بەیاننامەی پارتی سەربەستیی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی بە ١ی مای ڕۆژی کرێکارانی جیهان!
لە ٤ی مانگی مای لە ساڵی ١٩٨٦ی زایینی
کرێکاران لە شیکاگۆی ئەمریکا دەستیان بە ڕێپیوان و مانگرتن کرد، لە چونە سەر
کارەکانیان خۆیان بوارد. داخوازی کرێکاران لەو سەردەمەدا ئەوە بوو کە کاتژمێرە
کارییەکانیان لە ١٠ کاتژمێرەوە بۆ ٨ کاتژمێر دابەزێننە خوارەوە.
ئەوە بە یەکەم قۆناغی خەبات و تێکۆشانی
کرێکاران لە جیهان پێناسە دەکرێت. دۆخی
کرێکاران لە جیهان ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە و لە دەیان وڵات بەشێکی زۆر لە
مافەکانیان بە دەست هیناوە.
بەڵام هەلومەرجی نالەباری کرێکاران و دۆخی
ژیانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئالۆزە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخەکە بۆیان
قورستر دەبێت.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ی زایینی کاتێک کە
ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا ئابڵۆقەی ئابووری بە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دا
سەپاند خواردن و پێداویستیەکانی ڕۆژانە گران بون، ئەوەش کێشەی گەورەی بۆ کریکاران
ساز کردووە. نرخی دراوی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینی و
کۆمەڵگای توشی قەیران کردووە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک
بەشێک لە کوردستانی بندەستی ئێران بۆ ماوەی پتر لە ٣٣ ساڵە لە گەڵ کێشەی ئابوری و
بێکاری دەناڵێنێت. هاوکات دەرفەتی کار لەو وڵاتە بۆ کرێکارانی کورد نییە و بە
ناچار بۆ کرێکاری ڕوو لە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەکەن.
پێویست بە وتن دەکات کە کرێکارانی کورد لە
ناوچە جیاجیاکانی ئێران توشی دەیان کێشە دەبن کە زۆر جار گیانیان دەکەوێتە
مەترسییەوە و بریندار دەبن و تەنانەت هەندێک جار گیانیشیان لە دەست دەدەن. کێشەی
کرێکاران لەو وڵاتە لە ناستاندارد بونی کەرەستە ئیمەنییەکانەوە دەسپێدەکات تا دەگاتە بێکاری و دوور کەوتنەوە لە کار و دەر
کردنیان لە سەر کارەکانیان.
هەنوکە ئەم دۆخە ئاڵۆزەی کە بە سەر کرێکاری
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەپاوە گران بونی کەرەستەو خواردن و بێکار بونی
کرێکارانی لێکەوتۆتەوە.
ئەوە بەدەر لەوەیە کە "حەقدەستی"
کرێکار مانگانە لەو وڵاتە بە کەمتر لە پانسەد هەزارتمەن خەمڵێندراوە، تەنانەت ئەو
بڕە پارەیە زۆر جار دەکەوێتە مانگی دواتر و لە وەر گرتنی بێبەش دەبن.
هاوکات بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ئێران و
ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە ئەو کەسانەی کە داهاتی مانگانەیان کەمتر لە یەک میلۆن و
پانسەد هەزارتمەن بێت لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بە سەر دەبەن و لە گەڵ دەیان
کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی یەخەگیر دەبن.
کرێکاران لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەیان
ڕێکخراوی تایبەت بەخۆیان هەیە و یەکێتی کرێکاران و جوتیاران پێکدەهێنن و لە
چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوانەدا خۆیان ڕێکدەخەن، هاوکات نوێنەر بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن و
لەو ریگایەوە داواکانی خۆیان پێشکەش دەکەن و کاریگەری لە سەر دەسەڵات دادەنێن.
هەنوکە کرێکارانی کورد لە ئێران مافی دورست
کردنی ڕێکخراو و سەندیکای کرێکاریان نییە و ناتوانن خۆیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوی
لەو چەشنە ڕێک بخەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتی ڕێکخراو و
سەندیکا دەکات و بە هەموو شێوەیەک ڕێگە لە چالاکی کرێکاران لەو وڵاتە دەگرێت.
ڕێکخراو بە کولتوری دیموکراتی پێناسە دەکرێت کە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت و لە دژی
هەر چەشنە هەڵوێستێکی نەشیاو لە هەمبەر مافەکانیان پێداگری دەکات. هەنوکە لە ژیر
سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان کرێکار لە بەندیخانەکان بەندکراون و دەیانی
دیکە لە سێدارە دراون.
هاوکات کۆڵبەرانی کورد لە ڕێگای سنورەکانی
باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بژێوی خۆیان دابین دەکەن و بووەتە سەرچاوەی بژێوی
هەزاران کرێکاری کورد، بەڵام بەداخەوە ڕۆژانە لە نێوان سنوری دەستکردی ئەو دوو
بەشەی کوردستان دەیان کرێکار و کٶڵبەری کورد لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی
ئیرانەوە دەکوژرێن و گیان لە دەست دەدەن. پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو
هەڵسوکەوتەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕیسوا دەکات و داوا لە کۆمەڵگای نێو
دەوڵەتی دەکات کە لە ئاست کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کورد بێدەنگ نەبن.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی
١ی مای ڕۆژی کرێکارانی جیهان پیرۆزبایی ئارەستەی هەموو کرێکارانی کوردستان و جیهان
دەکات.
هاوکات لە هەموو کرێکارانی کوردستان
داواکارین کە هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی خۆیان بۆ یەکێتی و یەکڕیزیان بخەنە گەڕ، ماف
و داخوازییەکانی کرێکاران لە یەکێتی و یەکڕیزی ئەو توێژەی کۆمەڵگا بە دەستەوە دێت.
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پشتیوانی خۆمان لە چینی کرێکار چینی بونیادنەری کۆمەڵگا بۆ بەدەست هێنانی
مافەکانیان دەکەین و لە بەرنامە و پێڕەوی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
باییخێکی زۆر بە کێشەی کرێکاران دەدرێت.
دەستەی کارگێڕی پارتی سەربەستیی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
١١ی بانەمەڕی ٢٧١٣ی کوردی (١ی مای ٢٠١٣ی زایینی)
سەرچاوە: سەربەستی ئینفۆ
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر