Pages

۱۳۹۱ مهر ۲, یکشنبه

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک ، ده‌رباره‌ی ره‌وشی زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مه‌ده‌نی له‌ ئێران رادەگەیەنێت:



کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک ، ده‌رباره‌ی ره‌وشی زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مه‌ده‌نی له‌ ئێران رادەگەیەنێت:

هەروەك دەزانرێت كۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا هەوڵی داوە لە رێگای زیندانەوە، لە لایەكەوە كۆمەڵگا چاوترسێن بكات و پێش لە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەك بگرێت و كۆمەڵگا مەحكوومی پەسەند كردنی چارەنووسی دیاری كراو بكات و لە لایەكی تریشەوە لە ئەگەری هەر چەشنە ناڕەزایەتییەك، لە ژێر ناوی جیاجیا ناڕازیان لە ناو ببات و پیلانی تەسفیەكاری لە زیندانەكان بەرێوە ببات. هەمان هەڵسووكەوت لە بەرامبەر پارتیشمانەوە (پەژاك) لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، لە لایەن كۆماری ئێسلامی ئێرانەوە بە شێوەیەكی بەرفراوان بەڕێوە چووە و هەتا ئێستاكەش بەردەوامە. بە تاوانی سیاسی بوون و داخوازی مافە رەواكانیان بە سەدان كەس لە كەسایەتی سیاسی و چالاكانی مەدەنی لە لایەن رژیمەوە دەستبەسەر كراون و رۆژانە رووبەڕووی خراپترین شێوەی هەڵسووكەوت و سووكایەتی و مەترسی گیانی دەبنەوە. ژمارەیەكی بەرچاو لە گێراوانی سیاسی ـ بەتایبەت كورد ـ چاوەڕوانی لە سێدارەدانن و لە ناویان دا رەزا مەولازادە لە دایك بووی ساڵی 1989 شاری سەلماس و بە دەیان كەسی تر چارەنووسیان نادیارە و دەنگۆی ئەوە هەیە كە لە ژێر ئەشكەنجەدا ژیانیان لە دەست دابێت. بەشێكی بەرچاو لە گێراوان وەك زینەب جەلالیان، مەنسوور مەحموودی، بێهرووز ئاڵاخانی، شاكر باقی، رەمەزان ئەحمەد، حەبیبوڵڵای گولپەریپوور و بە دەیان گیراوی تر، لە كەناری هەڵسووكەوتی دژەمرۆڤانەی كاربەدەستانی زیندانەكان، رووبەڕووی كێشەی تەندرووستی و جەستەیی بوونەتەوە و مەترسی جیدی لەبەردەم ژیانیاندا هەیە. سەرەڕای ئەمانە رۆژانە گیراوانی سیاسی و چالاكانی مەدەنی لە بەندیخانەكانی رژێمدا رووبەڕووی سووكایەتی و ئەشكەنجەی رۆحی دەبنەوە و راگۆێزی بەندەكانی تر و زیندانەكانی تر دەكرێن.
بێ‌گومان سەرجەم ئەم سیاسەت و كردەوانە و تەنانەت بەردەوامی دەسگیركردنی كەسایەتێ سیاسی و مەدەنییەكانی كورد، بە هۆی پەسەند نەكردنی مافە رەواكانی گەلی كورد و دژایەتی ئەم رژێمە لەبەرامبەر گەلی كورد دەكرێت. ئەمە لە حالێكدایە كە كێشەی كورد و ناڕەوا بوونی سیاسەتی دژە كورد لە لایەن دامەزرێنەرانی ئەم كێشەیە، ئەمڕۆكە دانی پێدا دەنرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوە كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بەردەوامی سیاسەت و كردەوەكانی خۆی لە بەرامبەر گەلی كورد پێداگری دەكات و ئامادە نییە هیچ چەشنە هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە بنێتەوە. بە پێچەوانەوە بە پەیڕەو كردنی سیاسەتی لە چەشنی، سیاسەتی زیندان و چاوترسێن كردن لە هەوڵی بێدەنگ كردن و سەرپۆش نانەوەی ئەم كێشەیەدایە. ئەمە لە حالێكدایە كە هەنووكە كێشەی كورد لە ئاستی جیهانی و هەرێمی دا خراوەتە بەر باس و موناقشەوە و لە دەرەنجامی تێكۆشانی بێ وچانی گەلی كورد، دەستكەوتی جیدی بۆ ئازادی گەلی كورد وە دەست خراوە. پێداگری كردنی كۆماری ئیسلامی لە دژایەتی گەلی كورد و هەنگاو نەنانەوە بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە، بە تەواوی بێ‌واتایە و بە هیچ شێوازێك پەسەند ناكرێت. بەتایبەت بەردەوام كردنی هەڵسووكەوتی بەم شێوازە لە بەرامبەر گیراوانی سیاسی كورد، ئێتر چی دیكە لە لایەن گەلی كوردەوە تەحەمووڵ ناكرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، نەتەنیا پێویستە كۆماری ئیسلامی ئێران دەست لەم كردەوانە بەر بدات بەڵكوو ئازادی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بابەتێكە كە پێویستە بە پەلە بكەوێتە بەر باس و لە ناو پلانەكانی رژێمەوە جێ بگریت و كرداری بكرێتەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وەك PJAK بانگ لە گەلەكەمان لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین كە لە پێناو ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی و كۆتایی پێی هێنان بە سیاسەتی زیندان، بە چالاكی جیاجیا تێكۆشان بەرز بكەنەوە و بەم شێوازە خاوەنداریەتی لە گیراوانی سیاسی و چالاكانی مەدەنی بكەن. 


سڵاو و رێزی شۆرشگێری
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
23/9/2012

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر