Pages

۱۳۹۳ تیر ۹, دوشنبه

سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل داوای سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان ده‌کات

دەنگی کوردی ئەمەریکا

سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل داوای سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان ده‌کات.

سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل هاوکاتی باسکردنی پشێوی و ئاڵۆزیه‌کانی عێراق داوای دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌کات وه‌ک به‌شێک له‌ هاوپه‌یمانیه‌کی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ هێزه‌ میانڕه‌وه‌کانی سه‌رانسه‌ری ناوچه‌که‌دا.


به‌نیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل له‌و لێدوانه‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌یدا جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ ئیسرائیل بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی خۆی له‌ که‌ناری ڕۆژئاوا بهێڵێته‌وه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ جیهادیه‌کان له‌وه‌ی بگه‌نه‌ ده‌وروبه‌ری ته‌لئه‌ڤیڤ.
هه‌ر له‌و لێدوانه‌یدا که‌ تایبه‌ت بوو به‌ سیاسه‌ت و ڕێبازه‌کانی،  به‌ڕێز نه‌ته‌نیاهۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌کانی ناوچه‌کان له‌ ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ لایه‌ن ڕێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام واته‌ داعش ده‌شێت ببێته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆسه‌ر شانشینی ئوردون که‌ ئیسرائیل په‌یماننامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌ و بۆ ئاسایشی وڵاته‌که‌ش به‌ گرنگ ده‌زانرێت.
به‌ڕیز نه‌ته‌نیاهۆ ده‌ڵێت ده‌بێت بتوانین ڕێ له‌ تێرۆریزم و فه‌نده‌مێنتاڵیه‌کان بگرین که‌ ده‌شێت به‌ زووترین کات له‌ شانشینی ئوردونه‌وه‌ بگه‌نه‌ که‌ناری ڕۆژئاوا له‌ ئیسرائیل.
به‌نیامین نه‌ته‌نیاهۆ به‌ ڕاگه‌یاندنی پشتیوانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی کورد و هه‌روه‌هاش هه‌ڵوێسته‌کانی له‌سه‌ر که‌ناری ڕۆژئاوا پێچه‌وانه‌ی ڕوانینی باوی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌.
له‌ شانشینی ئوردونیش وێڕای ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ی به‌رامبه‌ر داعش هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ به‌ڵام هه‌ندێک قسه‌ و باسیش هه‌بوون که‌ ده‌ڵێن ئیسرائیل بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆی له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌کانی گه‌وره‌ کردووه.
به‌ڕێز نه‌ته‌نیاهۆ ده‌ڵێت په‌ره‌سه‌ندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام که‌ ڕێکخراوێکی توندڕه‌وی سوننه‌یه‌ و هه‌روه‌هاش هێزه‌ شیعه‌کانی ئێران پشتیوانییان لێده‌کات ده‌رفه‌تێکی ڕه‌خساندووه‌ بۆ زیادکردنی هاوکاری ناوچه‌یی، وه‌ک ده‌ڵێت شانشینی ئوردون هه‌روه‌ها کوردیش که‌ خودموختارن له‌ هه‌رێمه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وته‌که‌یان پێویسته‌ پشتیوانی بکرێن و کوردیشی به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی جه‌نگاوه‌ر ناودێر کرد که‌ سه‌لماندویانه‌ وابه‌سته‌ی سیاسه‌ت و میانڕه‌ویشن و ده‌شڵێت کورد شایسته‌ی سه‌ربه‌خۆبوونه‌.
به‌م ڕاگه‌یاندنه‌ش به‌نیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌ره‌ک وه‌زیری ئیسرائیل بووه‌ یه‌که‌م که‌سایه‌تی دیاری جیهان داوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بکات.
کورد ده‌مێکه‌ ئه‌و خواسته‌ی هه‌یه‌ تا سه‌ربه‌خۆ بێت به‌ڵام ڕێبه‌رانی کورد گوتوویانه‌ هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی له‌ ئێستادا هه‌نگاوێکی ڕیالیستیکانه‌ نییه‌.
تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ نه‌ عێراق و نه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاش هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ی به‌ڕێز نه‌ته‌نیاهۆ نه‌بووه‌.   ‌   ‌

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر