Pages

۱۳۹۱ اسفند ۲۹, سه‌شنبه

بەیاننامەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە جێژنی نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی کوردان!



بەیاننامەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە جێژنی نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی کوردان!
خەڵکی تێکۆشەرو وڵات داگیرکراوی کوردستان!
مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری  واهاتەوە نەورۆزی کوردەواری.


جگە لەوە کە جێژنی نەورۆز جێژنی نەتەوەیی کوردانە، هاوکات جێژنی زاڵبون بە سەر سەرماو سۆڵەی زستانە، لە دەسپێکی ئەم جێژنەدا، وەرزی بەهار و گەش بونەوەی دارستان و گژو گیا دەستپێدەکات، وە بە تێکڕا باڵندەو پەلەوەرەکانیش لەم وەرزەدا هەوڵ بۆ داڕشتنی بناغەی ژیانێکی نوێ دەدەن، وە بە گشتی ژیان نوێ دەبێتەوە، هەروەها ئەم وەرزە هیوایەکی دیکە بە ژیانی مرۆڤەکانیش دەبەخشێت.
مێژوی نەورۆز لە ناو کوردان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە کولتور و ناسنامەی نەتەوەیی ئەم نەتەوەیە، لە بەر ئەوە ئەم جێژنە هێمای سەرکەوتنی وەرزی بەهار و گەرما بە سەر سەرمایە، هاوکات وەرزی وەزینی خۆر و ڕوناکی بووە، ئەوەش کاریگەری گرنگی هەبووە لە سەر ژیانی نەتەوەی کورد، لە ناوچەیەکی شاخاوی وەک کوردستان.
پێویست بە وتن دەکات کە ئەم جێژن و وەرزەش گوڕ و تینێکی گەرمی بە تێکۆشانی گەلەکەمان لە مێژوو، ئیستا و داهاتوو بەخشیوەو دەبەخشێت. جێژنی نەورۆز جێژنی کۆنی کوردان هەمیشە سومبولی نەتەوەیی و ڕزگاری گەلەکەمان بووە، هەر بۆیە هەمیشە لەو جێژنەدا هەوڵی ماڵوێران کردنی کوردان دراوە و دوژمنی نەتەوەکەمان و بەتایبەت داگیرکەرانی کوردستان ئەو پەڕی هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوە کە ئەم جێژنە نەتەوەییە کە لە مێژوودا سیمبولی ژیان و ژیانەوەی کورد بووە، تێکی بدەن.
داگیرکەرانی کوردستان هەر دەم ویستویانە لە نەورۆز و وەرزی خۆشی و شادی، سیمایەکی ناخۆش و پر لە کارەسات لە ناو خەیاڵ و هزری مرۆڤی کورد جێبهێڵن. هەر بۆیە لەو وەرزەدا شاری هەڵبەجەیان کیمیا باران کرد و هەزاران شەهید و سەدان کەم ئەندامی لە دوای خۆی بەجێهێشت.
هەروەها پێشەوا قازی موحەممەد لە جێژنی نەورۆز و دەسپێکی وەرزی جوانی لە سێدارە درا، ئەوە و دەیان کارەساتی دیکە ئەو پەیامە بە ئێمە دەدات کە دوژمنانی نەتەوەکەمان دەیانهەوێت نەتەوەی کورد بەچۆکدا بێنن و هیوای کورد کز و لاواز بکەن.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ ئەوە دا کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر دەستگیری لاوانی کورد لە دەسپێکی جێژنی نەورۆزی کوردی ئیدانە دەکات، هاوکات داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتاییبەت بنەماڵەی دەستگیرکراوەکان دەکات کە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لەو بۆنە نەتەوەییەدا بکەن، با دوژمنانی گەلەکەمان هەست بەوە بکەن کە بە گوشار خستنە سەر کۆمەڵانی خەڵک، ورەی نەتەوەی کورد لاواز نابێت و تا گەیشتن بە ئازادی و ئاشتی یەکجاری تێدەکۆشن.
پیرۆز بێت جێژنی نەورۆز، جێژنی کۆنی کوردان.
دەستەی کارگێڕی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٨ی ڕەشەمەی ١٧١٢ ی کوردی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر