Pages

۱۳۸۹ آبان ۲۱, جمعه

ئامانج کولیایی دەڵێ قسەکانم شێوێندراوە ئه‌شکه‌نجه‌ دراوه‌


ئامانج کولیایی دەڵێ قسەکانم شێوێندراوە ئه‌شکه‌نجه‌ دراوه‌ له‌ لایان سه‌رکرده‌ی پارتی ئازادی

رۆژهەڵات تایمز - ناوەندی هەواڵ: بە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی "زیندانی کرانی ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ئازادیی کوردستان لە لایەن رێبەریی ئەو پارتەوە"، لە روونکردنەوەیەک دا کە بەرەوڕووی بیروڕای گشتی کردۆتەوە، ئامانج کولیایی ئەندامی پێشووی مەجلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان رادەگەیەنێ کە قسەکانی شێوێندراوە و بەڵێنیش دەدا کە بە زویی چۆنیەتی بەندکرانی و دواتر ئازاد کرانی بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.


ئەوەی خوارەوە دەقی روونکردنەوەکەیە:
روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ بیروڕای گشتی
له‌ رێكه‌وتی 8ی نوامبری 2010دا کاک خالید محەممەد زادە لێدوانێكی له‌سه‌ر هه‌ندێك رووداو و مه‌سه‌له‌ی پێوه‌ندیدار به‌ پارتی ئازادیی كوردستانه‌وه‌ لێ وه‌رگرتم و وادیاره‌ له‌ ماڵپه‌ڕی "رۆژهه‌ڵات تایمز"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.پێویسته‌ بیروڕای گشتیی ئاگادار بێ كه‌ زۆربه‌ی قسه‌كانی من شێوێندراون و به‌ پێچه‌وانه‌ و به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌ت و سووك و سانا نیشاندانی مه‌سه‌له‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.
تێده‌كۆشم له‌ رۆژانی داهاتوودا به‌ تێرو ته‌سه‌لی ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك له‌و مه‌سه‌لانه‌ بكه‌م. وه‌كوو: مه‌سه‌له‌ی بوونی گرووپی سه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامی له‌ پارتی ئازادیی دا، هه‌ڵوێستی كاك حسێن یه‌زادانپه‌نا له‌و باره‌وه‌ و له‌

پاش ...، رفاندنم و زیندانی كردنی شاراوه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی كاك حسێن، هه‌ڵوێستی ده‌زگای پێوه‌ندیداری حكوومه‌تی و گرتنی پشت ماڵه‌كه‌ی حسێن یه‌زدانپه‌نا له‌ لایه‌ن ئاسایش و رزگار كردنی من له‌و زیندانه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، دان پێدانانی كاك حسێن به‌ زۆر جه‌ره‌یانات و... وه‌جۆدی گرووپی سه‌ر به‌ ئیتلاعاتی ئیران له‌ ناو پارتی ئازادی دا.

به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ی گرینگه‌ ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ رۆژهه‌ڵات تایمز له‌ زاری منه‌وه‌ له‌سه‌ر حیزبی دیموكراتی كوردستانی بڵاوكردوونه‌ته‌وه‌. ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ له‌ زمانی منه‌وه‌ وتوویه‌ كه‌ براده‌رانی به‌ڕێزی "حدك" به‌ منیان وتووه‌: "نابێ پارتی ئازادی بزانێت تۆ لێره‌ی چونكه‌ پێوه‌ندی ئێمه‌و پارتی ئازادی ئاڵوزی تێده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ باش نییه‌".
ئه‌من به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌و قسانه‌ وه‌ك زۆربه‌ی قسه‌كانی تر ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌و به‌ پیلانێكی ده‌زانم. ئه‌من له‌ هه‌ولێر بۆ خۆم له‌ ژووره‌كه‌ی به‌ڕێز "عومه‌ر باڵه‌كی"یه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ژماره‌یه‌كی ته‌له‌فۆن قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی خۆمان كردووه‌و چون ئیمكانی هه‌یه‌ شتی وا بوترێ؟!
ئه‌من له‌ براده‌رانی حدك دوو داوام هه‌بووه‌: یه‌كه‌م په‌نام بده‌نێ و دووهه‌م ببن به‌ سه‌به‌بی خێر بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حیزب. دیاره‌ به‌ڕێز و حورمه‌ته‌وه‌ په‌نایان داوم و مه‌منوونی لوتفیانم. به‌ڵام بۆ داواكاری دووهه‌م پێیم راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ ئێمه‌ ته‌داخول له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ناكه‌ین. ئێمه‌ دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ڵ پارتی ئازادیی كوردستاندا هه‌یه‌ و نامانه‌وێ به‌ هه‌نگاوی له‌و چه‌شنه‌ تێكی بده‌ین، كه‌ به‌دا‌خه‌وه‌ ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌(رۆژهه‌ڵات تایمز) به‌و شێوه‌ گواستوویه‌ته‌وه‌.
به‌سپاسه‌وه‌
ئامانج كولیایی

9/11/2010


ئەندامێکی سەرکردایەتی پاک دەڵێ پارتەکە زیندانی کردووم و پاک‌یش بە خۆ گەورە کردنەوەی دەزانێ

رۆژهه‌ڵات تایمز – ناوەندی هەواڵ: ئامانج كولیایی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌جلیسی‌ گشتی‌ پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانی دا‌ رادەگەیەنێ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ لایه‌ن پارتی‌ ئازادی‌ كوردستانه‌وه‌ زیندانی‌ ده‌كرێت‌و له‌ زیندانیشدا رووبه‌رووی‌ بێ‌حورمه‌تی‌ بۆته‌وه‌. هاوکات پارتی ئازادیی کوردستان نکۆڵی لەوە دەکا و پێیوایە ئەو قسانە بە ئامانجی خۆ گەورە کردنەوە دەگوترێن.
كولیایی‌ كه‌ خه‌لكی‌ ناوچه‌ی‌ كرماشان له‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌‌و له‌ تازه‌ترین كونگره‌ی‌ ئه‌و پارته‌دا به‌ ئه‌ندامی‌ رێبه‌ری‌ هه‌ڵبژێریردراوه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی‌ رۆژهه‌لات تایمز رایگه‌یاند: به‌ تۆمه‌تی‌ ئاشكراكردنی‌ تۆرێكی‌ سیخۆریی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌ ناو پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان‌و گه‌یاندنی‌ زانیاری‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بانده‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ پارتەکە ده‌كه‌وێته‌ به‌ر توڕه‌یی‌‌و غه‌زه‌ب‌و دواتر به‌ تۆمه‌تی‌ تێكدانی‌ ریزه‌كانی‌ حیزب زیندانی‌ ده‌كرێت.
ناوبراو كه‌ له‌ ناو ئه‌و پارته‌ چه‌ندین به‌رپرسیاره‌تی‌ هه‌بووه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات له‌ ماڵی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و پارته‌ بۆ ماوه‌یه‌ك زیندانی‌ كراوه‌. كولیایی‌ له‌ درێژه‌ی‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ وت: دواتر له‌ لایه‌ن پارتی‌ ئازادییه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی‌ ساخته‌ راده‌ستی‌ ئاسایشی‌ شاری‌ هه‌ولێر ده‌كرێت‌و بۆماوه‌ی‌ 18 رۆژ له‌ لایه‌ن ئاسایش له‌ مه‌سیف سه‌لاحه‌دین ده‌مێنیته‌وه‌. وتیشی دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ بیتاوانی‌ له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ئازاد كرا‌و ئێستاش بۆ پاراستنی‌ گیانی‌ په‌نای‌ بۆ حیزبێكی‌ رۆژهه‌لاتی‌ كوردستان هێناوه‌.
كولیایی‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌رنوسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ "بۆ کوردستانی" ئۆرگانی پارتی‌ ئازادی‌ بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ شوێنی‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌و حیزبه‌ی‌ په‌نای‌ بۆ بردووه‌ ووتی‌: له‌و حیزبه‌ش پێیان راگه‌یاندووه‌ نابێت پارتی‌ ئازادی‌ بزانێت تو لێره‌ی‌ چونكه‌ پێوه‌ندی‌ ئێمه‌ و پارتی‌ ئازادی‌ ئاڵۆزی‌ تێده‌كه‌وێت ئه‌مه‌ش بۆ ئیمه‌ باش نیه‌.
رۆژهه‌ڵات تایمز بۆ دواداچونی‌ زیاتری‌ هه‌ واڵه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ كرد بە سەرکردایەتی پارتی ئازادی کوردستان و لەم بارەوە روونکردنەوەیەکی وەرگرت کە لە خوارەوە دەقەکەی بڵاو دەکرێتەوە:
به‌ڕێزان له‌ ماڵپه‌ڕی رۆژهه‌ڵات تایمز
سڵاوێکی گه‌رم
ئه‌مه‌ وه‌ڵامی ئه‌و خاڵانه‌یه‌ که‌ بۆتان ناردووین:
1- ئامانج کولیایی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی ئازادیی کوردستان نه‌بووه‌ و نییه‌.
2- بۆ ماوه‌ی یه‌کساڵ ئه‌ندامی مه‌جلیسی گشتی بووه‌ له‌ 2006 تا 2007. دواتر به‌هۆی ناکارایی، درۆ کردن، حه‌ولی خۆ گه‌وره‌ کردنه‌وه‌ و نازناوی دکتور دانه‌ پاڵ خۆ و شتی له‌و بابه‌ته‌، له‌ مه‌جلیسی گشتی و ئه‌رکه‌کانی هه‌ڵپه‌سێردرا.
3- ئه‌م شتانه‌ش که‌ گوتویه‌تی ته‌نیا بۆ خۆ گه‌وره‌ کردنه‌وه‌ و ناو و ناوبانگ دروسکردن بۆ خۆیه‌تی. که‌ هه‌ڵبه‌ته‌ حه‌تمه‌ن ده‌ستی ناحه‌زانی پارتی ئازادیی کوردستانی له‌ پشته‌وه‌یه‌ بۆ درۆ و بوختان بڵاوکردنه‌وه‌.
4- مه‌سه‌له‌ی هه‌بوون و ئاشکراکردنی تۆڕی سیخوڕی له‌ پارتی ئازادییدا درۆیه‌کی موتڵه‌قه‌، هیچ بنه‌مایه‌کی راستیی نییه‌. ئه‌گه‌ر شتی وا هه‌بایه‌ هه‌ر وه‌ک رابردوو، به‌ فه‌رمی له‌ لایان پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه‌ ئاشکرا و وه‌ک پیلانێکی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی له‌قاو ده‌درا.
5- ناوبراو بۆ یه‌ک رۆژ و سه‌عاتیش نه‌گیراوه‌ و تا ئاخر رۆژی له‌ که‌مپی PAK له‌ سێبیران بووه‌، شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ 3/11/2010، چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شوێنی خۆی. دوێنێ له‌ ده‌فته‌ری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان له‌ هه‌ولێر له‌ لایان به‌ڕێز عومه‌ر باڵه‌کییه‌وه‌ ئاگادار کراین که‌ که‌سێکی وای ئێوه‌ هاتووه‌ته‌ ئێره‌ و ده‌مانه‌وێ بینێرینه‌وه‌ لاتان که‌ له‌ لایان به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی PAK ه‌وه‌ وه‌ڵامی کاک عومه‌ر درابووه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ ئه‌و که‌سه‌ راناگرینه‌وه‌.
6- بۆ ئه‌وه‌ش که‌ ئیدیعای کردووه‌ که‌ زیندانی کراوه‌، یه‌که‌م: پارتی ئازادیی کوردستان زیندانی نییه‌، دووهه‌م: شوێنی ژیانی ئامانج له‌ سێبیران بووه‌، سێهه‌م: ماڵی جێگری سه‌رۆکی PAK له‌ هه‌ولێره‌.
7- مه‌نتق ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ناکات که‌سێک له‌ ریزی حیزبێکدا تۆڕی سیخوڕی ئاشکرا بکا و بگیرێ، له‌ حاڵه‌تی وادا ئه‌و که‌سه‌ ته‌شویق ده‌کرێ و رێزی لێده‌گیرێ.
بۆیه‌ وێڕای ره‌تکردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و ئیدیعایانه‌، پێشنیار به‌ ئیوه‌ی به‌ڕێز ده‌که‌ین له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی وا خۆ ببوێرن و ده‌نگۆ و بوختان دروسکردن بۆ پارتی ئازادیی کوردستان بۆ ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ به‌جێبێڵن که‌ درۆ و بوختان بۆ پارتی ئازادیی بڵاوده‌که‌نه‌وه‌ و دووریش نییه‌ ئه‌م چیرۆکه‌ش هه‌ر ئه‌وان بۆ ئامانجی سه‌رلێشێواویان هۆنیبێته‌وه‌.
به‌ڕێزه‌وه‌

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر