Pages

۱۳۹۱ اسفند ۱۴, دوشنبه

کرێکاران له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌ى خه‌باتن بۆ ئازادى ژنان و یه‌کسانى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى ژن و پیاو


 کرێکاران له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌ى خه‌باتن بۆ ئازادى ژنان و یه‌کسانى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى ژن و پیاو 



رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی کوردستان به‌بۆنه‌ی رۆژی 8ی ئاداره‌وه‌ لێدوانێکی نوسراویان بڵاو کرده‌وه‌ و له‌و لێدوانه‌دا سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ژنانی ره‌نجده‌ر و تێکۆشه‌رانی مێژووی کورد زانیاری گرنگیان دا . 
له‌ لێدوانه‌که‌یاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ که‌ :" له‌ سه‌رتاسه‌رى دنیادا به‌ ده‌یان ملیۆن ژن ناچار به‌ له‌شفرۆشتن و گیرۆده‌بوونى بانده‌کانى قاچاخچێتى و بازرگانى کردن به‌ ژنانه‌وه‌ بوون. " ده‌ڵێن :" ژنان لاوازترین قوربانیانى جه‌نگه‌کان و قاتوقڕیه‌کانن و سێ چاره‌ک زیاترى نه‌خوێنده‌وارانى دنیا مێینه‌ن. "
له‌ لێدوانه‌که‌ی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی کوردستان دا هاتووه‌ :" 

زیاتر له‌ سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژنانى کرێکار له‌ ڕێگاى ڕێکخراوه‌ جیهانیه‌کانى خۆیانه‌وه‌ ڕۆژى هه‌شتى مارسیان وه‌ک ڕۆژى وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر ژێرده‌سته‌یى و نایه‌کسانى له‌ دژى ژنان دیارى کرد. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ مێژووى له‌وه‌وبه‌ردا بیرهێنه‌ره‌وه‌ى خه‌باتى ژنانى کرێکارى ئه‌مریکا بوو له‌ دژى بێ مافى و هه‌ل‌ومه‌رجى سه‌ختى کارکردن و ژیانى ژنان که‌ له‌ ساڵى ١٨٥٧ه‌وه‌ ده‌ستى پێ کردبوو .
زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌ک به‌سه‌ر دیاریکردنى ئه‌م ڕۆژه‌ وه‌ک ڕۆژێکى جیهانى تێده‌په‌ڕیت، به‌ڵام هێشتا نایه‌کسانى و سته‌م مۆته‌که‌ى ژیانى چه‌ند ملیار ژنى جیهانه‌. سته‌م له‌سه‌ر ژنان دزێوترین دیارده‌ى به‌رجه‌سته‌ى ژیانى کۆمه‌ڵگاى هاوچه‌رخه‌ و به‌ ده‌گمه‌ن کۆمه‌ڵگا هه‌یه‌ که‌ له‌م به‌ڵایه‌ ڕزگارى بووبێت. هێشتاش ژنانى کرێکار له‌ سه‌ختترین بارودۆخدا کار ده‌که‌ن و موچه‌کانیان ته‌نانه‌ت ناگاته‌ ئاستى موچه‌ و کرێى مه‌مره‌ومه‌ژى کرێکارانى پیاویش. له‌ سه‌رتاسه‌رى دنیادا به‌ ده‌یان ملیۆن ژن ناچار به‌ له‌شفرۆشتن و گیرۆده‌بوونى بانده‌کانى قاچاخچێتى و بازرگانى کردن به‌ ژنانه‌وه‌ بوون. ژنان لاوازترین قوربانیانى جه‌نگه‌کان و قاتوقڕیه‌کانن و سێ چاره‌ک زیاترى نه‌خوێنده‌وارانى دنیا مێینه‌ن . 
سه‌ره‌ڕاى نایه‌کسانى ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تی، ژنان له‌ به‌شێکى گه‌وره‌ جیهاندا به‌ ده‌ست بێ مافى و سته‌مى جنسیه‌وه‌ ده‌ناڵینن. له‌ زۆرێک له‌و وڵاتانه‌ى که‌ سه‌رکوتگه‌ریى بێ په‌رده‌ باڵاده‌سته‌ ژن بوون به‌ واتاى پله‌دووییه‌. یاسا و فه‌رهه‌نگ و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌ ئاشکرا دژى ژنن. کوردستانیش یه‌کێکه‌ له‌و وڵاتانه‌. له‌ کوردستاندا ئه‌گه‌ر چى ژنان به‌ ڕاده‌یه‌کى هه‌رچى زیاتر تیکه‌ڵ به‌ کارى کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌بن و ده‌بنه‌ کرێکار و فه‌رمانبه‌ر، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کى دوو قات وه‌ک کرێکارێکى ژن، وه‌ک ژنیش جیاکارى و سته‌میان ده‌رهه‌ق ده‌کرێت. زۆربه‌ى ژنان له‌ ساده‌ترین مافه‌ شه‌خسیه‌کانى خۆیان بێ به‌شن و ساده‌ترین ئازادیه‌ فه‌ردیه‌کانیان له‌ جلپۆشین و خوێندن و کارکردن و هه‌ڵبژاردنى هاوسه‌ر زه‌وت ده‌کرێت. توندوتیژى له‌به‌رانبه‌ر ژناندا تا ڕاده‌ى کوشتنیان به‌ ده‌ستى ئه‌ندامه‌ نێرینه‌کانى خێزانه‌کانیان له‌ ته‌شه‌نه‌ى به‌رده‌وامدایه‌. ده‌سه‌ڵات و یاساش نه‌ک ته‌نها هیچ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌ ناکه‌ن، به‌ڵکو تا ڕاده‌یه‌کى زۆریش ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ڕیگاى بۆ خۆش ده‌که‌ن و بره‌وى پێ ده‌ده‌ن .
ژنانى کرێکار سه‌ره‌ڕاى چه‌وساندنه‌وه‌یان وه‌ک کرێکار، هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داران و به‌ڕێوبه‌ر و کارفه‌رماکانه‌وه‌ وه‌ک نێچیرێک بۆ ئاره‌زوه‌کانیان سه‌یر ده‌کرێن. ته‌حه‌روشى جنسى له‌شوێن کاره‌کاندا دیارده‌یه‌کى بڵاوه‌و هیچ یاسایه‌کى تایبه‌ت بۆ ڕێگالێگرتن و که‌مکردنه‌وه‌ى بوونى نییه‌. ژنانى کرێکارى منداڵدار که‌مترین ئیمکاناتیان بۆ په‌یداکردنى دایه‌نگاى مناڵه‌کانیان بۆ فه‌راهه‌م ده‌کرێت و ناچار ده‌بن به‌شێکى زۆرى موچه‌که‌یان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان بکه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌ سه‌دان هه‌زار ژنى ماڵه‌وه‌ به‌ به‌شێکى هێزى یه‌ده‌کى کار و کرێکارى بێکار حیساب ناکرێن و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ دواکه‌وتووه‌کان ئه‌و ئه‌رکه‌یان له‌سه‌ر شانى ده‌سه‌ڵاتداران که‌مکردۆته‌وه‌ که‌ بیمه‌ى بێکارى بۆ ژنانى بێکار فه‌راهه‌م بکه‌ن .
ئێمه‌ له‌ ڕێکخراوى کرێکارانى بیناسازى له‌ کوردستان له‌م ڕۆژه‌دا وێڕاى پیرۆزبایى له‌ سه‌رجه‌م ژنان، پێ له‌سه‌ر خواسته‌کانى ژنانى کوردستان داده‌گرین و خۆمان به‌ به‌شێک له‌ خه‌باتکارانى ڕیزى پێشه‌وه‌ى جوڵانه‌وه‌ى یه‌کسانى ژن و پیاو ده‌زانین. ئێمه‌ هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و داکۆکیکاران له‌ ئازادى و مافه‌کانى ژنان ڕایده‌گه‌یه‌نین که‌ ئازادى ژن پێوه‌رى ئازادى کۆمه‌ڵگایه‌ و خه‌باتى ژنان به‌ به‌دیهێنانى سه‌رجه‌م مافه‌کانیان به‌شێکى دانه‌بڕاوى خه‌باتى ئێمه‌ بۆ ژیانێکى شایسته‌ى ئینسان بۆ سه‌رجه‌م کرێکارانه‌.

بژى هه‌شتى مارس ڕۆژى جیهانى ژنان!
سه‌رکه‌وتوو بێت خه‌باتى هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ به‌دیهێنانى یه‌کسانى ژن و پیاو!
ڕێکخراوى کرێکارانى بیناسازى له‌ کوردستان

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر