NNSROJ- مهاباد: سەر
لە بەیانی ئەمڕۆ، هەژمارێک لە هاوڵاتیانی مهابادی، بە مەبەستی نیشاندانی
ناڕەزایەتی بەرانبەر بە کەمتەرخەمی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی کۆماری
ئیسلامی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هاوکات زانرا کە یەکێک لە
خوێندکارە سووتاوەکانی شیناوێ گیانی لە دەست داوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە [١٩ی سەرماوەزی ١٣٩١/ بەرانبەر بە ٩ی دێسامبری ٢٠١٢]، هەژمارێک لە چالاکانی خوێندکاری و مەدەنی شارەکە،
بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە کەمتەرخەمی بەرپرسانی
وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر ئاگرتێبەربوونی
قوتابخانەی کچانەی "شیناوێ"، لەبەر دەرگای نووسینگەی وەزارەتخانەکە لە مهاباد کۆبوونەوە.
ناڕازییان بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک لافیتە و سەردانی دروشم، خوازیاری دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری پەروەردەی ئێران "حەمید رەزا حاج بابایی" بوون.
خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی چالاکانی مهابادی لەکاتێکدایە کە "عەباس موقتەدایی"، بەرپرسی کۆمیسیۆنی پەروەردە و راهێنانی پارلەمانی ئێران، ئەمڕۆ بە هەواڵنێری فارسی راگەیاند کە "یەکێک لە خوێندکارە سووتاوەکان، گیانی لە دەست داوە" بەڵام هیچ ئاماژە بە کات و ناسنامەی ئەو خوێندکارە نەکرد.
چەند کاتژمێر دوای لێدوانەکەی موقتەدایی، رەسووڵ خزری بە ماڵپەڕی
خەبەرئانلاینی ئێرانی راگەیاند کە ناوی ئەو کچە "سەیران یەگانە"یە و تەمەنی
دە ساڵە. خوێندکاری ئاماژەپێکراو، ٤٥ لە سەتی جەستەیی سووتابوو، بە دژواری
هەناسەی دەکێشا و هەر بەم هۆکارانەشەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە نەخۆشخانەی
سینای تەورێز، گیانی لە دەست دا.
هاوکات، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری
پەروەردەی ئێران، لە ئاکامی گووشارەکانی ئەمڕۆژانەی دواییدا، بە هۆی
کارەساتەکەی شیناوێ، لە پارلەمانی ئەو وڵاتە، داوای لێبوردنی کرد.
لە لایەکی ترەوە زانرا کە "رەسووڵ خزری"، نوێنەری پیرانشار و سەردەشت لە پارلەمانی ئێران بە هەواڵنێرییەکانی ناوخۆیی ئێرانی راگەیاندووە کە "سەبارەت بە کارەساتەکە، دۆزێک لە دەزگای قەزایی ئێران، دەکرێتەوە".
ناوبراو، دوێنێ شەممە رایگەیاندبوو کە ئێستا ١٥ خوێندکاری سووتاوی گوندی
شیناوێ لە تەورێزن و بارودۆخی تەندروستی سێ کەسیان مەترسیدارە.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە سەعات هەشت و نیوی بەیانی رۆژی چوارشەممە (٥ی دێسامبر/ ١٥ی سەرماوەز) سۆبەی نەوتی پۆلی چواری قوتابخانەی کچانەی 'ئینقلابی ئیسلامی' لە گوندی شیناوێ ئاگری گرت و سەرجەم خوێندکارەکانی سووتان.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر