Pages

۱۳۹۲ فروردین ۱۵, پنجشنبه

من زۆر باشم، تا دوا هه‌ناسه‌شم هه‌ر باش ده‌بم" ئۆجه‌لان، نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی گه‌لی كورد ده‌كات



من زۆر باشم، تا دوا هه‌ناسه‌شم هه‌ر باش ده‌بم" 
ئۆجه‌لان، نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی گه‌لی كورد ده‌كات

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ په‌یامێكدا ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ سه‌ر من، جێبه‌جێم كرد، سه‌ره‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌ بۆ چالاكی" راشیده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك باش بزانێت كه‌ ئیتر ژیانێكی جیاواز دێته‌ ئاراوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌، وه‌فدی چواره‌می BDP چوونه‌ ئیمراڵی و چاویان به‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكاران كه‌وت، له‌و دیداره‌دا په‌یامێكی ئۆجه‌لانیان به‌بۆنه‌ی چالاكییه‌كانی (4ی نیسان)ه‌ وه‌، ئاڕاسته‌ی گه‌لی كورد و رای گشتی كرد.

له‌و په‌یامه‌دا ئۆجه‌لان ده‌ڵێت: "وا پێده‌نێمه‌ 65 ساڵیمه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ سه‌ر من، جێبه‌جێم كرد، سه‌ره‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌ بۆ چالاكی، وابیری لێده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ئاستێكی گرنگدا حورمه‌ت و خزمه‌تی گه‌وره‌ی خۆمم به‌رامبه‌ر ئه‌وان به‌جێهێناوه‌، ئیتر ئه‌رك له‌سه‌ر شانی ئێوه‌یه‌".

ئۆجه‌لان، به‌پێویستی ده‌زانێت، هه‌موو كه‌سێك باش بزانێت كه‌ ئیتر ژیانێكی جیاواز دێته‌ ئاراوه‌، ئومێده‌واریشه‌ له‌به‌ره‌و پێشه‌وچوونی ئه‌م قۆناغه‌دا دڵۆپێك خوێن نه‌ڕژێت، كه‌س كه‌سی تر توشی ئێش و ئازار نه‌كات، هه‌موو كه‌سێك به‌ ئه‌شقه‌وه‌ به‌شداری له‌م قۆناغه‌دا بكات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی ئۆجه‌لان:

دۆستانی هێژا و گه‌له‌ به‌ڕێزه‌كه‌مان هه‌ڤاڵه‌ ژنه‌كان كه‌ هه‌موو رۆژێك سه‌رله‌نوێ ژیان ده‌خوڵقێننه‌وه‌، ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ گه‌نجانه‌م كه‌ گوڕی ئاگری تێكۆشان له‌ناخیاندایه‌، سڵاو له‌ هه‌مووتان ده‌كه‌م، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك شوكرانه‌ و خۆشه‌ویستی بێ كۆتام ئاڕاسته‌ی ئه‌و ده‌یان هه‌زار كه‌سه‌ ئه‌كه‌م كه‌ هاتوون بۆ ئامارا بۆ پیرۆزكردنی رۆژی له‌دایكبوونم، له‌ رۆژێكی وه‌هادا مژده‌م بۆ ئێوه‌ ئه‌مه‌یه‌: به‌ حه‌قیقه‌ت هه‌ل و ده‌رفه‌تی ئاشتییه‌كی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ زیادی كردووه‌، ئه‌مه‌ گرنگترین شتێكه‌ ئێمه‌ پێشكه‌شی مرۆڤه‌كانمانیان بكه‌ین. گرنگی ئه‌مڕۆكه‌ له‌ رۆژی له‌دایكبوونی من زیاتر، سه‌رله‌نوێ له‌ دایكبوونه‌وه‌ی گه‌لێكه‌ و ده‌شزانم كه‌ ئێوه‌ش به‌وشێوه‌یه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌، پێده‌نێمه‌ 65 ساڵیمه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ سه‌ر من، جێبه‌جێم كرد، سه‌ره‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌ بۆ چالاكی، وابیری لێده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ئاستێكی گرنگدا حورمه‌ت و خزمه‌تی گه‌وره‌ی خۆمم له‌به‌رامبه‌ر به‌وان به‌جێهێناوه‌. چیتر ئه‌رك له‌سه‌ر شانی ئێوه‌یه‌. له‌و بڕوایه‌دام وه‌كو له‌ رابردوودا، له‌ ئێستا و داهاتووشدا ئێوه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌شێوه‌یه‌كی شایسته‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. بانگه‌واز له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌م كه‌ به‌خۆی ده‌ڵێ شكۆمه‌ند ــ به‌ شه‌ره‌فم، بێ جیاوازی ده‌وڵه‌مه‌ند، هه‌ژار، ژن، پیاو، گه‌نج و پیر خۆتان له‌گه‌ڵ‌ قۆناغه‌كه‌ رێكبخه‌ن و قۆناغه‌كه‌ به‌ره‌و پێشتر ببه‌ن. پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك باش بزانێت كه‌: چیتر ژیانێكی جیاواز دێته‌ ئاراوه‌. 
ئومێده‌وارم له‌به‌ره‌و پێشه‌وچوونی ئه‌م قۆناغه‌دا دڵۆپێك خوێن نه‌ڕژێت، كه‌س كه‌سی تر توشی ئێش و ئازار نه‌كات، هه‌موو كه‌سێك به‌ ئه‌شقه‌وه‌ به‌شداری له‌م قۆناغه‌دا بكات، ئه‌وه‌ی زیاتر قۆناخه‌كه‌ ده‌رده‌خاته‌ڕوو و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی ده‌بات، گه‌له‌كه‌مانه‌، گه‌لانی هه‌رێمه‌كه‌ن. گوزه‌ركردنی ژنانیش به‌ره‌و ژیانی راسته‌قینه‌، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌م رۆژه‌وه‌یه‌. كارم بۆ خولقاندنی ژیانێكی ئازاد كرد بۆ ژنان و به‌رده‌وامم. ژنان خاوه‌نی هێزێكی بێ كۆتایی خستنه‌ڕووی ده‌رفه‌ته‌كانی ژیانی ئازاد و په‌ره‌پێدانیانن. 
من زۆر باشم، تا دوا هه‌ناسه‌شم هه‌ر باش ده‌بم. 
له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ جارێكی تر به‌ متمانبوونم به‌ ئاشتییه‌وه‌ سڵاو له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌م ." 

سه‌رچاوه‌: سایتی فورات نیوز

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر