نادیە موراد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ بەخشرا
ئەمڕۆ هەینى، کۆمیتەى خەڵاتى نۆبێڵ لە ئۆسلۆى پایتەختى نەرویج، خەڵاتەکەى خۆى لەبۆ ئاشتى بەخشییە نادیە موراد کچە کوردی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی بۆ ساڵی ٢٠١٨.
کۆمیتەى نۆبێڵ ئاماژەی بەوە کردووە، پێدانی خەڵاتەکە بە نادیە موراد و دێنیس موکوێگی بەهۆی هەوڵەکانیانەوەیە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی سێکسی وەک چەک و پێکدادانی چەکداری. بەهای خەڵاتەکە یەک ملیۆن دۆلارە و ڕۆژی ١٠ی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لە ئاهەنگێکدا لە ئۆسلۆ دەبەخشرێتە نادیە و دێنیس.
نادیە موراد تەمەنی ٢٥ ساڵە و چالاکێکی کوردی ئێزدییە بۆ مافەکانی مرۆڤ. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦دا، بوو بە یەکەم باڵیۆزی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. نادیە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە عێراق ڕفێندرا، پاش جوو ساڵ مانەوە لە بن دەستى چەکدارەکانى داعش، ڕزگارى بوو و لە لایەن حکومەتی عێراقەوە کرایە کاندید بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
دێنیس موکوێگی تەمەنی ٦٣ ساڵە و پزیشکی ژنانی لە کۆنگۆ. لە نەخۆشخانەی پانزی لە بوکاڤو کاردەکات و پسپۆڕی چارەسەرکردنی ئەو ژنانەیە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە بە کۆمەڵ دەستدرێژی سێکیان کراوەتە سەر.بەپێی رۆژنامەی "The Globe and Mail"ی کەنەدی، دێنیس موکوێگی پێشەنگی جیهانە لە چارەسەرکردنی برینی دەستدرێژی سێکسی.
ساڵانە لەلایەن لیژنەیەکى تایبەتمەندەوە ژمارەیەک کەسایەتى بۆ وەرگرتنى خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى دیاری دەکرێن، دواتر لیژنەکە کەسێک یان دوو کەس بۆ بردنەوەى خەڵاتەکە دیاریدەکات، ئەمساڵ ٣٣١ کەس و ڕێکخراو کاندیدکرابوون بۆ وەرگرتنى خەڵاتەکە، کە بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمریکا و کیم جۆنگ ئونى سەرۆکى کۆریاى باکور و پاپا فرانسیسى تێدابوو.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر