Pages

۱۳۹۱ دی ۱۱, دوشنبه

تەقدیسی رابردوو و تێرۆری داهاتوو لە شەتەحاتی بوودەڵەیەکدا


تەقدیسی رابردوو و تێرۆری داهاتوو
لە شەتەحاتی بوودەڵەیەکدا
نۆسینی ناسر ته‌ها
بوودەڵەیەکی ترسنۆکی بێ ناونیشان کەوادیارە کۆپاری بۆ جووتی بێگار لە کێڵگەی عەجەمان ئەستوورە و خواردنی بەرماو لە پێشخانەی ئاغایانی " ایران باستان" دەگەڵ بە سەربەستی ژیان ناگۆڕێتەوە، لە توێی نووسراوەیەکدا بە ناوی "خودموختاری و دێموکراسی، ئێرانچییەتی یا رێگا چارەیەک بۆ رزگاری"، بە خەیاڵی خۆی هاتووەتە جەنگی بیر و ئەندیشەی ئەوانەی رەخنەگرانە ...ئاوڕ لە رابردوو دەدەنەوە و داهێنەرانە بیر لە 
داهاتوو دەکەنەوە.


" رێبوار . ئەلف" ناوێک نووسەری شەتەحاتێکە، کە بریتییە لە حەولێک بۆ شێواندنی سەروەرییەکان و تەقدیسی سیاسەتە بێئاکامەکان و تێرۆری ئەو قەڵەمە بوێرانەی خۆ بە توونێلە تاریکەکانی مێژوومان دا دەکەن بۆ ئەوەی تەم و مژی ئایدۆلۆژییە هاوردەکان و دەسکاری و تەزویر لە سەر ئەو تابلۆ زێڕینانە لابەرن کە سەرکردە و رۆڵەی ئەم نەتەوەیە بە عەقڵ و رەنج و خوێنی خۆیان نەخشاندوویانە و ئەزموونێک بۆ ئێتسا و داهاتووی لێهەڵنجن. هەر لەو کاتەشدا، بە ناونیتکە وناتورە هەڵدان و قسەی سووک و هێرشی شەخسی و پلار تێگرتنی ناڕەوا و جنیو فرۆشیی، گرێ و گۆڵی فیکری و ڕەوانی خۆی لە حاست ئەو لایەن و کەسایەتییانەداکە بوونەتە شۆڕە سواری گۆڕەپانی داهێنانی فکر و سیاسەتی نوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵڕشتووە.
بەڵام روون نییە داخۆ کەسێک کە خۆ لە قەرەی باسێکی وا دەدا و پۆزی توێژەرێک دەگرێ و باس لە بڕێک بەهای ئەخلاقی وەک:" ئازایەتی" و" بوێری" و" فیداکاری" دەکا و لە" درۆ و قاو و قیژی منداڵانە و عەوامفریوانە" بێزاری دەردەبڕێ، چۆنە کە لە سەردەمی شەفافییەت و ئاشکراو وێژیدا لە هولەندێکی ئازاد دانیشتووە، بەڵام نە بوێری و ئازایەتی ئەوەی هەبێ بە ناوی راستەقینەی خۆیەوە بیر وباوەڕی نەبووی بڵاو بکاتەوە، نە ئەوەندەی فیداکاری لە پێناو باوەڕەکەیدا هەبێ ناونیشانی راست و دروست بە خوێنەرانی بدا. بۆ شوێنە ونکە ناوی خۆی دەکاتە رێبوار و ئادرێسی مەهاباد بە خەڵک دەدا، کەچی ئیمەیلەکەی کۆمپانیایەکی هولەندیی دەردەچێ! تۆ بڵێێ ئەو ئادرێس و ناونیشانانەی هەم وەک سەرچاوەی هەڵیت پڵیتەکەی ریزی کردوون و هەم وەک بیر و رێبازی سیاسیی پیشانی خوێنەری دەدا، هەر وەک ئادرێس و ناونیشانە جەعلییەکەی خۆ ناڕاست نەبن ؟
سەرەتا حەزم نەدەکرد هیچ شتێ لە سەر کەسیی بێ ناونیشان و لە کونخزیو بنووسم. ئەمە یەکەمجارە ئەم کارە دەکەم. بەڵام چوونکە نووسراوەکەی بۆنی " دیکتە" و بە قۆنتەرات هەڵگرتن و گەلەکۆمەکیی بۆ تێرۆری بیر و باوەڕی ئازاد و کەسایەتیی جیابیرانی لێدێ و حەولێکە بۆ بێدەنگ کردن و خنکاندنی رەخنە و داهێنان ، لە خەمی ئەوەی مەبادا ئەمە نەبز گرتنێ بێ بۆ داهاتوو، بە پێوویستم زانی لێێ وەدەنگ بێم. کوردستانی ئازاد و سەربەخۆی داهاتوو دەبێ، مەکۆی فرەچەشنی و فرە دەنگی و فرە حیزبی و پلۆرالیزمی سیاسیی بێ. کوردستانێ بێ کە هەموو تاک و گروپێکی ئەو وڵاتە، بتوانن بە بێ هیچ کۆسپ و تەگەرە و هەڕەشە و تێرۆرێکی فیکری و کەسایەتیی و جەستەیی، بیر و باوەڕی تایبەت بە خۆیان دەرببڕن بێ ئەوەی هێرشیان بکرێتە سەر و کەرامەتی ئینسانییان خەوشدار بکرێ؛ نەک وڵاتێکی یەک رەهەندی و تاک دەنگی و یەک حیزبی. عەقڵیەتێ کە لە پشت جنێونامەکەی رێبوار ئەلفەوەیە عەقڵییەتێکی تووتالیتێرییە کە تێیدا زمان و قەڵەمی جیابیران دەبڕدرێن و دەشکێندرێن. سیستەمە سیاسییەکانی دامەزراو لە سەر بنەمای ئەم عەقڵ و کولتورە سیاسییە، دوو دەیەیە روویان لە نەمان و چوونە ناو زبڵدانی مێژوو، کردوە!
" رێبوار . ئەلف" کە دەبوو بەر لە هەر شتێ ئەلف و بێی، هەڵسەنگاندن و شیکاریی رەخنەیی فێربایە و لەگەڵ، جنێو فرۆشی و بێڕێزی و ناو و ناتۆرە لێدان لێ تێکنەچووبا، هەرچەند بە خەیاڵی خۆی بە دوای دەلیل و بوورهانی لۆژیکیدا گەڕاوە، بەڵام لە راستیدا کۆمەڵێک شتی بچڕ پچڕی لێکدابڕاوی بێ سەرەو بەرەی لە پشت یەک ریز کردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ ئێرانچییەتی و خۆ بە تارانەوە پێناسە کردن ، میراتی باو و باپیرانی ئێمەیە و کورد دەبێ هەتا هەیە کۆیلەی تاران بێ!
روونکردنەوەی ئەو ناڕاستییانەی رێبوار. ئەلف لە شێوازی دەلیل و بورهان بۆ ئامانجەکەی هێناونییەوە، خامەی ئەو دڵ و زەینە پاک و بێ گرێ و گۆڵانەی کە رێبوار ئەلف و رێبوار ئەلفەکانی تووشی شۆک و هیستریا کردووە، وە ئەستۆی دەگرن. ئەوەی بۆ من دەردی سەر باری هەموو دەردانە ئەوەیە کە نووسەری ئەو دەقە لەو گرێ کردنەوەیەدا، بەر بینگی بە پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری شەهیدی دەوڵەتی جمهوری کوردستان گرتووە. لە لایەک وتە و نووسینی ئەو کەسانەی جنێویان تێدەگرێ ، بە خۆیان دەفرۆشێتەوە؛ لە لایەوەکەوە، پێشەواقازی محەمەد و گوتارەکەی کە دالی سەرەکیی دەوڵەتی نەتەوەیی بوو، زاڵمانە دەخاتە ناو کۆنسێپتی" خودموختاری" و " خەبات لە پێناویی ئێرانێکی ئازاد و دموکراتیک". قازی محەمەدێک کە لە " جەژنی سەربەخۆیی و استقلالی کوردستان" دا، لە " نطقی جەنابی پشەوا و رئیس جمهوری بەرزی کوردستان"، یەک وشە باسی مانەوە وژیان لە چوارچێوەی ئێراندا ناکا و بە شانازییەوە رادەگەیەنێ: " بە دلیکی بەهیز پایەداریمان کرد و ادامەمان بفعالیتی خۆمان دا تا استقلال و آزادی نەتەوەی کوردمان بە دەست هینا". قازی محەمەدێک کە سوێند بۆ راگرتنی سەربەخۆیی کوردستان و بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان، دەخوا:" ئەمن بە خودا، بە کەلامی عظیمی خودا، بە نیشتمان، بە شەرافەتی ملی کورد، بە الای مقدسی کوردستان سویند دەخۆم کە هەتا آخر هەناسەی ژیانم و رژاندنی آخر تنوکی خوینم بە گیانومال لە ری راگرتنی سەربەخۆیی و بەرز راگرتنی آلای کوردستاندا تی کوشم و نسبت بە رئیس جمهوری کوردستان و یەکەتی کورد و آذربایجان مطیع و وفادار بم".
تۆ بڵێی رێبوار. ئەلف و ئەوانەی بۆ ئەم نامۆقووڵیانە دنەیان داوە، پێیان وا بێ پێشەوا قازی محەمەد، جیاوازیی نێوان خودموختاری و سەربەخۆیی نەزانیبێ؟
لە بەرەبەری ماڵاوایی ساڵی ٢٠١٢ و هاتنی ساڵی نوێی زایینیدا، پیرۆزباییم بەم بۆنەیەوە قبووڵ بکەن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر