راگەیاندراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی "پارتی
لیبراڵ دیمۆكراتی
كوردستان" بەبۆنەی 25 هەمین ساڵیادی كیمیابارانی
هەڵەبجەوە
خەڵكی خۆڕاگر و قارەمانی كوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
كۆڕوكۆمەڵە مافپارێزەكانی كورد
خەڵكی ئازارچەشتووی هەڵەبجەی لەخوێندا شەڵاڵی هەمیشە زیندوو
لەیادەوەریی هەر نەتەوەیەكدا كۆمەڵە رووداوێكی ناخۆش و سەرسوڕهێنەر هەن كە
هەرگیز لەیادی نەوەكان ناچنە دەرەوە و رێك چارەكە سەدەیەك لەمەوبەر رووداوێكی تاڵ
و ترسناك لە مێژووی گەلی كورددا رووی دا كە نەوە بۆ نەوە و نووسراو بۆ نووسراو و
ساڵیاد بۆ ساڵیاد دووبارە دەبێتەوە و دیسانەوە ئەم گەلە بەش مەینەتە ماتەمبار دەكات.
25 ساڵ لەمەوبەر لە وەها رۆژێكدا شاری هەڵەبجەی مەڵبەندی قارەمانێتی و لانكەی
شۆڕش و خۆڕاگری، كرایە ئامانجی بۆردومانكردنی فڕۆكەكانی حیزبی بەعسی فاشیست و لە چەند
سەعاتێكدا 5 هەزار گیانی بێتاوان بە چەكی كیمیایی شەهیدكران.
دیارە لە شەڕی ماڵوێرانكەری نێوان داگیركارانی كوردستاندا ئەوە یەكەمجار نییە
ئەو هێرش و پەلامار و تۆڵە ئەستاندنەوانە لە لایەنی بەرانبەر زیانی قەرەبوونەكراو
بە گەلی ستەملێكراوی كورد دەگەیەنێ، بەڵام وەكو ئەو جینایەتەی كە لە هەڵەبجە و بەشێوەی
بەڵگەدار كرا، لە مێژووی ناوچەكەشدا بێوێنە بووە.لە هێرشێكی دڕندانەدا بۆسەر گەلی
كورد لە شاری هەڵەبجە زیاتر لە 5 هەزار مرۆڤ زیندەبەگۆڕ كران.
پێویستە لەسەرمان ئەم یادە وەك رۆژی ماتەمینی گشتی و بە تێكڕایی و وەك رۆژی
"ژینۆسایدی نەتەوەی كورد" بناسین و هەوڵ بدەین بە هەموومانەوە ئەم دۆسیەیە
بەجیهانی بكەین و بیكەین بە رۆژێكی ماتەمینی بۆ گەلانی بەش مەینەتی دنیاش كە رێز لەم
كارەساتە مێژووییەی كوردان بگرن.
داوا لە هەموو لایەنە كوردستانییەكانیش دەكەینك
1- بۆ قەرەبووكردنەوەی
ئازارەكانی خەڵكی ستەملێكراوی هەڵەبجە هەموو هەنگاوێكی كرداریی مومكین هەڵبگرن بۆ
ئەوەی خەم و مەینەتیەكانیان زیاتر ئازاریان نەدات.
2- هەوڵ بدرێت بە هەموو
لایەنەكانەوە بۆ بە ژینۆسایدناساندنی ئەم رۆژە هەوڵ بدرێت تا لە ساڵیادی كارەساتەكە
لە ئاستی جیهانیدا بۆ ئیدانەكردنی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە رابردوو و
داهاتوودا مۆمی ماتەمینی هەڵبكرێت.
3- بۆ ئەوەی ئەم پرسە هەستیارەی
گەلی كورد لە ئاستی جیهانیدا پاڵپشتیی گەورەی لێبكرێت، پێویستە رێكخراوی جیهانیی
"یەكێتیی نەتەوە ئەنفال و كیمیابارانكراوەكانی جیهان" دروست بكرێت.
هەر لەم یادەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی
كوردستان" سەری رێز و نەوازش بۆ قوربانیانی كارەساتەكە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
دادەنەوێنێ و داواكارە كار بۆ ئەوە بكرێت كە بكەرانی ئەم كارەساتە بە سزای كردارە
ناجوامێرانە و دڤەمرۆڤانەكانی خۆیان بگەن.
ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی لیبراڵ
دیمۆكراتی كوردستان
16/3/2013
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر