هەر
وەک چۆن پارتی دەسەڵاتدار بە هۆی گرینگدانی زیاتری بە مەسەلەی ئایین،
توانیویەتی ئەو کارە بکات و سەرکەوتنە ئەسلییەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات].
ئەمەش کێشەی نەک هەر یەک بەش، بەڵکوو کێشەی هەموو بەشەکانی کوردستانە و
بایەخ نەدان بە هەندێک ئایین و بایەخدان بە هەندێکی تر، بە روونی لە
پارچەکانی تری کوردستان دەبینرێ و بۆتە خاڵێکی دوورکەرەوەی تاکەکان لە
یەکتر و لەم رەوتەش دا مێدیا بێ کاریگەر نەبووە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر