Pages

۱۳۹۱ دی ۲۵, دوشنبه

سبەی چالاكوانی ژن لە گردبوونەوەیەكدا ئیدانه‌ی تاوانەكەی پاریس دەكەن


سبەی چالاكوانی ژن لە گردبوونەوەیەكدا ئیدانه‌ی تاوانەكەی پاریس دەكەن
وارڤین – هەولێر: بڕیارە كاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆی سبەی سێشەممە (15 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) دەزگا و رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و چالاكوانان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەم كونسوڵخانەی فەرەنسا لە شاری هەولێر ساز بكەن.


لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن (لەنجە عەبدوڵڵا) رایگەیاند، سبەی سێشەممە دەزگا و رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و چالاكوانانی بواری مافەكانی ژن لە هەولێری پایتەخت گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ ئیدانەكردنی كردەوە تیرۆریستییەكەی پاریس ساز دەكەن.

گوتیشی: "ژنان و دەزگا و رێكخراوە بەشداربووەكانی ئەو گردبوونەوەیە، یادداشتێكی ناڕەزایەتی كە خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە دەگەیەننە دەست سەركونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بگاتە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا".

روونیشیكردەوە، تیرۆركردنی هەریەك لە چالاكوانی ژنی كورد (سكینە جانسیز، فیدان دۆغان، لەیلی‌ سویلمیز) تاوانێكە جێگەی بێدەنگی هەڵبژاردن نییە لە بەرامبەریدا و پێویستە ژنان و چالاكوانانی كورد و هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری لە بەرامبەریدا بێنە دەنگ و ئیدانە و مەحكومی بكەن.

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، بەرزكردنەوەی دەنگی‌ ناڕەزایەتی و داواكاری بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەركێكی مرۆڤایەتی و نیشتیمانیانەیە و هێمایە بۆ بەتەنگەوەبوونی پرسیی ژن و رەتكردنەوەی ستەم و چەوساندنەوە و تیرۆر و كۆمەڵكوژی.
http://warvin.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=1879&Jor=1
-------------------------
ژنانی كەركووك ئیدانەی تیرۆركردنی سێ ژنەچالاكوانەكەی كورد دەكەن
وارڤین – كەركووك: ژنانی كەركووك ئیدانەی تیرۆركردنی سێ ژنە چالاكوانەكەی باكووری كوردستان دەكەن، كە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە لایەن دەستێكەوە تیرۆركران.

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە ئەمڕۆ لەبارەگای لقی كەركوكی یەكێتی ژنانی كوردستان بەڕێوەچوو، ئیدانەی تیرۆركردنی ئەو سێ ژنە چالاكوانە كوردەی باكووری كوردستان كرا، كە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەلایان دەستێكی نادیارەوە تیرۆركران.

لەكۆنگرەكەدا بەیاننامەی ناڕەزایەتی كەمپینی نا بۆتوندوتیژی لەسەر ژنان تایبەت بەو تاوانە خرایە روو. 

لەبەیاننامەكەدا هاتبوو، وەك كەمپینی نا بۆتوندوتیژی لەسەر ژنان ئەوكارە نامرۆڤانەیە مەحكوم دەكەین و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی كەسوكاری ئەو سێ چالاكوانە كرد و ماندووبوون و تێكۆشانی ئەوان بۆ خزمەتی ئازادی و بەرگری لەمافەكانی گەلی كورد لەباكووری كوردستان بەرز نرخێندرا. 

كەمپینی نا بۆ توندوتیژی لەسەر ژنان بانگەوازی حكومەتی فەرەنسایان كرد، هەرچی زووە ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیە ئاشكرابكرێن ورادەستی دادگا بكرێن.

ئا: نێرگز قادر
----------------------
پیاوانی ئێرانی ژنانی تاجیكستان سیغە دەكەن و دواتر بەجێیان دەهێڵن
وارڤین – دوو شەنبە: زۆرێك لەو ژنە تاجیكیانەی بە شێوەی (سیغە) هاوسەرگیری لە گەڵ رێبوار و گەشتیارو بازرگانانی ئێرانی دەكەن، رووبەڕووی كێشە بوونەتەوە و هاوسەرە كاتییەكانیان بە بێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەك بەجێیان دەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ ئێران.

ماڵپەڕی (دۆیچە ڤێلە)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا لەزمانی رۆژنامەنووسانی تاجیكستانەوە باس لەوە دەكات، كە ئەو پیاوە ئێرانیانەی سەردانی تاجیكستان دەكەن لەماوەی مانەوەیان لەو وڵاتەدا پەنا بۆ هاوسەرگیری كاتی (سیغە) دەبەن، بەڵام پاش ماوەیەك بێ ئاگاداركردنەوەی هاوسەرەكانیان بۆ ئێران دەگەڕێنەوە. 

ماڵپەڕی ناوبراو لەوبارەوە ئاماژە بەوەدەكات، لەو ماوانەی پێشوودا ژمارەیەك لە ئافرەتانی تاجیكستان، كە هاوسەرگیریی كاتییان لەگەڵ ئێرانیەكاندا ئەنجامداوە، روویان لەباڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی لە دوشەنبەی پایتەختی تاجیكستان كردووە و سۆراخی میردەكانیان كردووە.

رۆژنامەنووسێكی تاجیكی بە ماڵپەڕی (دۆیچە ڤێلە)ی راگەیاندووە، هاوسەرگیری كاتی لە تاجیكستان قەدەغەیە و پیاوانی ئاینی ئەو وڵاتەش ژنانیان لەو شێوە هاوسەرگیریە ئاگاداركردووەتەوە.

(كیومەرس عەتا) رۆژنامەنووسی تاجیكی لەو بارەوە گوتی: "ئێمە پێشتر هیچمان لەبارەی هاوسەرگیری كاتیەوە نەدەزانی، دواتر لە رێگای ئەو خوێندكارانەی تاجیكی كە لەئێران دەخوێنن ئەوەمان زانی، شتێك بەناوی (سیغە) هەیە". 

ئەو دەڵێ : "هێشتا كەسانێكی زۆری تاجیكستان، لە ناوچە شاخاوی و دوورە دەستەكاندا ژیان بەسەر دەبەن هیچ شتێك لەوبارەوە نازانن".

(كیومەرس) ئاماژە بەوەش دەكات، لەماوەی دە ساڵی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی تاجیكستان هاوسەرگیری كاتییان لەگەڵ پیاوانی ئێرانیدا ئەنجامداوەو ئەو رێژەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

بە گوێرەی یاساكانی تاجیكستان فرەژنی قەدەغەیە، بەڵام لەیاساكانی ئەو وڵاتەدا شتێك یان مادەیەكی یاسایی نییە، باس لە ئازادبوون، یان نەبوونی هاوسەرگیری كاتی بكات.

بە گوێرەی قسەكانی ئەو رۆژنامەنووسە تاجیكیە، ماوەی دوو ساڵ لەوەو بەریش ژنانی تاجیكستان پەنایان بۆ باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی لەتاجیكستان بردووە و بەدوای ئەو ئێرانیانەدا گەڕاون، كە هاوسەرگیری كاتییان لەگەڵدا كردوون و پاش ماوەیەك دوای هاوسەرگیریەكە گەڕاونەتەوە بۆ ئێران، ئەو ژنانە وایان زانیوە هاوسەرگیریەكە هەمیشەییە و هیچ شتێكیان لەبارەی سیغەوە نەزانیوە. 

رۆژنامەنووسە تاجیكیەكە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، كە باڵیۆزخانەی ئێران لە تاجیكستان نایەوێ هیچ شتێك لەوبارەوە بڵێت، چونكە ئەوە شتێكە هەردوو مەزهەبی شیعە و سونە كیشەیان لەسەری هەیە، "چونكە ئەو بابەتە لەوانەیە كێشە و بەدحاڵی بوون لەكۆمەڵگەی تاجیكستاندا درووستبكات".

(كیومەرس) هەروەها درێژە بەقسەكانی خۆی دەدات و دەڵێ: "پەیڕەوانی (ئیسماعیلیە)ش كە لەتاجیكستانن و سەربە مەزهەبی شیعەن، دژی سیغە دەوەستنەوە. تەنها خەڵكانێكی كەمی تاجیكستان، كە لەئێران وانەی ئاینییان خوێندووە و چوونەتە سەرمەزهەبی شیعە، لەگەڵ هاوسەر گیری كاتی هاوڕان".

(میرزا نەبی خالق زاد) رۆشنبیری تاجیكی نیشتەجێی دوشەنبەی پایتەخت لەوبارەوە ئاماژە بەوەدەكات، كۆمەڵگەی تاجیكستان دژی دیاردەی هاوسەرگیری كاتییە، هەرچەندە فرەژنی بە گوێرەی یاساكانی ئاین رێگە پێدراوە، بەڵام یاساكانی عورفی تاجیكستان دژی ئەو چەشنە لە هاوسەرگیریەیە. 

(خالق زاد) گوتی: "هەرچەندە خەڵكی تاجیكستان و یاساكانی ئەو وڵاتە دژی سیغەن بەڵام هەندێك لەمەلا و پیاوانی ئاینی بەهۆی پارە و بەرتیلەوە هاوسەرگیری كاتی بۆ ئەو ژن و پیاوانە ئەنجامدەدەن، كە ڕوویان تێدەكەن، ئەو كارەی پیاوانی ئاینی هیچ لایەنێكی یاسایی نییە و بە گوێرەی یاساكانی سزای ئەو وڵاتە بەتاوان ئەژمار دەكرێت".

ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو كە فرەژنی بەتاوان دێتە ئەژماركردن و هەركەسێك ئەو كارە بكات ئەوا سزاكەی پێنج ساڵ گرتنە. بەڵام یاساكانی تاجیكستان هیچ باسێكی لەبارەی سیغەوە تێدانییە.

هەرچەندە تائێستا هیچ ئامارێكی فەرمی سەبارەت بە رێژەی ئەنجامدانی هاوسەرگیری كاتی لەتاجیكستان لەبەردەستدا نییە، بەڵام شارەزایان باس لەوە دەكەن كە لەماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا سەدان ژنی تاجیكی سیغە كراون. 

(كیومەرس) لەوبارەوە دەڵێ: "لێكۆڵینەوە و بەدواداچونێكی زۆرم لەوبارەوە ئەنجامدا بەڵام هیچ داتا و ئامارێكی فەرمیم دەست نەكەوت".

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئێستا لە وڵاتی تاجیكستاندا هەزاران ژن و منداڵ، كە هاوسەرگیری كاتییان ئەنجامداوە بێ سەرپەرشت ماونەتەوە و هاوسەرەكانیان بەجێیان هێشتوون، بەگوێرەی یاساش هیچ هاوكارییەك نایان گرێتەوە. 

ئەو رۆژنامەنووسە تاجیكیە هەروەها دەڵێ: "حكومەتی تاجیكستان هیچ ئاوڕێك لەو ژن و منداڵانە ناداتەوە كە لەئاكامی ئەنجامدانی هاوسەرگیری كاتی بێسەرپەرشتیار ماونەتەوە، حكومەت تەنها هاوكاری ئەو ژن و منداڵانە دەكات، كە لەچوارچێوەی یاساكانی وڵاتدا هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن.

و: محەمەد چاوشین
س: ماڵپەڕی فارسی دۆیچە ڤێلە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر