رژیمی ئاخوندی دوا پەلەقاژێکانی لێدەدا!
بەداخەوە کاک موسا باباخانی ئەندامی رێبەریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لەلایەن تیمەکانی تیرۆری رژیمی ئاخوندیەوە شەهید کراوەو ئەو کردەوەی رژیم هەر زوو لە راگەیێنەکان و تۆرەکۆمەڵایەتیەکاندا رەنگی دایەوە.
شەهیدکران و تیرۆری ئەو کادرەی رێبەریی حدک لەم کات و ساتەدا کە رژیم لە تاران خەریکی بەرێوەبردنی رێورەسمی سوێندخواردن و دەستبەکار بوونی ئاخوند رەئیسیە و دەستبەکار بوونی ئەو ئاخوندە وەک سەرۆککۆماری رژیم هاوکاتە لەگەڵ رووداوەکانی عێراق و کشانەوەی هێزە ئەمریکیەکان لەو وەڵاتە، ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێ کە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رژیمی ئاخوندی زیاتر هەست بە دەست ئاوەڵەیی دەکات بۆ حەزفی فیزیکی ئەندامانی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران و گەر پێی بکرێ دۆخێکی مەترسیدار و نا ئەمن بۆ چالاکانی کوردی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەرێم دەخولقێنێ.
بۆ ئەوەی رژیم نەتوانێ ئامانجەکانی بپێکێ پێویستە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کار و هەڵسوڕانی کادر و ئەندام و پێشمەرگەکانی خۆیان رێکبخەنەوە و لە هاوتووچۆی ناپێویست خۆ ببوێرن.
لەلایەکی دیکە حکومەتی هەرێمی کەردستان پێویستە حەد و مەرزێک بۆ هەوڵ و کردەوە دژمنکاریەکانی رژیمی ئاخوندی دانێ. چونکە گەر لە سەرەتاوە سنوورێک دانەنرێ بۆ رژیم لە ئەگەری درێژە و بەردەوامی ئەم کردەوە مەترسیدارانەی تیمە تیرۆریستیەکانی ئاخوندان ئەوە ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی دەکەوێتە مەترسیەوە.
ئاشکرایە رژیمی ئاخوندی تا دێ زیاتر لە ناوخۆی ئێران تووشی قەیرانی جیاجیا دەبێ و توانای کونترۆڵ و چارەسەری هیچ کام لەو قەیرانانەشی نیە، بەتایبەت راپەرین و نارەزایەتیە جەماوەریەکان تا دێ زیاتر پەرەدەستێنێ و تەواویەتی ئەو دەسەڵاتە لەلایەن جەماوەرەوە رەت دەکرێتەوە. هەر بۆیە رژیم هەوڵ دەدا بە لێدان و تیرۆر لە دەرەوەی سنوورەکان لەلایەک قودرەت نەمایی بکات و لەلایەکی دیکەش بە کوشتنی تێکۆشەرانی سیاسی کورد کە دەوری رێبەری و پێشەنگایەتی جەماوەر دەبینن، کاریگەری لەسەر جوڵە و بزوتنەوە جەماوەریەکان و راپەرینەکانی ناوخۆ دروست بکەن.
ئەوەی رژیمی ئاخوندی لەم دۆخەدا چ لە تیرۆر، چ لە دروست کردنی کێشە و دووبەرەکی لە نێو نەتەوە و پێکهاتە جیاجیاکانی ئێران و چ بە سنووردارکردنی فەزای مەجازی و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، هەمووی دەرخەری دۆخی خراپ و دارووخاوی رژیم لە ناوخۆیدایە و ئەو هەنگاوانەش دوا پلار و پەلەقاژێکانی دەبن.
هیوادارم شەهید موسا دوا شەهیدی دەستی تیرۆر بێ و هەر بەم بۆنە دڵتەزێنەوە پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادە، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و شاری کرماشان دەکەم.
رۆحی شاد و رووڕەشی بۆ رژیمی تیرۆریستپەروەری ئاخوندی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر