Pages

۱۳۹۱ آبان ۱۸, پنجشنبه

ساڵح موسلیم: نازانم بارزانی چی لەدڵدایە‌و بەنیازی چییە؟!



ساڵح موسلیم: نازانم بارزانی چی لەدڵدایە‌و بەنیازی چییە؟!
awene news
ساڵح موسلیم سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد (PYD) له‌م گفتوگۆیه‌ی ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت " ئێمە (یەک قروش) یارمەتیمان لەهیچ هێزو لایەنێک وەرنەگرتوە".


پارتی‌ چه‌پی‌ كورد له‌سوریا: توركیا ده‌یه‌وێت شه‌ری‌ برا كوژی‌ له‌رۆژئاوای‌ كوردستان هه‌ڵبگیرسێنێت
YPG: کوشتنی نوژین دێرک بێ وه‌ڵام نابێت
یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل: 19 ئه‌ندامی ئۆپۆزسیۆنی سوریامان كوشت
سوریا:‌ ئۆپۆزسیۆن‌و رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌دیش هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌

ر گه‌ڕه‌كه‌ كورده‌كانی حه‌له‌ب
ئا: شوان حەمە
ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەکان لەئەجێندای ئەخزەر ئیبراهیمی، نێردراوی سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا دو پێشنیار هەیە. یەکەمیان دابەشکردنی سوریا بۆ چوار هەرێمی کوردی، دورزی، سوننی، عەلەوی بەمەرجی مانەوەی بەشار ئەسەد وەک سەرۆکی حکومەتی مەرکەز. پێشنیاری دوەم، جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێز بەبەشداری وڵاتەکانی ئیتالیاو فەرەنساو ئیسپانیاو ئیرلەندا. ئێوە چۆن لەو دو پێشنیارە دەڕوانن؟
ساڵح موسلیم: کورد لەسەدا پازدەی دانیشتوانی سوریا پێکدێنێت، لەبونی چوارهەرێمدا ئێمە دەسکەوتێکی ئەوتۆمان نابێت. گەر شتێکی واڕوبدات، ئێمە نابینە ڕێگر، بەڵام قسەی خۆمان دەبێت.

پێویستە سوریا ببێتە وڵاتێکی دیموکرات‌و مافە سیاسی‌و کلتوری‌ ئابوری‌و سەربازییەکانی کورد لەدەستوری نوێدا بپارێزرێت. پێوستە سوپای ئولیگارشی سوری کە زۆربەی جومگە گرنگەکانی بەدەست عەلەوییەکانەوەیە هەڵبوەشێتەوە. پێشنیاری دوەم بۆ جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێز لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا، لەبنەڕەتدا پێشنیاری ئێمەیەو ساڵێک لەمەوبەر خستومانەتەرو، تا پرۆسەی دیموکراتی چاوەڕوانکراو لەسوریا درێژەی هەبێت‌و هێزە ئیقلیمییەکان نەتوانن دەستتێوەردان بکەن‌.

ئاوێنە: ساڵی٢٠٠٣ کاتێک رژێمی سەدام حسێن روخا، پارتی‌و یەکێتی گرەوی گەڕانەوەی کەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکانیان سپارد بەدەستوری نوێی عێراق، بەڵام وا ٩ ساڵ تێپەڕێ‌و بستێک لەو ناوچانە نەگەڕاونەتەوە سەر هەرێمی کوردستان. چۆن بو ئێوە لەیەکەمین دەرفەتدا زۆربەی ناوچە کوردییەکانی خۆرئاوای کوردستانتان کۆنترۆڵکرد؟
ساڵح موسلیم: پشتبەستن بەچارەسەری دەستوری ‌بۆ گەڕاندندەوەی کەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکان هەڵەبو. ئەو هەڵەیە بۆ ئێمە ئەزمونێکە نابێت دوبارەی بکەینەوە. ئەزمونەکانی شیخ سەعیدو‌ ئیحسان نوری پاشاو سەید ڕەزاو قازی محەمەد‌و مەلا موستەفاو قاسملوو شەرەفکەندیمان لەپێشچاوە‌. ئێمە نابێت غافڵگیربین. بەهەمانشێوە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەکێتی‌ بۆ ئێمە ئەزمونێکی تاڵەو لەبیرمانە.

بڕیاری دەستخستنی ناوچە کوردییەکان‌و جێگیرکردن‌و رێکخسنی هێزی گەل لەسەر خاک‌و ئاوی خۆی بڕیارێکی دروستەو پێوستە ئەو ئاراستەیە بەردەوامبێت. ئێمە بڕیارمانداوە سەربازی گەلی خۆمان بین نەک سەربازی خەڵک. لە ئەبو جەعفەری مەنسورەوە ‌تا داگیرکردنی ئەوروپا بەدەستی عوسمانییەکان، کورد سەربازی خەڵکی تر بوە. تا ئەمڕۆش بەشێک لەئەیوبییەکانی زەمانی سەڵاحەدین لەسودان دەژین. بۆ ئێمە ئەمانە عیبرەتی مێژون

ئاوێنە: باسی شەڕی ناوخۆت کرد! ئەبیستین لەشارە کوردییەکاندا جاروبار گرژیی رودەدات. دەزانین (پەیەدە) باڵادەستە، ئایا ئێوە ئامادەن لەگەڵ هێزە کوردییەکانی‌ تردا سازش بکەن تا خۆتان لەئاڵۆزیی ناوخۆیی بەدوربگرن؟
ساڵح موسلیم: هێچ دەرفەتێک نادەین بەدروستبونی شەڕی ناوخۆ. ئێمە دەستەی بڵندی هێزە کوردستانییەکانمان هەیە. دەستەی بڵند نوێنەرایەتی هەردو ئەنجومەنی گەلی رۆژئاواو ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لەسوریای تێدایە. لەوێدا هەمو شتێک باسدەکرێت‌و چارەسەری بۆ دەبینرێتەوە. بڕیارەکانیش بە کۆمەڵ دەدرێن‌

ئاوێنە: گەر وایە ئەی ئەو ئاڵۆزییانە بۆ رودەدەن؟
ساڵح موسلیم: بەداخەوە دەوڵەتی تورکیاو هێزی تر دەستێوەردان دەکەن! مەبەستیان دروستکردنی گرژی‌و تێکدانی دۆخەکەیە. لەو پێناوەشدا پەنا بۆ کەسانێک دەبەن کە پشێوی بنێنەوە

ئاوێنە: دەکرێت ناوی ئەو هێزو کەسانە بێنیت؟
ساڵح موسلیم: دەتوانم ناوی کەسەکان بڵێم. یەکێکیان سەڵاح بەدرەدینە کە راستەوخۆ لەگەڵ تورکیاو هێزێکی تردا پەیوەندی هەیە، هەروەها سەڵاحەدین بلال لەعەفرین. ئەمانە چەکدار دێنن‌و هەڵدەکوتنە سەر خەڵک بەئامانجی تێکدانی دۆخەکە.

ئاوێنە: ئێوە وەک (PYD) جێگەیەکی باشتان لەناو هەیئەتی هەماهەنگیی نیشتمانی سوریدا هەیە کە لەچەندین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ پێکهاتوە. تۆ وەزیری دەرەوەی روسیات بینیوە. نوێنەرایەتی پارتەکەی ئێوە سەردانی زۆربەی وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتە ئەروپییەکانی کردوە. لەولاشەوە عەبدولباست سەیدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی سوری دەکات‌. ئەمەریکاو ئەوروپا وەک نوێنەری شەرعی ئۆپۆزیسیۆنی سوری مامەڵە لەگەڵ ئەنجومەنەکەیدا دەکەن. ئایا ئەم کارەکتەره جیاوازانە بەقازانجی کوردن لەسوریا؟ یان ئەم دابەشبونە دواجار بە زیانی کورد کۆتایی دێت؟
ساڵح موسلیم: نوێنەری گەلی کورد لەخۆرئاوای کوردستان دەستەی بڵندە، کە لەهەردو ئەنجومەنە کوردییەکە پێکهاتوە. عەبدولباست سەیدا نوێنەرایەتی کورد ناکات. هەڵبژاردنی ئەو پەیوەندی بەتەوافقی هێزە ئیسلامی‌و لیبرالییەکانی ناو ئەنجومەنەکەوە هەبو، نەک پرسی کورد.

ئاوێنە : بەڵام دەنگۆی ئەوە هەبو کە عەبدولباست سەیدا کاندیدی پارتی ‌بوبێت‌و بەرەزامەندی تورکیا کرابێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە؟
ساڵح موسلیم: بەڵام تورکیا کورد قبوڵ ناکات.

ئاوێنە: هاوینی ئەمساڵ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبونەوە. لەوێدا چیتان باسکرد؟
ساڵح موسلیم: بەگشتی باسی دۆخی کورد‌و سوریامان کرد. لەبری ئەوەی بارزانی لەخەڵکی ترەوە زانیاری لەسەر ئێمە وەربگڕێت، پێمان باشبو راستەوخۆو لەنزیکەوە دیدو بۆچونی ئێمە ببیستێت. ئەویش بەهەمو شێوەیەک ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری‌و یەکگرتویی کوردان دەربڕی.

ئاوێنە: بەڵام تۆ لەوەڵامی پرسیاری پێشودا باستکرد کە تورکیا کورد قبوڵ ناکات. ئایا تا چەند پەیوەندی بارزانی‌و تورکیا دەکرێت بەبەرژەوەندی کورد بەکاربێت؟
ساڵح موسلیم: ئێوە دەتوانن ئەو پرسیارە لەخۆی بکەن. من ئەوەت بۆ باسدەکەم کە راستەوخۆ لەبارزانیم بیستوە. ئیتر بارزانی چی لە دڵدایە‌و لەداهاتودا بەنیازی چییە؟ من ئەوە نازانم. تا ئەمڕۆ شتێکی ئەوتۆ روینەداوە ئێمە نیگەران بکات

ئاوێنە: ئێستا زۆربەی ناوچە کوردییەکان لەلایەن دەسەڵاتی خۆجێیەوە بەڕێوە دەبرێت. دۆخی ماڵیی لەو ناوچانە چۆنە‌و کێ هاوکاریتان دەکات؟
ساڵح موسلیم: بۆ ئەوەی بڕیاری سیاسیت سەربەخۆ بێت، پێوستە لەهەمو بوارەکاندا بەبواری ماڵییشەوە پشت بەگەلی خۆت ببەستیت. ئێمە (یەک قروش) یارمەتیمان لەهیچ هێزو لایەنێک وەرنەگرتوە. گەل خۆی بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.

ئاوێنه‌: ماوه‌یه‌که‌ توشی شه‌ڕو پێکدادان بون له‌گه‌ڵ سوپای ئازادی‌ سوریا، هۆکاری ئه‌مه‌ چییه‌؟
ساڵح موسلیم: سوپای سوریای ئازاد له‌لایه‌ن ‌سه‌رکردایه‌تی‌و ناوه‌ندێکه‌وه‌ به‌ڕێوه‌نابرێت، چه‌ند گروپێکیان‌ به‌هاوکاری تورکیا له‌دژی کوردان ده‌جوڵێنه‌وه‌و زۆر ناڕه‌حه‌ت‌و نیگه‌رانن له‌به‌هێزبونی کورد له‌ناوچه‌که‌دا، ئه‌و گروپانه‌ به‌رێنمایی تورکیا هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر کورد، به‌رپرسیاری یه‌که‌می ئه‌و هێرشانه‌ش‌ که‌تیبه‌ی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی‌و گروپی عه‌ممار دادیخییه‌ که‌ هاوکاری چه‌ک‌و پاره‌ له‌تورکیا وه‌رده‌گرن، به‌ڵام به‌دڵنیایی وه‌ک YPGرایگه‌یاندوه‌ که‌ له‌به‌رامبه‌ر ‌سه‌رجه‌م هێرشه‌کانی سه‌ر گه‌لی کورد راده‌وه‌ستێت‌و گه‌له‌که‌ی ده‌پارێزێت، یه‌که‌کانی YPG هێزی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ مه‌ده‌نییه‌کان له‌سه‌رجه‌م هێرشه‌کان بپارێزێت، وه‌ک له‌حه‌له‌ب‌و عه‌فرین بینیمان.

ئاوێنە: لەماوەی رابردودا لەزۆربەی شارو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان کۆمەک بۆ کوردانی سوریا کۆکرانەوە. تا چەند ئەم کۆمەکانە گەیشتون‌و بە چ شێوەیەک دابەشکراون؟
ساڵح موسلیم: بەر لەهەر شت سوپاسی‌ گەلی باشور دەکەم، شانازییان پێوەدەکەم. گەلی ئێمە لەباشور لەئاستی چاوەڕوانییەکاندایە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی کەم نەبێ، شتێکی وا لەو کۆمەکانە ناگاتە خۆرئاوای کوردستان. رەخنەی ئێمە لەحکومەتی هەرێمە. حکومەت کۆمەکەکان دەبات بۆ کەمپی دۆمیز. گەلی کورد لەباشور ئەرکی خۆی بەجێهێنا، دەبوایە حکومەتی هەرێمیش ئەو کۆمەکانەی بناردایە بۆ ناوەوەی خۆرئاوای کوردستان

.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر