Pages

۱۳۹۱ آبان ۱۱, پنجشنبه

دراما كۆریەكان بەزمانی راگەیاندنی كوردییەوە لە مافی ژن دەدەن


دراما كۆریەكان بەزمانی راگەیاندنی كوردییەوە لە مافی ژن دەدەن
شلێر باپیری
واتەی "فەرهەنگ" پێناسەی جیاواز و جۆرەوجۆری بۆ كراوە كە تێیدا كۆمەڵە هۆكارێكی ‌دیکه‌ی مێژوویی و ئاینی كاریگەرن، بەڵام من ئەو پێناسەی شاعیری ئەمریکایی "ئێدوارد تایلۆر"م پێ باشە کە دەڵێ: "فەرهەنگ، کۆمەلێکی تێکەڵاوە لە بیر، رەفتار، ئایین و باوەرەکان، ماف، داب و نەریت و زۆر لە شتەکانی ئه‌ندامانی کۆمەلگە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە." لە راستیشدا هەروایە، بەڵام لای ئێمە چۆن خۆی دەنوێنێ؟

 
هەرێمی کوردستان کە یه‌کێک لە کۆمەلگەکانی رۆژهەلاتی ناوەراسته‌ و لەو فەرهەنگەی کە گیرۆدەی باوەڕە سوننەتی و ئاینی و داب و نەریتە کۆنەکانە، هاوبەشە. ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌، لەگەڵ درووشمی بەجیهانی بوون و دیموکراسی ئەم سەردەمەدا نەك هه‌ر بواری گونجانی نییە، بگرە لە دژایه‌تی و پارادۆکسدایە.
درووشمی کۆمەڵگەی ئێمە بە رواڵەت "هەنگاو هەلێنانەوەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیك کە هەموو تاکەکان مافی خۆیان هەبێت و بتوانن ئازادانە بژین"، بەڵام تا ئێستەش خۆمان لە قەرەی هەنگاوەکانی ئەم به‌ دیموکراسیبوونەوە نەداوە.
له‌سه‌رده‌مێکدا که‌ راگه‌یاندن رۆڵێکی به‌رچاو له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گێڕێت، چۆناوچۆن له‌ به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌م ره‌وتی به‌دیموکراسی‌کردنه‌دا به‌شداره‌؟
راگەیاندن لە پێناسەی جیهانی بە دەستەلاتی چوارەم ناسراوە و یەکێکیشە لە هۆگەلی کاریگەر کە دەتوانێ گۆڕان لە کۆمەلگەدا بهێنیتە ئاراوە و فەرهەنگە دواکەتووەکانی کۆمەلگەیەک بگۆرێ.
فەرهەنگ لە کۆمەڵگەی ئێمە کە ریشەی لە داب و نەریتە سونەتییەکان داکوتاوە، تا ئێستە نەیتوانیوە وەک پێوست جێگەی خۆی لە فەرهەنگی مۆدێرنیتە و جیهانی سەردەمیدا بکاتەوە. فەرهەنگی سەردەم باس لە ئازادیی مرۆڤەکان و یەکسانیی ژن و پیاو دەکات، بەڵام فەرهەنگی ئێمە هێشتا جیگەیەکی بە ژن نەداوە و ئەوەی کە هەیە تەنیا رازاندنەوەیە بە درووشم  و بۆ تێرکردنی هەوەسەکانە و ئەگینا هەمان پێناسەی "جێگەی ژن ژووری چێشت لێنانە"، نەگۆڕاوە.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ورووژێت که‌ ئه‌رکی راگه‌یاندن له‌ گۆڕینی ئه‌رێنی و پێشکه‌وتنی فه‌رهه‌نگدا چۆنه‌؟
ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ له‌ دیتنی به‌رنامه‌کانی ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا هه‌ستی پێده‌کرێت، راگەیاندنی کوردی بە گشتی تا ئێستە نەیتوانیوە بە پلانێک کار  بۆ ئه‌وه‌ بکات کە تاکەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت و کار لەسەر ئەندێشەکان بکات و بتوانێ زیاتر ئازادی فەراهەم بکات.
بەشێکی ئەم بێ‌پلانییە بۆ ناشارەزایی ئەو کەسانە دەگەرێتەوە لەم ته‌له‌فزیۆنانه‌دا کار دەکەن و  هەرەمەکی چوونەتە ناو دەزگاکانەوە و بێ ئەوەی تاقی بکرێنه‌وه‌، دوور له‌ بنه‌مای زانستی و پیشه‌یی له‌ ده‌زگاکاندا دایانمه‌زراندوون. ئەمەش لە باشوور راگەیاندنی کوردی بەرەو هەڵدێرێک بردووە کە زیاتر بڕەوی بەو فەرهەنگە دواکەوتووە داوە و تاکەکانی کۆمەلگەی بە چەقبەستوویی هێشتوەتەوە  و ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساندوون روو لە داهاتوو بروانن و چاو لە جیهانی نوێ بکەن و بتوان ئاستیان باشتر بکەن.
باس لە نموونەیەک دەکەم کە ئێستە لە راگەیاندنی باشووری کوردستاندا زۆر باوە و بەڕاستی بۆ سەر فەرهەنگ و لە هەمان کاتدا بۆ سەر بیری یەکسانی ژن و پیاو بە مەترسی دادەنێم.
لەو چەند رۆژەی رابردوودا یەک دووجار بە رێگەی هاورێکانم و بنەماڵەوە کە چاو لە دراما کۆرییەکان دەكەن، هەر ئەوانەی لە کەناڵەکان بە سیاسی و ناسیاسییەوە بڵاو دەبنەوە، زۆر جار شتی سەیرم گوێ لێدەبوو کە تەواو توڕەی دەکردم و لێرە چەند دیرێک بۆ نمونە دێنمەوە. بەداخەوە ناتوانم ناوی دراماکان بنووسم و ناوی کارەکتەرەکان، چون هێندە زۆرن و دوای یەکن، بەراستی لێم تێکەڵ بوون. لە نێو کەنالە کوردییەکاندا بووەتە کێبرکێ کامیان کاتە زێڕیینەکانیان بەو دراماییانە بدەن بە جۆرێک لە یەک دوو کەناڵ لەگەل یەک دێن و لە کاتی ریکلامی کەنالەکەی دیکەدا خەلک زوو دەیکاتە کەنالەی‌تر یان دەلێن شەو درەنگ دووبارەکەی هەیە و چاوی لێدەکەین.
لە یەکێک لە دراماکاندا،  ئەوە تێکستەکه‌ی بوو کە ژنێک لە بازار شت دەفرۆشت و راوەستاوه‌، یەکێک لە کارەکتەرە پیاوەکانی فیلمەکە دێت بۆ لایی و  پێی ده‌ڵێت: "بۆ ئەوەندە خۆت ماندوو دەکەی ئەی ئەگەر تۆ نەخۆش بکەوی کێ خواردن بۆ مێردەکەت دروست بکات؟". کەواتە لەو درامایەنەدا دیسان بڕەو بەو جیاوازییه‌ی ژن و پیاو دەدەن و ژن لە کونجی ماڵ و بۆ تێرکردنی هەوەسی جنسی پیاوە و هەموو کارەکانی ماڵەوەش لەسەر شانیەتی.
به‌شێک له‌ تێکستی درامایەکی دیکە ئەوە  بوو کە ژنێک هاتە نێو یەکێک لە ماڵەکانەوە و پیاوێک کە لە چینی هه‌ژاری ئەو ناوچەیە بوو، خەریکی خواردن دروست کردن بوو، ژنەکە گوتی:" ئەمە ژنی ئەم ماڵە لە کوێیە کە پیاوی ماڵەکە خواردن دروست دەکات؟" ئەمجارەش ئەو پەیامەمان پێدەدات کە ژنانیش لەسەر هەمان بیرن کە چوارچێوەی خۆیان بەو شیوە کلێشەیە قبوڵە و  کۆمەلگەی ئێمەش کە ژن تا ئێستە ئاشنا بە مافەکانی خۆی نییە، هەمان شتی بۆ دووپات دەبێتەوە و برەو بە هەمان بێ‌مافی خۆی دەدات. له‌م فه‌رهه‌نگه‌دا نابێ ژن وەک مرۆڤێک ئازادانە بژی و برێک  بە دوور بێ لە بۆنی سڵق و لوبیا و خواردن دروستکردن. پێویستە له‌ کاتێکی وادا، ئەو كەسەش هاوكاری بێ كە بڕیارە دواتر خواردنەكەی لەگەڵ بخوا.
لە تێکستێکی دیکەی ئەو درامایەندا کە لە دراماییەکی برازیلیدا دیتم، پیاوێک چوار ژنی هەیە و یەکیانی مردووە و سێ ژنی ماوە. کابرا زێری بۆ دوو ژنەکەی ده‌کڕێت و ده‌بێته‌ شه‌ڕه‌ژن. ژنی سێیەم  ده‌ڵێت زێرەکانی ئەوان زیاترن و ئەوجار پیاوەکە زیرنگەرێک دێنێت تا زێرەکان بکێشێت. زێرنگەرەکە، دوای وەزنکردن ده‌ڵێت: "هەر سێکتان وەزنی مسقاڵە زێرەکانتان وەک یەکە و یەکسانن"، لێرەدا ژن تەنیا بە وەزنی زێر پیوانە کراوە نەک وەک مرۆڤێک، نەک وەک کەسێک کە رێزی لێ بگیرێت. لە درێژەی ئەو تێکستەکەدا پیاوەکە دەڵێ: باوەڕکە من نادادپەروەری ناکەم و شەوەکانیشم بە یەکسانی لەگەل هەر سێکیان دابەش کردووە، بەڵام خۆ ژن بە هیچ رازی نییە!". كارەساتە ئەو پەیامەیه‌ كە ژن وه‌ک شەوی پیاو ده‌ناسێنێت.
دوو ساڵ لەمەوبەر، یاسای فرەژنی لە پەرلەمانی کوردستان هەر بە دەنگدانی ژنان بوو كە پەسند کرا و چەند مەرجێکیان بۆ دانا کە ئەویش لای ئیمە هیچی جێبەجێ ناکرێت، کەواتە دیسان کولتووری فرەژنی ئەوجار بە یاسا کراوە و خراپتر لە جارانه‌. لەو درامایەنەشدا برەودانە بە هەمان کولتوورە دواکەتووانە کە ژن وەک کاڵایەک دەبینرێت و دەبێ زیاتر خۆی برازێنیتەوە و پیاوەکەی تێر بکات و منداڵی ببێت و پەروەردەی بکات، بێ ئەوەی خۆی وەك مرۆڤێكی هاوتای منداڵە كوڕەكه‌ی كە دواتر ئەویش هەر دەبێ بە پیاو، مافی هەبێت.
 هێنانەوەی ئەو تێکستانەی ناو ئەو درامایانە كە نموونەی زۆر بچووك و سادەن، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بلێم بەراستی بۆ راگەیاندنی کوردی ئەوەند بێ پلانە و بووەتە زبڵدانی ئەم دراما کۆری و ئه‌و درامایانه‌ی کە نەک  فەرهەنگەکەمان باشتر ناکەن، ژنکوژی و بیرە کۆنەکان لە ناو نابه‌ن، بگرە زیاتریان دەکه‌ن و سەر لە نوێ بە شێوەیەکی دیکە بەرهەمیان دێننەوە؟
با باس لەوە نەکەین کە لەو درامایانە‌دا هەر پاشاکان چەندان ژنیان هەیە و  ژنەکانیش شەڕیانە کامیان کوری ببێت کە ببێتە جێگرەوەی بابی! حاشا لەوەی كەس بەزاریدا نایە ئەگەر بە فیلمیش بێ، بۆچی ژنەكان نەبنە دەسەڵاتداری یەكەم،!
راگەیاندنه‌کان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بە فیلمی دیکیۆمێنتاری و ریپۆرت و لێکۆلینەوەکان زیاتر خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن و دەیانەوێ لەم ریگەیەوە فەرهەنگە کۆنەکان نۆژه‌ن بکه‌نه‌وه‌ و بۆ ژیانی باشتر و زیاتر و هۆشیاری خەڵک هەوڵ دەدەن. بەلام راگەیاندنی ئێمە بۆ ناهۆشیاری خەڵک هەوڵ دەدات، بۆیە زۆر مەترسیدارە كە ئەركه‌که‌ی له‌ بونیاتنانه‌وه‌وه‌ بۆ تێكدەری بگۆڕێ.
لە راپۆرتێکی تەلەڤیزیۆنی "دویچە وێلە"ی ئەڵمانیدا کە به‌ ناوی" عه‌وله‌مه‌" بە زمانی عەرەبی بڵاوبۆوە، باسی له‌وه‌ ده‌کرد که‌ چۆن لە هیندستان دوو رێکخراو لە شار و دێهاتەکان کار دەکەن تا خەڵک بتوانن بە ژێر نووسی گۆرانی و  فیلمەکان زیاتر خوێندەوار بکەن. واتە لە رێگەی تیڤییەوە کاریان دەکرد کە خەڵک زیاتر گرنیگی بە خوێندنەوە و  نووسین بدەن و ئاستی خوێندەوارییان به‌رنه‌ سه‌ر.
بەڵام ئێوە پیم بڵێن راگەیاندنی کوردی ئەگەر هەنگاوی نابێ بۆ باشتر بوون، چەندان هەنگاوی ناوە کە خەلک زیاتر وەک خۆی بمێنیەوە، ئەمەش بە نیشاندانی درامای کۆری و نەبوونی بەرنامەی باش کە خزمەت بە بیری یەکسانی  و پەروەردکردنی تەندروستیی منداڵان بکات.
به‌ کورتی، به‌ دیتنی دراما كۆرییەكان تەواو هەست دەكەم دەردی ژنانی كورد چەند ئه‌وه‌نده‌ قووڵتر دەبێتەوە.
nnsroj

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر