Pages

۱۳۹۹ فروردین ۲۵, دوشنبه

ئێعدامی قارەمانی رۆژهەلاتی کوردستان مستەفا سەلیمی و چەند سیناریۆ و پەندێك !


ئێعدامی قارەمانی رۆژهەلاتی کوردستان  مستەفا سەلیمی و چەند سیناریۆ و پەندێك !
لە دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی شەممە 23ی خاكەلێوەی 1399ی هەتاوی، مستەفا سەلیمی خەڵكی ئیلوی شاری سەقز لەلایەن رژیمی ئاخوندیەوە لە سێدارە درا. هەموو لایەكمان تووشی شۆك بووین و بەدوای رووداوەكەدا چووین هەتا بزانین چۆن بووە و لەسەر چی لە سێدارە دراوە. زۆری نەبرد لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان و هەندێ ماڵپەڕ و میدیادا باسی رادەستكردنەوەی لەلایەن ئاسایشی پێنجوێن هاتە ئاراوە و وردە وردە دەنگۆی سەیرتر لەوانەش پەیدا بوو كە خانەوادەی قوربانی دیانیان بەوەدا ناوە كە هەندێ حیزب و سازمانی كوردستانی ئێران ئاگاداربوون و بێ دەنگیان لە بابەتە كردووە و دواییش زۆر كرچ و كاڵ و ناروون ئیشارەیان بە رووداوەكە دەكرد.

ئەمانە هەستی زۆرێك لە چالاكانی سیاسی و خەڵكی شارەكانی كوردستانی رۆژهەلاتی بریندار كرد و رای گشتی تووشی رەشبینی و نائومێدی كرد لە دەسەڵات و حیزبی كوردی.
ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئەو خاڵەیە كە دەوری رژیم لە دروست كردنی ئەم رەشبینیە لە دەسەڵاتی كوردی و حیزبی كوردی چەندەیە.
هەر لە دوای رووداوی لە سێدارەدانی شەهید مستەفا سەلیمی، لە ناوخۆی كوردستان چەند خەمخۆرێك پێوەندیان پێوە كردم و وتیان لێرە بەشێك لە چەپەكان و نەیارانی ناسیونالیزمی كوردی زۆر بە جیددی كەوتوونەتە دژایەتی حكومەتی هەرێم و حیزبی كوردی لە كوردستان بە هەموو بەشەكانی و بەتایبەت كوردستانی ئێران و عێراق و ئەوەش وێدەچێ پیلانی خودی رژیم بێ بۆ ناشیرین كردنی هەرێمی كوردستان و حیزبە كوردستانیەكان لەپێش چاوی خەڵكی كوردستانی ئێران و گەر بەری پێنەگیرێ و بە درێژەكێشانی ئەگەری هەیە ئەو روانینە جێبكەوێ و ئەوەش بە قازانجی رژیم و بە زیانی پرسی نەتەوەكەمان بە گشتی و بەتایبەت كوردستانی ئێرانە چوونكە پرسی نەتەوەیی و حیزبی كوردی لەلای خەڵك متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن.
ئەوەی روونە ئەگەر چی كەسانێك بە رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی مێژوویەكی رەش و قێزەونیان بۆ خۆیان تۆمار كرد. ئەگەر چی كەسانێك لە ئەحزابی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات بە هەر دەلیلێك كەمتەرخەمیان كردوە لە راست ژیانی مستەفا سەلیمی. بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ كە رژیمی ئێران تۆڕێكی پان و بەربڵاوی بۆ هەموو لایەك تەنیوە و ئەگەر بە وریاییەوە هەنگاو هەڵنەگیرێ بێ گومان بە دروست كردنی دووبەرەكی و چاندنی تۆوی رق و بێزاری لە یەكتر دەیهەوێ دەستكەوتە نەتەوەییەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق لەپێش چاوی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات و بە رادەیەكی بەرچاو كوردستانی باشووریش سووك و بێ بایەخ بكات.
هەر بۆیە پێویستە هەڵە و خراپەی چەند كەس نەبێتە هۆی سەرخستنی پیلانەكانی رژیمی ئێران لە راست پرسە نەتەوەییەكان و ساردكردنەوەی كوردی كوردستانی ئێران لە بەشداری لە پرسە نەتەوەییەكان و بێ دەربەست كردنی لەو بارەوە.
بە پێچەوانەوە ئێمە دەبێ وەك هەمیشە بە چاوی ئومید سەیری دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین و حیسابی خەڵك و حیزبە شۆرشگێڕ و نەتەوەییەكانی ئەو بەشەی كوردستان لە كار و كردەوەی چەند كەسێكی نەزان جیابكەینەوە.
هەروەها پێویستە بە تێگەیشتنی تەواو لە ویستی شوومی رژیمی ئاخوندی، خەباتی نەتەوەیی لە كوردستانی ئێران زیاتر پەرە پێبدەین و ئەو حیزبانەی لە كاتە حەساسەكاندا قازانجە حیزبیەكانیان پێش قازانجە نەتەوەییەكان خستووە، هەڵەو كەمتەرخەمیەكانیان وامان لێ بكات حيزب و سازمانە نەتەوەییە لێبڕاواو دڵسۆز و جیددیەكانی مەیدانی خەبات بەكەینە ئاڵترناتیویان و پەرە بە خەباتی نەتەوەیی و بەربەرەكانێی رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی بدەین و رێگە نەدەین پیلانەكانی ئەو رژیمە و نەیارانی پرسی نەتەوەكەمان تووشی سەرلێشێواویمان بكەن و جەوهەری خەبات و رەوایی پرسی نەتەوەكەمان لێ بشێوێنن.
جێی خۆیەتی رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو ئەو شۆك و تەكانەی لە تێكۆشەرانی كورد لە كوردستانی ئێران دابێ كە ئەوندە خۆیان بە باس و كاری لاوەكی یان پرس و بابەتی بەشەكانی دیكەی كوردستان و حیزبەكانی ئەو بەشانە خەریك نەكەن، وە نەبینە شەمعێك كەس هەست بە سوتانمان نەكات. بەڵكوو لەو راستیە بگەین كە هەر كام لە حیزب و پارتەكانی ئەو بەشانەی كوردستان دڵسۆز و خەمخۆری خۆیان هەیە و پێویستە ئێمە وزە و پوتانسیەلی خۆمان بۆ رزگاری و ماف و ئازادیەكانی كورد لە كوردستانی ئێران تەرخان بكەین.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر