ژیان و تێكۆشانی سیاسیی ئه‌حمه‌د تۆفیق (
1931-
1973)
د. یاسین سه‌رده‌شتی
[به‌شی یه‌كه‌م]
پێشه‌كی
ئه‌حمه‌د تۆفیق (عهبدوڵلاَی ئیسحاقی)، ڕابه‌ری ڕاسته‌قینه و سكرتێری پێشووی حیزبی دێموكراتی كوردستان،
تێكۆشه‌رێكی ناسراو و سه‌ركرده‌یه‌كی ئازا و پێشمه‌رگه‌یه‌كی قاره‌مان و سه‌ربازێكی ونی جووڵاَنهوهی ڕزگاریی نیشتمانی كوردستانه. ئه‌م كه‌سایه‌تییه ڕۆڵێكی مه‌زن و دڵسۆزانه‌ی له مێژووی خه‌باتی گه‌لی كورد له‌پێناوی ئازادیی و سه‌ربه‌خۆییدا هه‌بووه. ئه‌و مێژووه‌ی تا ئێستا زۆری ماوه له‌ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تییانه و كاری ئه‌كادیمییه‌وه ڕاستی و دروستییه‌كه‌ی بۆ خه‌ڵكی بخرێته پێش چاو و چه‌واشه‌كارییه‌كانی له ڕووداوه ڕاسته‌قینه‌كانی جیا بكرێنه‌وه.
ئه‌حمه‌د تۆفیق یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین غه‌درلێكراوانی مێژووی هاوچه‌رخی گه‌لی كوردمان. مێژووی پڕشنگدار و خه‌باتی سیاسیی ئه‌م كه‌سایه‌تییه به‌ده‌ستی نه‌یارانی تووشی شێواندن و فه‌وتاندن بووه. به‌قه‌ولی مامۆستا عومه‌ری عه‌سری "ده ساڵ ڕێبهرایهتییهكهیشی به‌ته‌واوی كوژاوه‌ته‌وه! و له كووله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا ناوی ناهێندرێ!
ئه‌حمه‌د تۆفیق ته‌نانه‌ت به دانپێدانانی نه‌یاره سهرسهختهكانیشی، سه‌ركرده‌یه‌كی ئازا و قاره‌مان و رابه‌رێكی ده‌ستپاك و داوێنپاك بوو. دیاره ئه‌حمه‌د بێ به‌رامبه‌ر هه‌موو ژیانی له ڕیزی پێشه‌وه‌ی به‌رگریی و تێكۆشان له‌ڕێگه‌ی ڕزگاریی كوردستاندا به‌ختكرد و گرتن و ئهشكهنجهكێشان و كوشتنیشی له‌لایه‌ن جه‌للاده‌كانی ڕێژیمی فاشیستی به‌عس هه‌ر له‌و ڕێگه و پێناوه‌دا بوو. هه‌ربۆیه گه‌ر هه‌لومه‌رجه‌كه‌ی مێژووی خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌به‌رچاو بگیرێت، ده‌توانرێت ئه‌حمه‌د تۆفیق به یه‌كێك له تێكۆشه‌ره مه‌زنه‌كان و سه‌ركرده قاره‌مانه‌كان و ڕابه‌ره دڵسۆز و ده‌ستپاك و داوێنپاكهكانی جووڵاَنهوهی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد دابنرێن، كه به‌داخه‌وه نموونه‌یان زۆر نین.
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی به‌رده‌ست، ئامانجی خوێندنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی ژیان و تێكۆشانی سیاسیی ئه‌حمه‌د تۆفیقه؛ به پشتبه‌ستن به چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆر و به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی و له بنه‌ڕه‌تدا له پێشه‌كییه‌ك و شه‌ش باس و لیستی سه‌رچاوه و پاشبه‌ند و وێنه‌كان پێكدێت. له باسی یه‌كه‌مدا هه‌وڵدراوه سه‌رنجێكی كورت له هه‌لومه‌رجی مێژوویی سه‌رده‌می لاوێتی ئه‌حمه‌د تۆفیق و هێندێك زانیاری له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئیسحاقی بخرێته به‌رچاو. له باسی دووه‌مدا ڕۆڵی ئه‌حمه‌د تۆفیق له زیندووكردنه‌وه‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستان و ڕووداوه‌كانی ده‌یه‌ی په‌نجاكان و تێكۆشانی سیاسیی له كوردستانی ڕۆژههڵاَت ڕوونكراوه‌ته‌وه. پاشان له باسی سێیه‌مدا باس له‌و هه‌لومه‌رجه نوێیه كراوه كه له ئه‌نجامی ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایه‌تی له عێراق هاته‌كایه‌وه و فشاری ڕێژیمی شاهه‌نشاهیی بۆسه‌ر كورده‌كانی و په‌لاماری ده‌زگای سازمانی ئه‌منیه‌ت(ساواك) بۆسه‌ر ئه‌ندامان و ته‌شكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستان و هاتنی لێشاوی په‌نابه‌رانی كوردی ڕۆژههڵاَت بۆ شاری سلێمانی خراونه‌ته به‌رچاو. شایه‌نی باسه، له باره ئاڵۆز و ناهه‌مواره‌دا ئه‌حمه‌د تۆفیق و هاوڕێیانی رۆڵێكی مه‌زنیان دیت تا ئاڵاَی حیزبی دێموكرات و تێكۆشانی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی كوردی ڕۆژههڵاَت شه‌كاوه ڕاگرن و بتوانن له مه‌یداندا پێبچهقێنن.
باسی چواره‌م له ڕۆڵی ئه‌حمه‌د تۆفیق و هاوبیرانی له شۆڕشی باشووری كوردستان ده‌ئاخفێت كه ڕۆڵێكه ده‌توانرێت به ڕۆڵی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له كۆماری كوردستاندا له زۆر ڕووه‌وه بشوبهێنرێت. ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕۆڵی بارزانی له ئه‌زموونی كۆماردا ته‌واو چه‌كداریی و پێشمه‌رگانه بوو، له كاتێكدا ڕۆڵی ئه‌حمه‌د تۆفیق له شۆڕشی ئه‌یلولدا هه‌مه‌لایه‌نه بوو: سیاسیی، چه‌كداریی، ته‌بلیغاتیی، دیپلۆماسیی، پشتگیری ماددیی... هتد.
له باسی پێنجه‌مدا هه‌وڵدراوه سه‌باره‌ت به‌و قۆناغه سه‌خت و ئاڵوزه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌سایه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌حمه‌د تۆفیق دا قسه بكرێت و ئه‌و ناكۆكیی و ناته‌باییانه بخرێنه به‌رچاو كه ڕیزه‌كانی ئه‌و حیزبه‌ی پێوه گرفتار ببوون. هه‌روه‌ها باس له به‌ستنی كۆنگره‌ی دووه‌می حیزبی دێموكرات و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی له نێوخۆی وڵاَت كراوه و پیلانه‌كانی ساواك و فشاری ڕێژیمی شاهه‌نشاهی بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌حمه‌د تۆفیق و ده‌رپه‌ڕاندنی له مه‌یدان خراونه‌ته به‌رباس.
دوا باسی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له ژیانی كورتی په‌نابه‌ریی سیاسیی ئه‌حمه‌د تۆفیق له به‌غدا و پاشتر گرتن و له‌نێوبردنی ده‌كۆڵێته‌وه. دیاره تێكۆشانی سیاسیی ئه‌حمه‌د تۆفیق له به‌غدا له هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختدا بوو. له هه‌موو لایه‌كه‌وه دوژمنانی بۆی له كه‌میندا بوون. بۆخۆیشی هه‌ستی به‌و مه‌ترسییه ڕاسته‌قینه‌یه له‌سه‌ر خۆی كردبوو، هه‌وڵێكی دره‌نگوه‌ختی دا بۆ ده‌رچوون، بۆی نه‌چووه‌سه‌ر. چونكه له‌لایه‌ن جه‌للاده‌كانی به‌عس و به فه‌رمانی نازم گوزاری، به‌ڕیوه‌به‌ری ده‌زگای ئه‌منی عێراق، ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و له زیندانی ئه‌بو غرێب له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كوشتیان.
له كۆتاییدا ئومێد ده‌كه‌م ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه توانیبێتی به‌شێك له خه‌بات و تێكۆشانی مێژووی سیاسیی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی ڕوونكردبێته‌وه. داوایش له خوێنه‌رانی ئازیز و بایه‌خدار ده‌كه‌م به سه‌رنج و تێبینیی و بۆچوون و ڕه‌خنه‌ی زانستی‌یان نێوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه ده‌وڵمه‌ندتر بكه‌ن. چونكه ته‌نیا ئامانجی پشت ئه‌م نووسینه لابردنی ناهه‌قییه‌كی مێژوویی و ده‌رخستنی واقیع و ڕاستییه. به قه‌ولی سه‌عدی شیرازی:
"چو خواهی كه نامت بود جاودان
مكن نام نی‌ك بزرگان نهان."
له‌گه‌ڵ هیوای سه‌ربه‌رزیی و به‌خته‌وه‌ریتان،
د. یاسین سه‌رده‌شتی
گه‌لاوێژی 2607 - سلێمانی
باسی یه‌كه
ئه‌حمه‌د تۆفیق، ناوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی عهبدوڵڵاَ یه، كوڕی سه‌ید حه‌مه‌دمینی ئیسحاقی یه. له ساڵی 1310ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به ساڵی 1931 زایینی له گه‌ڕه‌كی هه‌رمه‌نیانی شاری مه‌هابادی ڕۆژههڵاَتی كوردستان چاوی به دنیا هه‌ڵهێناوه. ئه‌و سێ برا و دوو خوشكی هه‌بوو، كه به‌پێی ته‌مه‌نیان بریتی بوون له: محه‌ممه‌د، حوسێن، خودی عهبدوڵڵاَ، مسته‌فا، سه‌یزاده خونچه و سه‌یزاده كه‌لسوم. دایكی له مهنگوڕهكانی مه‌هاباد بوو. باوكی ماوه‌یه‌ك له مه‌هاباد كاری قه‌سابی ده‌كرد و پاشتر به كاری چێودارییهوه خه‌ریك و له‌و ڕێگه‌یه‌وه بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابین ده‌كرد.
ئه‌حمه‌د له ساڵی 1938دا له خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی په‌هله‌وی له مه‌هاباد خرایه‌به‌ر خوێندن. پتر له ساڵێكی نه‌برد كه هه‌لومه‌رجی جیهان و ناوچه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزییه‌كی توند ڕۆیی. هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی دووه‌می جیهان و به‌هێزبوونی خێرای پێوه‌ندییه‌كانی ئێرانی شاهه‌نشاهی و ئه‌ڵمانیای نازیی و زیادبوونی فشاری ڕێژیمی ڕه‌زاشا له نێوخۆی وڵاَت، تا ده‌هات دۆخی سیاسیی ئێران و ناوچه‌كه‌ی ئاڵۆزتر ده‌كرد. به‌تایبه‌ت په‌لامار و داگیركردنی ئێران له‌لایه‌ن هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی شوره‌وی و بریتانیاوه له 25ی ئابی 1941دا، كه ئاكامه‌كانی به رووخاندنی ڕێژیمی دیكتاتۆری بیست ساڵه‌ی ڕه‌زاشا و لهبهریهكههڵوهشاندنی له‌شكری شاهه‌نشاهی كۆتایی هات. به‌وه‌ش ئاڵوگۆڕێكی نوێ له هه‌لومه‌رجی گشتیی ئێران و تایبه‌تی كوردستان و هه‌رێمی موكریان ده‌ستیپێكرد.
ڕووداوه‌كانی ساڵاَنی 1941-1946ی شاری مه‌هاباد، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر لاوانی ئه‌و شاره به‌گشتی و له‌سه‌ر ڕۆحییه‌ت و كه‌سایه‌تی ئه‌حمه‌د تۆفیق به‌تایبه‌تی هه‌بوو. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی نیزامی له‌و شاره، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكیی سیاسیی، بووژاندنه‌وه‌ی هۆشی نه‌ته‌وایه‌تی، دامه‌زراندن و تێكۆشانی چه‌ند ڕێكخراوی ئازادیخوازانه و ناسیۆنالیستی كوردیی، وه‌ك 'حیزبی ئازادیی كوردستان' و 'كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان' (ژ. ک.) و پاشتر 'حیزبی دێموكراتی كوردستان' و په‌ره‌سه‌ندنی شه‌پۆلی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له‌پێناوی وه‌دیهێنانی ئازادی و مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كاندا[1]، هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تی له مه‌هاباد هێنابووه ئارا. ئه‌و هه‌لومه‌رجه به‌خێرایی لاوانی خوێنگه‌رمی مه‌هابادی بۆ كۆڕی به‌شداری و تێكۆشان ڕاده‌كێشا.
ئه‌حمه‌د كه ئه‌و كات له پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی بوو، به‌زوویی تێكهڵاَویی چالاكییه خوێندكارییه‌كانی لاوانی مه‌هاباد بوو. به‌تایبه‌تی له‌دوای دامه‌زراندنی 'سازمانی جه‌وانانی كورد'، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له خوێندكارانی 'ده‌بیرستانی په‌هله‌وی' وه‌ك: غه‌نی بلوریان، عه‌لی مه‌وله‌وی، سه‌دیقی سیاسه‌ری... هتد، له نێوه‌ڕاستی شوباتی ساڵی 1942دا. ئه‌و ڕێكخراوه یانه‌یه‌كیان بۆ خۆیان پێكهێنابوو، خه‌ریكی چالاكیی ڕۆشنبیریی و كۆڕی شیعرخوێندنه‌وه بوون و له‌پاش دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵی ژ. ک. له 16ی ئابی 1942دا، بوونه به‌شێك له 'ڕێكخراوی لاوانی ژ. ک. و پاشتریش 'ڕێكخراوی لاوانی دێموكرات'[2].
پاش ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. به مه‌به‌ستی فێركردنی منداڵاَنی كورد به نووسین و خوێندنه‌وه‌ی زمانی زگماكیان و بڵاَوكردنهوهی زمانی كوردی، هه‌ستا به دامه‌زراندنی دوو خوێندنگه‌ی شه‌وانه له شاری مه‌هاباد، یه‌كێكیان به ناوی 'گه‌لاوێژ' و ئه‌وی دیكه‌یان به ناوی 'ئازادی'. ئه‌حمه‌د خۆی له خوێندنگه‌ی گه‌لاوێژ ناونووس كرد و شه‌وانه بۆ فێربوونی نووسین و خوێندنه‌وه به زمانی كوردی ڕووی له‌و خوێندنگه‌یه ده‌كرد كه له گه‌ره‌كی 'قوله قه‌بران'ی شاری مه‌هاباد و سه‌ره‌تا له ماڵی حاجی ئه‌حمه‌دی گادانی و پاشتریش بۆ ماڵی سه‌ید عهبدوڵڵاَی ته‌هازاده گوێزرایه‌وه. ئه‌و خوێندنگه‌یه له‌لایه‌ن مه‌لا عهبدوڵڵاَی داودی كه ناسراوه به 'مه‌لای حهجۆكی' و به‌رپرسی كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ی شاری مه‌هاباد بوو[3] دهبرابهڕێوه. له‌ڕاستیدا ئه‌و خوێندنگه‌یه جگه له فێربوونی زمانی كوردی، شوێنی خوێندنه‌وه‌ی شیعر و وتاری حه‌ماسی نه‌ته‌وه‌یی بوو و له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه نه‌خشی له په‌ره‌پێدانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی خوێندكارانیدا هه‌بوو.
پێویسته بگوترێت وێڕای ئه‌و نائارامییه‌ی كه له‌دوای داگیركردنی ئێران و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داموده‌زگا سه‌ربازییه‌كانی ڕێژیمی شاهه‌نشاهی سه‌راسه‌ری وڵاَتی تێوه‌گلابوو، شاری مه‌هاباد به‌درێژایی ساڵه‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی نموونه‌یه‌كی ئاساییش و ئارامی بوو. به‌شێكی ئه‌و ئارامییه به‌هۆی هه‌ڵوێستی دڵسۆزی گه‌وره‌پیاوانی شاره‌وه بوو. ئه‌وانه‌ی له ترسی په‌لاماری تاڵاَنخوازی عه‌شیره‌ته چه‌كداره‌كانی ده‌وروبه‌ری شار، وه‌ك به‌شێك له پاشماوه‌كانی ڕۆژانی كێشه‌ی 'كۆچه‌ر و نیشته‌جێكان' هه‌ڵسان به پێكهێنانی ده‌سته‌ی چه‌كداری كێشكچی كه ئه‌ركی پاراستنی ئاساییشی شه‌و و ڕۆژی شاریان گرته‌ئه‌ستۆ و ئاماده بوون به‌رپه‌رچی هه‌ر پێشهاتێكی له‌ناكاو بده‌نه‌وه، هێمنی شاره‌كه تێكبدات. ئه‌م ههوڵاَنهش له‌ژێر چاودێریی و ڕێنیشانده‌ری كه‌سایه‌تیی ڕێزدار و دڵسۆزی شار، محه‌ممه‌دی قازی، كه دواتر به پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، ناوبانگی ده‌ركرد، ده‌چوو به‌ڕێوه[4].
شایه‌نی باسه، ئه‌حمه‌د وه‌ك لاوێكی خوێنگه‌رم و ئه‌ندامێكی سازمانی جه‌وانان به‌په‌رۆشه‌وه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا شه‌و و ڕۆژ به‌نێو كۆڵاَن و شه‌قامه‌كانی نێو شاردا ده‌سووڕان و وه‌ك پاسه‌وانێكی ههمیشهئاماده ڕۆڵیان له ئارامی شاردا ده‌بینی. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سازمانی جه‌وانان تفه‌نگێكیان به ئه‌حمه‌د به‌خشیبوو[5] كه ده‌گونجێت ئه‌وه یه‌كه‌مین ده‌رفه‌ت و ئه‌زموون بێت بۆ ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ چه‌ك و كاری چه‌كدارییدا.
له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهانی جووڵاَنهوهی نه‌ته‌وایه‌تی له كوردستانی ئێران وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌دی و پێی خسته قۆناغێكی گرنگ و نوێی مێژووییه‌وه، به چه‌شنێك زه‌مینه‌ی گونجاوی بۆ ڕه‌خسا كه دهسهڵاَتی سیاسیی بگرێته‌ده‌ست. ئه‌ویش به دامه‌زراندنی 'جه‌مهوریه‌تی كوردستان' به ڕێبه‌رایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، كه پایته‌خته‌كه‌ی شاری مه‌هاباد بوو، له 22ی كانونی دووه‌می 1946دا[6]. له‌ڕاستیدا ئه‌و ئه‌زموونه نه‌ك هه‌ر مۆرێكی قووڵی له جووڵاَنهوهی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران دا به‌ڵكو كاریگه‌رییه‌كی قووڵیشی له‌سه‌ر رۆحییه‌تی لاوانی ئه‌وده‌می كوردستان به‌گشتی و شاری مه‌هاباد به‌تایبه‌تی هه‌بوو. ئه‌و ڕۆحییهتهی كه به داگیركردنه‌وه‌ی مه‌هاباد له‌لایه‌ن له‌شكری شاهه‌نشاهی و له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی و هاوڕێیانی له مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباددا و ڕووخاندنی كۆماره ساواكه تووشی شۆك و هوروژانێكی توند هات.
دانا ئاده‌مز شمدت، ڕۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی ئه‌مریكایی، له‌و باره‌یه‌وه سه‌باره‌ت به ئه‌حمه‌د تۆفیق نووسیویه "ئه‌حمه‌د لاو بوو، كاتێك له ساڵی 1947دا هه‌ڵواسینی ته‌رمی قازی محه‌ممه‌د و خزمه‌كانی له مه‌یدانی شاره‌كه‌دا دیتبوو، ئه‌و دیمه‌نه به شێوه‌یه‌كی وا تهزاندبووی كه به‌درێژایی ته‌مه‌نی له‌به‌رچاوی ون نه‌ده‌بوو. قازی محه‌ممه‌د پاڵه‌وانی ئه‌و بوو، كاری ئه‌و له‌و كاته‌دا گه‌یاندنی نامه بوو بۆ سه‌رۆككۆمار، زۆر شانازیشی به‌وه‌وه ده‌كرد كه دوو جار له‌لایه‌ن سهرۆككۆمارهوه ستایش كراوه. جارێكیان به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه نه‌یهێشتووه كابرایه‌كی نه‌ناسراوی بێ پێناس بچێته نێو باره‌گای حیزب و ئه‌وی دیكه‌شی به‌هۆی هاوكاریكردنی له دانان و دیزاینی ئارمی نیشتمانی كوردی دا"[7].
له‌ڕاستیدا چوارده ساڵ پاش ئه‌و ڕووداوه خودی ئه‌حمه‌د تۆفیق له ده‌قێكی ئه‌ده‌بی هه‌ستبزوێندا كاریگه‌ری ئه‌و تاوانانه‌ی ڕێژیمی شاهه‌نشاهی و له‌سێداره‌دانی گه‌وره‌پیاوانی كورد، له‌سه‌ر هه‌ستی ناسكی خۆی نیشان ده‌دات و ده‌نووسێت: "له به‌ره‌به‌یانی رۆژیكی به‌هارا ساڵی 1947ی زایینی، 11 سیداره له شاری سه‌قز له‌لای ده‌رمانگه له په‌نایه‌ك هه‌ڵخرابوون، 11 ته‌رمی پێوه بوو. سام و بی ده‌نگی نه‌ك هه‌ر ته‌رمه‌كان نه‌ك هه‌ر ده‌وروبه‌ر به‌لكو ئه‌رز و ئاسمانیشی داگرتبوو، كه‌س ده‌گه‌ل كه‌س نهدهدووا، چاو بوو بوو به زمان. له‌ناو ئه‌م سام و بی ده‌نگی یه‌دا دایكیكی به‌ژن و بالا به‌رزی ره‌ش پوش وه‌ستابوو دوو ته‌رمی له‌و ته‌رمی شه‌هیدانه دابووهبهر رامان، رامان؟ رامان نا، به‌لام له وشه‌ی رامان به‌ولاوه هیچ وشه‌یه‌كی تر نازانم بو وه‌سفی ئه‌و هه‌لویسته. كاتی كه سه‌رنجی ئه‌و دایكه جگه‌رسووتاوه كوست كهوتووهم ئه‌دا، سه‌رنجی دایكی دوو ئه‌فسه‌ری كۆماری كوردستان، دایكی دوو دوستی مصطفی به‌رزانی، دوو قوتابیی به‌وه‌فای پێشه‌وای نه‌مر... میشكم په‌یتا په‌یتا ته‌زوی پیا ئه‌هات به جۆریك كاسه‌ی سه‌رم دا‌غ بوو، خه‌ریك بووم به مشت پیامالم به‌لام بی ده‌نگی مه‌چه‌كی گرتم. لهپرر ئاگام له دایكی شه‌هیدان برا. ته‌رمیان داگرت، به‌رچاوم تاریك داهات، په‌رده‌یه‌كی به‌سه‌را كشا، ره‌ش ره‌ش هه‌روه‌ك رووی دوژمن رووی كوردستانی كوژان. وای كویر بووم! ئای ئه‌وه چی بوو؟! دوای ئه‌وه زۆرم له خۆم كرد توانیم كه هه‌ر چۆنیك ئه‌بی چاوم ببرمه ئه‌و دیمه‌نه (سویند، په‌یمان، تۆڵه، رزگاریی كورد و كوردستان) كه ویستم بجولیم تا به پیی سویند و تۆڵه و په‌یمان ریگه بگرمه به‌ر، له پرر بی هه‌ست په‌نجه‌م بۆ چاوم برد دلوپ دلوپ ئه‌سرین له پیلووما قه‌تیس مابوون، نهجوولام، نه‌بزووتم، تا دیمه‌نه‌كه به چاوی فرمیسكاوی خوم ببینم ئه‌وسا ریگه‌ی په‌یمان و تۆڵه بگرمه به‌ر..."
هه‌ر لێره‌دا ڕاستییه‌ك هه‌یه كه ده‌بێت ئاماژه‌ی بۆ بكرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بنه‌ماڵه‌ی ئیسحاقی بۆ كوردایه‌تی قوربانیده‌ر بوون، سه‌ید محه‌ممه‌دی ئیسحاقی، برا گه‌وره‌ی ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. و دۆست و هاوڕێی حوسێنی فروهه‌ر، دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه، بوو. سه‌ید محه‌ممه‌د له ده‌ورانی جه‌مهوری كوردستاندا ئه‌فسه‌ری سوپای دێموكراتی كوردستان و سه‌ركرده‌یی ستادی میاندواوی له ئه‌ستۆدا بوو. پاش ڕووخاندنی حكومه‌تی كوردستان و شاڵاَوی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی ڕێژیمی شاهه‌نشاهی، سه‌ید محه‌ممه‌دیش وه‌به‌ر ئه‌و په‌لاماره كه‌وت و پێنج ساڵ زیندانی و دوو ساڵ دوورخستنه‌وه‌ی پێ‌بڕا. پاش ئازادبوونی دووباره كه‌وته‌وه به‌ر ڕاوه‌دوونانی هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕێژیم، هه‌ربۆیه چه‌ند ساڵ له ناوچه‌ی مه‌نگوڕایه‌تی خۆی شاردبووه‌وه تا دواتر له په‌لاماره‌كانی ساڵی 1959دا له‌گه‌ڵ سه‌ید حوسێنی برای و سه‌ید ڕه‌حمانی برازای ڕاپێچی زیندانه تاریكه‌كانی ساواك كران. سه‌ید محه‌ممه‌د حه‌وت ساڵی دیكه له زیندان ڕاگیرا و به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه و لێدانه‌وه پێیه‌كانی فه‌له‌ج بوون، پاش ده‌ركردنی له زیندان شه‌ش ساڵی دیكه دوورخرایه‌وه تا سه‌رئه‌نجام له ساڵی 1978دا به‌ده‌م ئازار و نه‌خۆشییه‌وه گیانی سپارد[9].
هه‌روه‌ها سه‌ید مسته‌فا ئیسحاقی، برابچوكی ئه‌حمه‌د، له‌ژێر كاریگه‌ری و به ڕێنمایی ئه‌حمه‌دی برای له‌گه‌ڵ چه‌ند خوێندكاری دیكه‌ی زانكۆی تاران‌دا وه‌ك: عه‌زیز ژیان، حه‌سه‌ن باباتاهیری، ئه‌میر قازی، حه‌مه‌دمینی سیراجی، فاتیحی شێخولئیسلامی و سه‌لاحودینی موهته‌دی 'كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد'یان دامه‌زراند؛ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی ڕۆڵێكی باشی گێڕا له كۆكردنه‌وه‌ی خوێندكارانی كوردی زانكۆی تاران له ده‌وری خۆی و په‌روه‌رده‌كردنیان به گیان و شێوه‌یه‌كی كوردانه جگه له‌و هاوكاری و پشتگیرییه‌ی كه كۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو به قازانجی شۆڕشی ئه‌یلول له باشووری كوردستان پێشكه‌شی ده‌كرد، مه‌سه‌له‌یه‌كی وا كه پاشتر له باره‌یه‌وه ده‌دوێین. هه‌ربۆیه سه‌ید مسته‌فا و هاوڕێیانی كه‌وتنه‌به‌ر په‌لاماری ده‌زگای سازمانی ئه‌منیه‌ت و له ساڵی 1961دا ڕاپێچی زیندانی قزل قلعه له تاران كران[10].
پاش هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلولی ساڵی 1961 به سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و په‌یوه‌ستبوونی ئه‌حمه‌د تۆفیق به‌و شۆڕشه، نابراو داوای له خزمانی كرد بۆ به‌شداریكردن له شۆڕش خۆ بگه‌ێننه باشووری كوردستان. ئه‌وه بوو سه‌ید حه‌سه‌نی كوڕی سه‌ید حوسێنی برای و دوو خوشكه‌زای دیكه‌ی به ناوه‌كانی مهلاغهفور و حه‌سه‌ن ئیبراهیمی بۆ پێشمه‌رگایه‌تی ڕوویان له باشووری كوردستان كرد.
هه‌ژار به‌م چه‌شنه باس له گه‌یشتنی سه‌ید حه‌سه‌نی ئیسحاقی بۆ باشووری كوردستان ده‌كات: "ڕۆژێ له‌سه‌ر جاده‌ی كۆیه میرانی ساڵح به‌گ له میرانی شهقڵاَوه بانگی كرد:
- هه‌ژار وه‌ره، گه‌نجێك هاتییه ده‌رێ سابراغیمه، هیچ ده زمانی ناگه‌م، هه‌ر ده‌رێ "مهزورم! مهزورم". ئه‌تو بزانه ده‌رێ چی؟
به‌ڵێ گه‌نج ناوی حه‌سه‌نه، برازای ئه‌حمه‌د تۆفیقه، له مامی خۆی ده‌پرسێ. خۆشناوێك و سابلاَغییهكی ده‌ق نه‌شكاو تێك نه‌گه‌یشتوون. حه‌سه‌ن وشه‌ی (مه‌نزورم) به‌كارده‌با، ئه‌و لای وایه مهزورم ده‌بێ چبێ!"[11].
----------------
[به‌شی دووه‌م] [باسی دووه‌م: ئه‌حمه‌د تۆفیق و دامه‌زراندنه‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان]
ژیان و تێكۆشانی سیاسیی ئه‌حمه‌د تۆفیق (1931-1973)
د. یاسین سه‌رده‌شتی 2006.10.26
[به‌شی دووه‌م] [باسی دووه‌م: ئه‌حمه‌د تۆفیق و دامه‌زراندنه‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان]
ئاشكرایه پاش ڕووخاندنی حكومه‌تی كوردستان و داگیركردنه‌وه‌ی شاری مه‌هاباد و له سێداره‌دانی پێشه‌وا و به‌شێكی به‌رپرسانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و گرتن و دوورخستنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌ندامه چالاكه‌كانی، ئه‌و حیزبه تووشی هه‌ڵوه‌شان هات و نزیكه‌ی ته‌واوی نه‌سلی یه‌كه‌می دامه‌زرێنه‌رانی له كار و تێكۆشانی سیاسی دابڕان. توندوتیژبوونی سیاسه‌تی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی ڕێژیمی شاهه‌نشاهی و زۆرداری نه‌ته‌وه‌یی و ئاڵۆزبوونی ناكۆكییه چینایه‌تییه‌كان كاریگه‌ری به‌هێزی له‌سه‌ر لاوانی شاری مه‌هاباد هه‌بوو. ئه‌وانه‌ی ساڵاَنی ئازادیی و ڕۆژانی ده‌ورانی كۆماریان هیچ كات له‌یاد نه‌كردبوو. هه‌ربۆیه پتر له ساڵێكی به‌سه‌ر ڕووخاندنی كۆماردا تێپه‌ڕ نه‌كردبوو كه جموجووڵی لاوانی ئه‌و شاره بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی حیزبی دێموكرات و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی تێكۆشانی سیاسیی هه‌ستی پێده‌كرا.
گادانی ده‌ڵێت: "كه‌م كه‌م شانه‌كانی حیزبی له تاكه‌كه‌سی بوونه دووكه‌سی و تا سێكهسی و بنه‌ماڵه‌ییش پیكهاتن... كارگیڕانی ئه‌م چاخه به پله‌ی یه‌كه‌م ڕه‌حیم سلطانیان، عزیز یوسفی، عبدالله اسحاقی و عبیدالله ایوبیان بوون"[12]. شایه‌نی باسه هه‌ر ئه‌م ده‌سته لاوه بوون كه پاشتر و دوای ئازادكرنی غه‌نی بلوریان و كه‌ریمی وه‌یسی له‌گه‌ڵ ڕه‌حیمی خه‌رازی و عه‌زیز حیسامی كۆمیته‌ی مه‌هابادی حیزبی دێموكراتی كوردستانیان بوژانده‌وه؛ ئه‌و كۆمیته‌یه‌ی وێڕای به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركی خۆی ڕێبه‌رایه‌تی گشتیی كۆمیته‌كانی دیكه‌ی حیزبی به ئه‌ستۆوه بوو[13].
ئه‌حمه‌د ئه‌و كاته لاوێكی تازه‌پێگه‌یشتوو بوو. خوێندكاری ناوه‌ندی بوو له ده‌بیرستانی محه‌ممه‌د ڕه‌زا شا. وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌رزشكارێكی چالاك بوو، له زۆربه‌ی پێشبڕكێیه‌كانی وه‌رزشی یارییه‌كانی فوتباڵ و والیباڵی نێوان شارۆچكه و شاره‌كانی كوردستان به‌شداریی به‌رچاوی هه‌بوو؛ له‌نێو ده‌بیرستانیش ڕۆڵیكی به‌رچاوی ده‌بینی له هاندانی خوێندكاران بۆ ئه‌وه‌ی به زمانی كوردی بدوێن و خۆبه‌دووربگرن له گوتنی سروودی شاهه‌نشاهی كه داسه‌پاوی ئه‌و سه‌رده‌مه بوو[14]. دیاره ئه‌مه‌ش به هاوكاریی و ڕێنمایی چه‌ند مامۆستای دڵسۆزی كوردپه‌روه‌ر بوو مه‌سه‌له‌یه‌كی وا كه سه‌رنجی كارمه‌ندانی ئه‌منیه‌تی ڕێژیمی شاهه‌نشاهی له شاری مه‌هاباد ڕاكێشابوو.
له یه‌كێك له‌و ڕاپۆرته هه‌واڵگرییانه‌ی ده‌زگا ئه‌منیه‌ته‌كانی ڕێژیم كه باس له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جموجووڵی خوێندكاران و مامۆستایانی خوێندنگاكانی شاری مه‌هاباده، هاتووه: "ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێشه بارودۆخی فه‌رهه‌نگی كوردستانه، چونكه مامۆستای خوێندنگاكانی مه‌هاباد، سه‌رده‌شت، بۆكان كه پێشتر لایه‌نگری قازی محه‌ممه‌د بوون حاڵی حازر له‌نێو خوێندكاران‌دا هه‌ر خه‌ریك ته‌بلیغات و قسه‌كردنن. ته‌نانه‌ت به زمانی كوردی له پۆلدا وانه‌كانیان ده‌ڵێنه‌وه و به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتوون به زمانی فارسی نهپهیڤن. مه‌سه‌له‌یه‌كی وا بۆته كه‌وتنه‌وه‌ی قسه و قسهڵۆكێكی زۆر له شاری مه‌هاباددا و ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره كه‌سانه له ناوچه‌كه دوور نه‌خرێنه‌وه زیانێكی وا به‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌وێت كه قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه"[15].
له‌ڕاستیدا په‌ره‌گرتنی جووڵاَنهوهی دیموكراتیی سه‌رتاسه‌ری و بزووتنه‌وه‌ی میللییكردنی نه‌وتی ئێران به ڕێبه‌رایه‌تی به‌ره‌ی نیشتمانی و دوكتۆر موسه‌دق و هه‌نگاوه‌كانی ناوبراو بۆ كزكردنی ده‌ربار و پاشه‌كشێی كاتی شاپهرستهكان، هه‌لومه‌رجێكی ئاوه‌ڵه‌ی له كوردستان پێكهێنا؛ به چه‌شنێك زۆری نه‌خایاند بووه یه‌كێك له شۆڕشگێڕ ترین هه‌رێمه‌كانی وڵاَت و چالاكییه سیاسییه‌كان تێیدا به‌خێرایی په‌ره‌یانسه‌ند و به شێوه‌یه‌كی نیوه‌نهێنی و نیوهئاشكرا ده‌چوو به‌ڕێوه.
لێره‌دا ده‌توانرێت ئه‌و خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌ی كه كۆمیته‌ی مه‌هابادی حیزبی دێموكراتی كوردستان له بۆنه‌ی ده‌رچوونی بڕیاری خۆماڵیكردنی نه‌وتدا له 1ی ئایاری 1951دا و له مه‌یدانی چوارچرای شاری مه‌هاباد ئه‌نجامیاندا، به یه‌كه‌مین خۆپیشاندانی سیاسیی و جه‌ماوه‌ریی ئاشكرای حیزبی دێموكرات له‌قه‌ڵه‌م بدرێت له‌دوای ڕووخاندنی كۆماره‌وه. شایه‌نی باسه، ئه‌حمه‌د تۆفیق چ له ئاماده‌كردن و چ له ڕێبه‌رایه‌تیكردنی خۆپیشاندانه‌كه كه زیاتر له سێ هه‌زار لاوی شاری مه‌هاباد بوون، ڕۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌بوو. ناوبراو بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی خۆپیشاندانه‌كه سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ غه‌نی بلوریان چوونه لای سه‌رگورد په‌نبه به‌گوش، سه‌رۆكی شاره‌وانی، و دواتریش له‌گه‌ڵ عه‌زیزی حیسامی چووبوونه لای فه‌رمانده‌ی تیپی مه‌هاباد، سرهنگ وه‌فا و توانیبوویان چاوپۆشی لێپرسراوان بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانه‌كه مسۆگه‌ر بكه‌ن. پاش ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان ده‌ستیپێكرد، ئه‌حمه‌د تۆفیق له ڕیزی پێشه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران بوو؛ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی كه به‌بێ گیروگرفت كۆتایی هات[16]. وه‌ك بلوریان ده‌ڵێت: "حیزبی توده زانی حیزبی دێموكرات له‌نێو خه‌ڵكدا ڕیشه‌ی هه‌یه و ئه‌ندامانی به نهێنی خۆیان ڕێكخستۆتهوه، داوای پێوه‌ندی لێكردین"[17] .
له‌ڕاستیدا حیزبی توده مه‌به‌ستی له‌و خۆنزیككرنهوهیه بریتی‌بوو له وه‌دیهێنانی خه‌ونی كۆنی، كه خۆی له په‌یداكردنی نفوزی جه‌ماوه‌ری و كۆنترۆڵكردنی جووڵاَنهوهی سیاسی له كوردستان ده‌بینییه‌وه. ئه‌وه‌شی له‌ڕێگه‌ی صارمهددینی صادق وه‌زیری، خه‌ڵكی سنه و دانیشتووی تاران و به‌هۆی سه‌دیقی ههنجیرییهوه كه كارمه‌ندی باڵاَی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ بوو له تاران، بۆ چووه‌سه‌ر[18]. دواتر له به‌هاری ساڵی 1953دا حیزبی توده چوار كادری پله دووی خۆی نارده كوردستان به ناوه‌كانی عبدالرحمن قاسملو، بهنام، ئیحسانوڵڵاَ و جه‌وهه‌ری، به‌مه‌به‌ستی بارهێنانی ڕێبه‌ره لاو و كه‌م ئه‌زموونه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستان به بیری چه‌پی توده‌یی و ئێرانچێتیی و شورهویپهرستیی.
لێره‌وه حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ڕووی سیاسی و ڕێكخراوهیییهوه سه‌ربه‌خۆیی خۆی له‌ده‌ست دا و به پراكتیك بوو به شاخه‌ی حیزبی توده له كوردستان به ناوی "حیزبی دێموكرات". له‌ڕووی ئایدۆلۆژیشه‌وه ڕێبه‌رانی حیزبی دێموكرات پشتیان له كوردایه‌تی كرد و بوونه هه‌ڵگری ئاڵاَی ئینته‌رناسیۆنالیزم به ڕێبه‌رایه‌تی و شێوازه تودهییهكهی؛ مه‌سه‌له‌یه‌كی وا كه ته‌سلیمكردنی ئاڵاَی جووڵاِنهوهی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كورد بوو به ژماره‌یه‌ك ماركسیستی شۆڤێنیستی فارس له تاران؛ ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر زۆر هۆ له ڕه‌هه‌نده ڕاسته‌قینه سیاسیی و مێژووییه‌كانی كێشه‌ی كورد له ئێران نه‌ده‌گه‌یشتن و نه ده‌یانتوانی و نه مه‌به‌ستیشیان بوو له‌پێناو ئامانج و ئاواته‌كانی كۆمهڵاَنی خه‌ڵكی كوردستاندا تێبكۆشن. جگه له‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ ته‌واوی ماندووبوون و تێكۆشانی خه‌ڵكی كوردستانیان كرده قوربانی سیاسه‌ته هه‌لپه‌رست و ناجێگیر و دژبه‌یه‌كه‌كانی ڕێبه‌ره فارسه‌كانی حیزبی توده له تاران[19].
بێ زیان نابێت كه له‌و باره‌یه‌وه چه‌ند نموونه‌یه‌كی مێژوویی بخه‌ینه‌به‌ر چاو. كه‌ریمی حیسامی سه‌باره‌ت به هه‌وڵدانی لاوانی ئه‌و كاته‌ی مه‌هاباد بۆ یادكردنه‌وه‌ی 2ی ڕێبه‌ندان كه دامه‌زراندنی كۆماری كوردستانه، نووسیویه "هاوری یانی كومیتهم بانگ كرد كه له‌سه‌ر چونیه‌تی چالاكی دووی رێبه‌ندان قسه بكه‌ین. پاش باسێكی زۆر هاتینه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه كه ئالاَی كوردستان ساز بكه‌ین و شه‌وی دووی رێ به‌ندان له‌سه‌ر داشانمهجید و قولقولاخ و كیوهكانی ده‌وروبه‌ری مه‌هاباد بیچهقێنین. له دیواره‌كانی نیو شاریش شوعار بنووسین.
براده‌ری كرماشانی كه حیزبی توده بۆ كاری رێكخراوی لاوان ناردبوو, وه‌ده‌نگ هات و گوتی: دووی رێبه‌ندان فیكره‌یه‌كی ناسیونالیستی یه. ئیمه گشتمان ئیرانین و نابێ بیری جیاوازی خوازی بلاَوبكهینهوه. له‌م باره‌یه‌وه له لایه‌ن حیزبی توده‌وه شتیك بۆ من نه‌نووسراوه. زۆرمان قسه له‌گه‌ڵ كرد فایده‌ی نه‌بوو. گوتم:
- تۆ وه‌ك یارمه‌تی ده‌ر به رێكخراوی لاوان هاتوویه ئیره. لیره كومیته‌ی حیزبی دیموكرات بریار ده‌دا.
- حیزبی دیموكرات چه‌س؟ من هه‌وه‌ل جاره ئه‌م قسه‌یه ئه‌بیسم. من ته‌نیا حیزبی توده ئه‌ناسم"[20].
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به عبدالرحمن قاسملوش نووسیویه "كه جولاَنهوهی دژی ئیمپریالیستی له ئێران دا په‌ره‌ی گرت قاسملو هاتبووه ئێران و له تاران له حیزبی توده‌دا كاری ده‌كرد و هه‌تا ئه‌و ده‌م كه وه‌ك كادرێكی حیزبی توده نه‌هاتبووه مه‌هاباد هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كوردستانه‌وه نه‌بوو... دیاره قاسملو باشتر له كاروباری حیزبی ده‌زانی و له شانه‌كانی حیزبی توده‌دا كاری كردبوو. بهلاَم ئه‌وه‌ی باسی نه‌كرایه مه‌سه‌له‌ی كورد یا نه‌ته‌وایه‌تی بوو"[21].
سه‌ید عه‌لی ڕه‌حمانییش ده‌ڵێت: "گشتمان باش ده‌زانین كه ئێران به گشتی و كوردستان به تایبه‌تی خاوه‌نی پیاوانی بلیمه‌ت و به‌ناوبانگی زۆره. تا ئه‌و كاته فێر نه‌كرابووین كه ئه‌وانه كێ بوون و چی‌یان كردووه! بهلاَم ده‌مانزانی كه دایكی ماتیاس راگووشی، سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی مه‌جارستان لیباس شۆری دێ یه‌كه‌ی خۆیان بووه!... به چاكی ده‌مانزانی مۆریس تۆرێز، سكرتێری حیزبی كۆمۆنیستی فه‌رانسه، كرێكاری شیرینی په‌زی بووه!! بهلاَم نه‌مانده‌زانی ئه‌ماره‌ته كوردیه‌كان چی و كێ بوون!؟ یان شێخ سه‌عیدی پیران كێ بوو و چی كردوه؟ یان كۆماری ئازه‌ربایجان و كوردستان ریشه و ماهیه‌تیان چ بووه؟ چونكه ئه‌و كاته لایان وابوو ئه‌وانه قسه‌ی ناسیونالیستین نابێ باسیان لێ بكرێ"[22].
ئه‌حمه‌د قازییش له دیدارێكیدا ده‌ڵێت: "حیزب ده‌قیقه‌ن تابعی حیزبی توده بوو و چه‌پ ده‌ڕۆیشت. مه‌فاخیری میللی مه‌تره‌ح نه‌بوو، نه‌تده‌وێرا باسی یه‌كێكی وه‌ك هه‌مزه ئاغای یان سمایل ئاغای بكه‌ی كه به بیانووی ده‌ره‌به‌گ و ئاغا سه‌ركوت ده‌كرای"[23].
سه‌باره‌ت به كار و چالاكیی سیاسییش له‌و قۆناغه‌دا ده‌ڵێت: "له ده‌ورانی موسه‌دیق حیزبی دێموكرات زۆر به عه‌له‌نی ده‌ستی به چالاكی كرده‌وه، متینگ و خۆپیشاندان هه‌بوو. ئه‌وده‌م 17 سالاَنه بووم تهماسێكمان به حیزب گرت و ده‌عوه‌ت كراینه كۆڕ و جهلهسهكانی حیزب. مه‌رحومی ئه‌حمه‌د تۆفیق له ده‌بیرستانی بوو و دوو سێ ساڵ له من گه‌وره‌تر بوو. ههڵسورینهری ئه‌و مهسایلانه بوو، زۆر چالاك و به غیره‌ت بوو. وه‌بیرم دێ ده‌هاتنه ماڵی ئێمه و له سه‌ر پارچه كاغه‌ز دروشمیان ده‌نووسی و ده‌چوونه سه‌ر شه‌قامه‌كان... ئه‌وده‌م حیزبی دێموكرات بڵێم وه‌ك لقێكی حیزبی توده وابوو، زۆرتر ئێمه ده‌ماندیت وێنه‌ی ئیستالین و شوعاراتی چه‌پی به ده‌ستانه‌وه بوو. بیره‌وه‌رییه‌كی كه له‌و سالاَنهدا له بیرمه ئه‌وه بوو كه له ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی ده‌بیرستانی محه‌مه‌د ره‌زاشا كه كاك ئه‌حمه‌د تۆفیقیش له وێ بوو له جهلهسهیهك دا ئه‌من ئه‌وه‌لین شیعری میللیم به زبانی كوردی كوتبوو و باسی پێشه‌وا و بارزانی و شتی وام كردبوو، ئیزنیان پێنهدابووم بیخوێنمه‌وه... ئه‌حمه‌د تۆفیق بابه‌ته‌كانی ده‌دیت هه‌ر ئه‌ویش ئیزنی نه‌دام. ئه‌وه باون نه‌بێت كه حیزب ئه‌وده‌م ته‌واو موسته‌قیل نه‌بوو"[24].
دیاره ئه‌حمه‌د تۆفیق كه لاوترین و ئازاترین ئه‌ندامی كۆمیته‌ی مه‌هابادی حیزبی دێموكراتی كوردستان بوو، پێده‌چێت به‌هۆی ڕێنماییه حیزبییه‌كانه‌وه یاخود هه‌ر هۆیه‌كی دیك بێت ڕێگه‌ی به خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی ئه‌حمه‌د قازی نه‌دابێت، چونكه وه‌ك بلوریان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌حمه‌د تۆفیق له‌ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه ئه‌وه‌نده پابه‌ند نه‌بوو به بیری توده‌یی. ناوبراو هیچ سه‌روكارێكی له‌گه‌ڵ ئه‌و كلاس و بارهێنانهی كادیره‌كانی حیزبی توده له كوردستان نه‌بوو.
له‌و ڕووه‌وه بلوریان نووسیویه "دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی قاسملو بۆ تاران، حیزبی توده كادیرێكی بۆ ناردین به ناوی ئیحسانوڵڵاَ، ئه‌و كتێبی بۆ دیاری ده‌كردین كه بیخوێنینه‌وه... له‌نێو هه‌مووی ئێمه‌دا ته‌نیا عهبدوڵڵاَی ئیسحاقی ئاماده نه‌بوو كتێب بخوێنێته‌وه و هه‌میشه وه‌به‌ر ڕه‌خنه‌ی ئیحسانوڵڵاَ ده‌كه‌وت... بهڵاَم به‌و حاڵش ئینسانێكی كاری بوو و هه‌میشه له خۆپیشاندانه‌كاندا نه‌خشی به‌رچاوی هه‌بوو. هه‌میشه خه‌ریكی دروشم نووسین و بڵاَوكردنهوهی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كانی حیزبی بوو. ئێمه گه‌لێك جاران ڕه‌خنه‌مان لێده‌گرت و ده‌مانگوت: بڵاَوكردنهوهی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كانی حیزبی ئه‌ركی تۆ نییه و به‌رپرسی خۆی هه‌یه، بهڵاَم گوتنی ئێمه هیچ فایده‌ی نه‌بوو. ئه‌و كه ده‌یدیت ئه‌ندامێكی حیزب خه‌ریكه دروشمێك له‌سه‌ر دیوار ده‌نووسێ، خامه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گرت و بۆخۆی دروشمه‌كه‌ی بۆ ده‌نووسی. عهبدوڵڵاَی ئیسحاقی (ئه‌حمه‌د تۆفیق) به‌ڕاستی ئاشقی كار بوو. زۆر ئازا و نه‌ترس بوو، له هیچ خه‌ته‌رێك نه‌ده‌پرینگایه‌وه و له كاره‌كانیدا سادق و سالم بوو"[25].
كاتێكیش مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم سه‌باره‌ت به هێشتنه‌وه یاخود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌جلیسی شازده له سه‌ره‌تای ئابی 1953دا له ئێران‌دا هاته‌گۆڕێ، حیزبی توده و شاخه‌كه‌ی له كوردستان بڕیاریاندا هانی خه‌ڵك بده‌ن به قازانجی موسه‌دیق به (به‌ڵێ) بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌جلیس ده‌نگ بده‌ن. شایه‌نی باسه ئه‌حمه‌د تۆفیق یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه حیزبی دێموكرات له شاری مه‌هاباددا ده‌ستنیشانی كردبوون تا كۆبوونه‌وه به خه‌ڵكی شار بكه‌ن و ده‌رباره‌ی ریفراندۆم پێویستی ده‌نگدان به به‌ڵێ له‌پێناو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌جلیس بۆ خه‌ڵك قسان بكه‌ن. ئه‌حمه‌د له ڕۆژی ریفراندۆمدا و له نێزیك سندوقی ده‌نگدان و له‌به‌ر مزگه‌وتی هه‌باس ئاغای مه‌هاباد خه‌ڵكێكی زۆری كۆكردبۆوه و هانی ده‌دان له‌پێناو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌جلیسی شاپهرستهكان ده‌نگ بده‌ن[26]. دیاره زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی مه‌هاباد و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌جلیس و به قازانجی موسه‌دیق كۆتایی هات
له‌ڕاستیدا ئه‌حمه‌د تۆفیق به‌هۆی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌وه له بوێری و چاونه‌ترسی و زمانپاراویی توانهیییهكی مه‌زنی هه‌بوو له دانی وتاری ئاگرین و كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و سهرنجڕاكێشانیان، ئه‌و توانایییهی كه سه‌رنجی شمدت ی ئه‌مه‌ریكایی ڕاكێشاوه. هه‌ربۆیه له كتێبه‌كه‌یدا ئه‌حمه‌د به "وتاربێژ و قسه‌زانی مه‌زن... و جارجاره به ناوی 'وه‌زیری ڕاگه‌یاندن' ناوده‌بات"[27].
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی حه‌ڤده‌یه‌می مه‌جلیسدا له‌لایه‌ن دهربارهوه ئیمام خۆیی كه مه‌لایه‌كی عه‌جه‌م بوو، وه‌ك نوێنه‌ری مه‌هاباد ده‌ستنیشان كرابوو كه له‌لایه‌ن سه‌رتیپ موزه‌فه‌ری و فه‌رمانده‌ی تیپی مه‌هاباد و ئاغا شاپهرستهكانهوه به‌توندی پشتگیری لێده‌كرا. حیزبی توده‌ش صارمهددینی صادق وه‌زیری كه كوردێكی سنه‌یی بوو، وه‌ك نوێنه‌ری خۆی ده‌ستنیشان كردبوو. داوایشی له حیزبی دێموكراتی كوردستان كردبوو ده‌نگی بۆ كۆكه‌نه‌وه.
بلوریان سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ئه‌حمه‌د تۆفیق له ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردن ده‌ركه‌وت كه خه‌ڵكی مه‌هاباد به تێكڕایی ده‌نگیان به سادق وه‌زیری دابوو. له‌نێو مه‌نگوڕاندا سندووقی ده‌نگیان له كن پاسگای ژاندارمه‌ری "گوێچكه ده‌ری" دانابوو. هه‌رچه‌نده سندووقه‌كه لێپرسراوی خۆی هه‌بوو بهڵاَم به‌پێی ژماره‌یه‌ك وێنه كه عهبدوڵڵاَی ئیسحاقی له‌و جێیه گرتبوونی، ده‌ركه‌وت كه ژاندارم و ئاغا‌كان وهرزێرهكانیان ناچار كردبوو ده‌نگ به سادق وه‌زیری نه‌ده‌ن... عهبدوڵڵاَی ئیسحاقی چه‌ند وێنه‌ی هێنابۆوه كه پیشانیانده‌دا ئاغا و ژاندارمان له وهرزێرهكانیان داوه و ته‌نانه‌ت به زۆری ڕیخیان پێدهرخوارد داون. ئه‌و هه‌روه‌ها چه‌ند پێناسه‌ی منداڵی ته‌مه‌ن 12-13 ساڵه‌شی وه‌چنگ كه‌وتبوو كه مۆری ده‌نگدانیان پێوه بوو. عهبدوڵڵاَی ئیسحاقی گشت ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كردبووه سوڕه‌ت مه‌جلیس و به دانی به‌رتیل ئه‌وانی به ئیمزای پاسگای گوێچكه ده‌رێ گه‌یاندبوو. سادق وه‌زیریش ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی برده‌وه بۆ تاران كه عهبدوڵڵاَی ئیسحاقی كۆی كردبوونه‌وه و له ڕۆژنامه‌كاندا چاپی كردن. به‌م جۆره ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگانه ڕوون نهكرابایهن له‌وانه‌بوو حكومه‌ت ئیمام خۆیی بكات به نوێنه‌ری خه‌ڵكی مه‌هاباد"[28].
هه‌روه‌ها به لێپرسراوێتی ئه‌حمه‌د تۆفیق ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ڕێبه‌ری حیزبی دێموكراتی كوردستان و به مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی لاوانی سه‌رتاسه‌ری ئێران و پێشوازیكردن له فێستیڤاڵی چواره‌می لاوانی جیهان، لاوان و خوێنكارانی شاری مه‌هاباد له 6ی حوزه‌یرانی 1953دا له باخی میكایل ده‌ستیان به ئاهه‌نگگێڕان كرد. سه‌رتیپ زه‌نگه‌نه، فه‌رمانده‌ی تیپی مه‌هاباد، به بیستنی ئه‌و هه‌واڵه هێزێك به ڕابه‌ری سه‌رگورد رادپور دهنێرێتهسهر ئاههنگگێڕهكان. هێزه‌كه به گه‌یشتنی بۆ‌نێو باخی میكایل په‌لاماری لاوان ده‌دات و ڕه‌هێڵه‌ی گولله به ناویاندا ده‌كات. سه‌رئه‌نجام لاوێك به ناوی حه‌سه‌نی ڕه‌مه‌زانی ده‌كوژرێت و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شیان لێ بریندار ده‌كرێن و هێندێكیشیان لێ ده‌گیرێن.
حیسامی له‌و باره‌یه‌وه نووسیویه: "ئیمه له كوبوونهوهدا بووین ته‌قه هات. گوتمان ته‌قه له لاوان كرا. من و ره‌حیمی سوڵتانیان وهدهركهوتین. له پێش ستادی له‌شكر گه‌یشتینه ته‌رمه‌كان له سه‌ر شانی لاوان بوون و خه‌ڵك ههلهشكوت بوو، من و عهولاَی ئیسحاقی و ره‌حیمی سوڵتانیان كه‌وتینه پێش خۆپیشاندان و دروشمه‌كه بوو به‌وه 'موجازاتی قاتلین' به جارێك خه‌لك ده‌یگوته‌وه... له‌به‌ر مزگه‌وتی هه‌باساغا به جارێك ئاژان و سه‌رباز خۆپیشاندانیان په‌لاماردا... بوو به راكردن و بلاَوه"[29].
پێویسته بگوترێت كه خۆپیشانده‌ران وێڕای لاشه‌كه‌ی حه‌سه‌نی ڕه‌مه‌زانی، وه‌ك ناڕه‌زایی تابوتێكی به‌تاڵیشیان خستبووه‌سه‌ر شانیان. له‌م ڕووه‌وه مام هۆمه‌ر ده‌ڵێت: "كاتی خۆی له ڕووداوێكدا هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی شای ئێران لاوێكی مه‌هابادی شه‌هید ده‌كه‌ن، به‌رپرسانی حدكا به ڕێنوێنی كاك عهولاَی ئیسحاقی (ئه‌حمه‌د تۆفیق) له شاری مه‌هاباد خۆپیشاندانێك دژی هێزه‌كانی شا وه‌ڕێده‌خه‌ن و تابووتێك ئاماده ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر شانی خۆیانی داده‌نێن كه گۆیا ئه‌وه جه‌نازه‌ی شه‌هیدی تێدایه بهڵاَم به‌تاڵ بوو. یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی تابووتی له‌سه‌ر شان ده‌بێ كاك ئه‌حمه‌د بووه. هێزه‌كانی دوژمن ده‌ڕژێنه شه‌قامه‌كان و ته‌قه له خه‌ڵك ده‌كه‌ن و خۆپیشانده‌ران له ترسی گیانی خۆیان هه‌ڵدێن و بڵاَوهی ده‌كه‌ن. بهڵاَم كاك ئه‌حمه‌د به‌ته‌نێ له ته‌نیشت تابووته‌كه ڕاده‌وه‌ستێ و هه‌ڵنایه و ده‌مێنێته‌وه. كاتێك لێی ده‌پرسن تۆ ده‌تزانی تابووته‌كه به‌تاڵه بۆ له به‌رامبه‌ر ڕێژنه‌ی گوللهباراندا ڕاوه‌ستای و هه‌ڵنه‌هاتی!؟ له وهڵاَمدا ده‌ڵێ من چۆن له‌به‌ر دوژمنی خوێڕی هه‌ڵدێم! پاشان چۆن من كارێك ده‌كه‌م خه‌ڵك وره‌یان دابه‌زێ؟"[30].
ئه‌م تێكۆشان و ههڵسووڕاِنه بوێرانه و ئاشكرایه‌ی ئه‌حمه‌د تۆفیق وای كرد له‌لایه‌ن پیاوانی ڕێژیمی شاههنشاهییهوه به باشی شناسایی بكرێت. هه‌ربۆیه پاش سه‌ركه‌وتنی كوده‌تای شاپهرستهكان به هاوكاری ده‌زگا سیخوڕییه‌كانی بریتانیا و ئه‌مریكا، مه‌ئموره ئه‌منیه‌كانی حكومه‌تی له شاری مه‌هاباد چوون ئه‌حمه‌د تۆفیق و حوسێنی فروهه‌ر و چه‌ندین ئه‌ندامی ناسراو و هه‌ڵسووڕی چالاكییه سیاسییه‌كانی حیزبی دێموكراتیان گرت[31]. شایه‌نی باسه، ئه‌حمه‌د دوو مانگ له زیندانی مه‌هاباد بوو. پاشان له‌ڕێگه‌ی به‌رتیل و ده‌مچه‌وركردنی لێپرسراوانه‌وه هه‌لومه‌رجی ئازادبوونی ڕه‌خسا و پاش ده‌رچوونی له زیندان خۆی گه‌یانده ناوچه‌ی مه‌نگوڕان كه شوێنی خۆحه‌شاردانی زۆربه‌ی ئه‌ندام و كادره ڕاوهدونراوهكانی حیزب بوو.
له‌ڕاستیدا حیزبی توده كه ڕۆڵێكی دیار و ئاشكرای له شكستی جووڵاَنهوهی دیموكراتی ئێرانی‌دا هه‌بوو، پاش سه‌ركه‌وتنی كوده‌تاكه هیچ هه‌ڵوێستێكیان له خۆیان نیشان نه‌دا و هه‌لپه‌رستانه له هه‌وڵی تیۆرداتاشیندا بوو تا ئۆباڵی شكستی جووڵاَنهوهكه بخه‌نه‌سه‌ر شانی به‌ره‌ی نیشتمانی. له‌لایه‌كی تره‌وه شاڵاَوی به‌رفراوانی ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕێژیمی شاهه‌نشاهی بۆسه‌ر ڕێكخراو و باره‌گا و ئه‌ندامه‌كانی حیزبی توده له تاران و گرتنی به‌شێكی به‌رچاوی ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌و حیزبه و بڵاَوكردنهوهی پهشیماننامهكانیان له ڕۆژنامه‌كاندا، هه‌روه‌ها سه‌رقاڵبوونی ڕێژیم به سه‌ركوتكردنی ده‌سته و هێزه ئۆپۆزیسیۆنه ئێرانییه‌كان له پایته‌خت و شاره گه‌وره‌كاندا هه‌لومه‌رجێكی بۆ ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموكراتی كوردستان هێنایه‌پێش كه بڕیاربده‌ن به مه‌به‌ستی پاراستنی ڕێكخستنه‌كانی خۆیان و به كه‌ڵكوه‌رگرتن له فه‌زای تاڕاده‌یه‌ك ئاوهڵاَی گونده‌كانی كوردستان، سه‌ربه‌خۆ له حیزبی توده، له تێكۆشانی سیاسیی خۆیان به‌رده‌وام بن.
شایه‌نی باسه، دووبارهچاپكردن و بڵاَوكردنهوهی پێنج ژماره له كوردستان، ئۆرگانی حیزبی دێموكرات، له سه‌ره‌تای ساڵی 1954دا و له شاری ته‌ورێز و به هاوكاری فیرقه‌ی دیموكراتی ئازه‌ربایجان، یه‌كه‌مین به‌رهه‌می ئه‌و سه‌ربه‌خۆیییه بوو. بلوریان كه ئه‌وده‌مه به مه‌به‌ستی یارمه‌تیی كۆكردنه‌وه هاتبووه باشووری كوردستان، له‌و ڕووه‌وه نووسیویه: "به یارمه‌تی پارتی، نزیكه‌ی بیست هه‌زار تمه‌نم كۆكرده‌وه و ئه‌وم به ئه‌سعه‌ددا نارده‌وه بۆ حیزب. ئه‌سعه‌د پاره‌كانی ته‌سلیمی عهبدوڵڵاَی ئیسحاقی كردبوو. عهبدوڵڵاَ نامه‌یه‌كی به ئه‌سعه‌ددا بۆ ناردبووم كه به‌په‌له بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ناوچه‌ی مه‌نگوڕان. ئه‌و نووسیبووی حیزب بڕیاری داوه ڕۆژنامه‌ی كوردستان، ئۆرگانی حیزب، ده‌ربكات"[32].
سه‌باره‌ت به بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی حیزبی دێموكراتیش، ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب له به‌هاری ساڵی 1955دا له تاران كۆبوونه‌وه و به‌گشتی بڕیاریاندا پێوه‌ندیی ته‌شكیلاتی له‌گه‌ڵ حیزبی توده‌دا بپچڕێنن و نامه‌یه‌كی ڕهخنهئامێزیش سه‌باره‌ت به بێهه‌ڵوێستی حیزبی توده له‌مه‌ڕ كوده‌تای 19ی ئاب بنووسن و حیزبی كۆمۆنیستی شووهروی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه؛ ئه‌و بڕیاره‌ی له یه‌كه‌مین كۆنفرانسی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا له ناوچه‌ی لاجان و له مایسی 1955دا جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه و هه‌نگاوی بۆ نرا[33].
ئه‌حمه‌د تۆفیق كه ئه‌وكات به نهێنی له شاری سنه و له ماڵی عوبێدی خالقی كاری حیزبی ده‌كرد، پاش مه‌ترسیی ئاشكرابوونی، به بڕیاری حیزبی گه‌ڕایه‌وه مه‌هاباد و ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمیته‌ی مه‌هابادی پێ‌سپێردرا[34]. ناوبراو وه‌ك ئه‌ندامێكی ڕێبه‌رایه‌تی حیزب به‌توندی پشتگیریی له سه‌ربه‌خۆیی حیزب و گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر خه‌تی ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وایه‌تیی ده‌كرد له به‌رامبه‌ر ئه‌ندامه تودهكرات و كۆسمۆپۆلیتییهكاندا. هه‌روه‌ك سه‌عید كاوه له بیرهوهرییهكانییدا كاتێك باس له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموكرات ده‌كات له گوندی ئالیاوێ، ده‌نووسێت: "به‌شدارانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بریتی بوون له كاك عهبدوڵڵاَی ئیسحاقی، كاك سوله‌یمانی موعینی، كاك هاشمی حه‌ق ته‌ڵه‌ب، كاك حه‌مه‌ده‌مینی راتبی، كاك محمه‌دی بحرالعلوم... چوار پێنج ڕۆژی هه‌وه‌ڵ زۆر به گه‌رموگوڕی و خۆشی و پێكه‌نین كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌ده‌چوو. كاتێك گهیشتهسهر به‌شی ڕه‌خنه و پێشنیار، دوو ڕۆژی ته‌واو چه‌قه و ههڵڵاَو لێك سوورهه‌ڵگه‌ڕان بوو... ناته‌بایی دوو بیری جیاواز به ئاشكرا له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خۆی ده‌نواند. یه‌كێ به كورد و كوردستانی سوێند ده‌خوارد، یه‌كێ به ماركس و لێنینی دهقۆزستهوه"[35].
له‌م قۆناغه‌دا پێوه‌ندیی و هاتوچۆكردنی كادێره‌كانی حیزبی به نهێنی له نێوان ڕۆژههڵاَت و باشووری كوردستاندا ئه‌نجام ده‌دران. ناوی ئه‌حمه‌د تۆفیقیش هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا بوو وه‌ك ناوێكی خوازراو به‌سه‌ر عهبدوڵڵاَی ئیسحاقیدا دابڕا. عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ له چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: "دكتۆر قاسملو ئه‌وكات كه ئه‌من مه‌سئولی حیزبی شیوعی له قهلاَدزێ بووم ساڵی 1954، هات ئه‌و و ئه‌حمه‌د تۆفیق و كاك غه‌نی"[36].
له پووشپه‌ڕی ساڵی 1336ی هه‌تاوی/ ته‌مووزی 1957، كۆمیته‌ی ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموكراتی كوردستان بڕیاریدا بۆ وه‌رگرتنی نه‌زه‌ری گشتیی جیهانیی و به‌شداریكردن له ڤیستیڤاڵی لاوان له مۆسكۆ، ئه‌حمه‌د تۆفیق به ناوی مه‌سئول و ڕه‌حمانی قاسملو به ناوی مشاویر ڕه‌وانه بكرێن[37]. ئه‌حمه‌د تۆفیق له‌ڕێگه‌ی باشووری كوردستانه‌وه چووه شام و له‌وێ به ناوی موراد ماوه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه. پاشتر چۆته پراگ و بێ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی سه‌فه‌ری بۆ مۆسكۆ بۆ بڕه‌خسێت.
عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "دكتۆر قاسملو هه‌وڵێكی زۆری بۆ دابوو له پراگ به‌س نازانم چۆن بوو ئه‌ویش نه‌چوو! دوایه ئه‌حمه‌د تۆفیق گه‌ڕاوه و چۆوه كوردستان"[38].
وێڕای وازهێنانی به‌شێكی ئه‌ندامانی ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌دوای كوده‌تای 19ی ئابی 1953 له كاری سیاسیی وه‌ك ڕه‌حیمی سوڵتانیان و كه‌ریمی وه‌یسی، هه‌روه‌ها گرتن و حوكمدانی به‌شێكی دیكه‌ی كادیران وه‌ك غه‌نی بلوریان و سوله‌یمانی موعینی و ئه‌سعه‌دی خودایاری. چالاكیی و تێكۆشانی حیزبی دێموكرات تووشی ڕاوه‌ستان نه‌هات. ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا بوو كه ڕێكخراوه‌كانی خواره‌وه‌ی حیزب هێشتا به‌ر په‌لامار نهكهوتبوون و ئه‌ندامانی دڵسۆزانه هه‌ڵده‌سووڕان.
له نامه‌یه‌كی عبدالرحمن قاسملودا كه بۆ مه‌لا مسته‌فای بارزانی نووسیوه له‌و باره‌یه‌وه هاتووه: "كاری حیزبی دێموكراتی كوردستان، به‌تایبه‌تی پاش كوده‌تای ساڵی 1953 په‌ره‌یگرت چونكو حیزب ده‌ستیپیكرد به‌وه كه سه‌ربه‌خۆ كار بكات و كاری كوردستان هه‌ر خۆی به‌رێته پێش.
ئه‌و ناوچه‌یانه كه بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی زۆر تێدا به‌هێزه ئه‌وانه‌ن: ناوچه‌ی جه‌لالی و شكاكان، مه‌رگه‌وه‌ر و ته‌رگه‌وه‌ر، ناوچه‌ی مه‌نگوران و پیران و لاجان، دێیه‌كانی ده‌وروبه‌ری شنۆ و مه‌هاباد و ناوچه‌ی پشده‌ریان تا حدودی عراق. ناوچه‌ی بانه و ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی جوانڕۆیان و هه‌ورامان. بزووتنه‌وه له حدودی عراق و ایران له شنۆوه هه‌تا كرماشان زۆر به‌هێزه و حیزبی دێموكراتی كوردستان له زۆربه‌ی ئه‌و دێیانه سازمانی 'منظمه'ی هه‌یه...
ئه‌و سێ نه‌فه‌ره‌ی كه ئێستا له كوردستانی ایران كاری حزبایه‌تی به ده‌سته‌وه‌یه و ئه‌فرادی كۆمیته‌ی مه‌ركه‌زین ئه‌وانه‌ن:
1. عبدالله اسحاقی
2. عزیز یوسفی
3. رحمت اله شریعتی
ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزب به چاكی لێم مه‌علووم نیه، چونكو ئێمه جارێ له‌به‌ر نهێنی بوونی كاره‌كه أمارمان كه‌مه. له پاشا ئه‌وه ساڵك زیاتره من له كوردستان دوورم له حاێڵكدا له‌و یه‌ك ساڵدا زۆر گۆڕانی گه‌وره له ژیانی سیاسی كوردستاندا هاتۆتهپیش كه به قازانجی بزووتنه‌وه‌ی حزب بووه"[39].
http://www.rojikurd.net/ku/taibet/mezhu/1212-------1931-1973
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر