Pages

۱۳۹۱ آبان ۲۳, سه‌شنبه

فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر: ئۆپه‌راسیۆنی دیجله به‌ ناقانوونی ناوده‌بات‌

فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر: ئۆپه‌راسیۆنی دیجله به‌ ناقانوونی ناوده‌بات‌

وتووێژی جه‌بار یاوه‌ر دەنگی کوردی ئەمەریکا
وه‌زاره‌تی پـێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌ی "ئۆپه‌راسیۆنی حه‌مرین" بڵاوکرده‌وه‌ ‌و تیایدا پێکهێنانی "ئۆپه‌راسیۆنی حه‌مرین" له‌ نێو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌‌ گوایه‌ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئۆپه‌راسیونی دیجلە دروست ده‌کرێت.

سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵه‌ و نیگه‌رانی خه‌ڵکی له‌ ناوچه جێ‌ ناکۆکه‌کان فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر که‌ریم بۆ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌دوێت.

////////////////////

ئۆپەراسیۆنی دیجلە و نمایشی قەدەری کورد

سەروتاری ژمارە ٩٨ ی گۆڤاری نێوەند...
نوسینی: لوقمانی حاجی کەریم...
فەلەستینییەکان، لەسەرەتای کۆچی بەکۆمەڵی جولەکەدا، وێڕای بەیاننامە ھیچ ھەڵوێستێکی تریان نەنواند. کەچی پاش ماوەیەکی کورت، بۆیان دەرکەوت ھەڵەیەکی مێژووییان کردووە. بەشێک لە خاکەکەیان لەدەستدا. ئەوەش سەرەتای لەدەستدانی زۆربەی خاکی نیشتمانەکەیان بوو.
ئێمە، نزیک لە باردودۆخی فەلەستینییەکان نەبووین. لەودەمەدا ئەوان بێ دەوڵەت و بێ ھێز و بێ سەرباز بوون. ئێمە حکومەت و پەرلەمان و ھێزی سەربازی و تەنانەت بەشێکمان لە بەغدا بووین. کەچی پرۆسەیەکی سەربازیی لە بەغداوە، بێ ھیچ بەربەستێک و بەئاسانی ( کورد وتەنی: بەخشکەیی) لەبن ھەنگڵیان دەرھێناین.
ھەنوکە، پرۆسەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە، گەشەی کردووە و فەرماندەیی پێکھێناوە. وێڕای دانپێدانەنانی پارێزگاری کەرکوک و ھەندێک لێدوانی وەزیری پێشمەرگە، ھیچ ھەنگاوێکی ئەوتۆ نەنراوە بۆ وەستاندنی.
ھێزە سیاسییەکانی کورد بەھۆی ناکۆکییانەوە، لە ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتی بەغدا، بۆشاییەکی فراوانیان بۆ ھاتنی ھێزێکی بێگانە خۆش کرد. ئەوان، نەیانتوانی ( بەئێستاشەوە) خۆیان بۆ ھەر ڕووداوێکی کوتوپڕ یەک بخەن. ھەربۆیە ئۆپەراسیۆنی دیجلە، لە بێئاگایی کورد، لەدایکبوو و ھەنوکەش بووەتە ئەمری واقیع و دەبێت کورد شانی بخاتە ژێر.
ھێزە سیاسییەکانی کورد، وێڕای ئەوەی بەدوو دیدی جیاوازەوە دەڕواننە پرۆسەکە، کەچی لە ئامادەسازیشدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نێوەنددا، نەیانتوانیووە لیژنەیەکی بێلایەنی پسپۆڕی گشتگیر پێکبھێنن تاوەکو بە ئەقڵێکی نەتەوەییانەی ھاوچەرخەوە کێشە زەقبووەکانی نێوان خۆیان و بەغدا چارەسەر بکەن. بەڵکو، لەکۆتاییدا ھێزێکیان بە ھەر چەشنێک بێت فەرامۆش کرد. ئەمەش ئەو بۆشاییانەیە کە ھەمیشە بە دیواری دیالۆگ و ھەوڵەکانی کوردەوە درزەکەی لە دوورەوە دیارە و تای بارەکەی لەق دەکات.
ھێزەکانی عێراق، ھەوڵەکانیان بۆ حکومەتێکی زۆرینە لە عێراقدا، بێشک ناگاتە ئەنجام. بەھۆی پێگەی شیعەی عێراقیشەوە وەک دووەم داڵدەی شیعەچێتی، پرۆسەیەکی دوور و درێژی ئامادەکراوی ھەیە کە نەوە بەدوای نەوە پەرەی پێدەدات. لێرەشەوە، پێویستە کورد، لەبەرامبەریدا، بەدیلێکی ڕوونتر و تۆکمەی سازکراوی ھەبێت. دەنا بەو ھەرزانییە نمایشی قەدەری خۆی بەتاڵان دەداتە کڕیارەکانی.
دەنا، ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کورد بە ھاتنی ھێزی دیجلە ڕازی نییە، بۆچی کاردانەوەی نەبوو؟ ئەوان ھێز دەنێرن. با بە ھێزیش ڕێگەیان لە ھاتنی گرتبا. ئەی باشە ئەو ھەموو ھێزانەی پارتی و یەکێتی بۆ ڕۆژیکی وا نەبن بۆ کەی دەبن؟ دەبێ سەرکردایەتی کورد ئەوە بزانێت، ھێزەکانی دیجلە، سەرەتایەکن بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچە جێناکۆکەکان و گەر کاردانەوەی ھەمان شێوەیان نەبێت، ھێزی فوڕاتیشی بەدوادا دێت.
///////////////////////

ئایا کورد توانای رووبەڕوبوونەوەی مالیکی و ئۆپەراسیۆنی دیجلەی ھەیە؟

ئامادەکردنی: شەنکار عەبدوڵا...
شەڕ لەبەردەرگایە، ئایا کورد توانای رووبەڕوبوونەوەی مالیکی و ئۆپەراسیۆنی دیجلەی ھەیە؟
فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە سەرەرای ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئامانجیان ھەرێمی کوردستانیشە
خالید شوانی: پێکھێنانی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ھێمنی نییە لە کەرکوک بەڵکو مەرامێکی سیاسی لەپشتەوەیە
ئەو کەسانەی بۆ فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە دەستنیشانکراون ھەمان ئەو سەرکردە سەربازییانەن کە لەسەردەمی رژێمی بەعس لەو ناوچەیەدا فەرماندەی بەشێک لە سوپاکەی رژێمی بەعسیان دەکرد لە کەرکوک
بەپێی ھەیکەلی وەزارەتی بەرگری عێراق بێت، شتێک نییە لە ھەیکەلی وەزارەتی بەرگری عێراقدا کە ناوی فەرماندەی عەمەلیات بێت
لە فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلەدا ٩٧%ی لە پێکھاتەی عەرەبن و لە یەک مەزھەبیش پێکھاتوون کە بەمەش فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە جارێکی تر وەک کارێکی نادەستووریی تەماشای دەکەین
نوری مالیکی: تانەدان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە سەرپێچییەکی ئاشکرای دەستووری عێراق و لێدانە لە ھەڕەمی دەستوور
تا ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی بەغدا نەیتوانیووە سەرکەوتن بەدەست بھێنێت لە دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و پێشێلکاریشە بەرامبەر ئەنجومەنی پارێزگاکان ‌و حکومەتە خۆجێییەکان
شوان محەمەد: دروستکردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە رەھەندێکی سیاسی ھەیە لەوەی مەبەستی گەڕانەوەی ئارامی‌و ئاسایش بێت
دوا ھەوڵی مالیکی ئەوەیە بنکەی جەماوەریی لیستی عیراقییە لاواز بکات و ھێز ‌و قورسایی خۆی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی ھەرێم ‌و ناوچە سوننە نشینەکان دەربخات
فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە لەئێستادا بە ھەر سێ پارێزگای (کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین)دا بڵاوبوونەتەوە، بە وتەی فەرماندەکەی دەسەڵاتیان لە پارێزگار گەورەترە و کەس بۆی نییە دەستوەرداتە کاروباریانەوە، پارێزگاری کەرکوکیش دەڵێت ناھێڵم ھیچ جموجوڵێک بکەن لە کەرکوک، چاودێرانیش پێیان وایە لەئێستادا شەڕ بەر دەرگای بە کورد گرتووە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا کورد توانای رووبەڕوبوونەوەی مالیکی و ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەی ھەیە؟
عەبدولئەمیر زەیدی لە دیدارێکی رۆژنامەی رووداودا زانیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاودەکاتەوە و بەتوندی بەرپەرچی ھەندێ لە وتەکانی بەرپرسە کوردەکان دەداتەوە.
لەبارەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە، وتی: فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە بۆ ئەوە دروستبووە سەرکردایەتی ھێزەکان یەکبخات و کۆنتڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکان بکات، کە لە ھەر سێ پارێزگای (کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین)دا ھەن، ئەمەش گۆڕینی ناوە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیالە بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، سەرەتا بڕیار بووە تەنھا (کەرکوک و دیالە) بگرێتەوە، بەڵام دواتر فەرمان لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە کە (سەڵاحەدین)یش بگرێتەوە، لە ھەریەکە لەم پارێزگایانەدا بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی پۆلیس ھەیە، ل ەکەرکوکیش فیرقەی پیادەی ١٢ ھەیە، لە سەڵاحەدینیش فیرقەی ٤ ھەیە. ئەمانە ھیچیان نەبەستراونەتەوە بەیەکەوە، فیرقەی ١٢ سەر بە فەرماندەی ھێزی زەمینییە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسیش سەر بە بنکەی زانیاری نیشتیمانییە. ھەربۆیە ھاوئاھەنگی لەنێوان ئەمانە ھەر نەبووە یان زۆر لاواز بووە، دەزگای ئەمنی نابێت وابێت، دەزگای ئەمنی یەکەیەکی یەکتر تەواوکەرن، ئەگەر فەرماندەیەک لە سەرووی ھەڕەمەکە نەبێت فەرمان بکات نابێت.
وتیشی: مەبەست لە دروستبوونی ئەم ھێزە سەپاندنی ئارامی و سەقامگیرییە، ھەموو شتێکیش بە ھەماھەنگی دەبێت لەنێوان سوپا و پۆلیس و ھێزی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بەرپرسیار دەبێت لە ئاسایشی شارەکان، بەڵام سەر بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان دەبێت، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان ئەم توانایانە یەک دەخات، لەنێوان ھێزەکاندا ئاڵوگۆڕی زانیاری دەبێت، بەو جۆرە لە ھەر پارێزگایەکدا شانەیەکی کارکردن دادەمەزرێت کە زانیاری لە ئاژانسەکان کۆدەکاتەوە و دەیداتە سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکان، سوپای ئەمریکیش کە لە عێراق بووە ھەر بەو جۆرە کاری کردووە، ھەموو ھێزەکان ئاگاداری کاری یەکدی بوون.
کاردانەوەکانی کورد لەبەرامبەر دیجلە
دروستبوونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە بە پلەی یەکەم کورد دژیەتی، لەدروستبوونیەوە لە چەندین لێدوانی رۆژنامەوانیدا ئەم ئۆپەراسیۆنەیان بەتوندی رەتکردۆتەوە.
لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بە سازدانی مەراسیمی راگەیاندنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی سازکردنی مەراسیمەکەی کرد و راگەیاندنیشی بە کارێکی نایاسایی وەسف کرد.
خالید شوانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت: ئامادەبوونی پێکھاتەیەکی لە پێکھاتەکانی کەرکوک لە مەراسیمەکەدا و خوێندنەوەی وتارێکی سیاسی و ئاڕاستەکردنی سوپا لەدژی پێکھاتەکانی تری شارەکە و ھەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوانە لەلایەن نوێنەرێکی ئەو پێکھاتەیەوە لە مەراسیمەکەدا، سەلمێنەری قسەکانی ئێمەیە کە لەبارەی دروستکردنی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلەوە کردوومانە کە دەمانوت پێکھێنانی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ھێمنی نییە لە کەرکوک بەڵکو مەرامێکی سیاسی لەپشتەوەیە.
خالید شوانی لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا وتویەتی: ئەو کەسانەی بۆ فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە دەستنیشانکراون ھەمان ئەو سەرکردە سەربازییانەن کە لەسەردەمی رژێمی بەعس لەو ناوچەیەدا فەرماندەی بەشێک لە سوپاکەی رژێمی بەعسیان دەکرد لە کەرکوک و ئەوان لەو سەردەمەدا دژایەتی پێکھاتەیەکی دیاریکراوی شارەکەیان کردووە و، ھەمان ئەو سەرکردانەن کە ئێستاش ھاتوون بەھەمان بیروباوەڕی ئەوسایانەوە خەڵک لەدژی پێکھاتەکانی تر پەروەردە بکەن، لەکاتێکدا سوپای ئێستای عێراق دەبێت سوپای یەکگرتووی ھەموو عێراقییەکان بێت.
شوانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو کەسانەی وەک بەرپرسی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە دەستنیشانکراون کەسانێکن کە بڕیارەکان دادپەروەریی و لێپرسینەوە دەیانگرێتەوە و دەبێت ئەو بڕیارانەیان لەسەر جێبەجێبکرێت و لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە.
شوانی راشیگەیاندووە: دانانی ئەو جۆرە کەسانە وا دەکات کە ھاوڵاتیانی کەرکوک ئیستیفزاز بن و پێکھێنانی ئەو فەرماندەیەش لە شارەکەیان رەتبکەنەوە، ئەگەرچی لێپرسراوانی پارێزگای کەرکوک بایکۆتیان کردووە کە بەشداری لەوەھا مەراسیمێکدا بکەن، سازدانی مەراسیمەکە و ئامانج لە سازدانەکەشی لای ئێمە رەتدەکرێتەوە و دەچێتە خانەی ئیستیفزازکردنی کەرکوکییەکانەوە.
لەلایەن خۆشیەوە پارێزگاری کەرکوک د. نەجمەدین کەریم رایگەیاند: ماوەیەک لەمەوبەر ئەو مەسەلەیەمان لەگەڵ نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا باس کردووە و بەشێوەی راستەوخۆ پێمان راگەیاندووە کە پێکھێنانی ئەو فەرماندەیە کارێکی نادەستوریی و نایاساییشە، ئاماژەی بەوەشدا وەک ئیدارەی کەرکوک لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکاندا درێژە بە ھەوڵەکانمان دەدەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی پارێزگای کەرکوک و بەوردیش چاودێری بارودۆخەکە دەکەین و رێگەش بە فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە نادەین سنوورەکان ببەزێنێت، وتیشی: فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە درێژەپێدەری فەرماندەی عەمەلیاتی دیالەیە و ئەو فەرماندەیەش خۆی ئەزموونێکی شکستخواردووە و رێگە نادەین ئەزموونی شکستخواردووش ھاوردەی کەرکوک بکرێت، چونکە کەرکوک ھێزی خۆی ھەیە و دەتوانێت ئاسایش و ئارامی دابین بکات.
دەربارەی نیگەرانییەکانی کورد لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە، عەبدولئەمیری زەیدی وتی: ئەوەم زۆر بەلاوە سەیرە، ئەو کورد نییە کە نیگەرانە، ئەوە ناکۆکی قەوارە سیاسییەکانە، ئێمەش وەک سوپا پرۆفیشناڵین و ھیچ پەیوەندیمان بە کاری سیاسییەوە نییە، رێگە نادەم دەزگا ئەمنییەکان کە خۆم لێپرسراویانم دەست وەربدەنە کاروباری سیاسییەوە، ئێمە خەڵکێکین کاری خۆمان دەزانین و یاسا جێبەجێ دەکەین، کاری ئێمە ئەوەیە ئاسایشی ھاوڵاتیان بپارێزین بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە.
دەربارەی ئەوەی کە لە ھەر سێ پارێزگاکە بەرزترین دەسەڵات، لای پارێزگارە، ئێوە مەترسی ئەوەتان نییە ئەگەر ھاتو توشی شەڕ بن ئاسایشی پارێزگاکان بەتەواوی تێکبچێت، زەیدی وتی: نا من دڵنیام وا نابێت، پێکھێنانی ئەم ھێزە ئاسایش و ئارامی لە پارێزگاکان دەسەپێنێ، باشە کەس ھەیە ئاسایشی بۆ دابین بکەی رازی نەبێت؟ ئەوان تێر نەبوون لە بینینی گۆشتی برژاو؟ لەو ھەمووە خوێنەی مرۆڤ دەڕژێ؟ ئەمە مەسەلەی ئاسایشە با کەس خۆی تێھەڵنەقورتێنێ، ئەوان سیاسین و با خەریکی کاری خۆیان بن، شار ئاوەدان بکەنەوە و مژدەی ئایندەی باشترمان بدەنێ، ئیشی ئەوان ئەوەیە و ئیشی ئێمەش پاراستنی ئاسایشی ھاوڵاتیانە.
لەبارەی ئەوەی کە پارێزگاری کەرکوک دژی ئەو ھێزەیە، دەڵێت تاوەکو من لە کەرکوک بم رێگە نادەم بجووڵێن، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە وتی: کاری ئێمە بەپێی فەرمانی دیوانە و لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دەرچووە، کەرکوکیش پارێزگایەکی عێراقە، ھەر فەرمانێک لە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەربچێ لەسەر ئەویش جێبەجێ دەبێت، بەلای ئێمەوە ئەو کەسێکی راوێژکارییە و یەکەی ئیدارییەکانی پارێزگا بەڕێوە دەبات، بەڵام مەسەلەی دەسەڵاتدان لەلایەن فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانەوە ئەوە تەنیا و تەنیا بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانە، لەناو سوپادا یاسا و رێسا ھەیە، ئەگەر لایەنێک یاخی ببێت و ئامادە نەبێت فەرمان و رێنماییەکانی جێبەجێ بکات، خۆی بەرەو رووی لێپرسینەوەی یاسایی و دادگا و سزا دەکاتەوە، ئێمە وەک دەزگای ئەمنی یەکەم شت دیسپلین و دووەم یاسا و رێسای کارپێکراوی سەربازیی کە لەسەر ھەموو عێراق جێبەجێ دەبێت بەڕێوەمان دەبات.
ئایا عەمەلیاتی دیجلە نادەستوورییە؟
لەدروستبونی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلەوە، باس و بابەتی دەستووریی بوون و نادەستوریی بوونی ئەم فەرماندەیە زۆر بڵاوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ل ەفراکسیۆنی ھاوپەیمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەم فەرماندەیە لە چەند روویەکەوە نادەستورییە.
پەرلەمانتار خالید شوانی ئەندامی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پێکھێنانی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە لە چەندین رووەوە نادەستوورییە و سەرەتا دەبێت ھەموو لایەک ئەوە بزانن کە کەرکوک بەپێی مادەی ١٤٠ی دەستوور لە ناوچە کێشە لەسەرەکانە، واتە ئیدارەدانی ئەو پارێزگایە دەبێت بەپێی ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بێت، ئەمە جگە لەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا رێککەوتن لەنێوان دەزگا ئەمنییە باڵاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی لایەنی ئەمریکی ئیمزا کراوە کە لەو ناوچانە ھێزی ئەمنی ھاوبەش ھەبێت و بەپێی ھەردوو ئەو لایەنەش پێکھێنانی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە کارێکی نادەستووریی و نایاساییشە،
وتیشی: بەپێی ھەیکەلی وەزارەتی بەرگری عێراق بێت، شتێک نییە لە ھەیکەلی وەزارەتی بەرگری عێراقدا کە ناوی فەرماندەی عەمەلیات بێت، بۆیە جارێکی تر پێکھێنانی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە کارێکی نایاساییە، ھەر لە دەستووری عێراقدا مادەی ٧ دەڵێت، دەبێت سوپای عێراق لە کورد و عەرەب و سوننە و شیعە پێکبێت، بەڵام لە فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلەدا ٩٧%ی لە پێکھاتەی عەرەبن و لە یەک مەزھەبیش پێکھاتوون کە بەمەش فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە جارێکی تر وەک کارێکی نادەستووریی تەماشای دەکەین، ھەروەھا ئەو کەسانەی بۆ فەرماندەیی عەمەلیاتی دیجلە دەستنیشانکراون ھەمان ئەو سەرکردە سەربازییانەن کە لە سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچوودا فەرماندەی بەشێک ل ەسوپاکەی رژێمی بەعسیان کردووە لە کەرکوک و ئەوان لەو سەردەمەدا دژایەتی پێکھاتەیەکی دیاریکراوی شارەکەیان کردووە، بۆیە ئەو کەسانەی وەک بەرپرسی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە دەستنیشانکراون، کەسانێکن کە بڕیارەکانی داپەروەریی و لێپرسینەوە و ریشەکێشکردنی بەعس دەیانگرێتەوە و دەبێت ئەو بڕیارانەیان لەسەر جێبەجێبکرێت و لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە، بەڵام کە ئەو یاسایە لەسەر ئەو کەسانە جێبەجێ نەکراوە ئەمەشیان کارێکی نایاساییە.
لەلایەن خۆشیەوە نوری مالیکی، تانەدان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە بە پێشێلکاریی دەستوور ناودەبات و رایدەگەیەنێت، بوونی سوپای عێراق لە ھەرێمی کوردستان لە پێشترە لە بوونی سوپای تورکیا، بەڵام کەس باسی بوونی دەبابە و تانک و فڕۆکەکانی تورکیا ناکات لە خاکی ھەرێمدا.
لەمیانی گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ بەرنامەی (بین قوسین)ی کەناڵی ئاسمانی سۆمەرییە، کە بڕیارە بەم نزیکانە پەخش بکرێت، نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: تانەدان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە سەرپێچییەکی ئاشکرای دەستووری عێراق و لێدانە لە ھەڕەمی دەستوور، ئاماژەی بەوەشکردووە: " ھیچ رێگرییەک نییە لەسەر جووڵەی ھێزەکانی سوپای عێراق و بەپێی دەستووریش سوپای فیدراڵی مافی ھەیە لە بەسرەوە تا زاخۆ بوونی ھەبێت و کەسیش ناتوانێت رێگریی لێبکات.
راشیگەیاندووە: عێراق دابەشکراوە بەسەر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکاندا و کەس باسی ناکات، لەبەرئەوەی کارێکی سروشتییە، مافی پارێزگاری کەرکوکیش نیبە لەو بارەیەوە قسە بکات، ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە.
سایتی سۆمەرییەنیوز بڵاویکردەوە؛ مالیکی رایگەیاندووە: کەرکوک پارێزگایەکی عێراقییە و بەپێی دەستووری سوپای عێراق بۆی ھەیە بچێتە کەرکوک و ھەولێر و سەڵاحەدین و سلێمانیش.
وەک تانەدانێک لە بەرپرسانی ھەرێم، مالیکی دەڵێت: سوپای عێراق لە پێشترە لە سوپای تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەی بۆچی بێدەنگی کراوە لە بوونی سوپای تورکیا لە ھەردویو بنکەی ئامێدی و بامەڕنی لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە، تا ئێستا ھیچ کەسێک باسی بوونی دەبابە و تانک و سوپا و فڕۆکەکانی سوپای تورکیا و ھاتوچۆیان ناکات.
بە وتەی نوری مالیکی، ھیچ بەھانەیەک نییە بۆ ترس لە بوونی سوپا، چونکە کوردستان و گەلی کورد ناکاتە ئامانج و کوشتاری ناوێت، بەڵکو دەیەوێت بەدوای تیرۆر بکەوێت لە ھەر شوێنێک بێت. ئومێدی خۆیشی نیشانداوە لەوەی ھێزی پێشمەرگە ھەڵەی ئەوە نەکات رووبەڕووی سوپای عێراق ببێتەوە.
مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە لەسەر کورد
پێکھێنانی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە سەرەڕای خوێندنەوەی جۆراوجۆر، بەڵام تەواوی خوێندنەوە و لێدوانەکانی کورد خۆی لە مەترسییەکی گەورەدا دەبینێتەوە، نەک ھەر لەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵکو لەسەر ھەرێمی کوردستانیش.
بەپێی زانیارییەکان فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە نزیکەی ٣٥٠ تۆن تەقەمەنی رەوانەی کەرکوک کردووە و روونیکردەوە تەقەمەنییەکان لەڕێگای عوزێمەوە گوازراونەتەوە بۆ بنکەی فیرقەی ١٢ لە ناوچەی کەیوانی خوارووی شاری کەرکوک. تەقەمەنییەکان پتر پێکھاتوون لە گوللە تۆپ ‌و گوللە ھاوەن بە ھەموو جۆرەکانییەوە. وتیشی: بڕێک لەو تەقەمەنییانە بەسەر لیواکانی ١٥ و ٤٦ و ٤٧ و ٤٩ی سەر بە فیرقەی ١٢دا دابەشکراون.
زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، بەپێی پلانێکی وەزارەتی بەرگری عێراق کە بۆ بەھێزکردنی پێگەی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە جێبەجێکراوە، زیاتر لە ٣٠٠٠ سەرباز بەشێوەی خۆبەخش وەرگیراون و لەئێستا ئەو سەربازانە لەسەر میلاکی فیرقەی ١٢ دانراون ‌و پاشان دەخرێنە سەر ھێزی فەرماندەی عەمەلیاتی دیجلە. ئەو سەربازە دامەزراوانە ھەموویان عەرەبن ‌و خەڵکی پارێزگاکانی دیالە ‌و سەڵاحەدین و بەغدا و ناوچەکانی حەویجەی پارێزگای کەرکوکن.
لە ماوەی رابردوودا ھەموو ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە عێراقدا پێکھێنراون و ژمارەیان دەگاتە پێنج ئۆپەراسیۆن و سەرکەوتنیان بەدەست نەھێناوە، لەبەرئەوەی تێکەڵاوییەکی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دروستکردووە. ئەمە لەکاتێکدا تا ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی بەغدا نەیتوانیووە سەرکەوتن بەدەست بھێنێت لە دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و پێشێلکاریشە بەرامبەر ئەنجومەنی پارێزگاکان ‌و حکومەتە خۆجێییەکان.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر فراکسیۆنی ھاوپەیمانی کوردستان لەمبارەیەوە وتی: ئەگەر پێکھێنانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لە ناوچەکانی تری عێراق ئاسایی بێت، ئەوا بۆ ناوچە جێناکۆکەکان ئاسایی نییە، چونکە ئەو کێشانە پێویستی بە چارەسەرکردنی سیاسیی و ھێمنانە ھەیە، نەک بەشێوەی سەربازیی و سەرجەم لایەنەکان لە دڵەڕاوێکدان، چونکە دەزگای ئەمن ‌و ئاسایش لە عێراق لەلایەن یەک کوتلەی سیاسیی قۆرخکراوە و ئەوانی تر پەراوێزخراون، بۆیە دروستکردنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە رەھەندێکی سیاسی ھەیە لەوەی مەبەستی گەڕانەوەی ئارامی‌و ئاسایش بێت.
لێکۆڵەرێکی سیاسیی عێراق پێیوایە، دوا ھەوڵی مالیکی ئەوەیە بنکەی جەماوەریی لیستی عیراقییە لاواز بکات و ھێز ‌و قورسایی خۆی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی ھەرێم ‌و ناوچە سوننە نشینەکان دەربخات.
ئیحسان شمەری، لێکۆڵەری سیاسیی عێراق، پێیوایە: نوری مالیکی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسا، لە ھەڵبژاردنەکەی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا ئەوپەڕی ھێز و توانای خۆی بەکاردەھێنێت، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەکانی سەر بە ھەرێمی کوردستان.
شمەری رایگەیاند: مالیکی ھۆکاری خۆی ھەیە بۆ بەھێزکردنی جڵەوی لیستەکەی لە ناوچە دابڕێنراوەکان: یەکەم: ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەریدەخات کە بنکەی جەماوەریی مالیکی چەندە و ئەمجارە چەند دەنگ دەھێنێت، ئەمەش خۆئامادەکردنە بۆ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی داھاتوو. دووەم: مالیکی دەیەوێت کورد بخاتە بازنەیەکی ئیحراجبوونی سیاسی لەو ناوچانەدا. سێیەم: بردنی دەنگی لیستی عێراقییە لە سوننەی ناوچە دابڕێنراوەکان.
لەلایەن خۆشیەوە مەزھەر جەنابی، پەرلەمانتارێکی لیستی عێراقییە، دەڵێت: "ئەنجومەنی نوێنەران ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەدا نییە"، ئاماژە بەوەش دەکات دروستکردنی ئەو ھێزانە پێچەوانەی دەستوورە و تەنھا لەبەر بەرژەوەندییەکانی نوری مالیکی، سەرۆکی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بووە.
شێخ جەعفەر مستەفا وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڕشە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە دەکات و رایدەگەیەنێت: "فەرماندەیی دیجلە و سوپای عێراق لە شاری کەرکوک ھەر جوڵەیەک بکەن بەرپەرچیان دەدەینەوە".
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ١٦/١٠/٢٠١٢ بە یاوەری دوو لیوای پێشمەرگە سەردانی کەرکوکی کرد، لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک کۆبۆوە. دوای کۆتایی ھاتنی کۆبونەوەکەیان، وەزیری پێشمەرگە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند ئامانج لە سەردانەکەی بۆ کەرکوک بۆ ئەوەیە تا بە ھەموو لایەکی رابگەیەنن کە پێشمەرگە لە کەرکوکە و دەسەڵاتی ھەیە و ئامادەن پارێزگاری لەو شارە بکەن.
سەبارەت بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و جموجۆڵەکانی سوپای عێراق، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وەزیری پێشمەرگە وتی:"ھەر جووڵەیەک لەلایەن فیرقەی ١٢ و فەرماندەیی دیجلەوە بکرێت ئێمە ئامادەین بەرپەرچیان بدەینەوە".
لەلایەکی ترەوە د. لەتیف مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلەوە رایگەیاند: کاری مالیکی بۆ پێکھێنانی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە کارێکی ستراتیژییە و دەیانەوێت بەیەکجاری کۆنتڕۆڵی ناوچە کێشەلەسەرەکان بکەن، چونکە دەزانن کورد لەو سێ پارێزگایە ھەیە.
وتیشی: ئەگەر کورد دەیەوێت شەڕی عەسکەریی بکات، ئەمڕۆ بیکات لە چوار رۆژی تر باشترە، ئەوەی ئێستا پێمان دەکرێت ساڵێکی تر پێمان ناکرێت، چونکە مالیکی بەوەشەوە ناوەستێت، لە قۆناغی دواتر ھەوڵدەدات سەیتەرەکان بێنێتە بانی مەقان و قوشتەپە.
ئەوەی جێی لەسەر وەستانە لەم کاتەدا ئەوەیە ئایا فاکتەر قەبارە و پێگەی ھێزی کوردە لە عێراقدا، یان  مامەڵەیان لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە، چاودێرانی سیاسیی و ھەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن شەڕ لەبەر دەرگای کورددایە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا کورد توانای رووبەڕوبوونەوەی مالیکی و ئۆپەراسیۆنی دیجلەی ھەیە؟ ئایا کورد یەک دەنگە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە؟ ئایا کورد ئەمجارە بەتەواوی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لەدەست نادات؟ ئایا مالیکی تەنھا بە ناوچە جێناکۆکەکانەوە دەوەستێتەوە؟ یان ئامانجی ھەرێمی کوردستانیشە؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تر ھەیە، ھەموو ئەمانەش لە ئایندەدا رووندەبێتەوە.
http://www.penusakan.com

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر