وێنەگرەكەی خانەقین بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا
وارڤین – خانەقین:
ئەو وێنەگرەی دەستدرێژی سێكسی كردبووە سەر كچێكی پانزە ساڵ و وێنەی تۆمار
كردبوو، دواتر گرتە ڤیدیۆییەكەی بڵاوكردەوە، لە لایەن دادگاوە بە سزای هەتا
هەتایی مەحكومكرا.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)
ئەندامی لیژنەی ئاشتی و هیوا بۆ (ئەنانا) رایگەیاند، سەرەڕای رەتكردنەوەی
هەواڵی دەستدرێژیكردنە سەر كچێك و بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكەی، لە لایەن
ژمارەیەك رێكخراوی شاری هەولێرەوە، دوێنێ دادگای دیالە، راستی تاوانەكەی
سەلماند و بڕیاری سزای هەتاهەتایی بەسەر ئەنجامدەرەكەیدا سەپاند.
(ه.د.) دانیشتووی شارەدێی جەلەولا و
پیشەی وێنەگری ئاهەنگەكانی بووك گواستنەوەیە. لە نیسانی رابردوو
دەستدرێژیكردبووە سەر كچێكی پانزە ساڵ و دوای تۆماركردنی بە كامێرا، گرتە
ڤیدیۆییەكەی لە رێگەی مۆبایلەوە بڵاو كردەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە و
دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی كچەكە، رۆژی یهكشەممە (29 / نیسان –
ئەپریل/2012) لە بەردەم بینای دادگای شارۆچكەی خانەقین ژمارەیەك لە
چالاكوانانی ژن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیی
دەربڕینییان سازكرد.
لەو گردبوونەوەیەدا، ژنان داوایان كرد،
ئەو كەسەی دەستدرێژی كردبووە سەر كچێكی پانزە ساڵان و وێنەی ڤیدیۆیی
تۆماركردبوو، دواتر گرتەكەی بڵاوكردبوویەوە، بە سزای رەوای خۆی بگەیەندرێت.
رێگە نەدرێت هیچ كەس و لایەنێك دەستوەربداتە كاروباری دادگا و لە رێگەی
سوڵجی عەشایرییەوە تاوانباری سەرەكی تاوانەكە لە سزادان دەرباز بكرێـت.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە، وێنەگرەكە (ه.د.) لەلایەن پۆلیسی جەلەولاوە دەستبەسەر كراوە.
(سەلام عەبدوڵڵا) گوتیشی: "هاوكات لەگەڵ
بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی رێكخراوەكانی خانەقین، لە هەولێر، رێكخراوی
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان رەتیدەكردەوە رووداوی تاوانكاری لەو شێوەیە لە
جەلەولا روویدا بێت".
پێشتر رۆژی (29 / نیسان – ئەپریل /
2012) سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان (ڤیان سڵێمان) لە لێدوانێكی
تایبەت بۆ (وارڤین) رایگەیاندبوو، ئەوان گومانییان هەبووە لە راستی
رووداوەكە. بۆ ئەو مەبەستە رۆژی پێنجشەممە (26/نیسان –ئەپریل/2012) لەگەڵ
ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی ژنان لە بارەگای سكرتایەتی یەكێتی ئافرەتان لە
هەولێر كۆبوونەوەیەكیان ساز كردووە. لیژنەیەكی هەشت كەسیان پێكهێناوە بۆ
ئەوەی سەردانی خانەقین بكەن و لە راستی رووداوەكە بكۆڵنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (ڤیان سڵێمان)
لیژنەكە لە نزیكەوە لە راستی رووداوەكەی كۆڵیوەتەوه. دەركەوتووە ئەو هەواڵە
"ئەسڵ و ئەساسی نییە و هەواڵێكی درووستكراوە بۆ مەرامی تایبەت".
ئەندامی لیژنەی ئاشتی و هیوا (سەلام
عەبدوڵڵا) گوتیشی: "بە هەوڵ و ماندووبوونی رێكخراوەكانی خانەقین توانرا،
ئەوە بەدەستبهێنرێت و فشار دروست بكرێت بۆ ئەوەی ئەو كەیسە لە رێگەی سوڵحی
عەشائیرییەوە چارەسەر نەكرێت و یاسا بڕیاری خۆی بدات".
روونیشیكردەوە، دەرچوونی بڕیاری دادگا
بە سزادانی ئەنجامدەری تاوانەكە راستی و دروستی ئەو مەسەلەیەی سەلماند و
دەركەوت كە ئێمە هیچ مەرامێكی تایبەتیمان لە باسكردنی ئەو كردەوە
تاوانكارییەدا نەبووە و تەنیا ویستوومانە ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر بە
ژنان ئەنجام دەدەن بە سزای رەوای خۆیان بگەن.
هەواڵی پەیوەست:
http://warvin.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=1466&Jor=19
-----------------------
گروپی كچانی هەڵەبجە: دەمانەوێت ژیان بۆ رەنگەكان بگەڕێنینەوە
|
وارڤین – هەڵەبجە: گروپی
كچانی هەڵەبجە گروپێكی هونەری سەربەخۆیە، كچانی ئەو گروپە دەیانەوێت لە
رێگەی گروپەكەیانەوە كچانی هەڵەبجە بناسێنن و لە بری رەنگی رەش و ماتەمی
شارەكە، ژیان بە بەر رەنگە ئاڵو واڵاكانی سروشت و جوانی شارەكە بكەنەوە و
بە هەموو لایەك بڵێن كچانی هەڵەبجه ژیان و ئازادییان دەوێت.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)
بەرپرسی گروپی كچانی هەڵەبجە (پەیمان عەزیز) رایگەیاند، " گروپی كچانی
هونەری هەڵەبجە گروپێكی هونەری سەربەخۆیە و سەر بە هیچ حزب و لایەنێك
نیە، دوو ساڵە لەلایەن كۆمەڵێك كچانی بەهرەمەندی هەڵەبجەوە دامەزراوە لە
(١٣) كچ پێكهاتووە، هەروەها گروپەكەمان لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
دژی ژناندا دامەزراوە، ئەویش بە نەمام ناشتن رۆژی دامەزراندنمان
راگەیاند".
گوتیشی: "مەبەست لە دامەزراندنی ئەو
گروپەی هونەری كچان پیشاندانی بەهرەكانیانە و ناساندنی كچانی هەڵەبجەیە
تاوەك ئەوانیش ببن بە هونەردۆستێكی دیاری وڵاتەكەمان".
ههروهها گوتی: "دەمانەوێت لە رێگەی
ئەو گروپەوە كچانی هەڵەبجە بناسێنین وبەهرەكانیان پیشان بدەین، ژیان بەبەر
رەنگە جوانەكاندا بكەینەوە و هەروەها بە پیشاندانی هونەرەكەمان و
بەشداریكردنی كچ لە زۆربەی چالاكییەكاندا خواستی خۆمان بۆ ژیان و ئازادی
دەربڕین".
(پەیمان عەزیز) باسی لە كارو
چالاكییەكانی دووساڵی دامەزراوەی گروپەكەیان كرد، لەو دوو ساڵەدا چەندین
چالاكی جیایان ئەنجامداوە بۆ یەكەمینجار كچانی هەڵەبجە لە چەندین چالاكی
جیا جیا بەشداربوونە و خۆیان وەك كچانی هونەری هەڵەبجە ناساندووە.
لەو
بارەیەوە گوتی: "لەو ماوەیەدا چەندین چالاكیمان ئەنجامداوە، لەوانە لە (٨
مارس) چالاكیمان هەبووە، لە كردنەوەی پێشانگایەكی شێوەكاری وشانۆیی،
هەروەها بۆ یەكەمجار كچانی هەڵەبجە لە شەقڵاوە بۆ ماوەی (٥) رۆژ بەشداریان
لە (خێوەتگەی دیدەوانی) كرد، هەروەها بەشداری فیستیڤاڵی رانیەمان كرد، بۆ
ماوەی (٢) رۆژ چالاكیمان كرد بۆ بەرز راگرتنی راپەڕینی رانیە، بە كردنەوەی
پێشانگا و شانۆی رۆڵی كچ لە راپەڕین، چەندین چالاكیدیكەشمان لە چەندین
شوێنی جیا ئەنجام داوە".
ئەو چالاكوانە باسی لە دواین پرۆژەو
چالاكییەكانی خۆیانی كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەوان دەیانەوێت لە رێگەی
كچانی هەڵەبجەوە جوانترین رەنگ بە هەڵەبجە ببەخشن.
لەو بارەیەوە گوتی: "دواین پرۆژەمان
پرۆژەی (رەنگی شار) بوو، بە هاوكاری سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە و كۆمەڵێك
لە رێخراوەكان، لە رۆژی (15 / ئەیلوول) ئەنجامماندا و ئەو رۆژەشمان
ناوناوە (رۆژی رەنگ) كە هەموو ساڵێك ئەو یادە دەكەینەوە. تاكو بتوانین لە
رێگەی كچانمانەوە رەنگ و رەونەق بدەینەوە بە شارەكەمان، چونكە شارەكەی ئێمە
بە هۆی كیمابارانی هەڵبجەوە نوقمی رەنگی رەش كراوە".
هەروەها گروپێك یان دەستەیەكی لەم
شێوەیە بێ پشتیوانی كردنی هیچ لایەنێك بەڕێوچوونی كارێكی قورسە، سەبارەت
بەوەی كێ پشتیوانی گروپەكەیە، لێپرسراوی گروپەكە باسی لەوە كرد، ئەوان
هەمیشە خۆ بەخشانە كار دەكەن لەو بارەیەوە گوتی، "ئێمە خۆبەخشانە
گروپەكەمان درووستكردووە، بە خۆبەخشانەش كاردەكەین، بۆیە ئێمە خۆمان
پشتیوانی خۆمانین، بەڵام زۆربەی كاتەكان (كوێستان خان) جێگری سەرۆكی
شارەوانی هەڵەبجە، وەك دایكی گروپ وایەو هاوكاریمان دەكات بەپێی توانای
خۆی، هەروەها رۆڵی (مامۆستا ئاودێر) وەك كەسێكی هونەری و مامۆستایەك
لەسەرەتایی دامەزراندنی گروپەكەمانەوە هاوكارمانە، ئێمە سوپاسی هەركەسیك
دەكەین دەبێتە هاوكارو پشتیوانی گروپەكەمان تاكو بتوانین چالاكیمان هەبێت".
نەبوونی بینایەك یان شوێنێك گرفتە بۆ
گروپێكی لەم شێوەیە، چونكە پێویستە بۆ هەر كارو چالاكیەك گفتوگۆ بكەن و لە
شوێنێك كۆ ببنەوە، لەو بارەیەوە ئەو چالاكوانە گوتی، "ئێمە گوێنادەین بە
نەبوونی بینا، یاخود بودجە، گرنگ ئەوە نیە بینایەكی گەورەت هەبێت بۆ
بەڕێوبردنی كارەكان، گرنگ ئەوەیە چۆن بتوانی خزمەتێك بكەیت، یان پەیامەكەی
خۆت بگەیەنیت، ئێمە زۆربەی كۆبوونەوەكانمان لە باخی گشتی هەڵەبجە دەكەین،
تاوەك بزانن كچانیش ئازادن و دێنە ناو كایەكانی ژیان".
(پەیمان عەزیز) ئاماژەی بەوەشدا، لەبەر خوێندنی كچانی گروپەكە لە ئێستادا هیچ چالاكیەكیان نیە.
لەو بارەیەوە گوتی: "كچانی گروپەكەمان
خوێندكاری دواقۆناغی خوێندنن سەرقاڵی كارنامەی دەرچونن، لەبەر ئەوە لە
ئێستادا ناتوانین هیچ كاروچالاكییەك ئەنجامبدەین لەمەشەوە داوای لێبووردن
لە هونەردۆستانی شارەكەمان دەكەین".
ئا: دیلان شاوهیس
|
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر