Pages

۱۳۹۹ اردیبهشت ۲۵, پنجشنبه

له‌یلا قاسم: ته‌نیا داوای لێبوردن له‌گه‌له‌که‌م ده‌که‌م


له‌یلا قاسم: ته‌نیا داوای لێبوردن له‌گه‌له‌که‌م ده‌که‌م
له‌یلا قاسم له‌ گوندى بانه‌میلى سه‌ربه‌ خانه‌قین له‌ ١٩٥٢ له‌ خێزانێکى نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ دایک ده‌بێت. به‌ هۆى ده‌وڵه‌مه‌ندى خاکه‌که‌ى و سه‌رچاوه‌ نه‌وتییه‌کانییه‌وه‌ ناوچه‌که‌ به‌رده‌وام له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى داگیرکارى و سیاسه‌تى بیانیکردندا بووه‌.

کوردانى دانیشتووى خانه‌قین وه‌ک گه‌لێک له‌ شار و شارۆچکه‌کانى کوردستان به‌شدارییان له‌ گه‌لێک شۆڕش و راپه‌ڕین کردووه‌ و ژماره‌یه‌کى زۆر شه‌هیدیشى هه‌یه‌. له‌یلا قاسم خوێندنى سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى و دوو ساڵى دواناوه‌ندى له‌ خانه‌قین ده‌خوێنێت, دواى کۆچى خێزانه‌که‌ى له‌ 1971 دا بۆ به‌غدا و دواى ته‌واوکردنى دواناواندى له‌و شاره‌, هه‌ر له‌ به‌شى کۆمه‌ڵناسی "سۆسیۆلۆژی" کۆلیژى وێژه‌یى زانکۆى به‌غدا وه‌رده‌گیرێت. شانبه‌شانى ئه‌ندامانى دیکه‌ى خێزانه‌که‌ى و خوێندنه‌که‌ی, له‌گه‌لێک شوێن و کارى دیکه‌دا هه‌وڵ و ته‌قه‌لاى دابینکردنى بژێوى ژیانى خۆى و خێزانه‌که‌ى ده‌دات. هه‌ر به‌ منداڵى ئاشناى ژیانى هه‌ژارى و پێ‌ له‌ ئێش و چه‌وسانه‌وه‌ و دووچارى سیاسه‌تى به‌خۆچوواندنى عه‌ره‌ب ده‌بێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ش له‌و سه‌رده‌مانه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ خۆ و خه‌یاڵى کوردستانێکى ئازادى لا گه‌شه‌ ده‌سه‌نێ. ئاقڵى و زیره‌کى و به‌ڕێزیى له‌ ته‌مه‌نى منداڵیدا وا له‌ ده‌وروبه‌رى ده‌کات که‌ شایانى رێز و خۆشه‌ویستى و متمانه‌یه‌کى گه‌وره‌ى ببینن.
سه‌ره‌تایه‌ک بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و سیاسه‌ت
له‌ سه‌ره‌تاى ساڵه‌کانى ١٩٧٠ که‌ گه‌لى کورد له‌ باشوورى کوردستان به‌ قۆناخێکى هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بوو، له‌یلا قاسم و هاوڕێیه‌کى نزیکى به‌ناوى جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندى که‌ کرێکارى ده‌کرد و هه‌روه‌ها هاوڕێکانى تری، سه‌ربارى نکۆڵیکردنى ڕژێمى به‌عس له‌ هه‌بوونى گه‌لى کورد، ئه‌وان سوور بوون له‌ خه‌بات و تێکۆشان بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانى گه‌له‌که‌یان.
له‌یلا قاسم له‌ رێگاى سه‌لام قاسمى برایه‌وه‌ ئاشناى پارتى دیموکراتى کوردستان "پ.د.ک" ده‌بێت و له‌ 1970 دا ده‌بێته‌ ئه‌ندامێکى فه‌رمى و له‌نێو ڕیزه‌کانى (یه‌کێتیى قوتابیانى کوردستان) خه‌بات و تێکۆشانى به‌ڕێوه‌بردووه‌. له‌یلا قاسم له‌نێو قوتابییه‌ کورده‌کانى زانکۆى به‌غدا ڕۆڵێکى کاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌ وشیارکردنه‌وه‌ و ڕێکخستنیان. له‌ کاتێکدا که‌ ده‌گوترا ژن ناتوانێت شانبه‌شانى پیاوان له‌ شار و له‌ شاخ و له‌ دێهاته‌کاندا خه‌بات بکات، له‌یلا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شانبه‌شانى قوتابییه‌ کوڕه‌کانى کورد خه‌باتێکى به‌رفراوانترى به‌ڕێوه‌ ده‌برد و دژ به‌ نایه‌کسانى مافه‌کانى ژنان و پیاوان بوو، به‌تایبه‌تیش که‌ بۆ خودى خۆى له‌ بوارى کۆمه‌ڵناسیدا ده‌یخوێند و له‌ ڕاستییه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى کورد تێگه‌یشتبوو.
هه‌روه‌ها له‌یلا و جه‌واد له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى ١٩٧٤ به‌یه‌که‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى زانستییان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ى کورد ئه‌نجامدابوو و له‌ ده‌رفه‌تێک ده‌گه‌ڕان که‌ بڵاوى بکه‌نه‌وه‌. به‌ڵام به‌هۆى تێکچوونى گفتوگۆکانى نێوان سه‌رکردایه‌تى کورد و ڕژێمى ئێراق و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى شه‌ڕ و پاشانیش به‌هۆى گیرانى له‌یلا قاسم و جه‌واد و هاوڕێکانى تریان ده‌ستنووسى لێکۆڵینه‌وه‌که‌شیان له‌لایه‌ن سیخوڕه‌کانى حکومه‌تى ئێراقه‌وه‌ له‌ناوده‌برێت.
ئاواره‌یی
له‌ به‌هارى 1974 دا رژێمى به‌عس له‌به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لى کورد شه‌ڕى راگه‌یاند, زۆربه‌ى خێزانه‌ کورده‌کانى له‌ به‌غدا ده‌رکرد و ناوچه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌ڵادزێى بۆمبارانکرد و گه‌لێک که‌سى مه‌ده‌نى بوونه‌ قووربانی, له‌ قۆناخێکى وه‌هادا له‌یلا قاسم به‌ ئامانجى گه‌یاندنى ده‌نگى کورد به‌ دنیا, ئه‌رکى رفاندنى فڕۆکه‌یه‌کى پێده‌درێ, به‌ڵام نه‌یتوانى به‌ئامانج بگات, له‌گه‌ڵ‌ چوار هاوڕێى له‌ 24ی نیسان 1974 دا ده‌ستگیر ده‌کرێت.
له‌گه‌ڵ به‌رفراوانبوونى شه‌ڕه‌کان له‌ ساڵى ١٩٧٤دا، ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانى ڕژێمى به‌عس به‌رده‌وام و زۆر به‌توندى چاودێرى یه‌ک‌به‌یه‌کى تاکه‌کانى کوردییان ده‌کرد. بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ى نه‌برد له‌ ڕۆژى ١٩٧٤/٠٤/٢٨دا له‌یلا قاسم و چوار له‌ هاوڕێکانى (جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی، نه‌ریمان فوئاد مه‌ستی، حه‌سه‌ن حه‌مه‌ڕه‌شید و ئازاد سلێمان میران) له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵمه‌تێکى به‌رفراوانى هێزه‌کانى ئاسایش و سه‌ربازى ڕژێم له‌ به‌غدا ده‌ستگیرکران. ڕۆژنامه‌ى الێوره‌ى زمانحاڵى ڕژێمى به‌عسى ده‌سه‌ڵاتدار و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنى نێوخۆیى عێراق، له‌یلا قاسم و هاوڕێکانى وه‌ک تێکده‌ر و گێڕه‌شێوێن و تیرۆریست به‌ناو کرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کیشیان بچووکترین کرده‌وه‌شیان له‌سه‌ر ئاشکرا نه‌بوو.
ناویان به‌ تیرۆریست ده‌رکرا
له‌یلا قاسم و چوار هاوڕێکه‌ى "حه‌سه‌ن حه‌مه‌ ره‌شید, نه‌ریمان فواد, ئازادى سلێمان میران, جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی" له‌ ئۆرگانه‌کانى راگه‌یاندنى سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌ت, له‌ رۆژنامه‌ى ئه‌لسه‌ور, رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنى فه‌رمى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ که‌سانى تیرۆریست و دوژمنى گه‌لى ئێراق به‌ راى گشتى و جیهانى ناسێنران, له‌ هه‌مانکاتدا له‌نێو زیندانیشدا رووبه‌ڕووى ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کى زۆر کرانه‌وه‌ و بێ بوونى هیچ به‌ڵگه‌ و ده‌لیلێک له‌ده‌ست رژێمدا به‌ دادگاییه‌کى ره‌مه‌کى به‌مه‌ستى دامرکاندنه‌وه‌ى گڕى کورد و چاوترساندنیان له‌ 13ى مایسى 1974 دا هه‌ر پێنج لاوه‌ کورده‌که‌ له‌سێداره‌دران. ئامانجێکى ئه‌م له‌ سێداره‌دانه‌ش ترساندن و سه‌رکوتکردنى رۆشنبیر و خوێندکارانى به‌شداربووى دۆزى ئازادى گه‌ل بوو. دوابه‌دواى ئه‌مانیش سه‌لام قاسم واتا براگه‌وره‌که‌ى له‌یلاش له‌ به‌غدا به‌تاوانى گه‌یاندنى وێنه‌ى له‌یلا به‌ هاوڕێیانى ده‌زگاکه‌یان له‌ ئه‌وروپا له‌لایه‌ن سه‌رانى رژێمه‌وه‌ تیرۆر ده‌کرێ.
به‌ر له‌ سێداره‌دانی, کاربه‌ده‌ستانى رژێم داواى لێده‌که‌ن که‌ به‌ نامه‌یه‌ک په‌شیمانى و داواى لێبووردن به‌ سه‌رۆک کۆمارى ئێراق رابگه‌یه‌نێت, به‌ڵام له‌یلا له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت " زیاتر خزمه‌ت نه‌کردنم به‌ گه‌له‌که‌م تاکه‌ شتێکه‌ له‌م دنیادا لێى په‌شیمان ببمه‌وه‌. ته‌نیا گه‌له‌که‌مم هه‌یه‌ داواى لێبووردنى لێبکه‌م, که‌ له‌ دۆزى تێکۆشانى رزگارى نه‌ته‌وه‌ییدا زۆر که‌م کارم بۆ گه‌له‌که‌م کرد". ژنه‌ کوردێکى نه‌به‌رد بێ هیچ ترس و خۆفێک راستییه‌کان به‌ده‌نگێکى به‌رز به‌ڕووى رژێمى فاشى به‌غدا ده‌دات. هه‌ڵوێست و راوه‌سته‌یه‌کى قاره‌مانانه‌ى کچه‌ کوردێک له‌به‌رامبه‌ر رژێمى پیاوسالارى ره‌گه‌زپه‌رست و کۆمه‌ڵکوژدا, رووداوێک یان دیارده‌یه‌ک نه‌بوو چاوپۆشى لێبکرێت و لێبوورده‌یى له‌به‌رامبه‌ردا نیشان بدرێت, چونکه‌ له‌هه‌مانکاتدا ترسى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى رێکخستن و خۆڕێکخستنى ژنانى کورد له‌لاى رژێم هه‌بوو و بۆ ئه‌وه‌ش باشترین شێوه‌ى رێگرى له‌م ته‌شه‌نه‌کردنه‌ ته‌نیا سزادان نه‌بوو به‌سه‌ر له‌یلادا به‌ڵکو ده‌شبوو به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان سیاسه‌تێکى چاوترساندن و تۆقاندنیش په‌یڕه‌و بکرێت.
له‌ سێداره‌دانى له‌یلا قاسم
مێژوو دانى به‌م گوتانه‌ى له‌یلا قاسم دا نا که‌ به‌ فه‌رماندارێکى سه‌ربازى رژێمى به‌عسى ده‌ڵێت:" بمکوژن, به‌ کوشتنى من هه‌زاران کورد له‌ خه‌وى نه‌زانى وشیار ده‌بنه‌وه‌، زۆر خۆشحاڵ و سه‌ربه‌رزم که‌ گیانم فیداى ڕێى ڕزگارى کوردستاندا ده‌که‌م"
ڕژێمى به‌عس به‌ مه‌به‌ستى چاوترساندنى لاوان و قوتابیان و چینى ڕۆشنبیرى کورد یه‌کسه‌ر دواى ده‌ستگیرکردنیان دادگایه‌کى نادادوه‌رانه‌ى دژ به‌ له‌یلا قاسم و هاوڕێکانى به‌ڕێوه‌برد و بڕیارى له‌سێداره‌دانیانى بۆ ده‌رکرد. هێشتا دوو هه‌فته‌ به‌سه‌ر ده‌ستگیرکردنیان تێنه‌په‌ڕیبوو، که‌ کاتژمێر ٧ى سه‌رله‌به‌یانى ڕۆژى ١٩٧٤/٠٥/١٢ له‌یلا قاسم و هه‌ر چوار هاوڕێکه‌ى له‌سێداره‌دران. سه‌لام قاسمی، براى له‌یلا قاسم، به‌ ماوه‌یه‌ک دواى له‌سێداره‌دانى له‌یلا هه‌ر له‌ به‌غدا له‌لایه‌ن به‌عسییه‌کانه‌وه‌ کوژرا. تاوانى سه‌لام قاسم ته‌نیا ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ وێنه‌ى له‌یلاى خوشکى ناردبوو بۆ ده‌ستى قوتابیانى کورد و ئه‌ندامانى یه‌کێتیى قوتابیانى کوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات. دایک و باوکى له‌یلا قاسمیش به‌هۆى له‌ده‌ستدانى دوو ڕۆڵه‌یان، هه‌ر زوو به‌ کۆست و خه‌مێکى گه‌وره‌وه‌ سه‌ریان ناوه‌ته‌وه‌ و کۆچى دواییان کردووه‌.
هه‌واڵى له‌سێداره‌دانى له‌یلا قاسم به‌ کوردستاندا بڵاو بۆوه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێک له‌ چاپه‌مه‌نییه‌کانى ئه‌وساکه‌ى جیهان هه‌واڵى له‌ سێداره‌دانى له‌یلا قاسمیان وه‌ک له‌سێداره‌دانى یه‌که‌م ژن له‌ مێژووى سیاسى ئێراقدا بڵاوکردۆته‌وه‌. بێگومان له‌سێداره‌دانى کچه‌ کوردێک به‌ده‌ستى ڕژێمى ئێراق کاریگه‌رییه‌کى گه‌وره‌ى کرده‌ سه‌ر لاوانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى کورد، که‌ ئه‌مه‌یش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌ هه‌زاران لاوى کورد په‌یوه‌ست بن به‌ دۆزى گه‌له‌که‌یان و ڕوو له‌ چیاکان بکه‌ن.
له‌یلا به‌ خیره‌ت و جه‌ساره‌تى خۆى له‌ دڵى هه‌زاران کورد دا, له‌ناو و تێکۆشانى کچانى کورد دا به‌ لووتکه‌ى نه‌مرى گه‌یشت. له‌یلا قاسم که‌ ئێستاکه‌ له‌ تێکۆشانى ئازادى ژنانى کوردستاندا ده‌ژى هه‌میشه‌ دروشمى وابوو " گۆڕانى کۆمه‌ڵگاى کوردى ده‌بێ له‌ بواره‌کانى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابووریدا بێت, ئه‌گه‌ر گه‌لى کورد مافه‌ سیاسى و حقوقییه‌کانى خۆى به‌ده‌ستنه‌هێنێت, مافه‌ ره‌واکانى ژنانى کوردیش هه‌میشه‌ بن پێ ده‌کرێت ". به‌ ته‌مه‌نێکى کورتى ژییانى مێژووێکى گه‌وره‌ى بۆ ژنى کورد نووسی, بووه‌ گه‌وره‌ چیرۆکێک و بووه‌ مه‌شخه‌ڵێکى واتادار بۆ ره‌وتى ئازادى گه‌له‌که‌ی, تاکه‌ ژنێک بوو له‌و رۆژگاره‌دا له‌سه‌ر ته‌خته‌ى سێداره‌که‌ى سروودى ئازادى گه‌له‌که‌ى به‌ده‌نگى به‌رز بخوێنێت و نه‌هێڵێت چاوى ببه‌سترێت.
دواى له‌یلا قاسم له‌ سه‌رتاڵاى کوردستان هه‌زاران منداڵى کورد به‌ ناوى له‌یلاوه‌ ناونران. له‌یلا قاسم بوو به‌ چیرۆک و داستان و هه‌ڵبه‌ستى شاعیرانى گه‌وره‌ى کوردى وه‌ک جگه‌رخوێن و هێمن و زۆرى تر. هه‌روه‌ک هێمن له‌سه‌ر قاره‌مانى له‌یلا ده‌ڵێ:
که‌ تۆ تۆراى له‌ چاوم وه‌ک خه‌وى من له‌ بسکت ره‌شتره‌ مانگه‌شه‌وى من
برۆ مه‌جنوون به‌ له‌یلاى خۆت مه‌نازه‌ که‌ ناوبانگى پتر ده‌رکرد ئه‌وى من
بزه‌ى هاتێ، وتى جه‌لادى خوێری! به‌ که‌یفى خۆت په‌تت باوێژه‌ ئه‌ستۆم
ئه‌وه‌ په‌ت نیه‌ میدالى ئیفتخاره‌ که‌ بوومه‌ قاره‌مانى میڵه‌تى خۆم

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر