Pages

۱۳۹۷ مهر ۱۸, چهارشنبه

ژیان‌نامەی هاوڕێی گیان‌بەخت‌كردوو "ڕامین حسێن‌پەناهی" هاوڕێ ڕامین حسێن‌پەناهی ساڵی 1372ی هەتاویی لە گەورە دێی قوڕۆچیای سەر بە ناوچەی لەیلاخ لە كۆشكی بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕ چاوی بە ژیان هەڵهێنا




ژیان‌نامەی هاوڕێی گیان‌بەخت‌كردوو "ڕامین حسێن‌پەناهی"
هاوڕێ ڕامین حسێن‌پەناهی ساڵی 1372ی هەتاویی لە گەورە دێی قوڕۆچیای سەر بە ناوچەی لەیلاخ لە كۆشكی بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕ چاوی بە ژیان هەڵهێنا. 


هاوڕێ ڕامین كوڕە چكۆلە و ئاخر كوڕی ماڵی حسێن‌پەناهی پاش ئەوەی قوتابخانەی سەرەتایی تەواو كرد بە مەبەستی خوێندنی ناوەندی و دواتر دەبیرستان لە شاری دێولان لە ماڵە مامێكی ژیانی بە سەر دەبرد. ساڵی 2002 لە كاتی سەردانی بۆ لای براكانی لە ڕیزەكانی كۆمەڵە پاش گەڕانەوەی لەگەڵ دایە شەریفە بۆ یەكەم جار گیرا و بۆ ماوەی 23 ڕۆژ لە ئیتلاعات مایەوە. پاش ئازادبوونی لە قوتابخانە لەبەر وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە بە فەرمانی ئیتلاعات دەركرا و چەند ساڵ دواتر كاتێك برا گەورەكەیان كاك ئەنوەر گیرا و حوكمی ئیعدامی بە سەردا سەپا، هاوڕێ ڕامین و ئەفشینی برای، ئەو كات كە گەنج‌بوون لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێیانیان لافیتەیك كە بە نوسراوەیەك كە داوای ئازادی كاك ئەنوەریان كردبوو لە بەر درگای ئیتلاعاتی شاری دێولان هەڵواسی و دوو ڕۆژ دواتر هەر دووكیان لە لایەن ئیتلاعاتەوە گیران و هەر كامەیان بە 3 مانگ زیندان حوكم دران. پاش ئازادبوونی لە كاتی شەهیدبوونی كاك ئەشرەفی برایان لە لایەن ئیتلاعاتەوە بۆ جارێكی‌تر دەستگیر كرا و 45 ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعات مایەوە. هاوڕێ ڕامین بە هۆی ئەوەی كە بنەماڵەكەیان شۆڕشگێر بوون و براكانی لە خەبات و تێكۆشاندا لە دژی ڕژیم بوون ساڵی 2010 پێوەندی بە تەشكیلاتی نهێنیی كۆمەڵەوە دەكات و وێڕای تێپەڕاندنی ئەركە حیزبی و تەشكیلاتیەكانی وەكوو چالاكێكی مەدەنیی ئەندامی كەمپەینی دژەمادە هۆشبەرەكان كە لە شاری قروە چالاكیان دەكرد، بەشداریی كرد. هاوڕێ ڕامین وێڕای ئەوەی كە تەمەنی كەم بوو بەڵام لەگەڵ چالاكانی مەدەنی و كرێكاریی شاری سنە پێوەندیەكی باشی هەبوو و خوشەویستی هەموویان بوو، لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا چالاكانە بەشداریی دەكرد. لە كاتی مان‌گرتنی زیندانیانی سیاسیی ورمێ لە ساڵی 2011 هاوڕێ ڕامین بە هۆی بەشداری لە پشتیوانی‌كردن لەو مان‌گرتنەدا بۆ جارێكی‌تر لە لایەن ئیتلاعاتەوە گیرا و بە 5 مانگ زیندان مەحكووم كرا. پاش ئازادبوونی لە زیندان هەر زوو دەستی كردەوە بە چالاكیی مەدەنی و سیاسی لە ناوچەی لەیلاخ و ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە هاندانی لاوانی هاوتەمەنی خۆی بۆ لای شۆڕش و خەبات و دووركەوتنەوە لە مادەی هۆشبەر و بەڵا كۆمەڵایەتییەكان. ساڵی 2015 لەگەڵ هاوڕی گیان‌بەخت‌كردوو سەباح حسێن‌پەناهی بە هۆی فشاری هێزەكانی ئیتلاعات وڵاتی بەجێ‌هێشت و پەیوەست‌بوون بەڕیزی ئاشكرای پێشمەرگایەتیی كۆمەڵەوە. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ئەگەرچی كورت بوو، بەڵام ڕامین هەر زوو توانی جێی خۆی لە دڵی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانیدا بكاتەوە. پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و بەوەفا و خاوەن ئیمان بوو، ڕۆح‌سووك و قسەخۆش و ڕووخۆش و هەمیشە دەم بە پێكەنین بوو، ژیر و چاوكراوە و گوێ‌ڕایەڵ بوو، هەموو كەسێك لە گەورە تا چكۆلە خوشیان دەویست، بەوە دەناسرایەوە كە زۆر شۆڕشگێڕە، ئەگەرچی تەمەنی كەم بوو بە ڵام زۆرجاران پرسی پێ‌دەكرا، بەرپرسایەتی پێ‌سپێردرا لە بەشی تەشكیلاتی نهێنیی زاگرۆس وەكوو پێرسێنێل و لەو ماوەیەدا لە زاگڕۆس بوو وەها جێگەی خۆی لە دڵی هاوڕێیانیدا كردبووەوە كە هەمیشە و ئێستاش هاو ئۆرگانیەكانی دەڵین جێگەی ڕامین بە هاسانی پڕ ناكرێتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر