Pages

۱۳۹۳ خرداد ۱, پنجشنبه

یه‌كی ماری و كرێكارانی كوردستان!


یه‌كی ماری و كرێكارانی كوردستان!
له‌نووسینی؛ ئاریتما موحه‌ممه‌دی
ڕۆژی یه‌كی مای، یادێكه‌ له‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی ئه‌و كرێكارانه‌ی كه‌ له‌ ١ی مای ساڵی ١٨٨٦ی زایینی له‌ شاری شیكاگۆی ئه‌مریكا ده‌ستیان به‌ مانگرتن كرد و نه‌چوونه‌ سه‌ر كاره‌كانیان. دواتر پۆلیس هێرشی كرده‌ سه‌ریان، له‌ ئاكامی هێرشی پۆلیس بۆ سه‌ر كرێكارانی ماندوونه‌ناس، ده‌یان كرێكار ده‌ستبه‌سه‌ر كران و پاش ئه‌وه‌ش چوار له‌و 
كرێكارانه‌ له‌سێداره‌ دران و ده‌یانی دیكه‌ش بریندار كران.


له‌ ڕاستیدا پاش ئه‌و هێرشه‌ ئیتر خه‌بات و تێكۆشانی كرێكاران له‌ هه‌ر چوارلای دوونیاوه‌ ده‌ستی پێكرد و ئه‌و مانگرتنه‌ی كرێكاران به‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێكی خه‌باتێكی گشتگیری كرێكاران له‌ ئاستی جیهان پێناسه‌ ده‌كرێت. هه‌نووكه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كرێكارانی جیهان به‌ مافه‌كانیان گه‌ییشتوون و ڕێكخراو و سه‌ندیكای تاییبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ و داكۆكی له‌ مافه‌كانیان ده‌كه‌ن. به‌ڵام تاكوو ئیستاش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری دانیشتووانی كوردستان له‌ چینی كرێكارانی هه‌ژار پێك دێن، واتا له‌به‌ر ژێرده‌ستی و بنده‌ستبوونی كورد تاكوو ئیستاش نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرێكاری پیشه‌سازی نییه‌ و زۆربه‌ی دانیشتووانی كوردستان كرێكارانی هه‌ژار و بێ پیشه‌ پێكی ده‌هێنێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی شه‌ریكه‌ و كۆمپانی له‌و به‌شه‌ی كوردستان، كرێكاران خۆنه‌ویستانه‌ ڕوو له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی كار و دابین كردنی بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵیان. تاكوو هه‌نووكه‌ له‌و ڕێگایه‌شدا سه‌دان كرێكاری كورد گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و كه‌سیش له‌ هۆكاری مردن و دیار نه‌مانیانی نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه‌ تاكوو بزانێت له‌به‌رچی و به‌چی هۆ و هۆكارێك گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. به‌شێكی دیكه‌ی كرێكارانی كورد له‌به‌ر نه‌بوونی كار ڕوو له‌ پیشه‌ی پڕ مه‌‌ترسی كۆڵبه‌ری ده‌كه‌ن و ڕۆژانه‌ ده‌یان كرێكاری كورد له‌ پێناو دابین كردنی بژێوی ژیانیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌سه‌ر و ده‌كوژرێن و كه‌سیش لێیان ناپرسێته‌وه‌ كه‌ له‌به‌رچی ئه‌و كرێكارانه‌ی كورد به‌و چه‌شنه‌ ناڕه‌وا ده‌كوژرێن و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، تاكه‌ هۆكاری ڕوودانی ئه‌و ڕووداوانه‌ش له‌‌ بنه‌ڕه‌تدا‌ له‌ داگیركراو بوونی كوردستان و زاڵبوونی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ كورد سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌ له‌ كرێكارانی كورد كه‌ به‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیانیان ڕوو له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران ده‌كه‌ن، له‌به‌ر نه‌بوونی یاسای تۆكمه‌ و یاسای پاراستنی مافی كرێكاران، به‌شێكیان له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كانیانه‌وه‌ مووچه‌ی ڕۆژانه‌یان پێ نادرێت و لێزه‌وت ده‌كرێت، یانخود به‌كرچی و كاڵی و به‌نیوه‌وناته‌واویی وه‌ری ده‌گرن، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌خۆیدا به‌ كێشه‌یه‌كی مه‌زن پێناسه‌ ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و كرێكارانه‌ خاوه‌نی خانووی خۆیان نین و ماڵیان به‌كرێ گرتووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ كاتی خۆیدا كرێ خانووه‌كه‌یان نه‌ده‌ن، ئه‌وا خانووه‌كانیان پێ چۆڵ ده‌كرێت، تاكوو ئیستاش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌دان نموونه‌ی له‌و چه‌شنه ڕووی داوه‌، كاتێك كه‌ نانهێنه‌ری ماڵ له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێراندا سه‌رقاڵی كاركردن بووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر وه‌رنه‌گرتنی مووچه‌ له‌ كاتی خۆیدا و هاوكات نه‌دانی كرێخانووه‌كه‌ی له‌ كاتی پێویست و دیاریكراو دا، ماڵ و منداڵه‌كانی خانووه‌كه‌یان پێ چۆڵ كراوه‌ و ئاواره‌ی شه‌قام و كۆڵان بوونه‌.
هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ و له‌سه‌روو هه‌مووانه‌وه‌ سپای پاسدارانی ڕژیم تێكڕای بنه‌ما ئابوورییه‌كانی وڵاتی ئێرانیان قورخ كردووه‌ و ڕێ له‌ ده‌رچوونی یاسای پاراستنی مافی كرێكاران ده‌گرن، یانخود له‌ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و یاسانه‌ی كه‌ تا ئاستێك گرینگی به‌ مافی كرێكاران و بارودۆخی ژیانیان ده‌دات ڕێگری ده‌كه‌ن. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا، به‌تاییبه‌ت له‌و كاته‌وه‌ كه‌ ئابڵۆقه‌ی ئابووری و گه‌مارۆكان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ سه‌پێنراونه‌ته‌ سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر دۆخ و ژیانی كرێكاران داناوه‌ و ژیانی كرێكاران ئاڵۆزی پتری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و له‌گه‌ڵ كێشه‌ی مه‌زن ڕووبه‌ڕوو بوونه‌ته‌وه‌. هه‌نووكه‌ پتر له‌ حه‌فتا له‌ سه‌دی خه‌ڵكی ئێران له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن كه‌ به‌شێكی زۆری به‌ر كوردستان و نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌وێت و به‌پێی نێونووس كردنی خه‌ڵك بۆ وه‌رگرتنی یارانه‌كان له‌ ئێران، ئه‌مساڵ ئه‌و ڕێژه‌ به‌رز بووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ی هه‌شتا له‌ سه‌د و ئه‌وه‌ش دوور له‌ چاوه‌ڕوانی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ وا بوو كه‌ ئاگاداری بارودۆخی ژیانی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ نه‌بن.
له‌ باشووری كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی حوكوومه‌ت ده‌كات، به‌ڵام تاكوو ئیستاش مافی كرێكاران له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌ و به‌به‌رده‌وام مافه‌كانیان پێشێل ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كرێكارێك به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ كێشه‌ی بۆ بێته‌ پێش و نه‌توانێ كه‌ درێژه‌ به‌كاره‌كه‌ی بدات، یانخود تووشی نه‌خۆشی بێت، ئه‌وا كاره‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و هیچ هاوكارییه‌كیش ناكرێت و كه‌سێكی دیكه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ی داده‌نرێت. ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای سرنج و تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر حیزبێك له‌و به‌شه‌ی كوردستان خاوه‌ن سه‌ندیكای تاییبه‌ت به‌ كرێكارانه‌، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و حیزبی شووعی كوردستان (ئێراق) له‌یه‌ك به‌ره‌ دان و هیچ به‌دواوه‌چوونێكیش بۆ مافه‌كانی كرێكاران ناكه‌ن و گرینگی و باییخ به‌ مافی ئه‌و چینه‌ تێكۆشه‌ر و ماندوونه‌ناسه‌ی كۆمه‌ڵگا ناده‌ن، له‌ ڕاستیدا سه‌ندیكای كرێكاران له‌ هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ پاشكۆی حیزبه‌كان.
له‌ باكوور و ڕۆژئاوای كوردستانیش به‌هه‌مان چه‌شن، كوردستان به‌شه‌ هه‌ژارنشینه‌كه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ پێك ده‌هێنێت و سه‌رمایه‌ی ژێر زه‌وی كوردستان له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان له‌ خزمه‌ت داگیركه‌ران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاتانه‌ دایه‌ و گرینگی و باییخ به‌ كوردستان نادرێت و كرێكارانی كورد له‌ دۆخێكی یه‌كجار ناله‌بار و دژوار دان و به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و مافه‌كانیان ژێرپێ ده‌خرێت. ئه‌زموونی سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتداری له‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌و به‌شانه‌ی كوردستان كه‌ كرێكاران پارت و ڕێكخراوی سیاسیی تاییبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، سه‌لماندوویانه‌ كه‌ چ ده‌سه‌ڵات و چ ئه‌و پارته‌ كرێكارییانه‌ گرینگی و باییخ به‌ پێگه‌ی كرێكار ناده‌ن و ته‌نیا وه‌ك كه‌ره‌سته‌ بۆ ده‌ستبه‌ر كردنی داخوازییه‌كانی خۆیان كه‌ڵكیان لێوه‌ر ده‌گرن.
ئه‌وه‌ش كێشه‌ی كرێكارانی پتر قووڵ كردووه‌ته‌وه‌ و چاره‌نووسی چه‌ندین میلیۆن كرێكاری نادیار و بێ ناونیشان كردووه‌. له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ ته‌نیا به‌ كرێكاری بیناسازی و كرێكاری كارگاكان ده‌ڵێن كرێكار و ئه‌وانه‌ی كه‌ مووچه‌خۆری حوكوومه‌تن به‌‌ به‌شێك له‌ چینی كرێكار به‌ئه‌ژمار نایه‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌ك بێ ڕێزی كردن به‌ چینی كرێكار پێناسه‌ ده‌كرێت. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه‌ مووچه‌خۆر بێت و خاوه‌نكاری هه‌بێت، یانخود له‌لایه‌ن كه‌س یان مووچه‌گری ناوه‌ندێكی تاییبه‌ت بێت كرێكاره‌، چینی كرێكار تێكڕای ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ مووچه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن كه‌س یانخود شه‌ریكه‌ و داموده‌زگایه‌كی حیزبی و حوكوومی تاییبه‌ته‌وه‌ ده‌درێت و خاوه‌نكاریان هه‌یه و بنه‌مای ئابووریان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌لایه‌نێكی دیاركراو.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر