Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۳ آذر ۷, جمعه

ئایا نەوەی نوێ بە واتای بیری نوێ دێت! (بەشی سێ)


ئایا نەوەی نوێ بە واتای بیری نوێ دێت!  (بەشی سێ)
لەنووسینی؛ ئاریتما موحەممەدی Aritma Mohammadi  
(ئەوانەی کە یاریی تەپاوتل کردنی سەرمایە دەستپێ دەکەن، هەر خۆیانیش ئارەستەکەی دەگۆڕن، وەک فۆرمۆلەکانی بیرکاری وایە کە دەتوانن بەچەند شێوەی جیاواز و بە ئارەستەگەلی نایەکساندا تێپەڕبن، بەڵام لە 
کۆتاییدا یەک ئەنجام و وڵام بەدەست دەهێنن. ئاریتما مو‌‌حەممەدی)


لە كۆی خوێندنه‌وه‌ی بەشی یەک و دووی ئەم بابەتەدا به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ گەییشتین کە ئه‌و ڕوانگه‌یه‌‌ هه‌ڵه‌یه‌ کە هەمیشە له‌ناو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا لاوان و له‌ هندێك دۆخ و قۆناغی تاییبه‌تشدا بە تەمەنەکان بە پێشەنگ و پێشڕەو پێناسە ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئاڵۆزبوونی کێشەکان و هاتنه‌ كایه‌ی قه‌یران لە دەروازەی ڕوانگە و تێگەییشتنی ئەو مرۆڤانەوە سەرچاوە دەگرێت و ناوکی کێشەکانیش دەلاقەی بیروهزری هەردوو لایەنە و پێویستە کە مرۆڤەکان بەبێ ڕەچاوکردن و لەبەرچاو گرتنی تەمەن ڕوانگە و بۆچوونه‌كانیان هەڵسەنگێنن و لەو پێناوەدا ئارەستەی تێکۆشانیان لە کۆمەڵگادا بەرز بنرخێنن و باییخ به‌ ڕۆڵیان بده‌ن. واتا لەهەر دوو چینی لاوان و پیراندا کۆمەڵێک كه‌سایه‌تیی و تاک بوونیان هه‌یه‌ کە بە مێشک و ناوکی کێشەکان ئه‌ژمار دەکرێن و پێویستە کە ئەو بەشە لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە و ده‌رفه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ نه‌ڕه‌قسێت، ناکرێ هەموو چینەکانی [1]کۆمەڵگا یانخود پێکهاتەیەکی تاییبەت تێكڕا سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیان لێ زه‌وت‌ بكرێت. دەبێ هاوسەنگی نێوان جیاوازبوون بپارێزرێت و ڕێ له‌ دابه‌ش بوونی كۆمه‌ڵگا بگیرێت. بۆ نموونە هه‌نووكه‌ بەشێک لە لاوان و بەشێکیش لە بە تەمەنەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا له‌ تێكڕای بوواره‌كانی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و كولتووریی ڕۆڵی لاواز دەگیڕن و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان خزمه‌ت به‌ داگیركه‌ریش ده‌كه‌ن، له‌ زۆر بووار و ڕه‌هه‌ندی جیاوازشه‌وه‌ ژیانیان‌ تێكه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت بووه‌‌ و ده‌سه‌ڵاتیان قورخ كردووه‌ و بۆ مانەوە لە دەسەڵات هه‌وڵ دەدەن. ناکرێ ئەو بەشە لە لاوان کە ئەو ڕۆڵە لاوازە دەگێڕن و لە ڕاستیدا بوونەتە کەرەستەی دەستی کۆمەڵیک تاک و كه‌سایه‌تیی هه‌لپه‌ره‌ست کە له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا به‌كاریان ده‌هێنن و دژایه‌تی بیروهزری نوێیان پێ ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن و خۆیان بسه‌پێننه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگا. دوورخستنەوەی ئەو بەشە لە مرۆڤەکان کە ڕۆڵی لاواز و نەرێنیی له‌ پێوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵ دەگێڕن، تەنیا بە ڕۆشەنبیرکردن و به‌ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی و هۆشیاریی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی چینەکانی کۆمەڵگا جێبەجێ دەکرێت و کاتێ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌‌ لە کرداردا نران ئه‌وا کاریگەری ئەرێنی دادەنێت و ده‌سپێكی سه‌رهه‌ڵدانێكی نوێی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و هزریی ده‌بێت.
دەبێ کۆمەڵگا قوتابخانە و زانستگا بۆ دانیشتووانەکەی بێت و تێکڕای چینەکانی کۆمەڵ لە هێز و وزەی یەکتر کەڵک وەرگرن و پێکەوە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکانیان بدەن، ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگا هاوتایە و لەیەک ئاستی یەکسان و هاوبەش دایە، بەڵام لە دۆخ، قۆناغ و ئاستی جیاواز دا، چونکە ئاکامی هەموو هەوڵەکانی تاک لە کۆمەڵگا پەیوەستە بە چاکسازی و گۆڕانکاری، ئەو هەوڵەش ئەرێنییە و هەموو هەوڵەکانی ئەرێنیش کاریگەرییان یەکسانە. کەواتا لەهەر کۆمەڵگایەکدا کە ئاستی زانست و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی بەرز بێت و کۆمەڵ لە کۆدا ڕووناکبیر و هزر کراوە بێ، مرۆڤەکان لێکەوە فێر دەبن و کەسایەتیی مرۆڤەکان بەردەوام ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و گۆڕانکاری بنەڕەتیی بەخۆیەوە دەبینێت و کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵ کاریگەری ئەرێنی یانخود نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا و پێکهاتەکانی جڤاکیی کۆمەڵ دادەنێت. بۆیە هەمیشە دەرفەتی نوێ لەبەردەم ئەو کەس و کەسایەتییانەدا هەیە کە تووشی هەڵە دەبن، یانخود ڕۆڵی لاواز لەنێو کۆمەڵگادا دەگێڕن و مافی ئەوەیان هەیە کە پێداچوونەوە بە هەڵەکانیاندا بکەن و ڕێگەی خزمەت بە گەل و نیشتمان بدۆزنەوە. بێگومان هەموو مرۆڤەکان هەڵە دەکەن و ئەوانەش کە هەڵەکانیان کاریگەری نەرێنی مەزن لەسەر کۆمەڵ دادەنێت، نابێ لە کۆمەڵگا دوور بخرێنەوە و پێویستە کۆمەڵگا لە ئاست هەڵەکانیاندا بەرپرسیار و کراوە بێت و دەرفەتی دیکەیان پێ ببەخشێت و لاپەڕەیەکی نوێیان بۆ هەڵ بداتەوە. لاپەڕەیەک کە دەرفەتی نوێ و ئامۆژگاری لەگەڵ بێت و لە قوتابخانە و زانکۆکانی کۆمەڵایەتیی و مەدەنیی کۆمەڵگادا دەرسی ئازادی، چاکسازی و خۆشەویستیی بخوێنن و بۆ خزمەت بە کۆمەڵ ڕێک بخرێن و ئامادە بکرێن. کۆمەڵگایەک کە لەو ئاستە هاوبەش و هەرەوەزییەدا ڕۆڵی مرۆڤەکان ببەستێتەوە بە توانای مرۆڤەکان و باییخ بە ڕۆڵی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە هەموو ئاستەکانی هاوبەشی ڕێخستنی کۆمەڵایەتی، زانستی و سیاسیی گەل بدات، هەمیشە و هەردەم سەربەست و ئازاد و پێشکەوتووخوازە. بەشێک لە کۆمەڵگاکانی جیهانی ئەمڕۆ چەندین قۆناغی زانستیی و سیاسییان تێپەڕ کردووە، بەڵام تاکوو هەنووکە نەگەییشتوونەتە ئەو ئاستە هاوبەشە کۆمەڵایەتیی و مەدەنیی و هەرەوەزییە کە لە کرداردا کەسایەتیی، پێگە و ڕۆڵی مرۆڤ لە سەرمایە مەزنتر و پڕ باییختر ئەژمار بکات و بە چەشنێکی بەربڵاوتر لە سەرمایە تێیپەڕێنێت. کەواتا ئەوە سەرمایەیە کە سیستەمی بە چینایەتی کردنی کۆمەڵگا دادەمەرزێنێت و بەردی بناغە و بنچینەی کۆ کردنەوەی سەرمایە جێگیر دەکات و کۆمەڵ بەسەر چەندین چینی جیاواز و دوور لێک دابەش دەکات. ئامانج لەو دابەشکردنەی کۆمەڵگا ئەوەیە کە مرۆڤەکان لە بەرامبەر یەکتر ڕاوەستن و باییخە کۆمەڵایەتییەکان وەلا بنێن و سەرمایە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی کێشەکان لە هەموو ئاستەکانی جیاوازی کۆمەڵگا بگێڕێت.
هەربۆیە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆی سەرزەوی، کۆمەڵگاگەلێکی چینایەتیین و لە جیهانێکی چینایەتیی پێک دێن کە بەشێک لە مرۆڤەکان کۆیلەی پێشکەوتووی جیهانی سەرمایەدارانی ئەمڕۆن و هەوڵەکانیان بۆ خۆشکردن و باشتر کردنی دۆخی ژیان و گووزەرانیان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی باڵاخانە و کۆشکی کاپیتالیسم. کەواتا ئەوە سەرمایەیە کە مرۆڤەکان گیرۆدەی قورخکردن دەکات و تووشی هەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و لەناو بردنی هاوسەنگی هێز و پێگە دەکات. لە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی کلیسا لە ئەورووپا و دەسپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەژیان، بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپایی وەک بریتانیا، فەرەنسا، پرتوگال و هتد... هەوڵی داگیرکاری بەشێک لە وڵاتانی جیهانیان دا. ئەو داگیرکارییە لە نێوان ساڵەکانی ١٨٧٩ و ١٩١٤ی زایەنیدا بەربڵاو بوو و پەلاماردانی وڵاتان لە لایەن ئەو هێزانەوە درێژەی کێشا و دواتریش وەک داگیرکەر مانەوە و دەستیان بە ڕاماڵینی سەرمایەی سرووشتیی ئەو وڵاتانە کرد. داگیرکارییەکانی ئەو وڵاتانە، هیند. وڵاتانی ئەفریقایی، تەنانەت بەشێک لە وڵاتانیی ئاسیایی و هاوکات باشووری ئەمریکاشی گرتەوە. ئامانج لەو داگیرکارییە هەمەلایەنە کۆکردنەوەی سەرمایە و دەوڵەمەند کردنی وڵاتانی خۆیان و هەوڵی جێگیرکردنی سیستەمی سەرمایەداری بوو، ئەوەش بەڕێگای بردنی سامانەکانی سرووشتیی ژێر زەوی وەک زێڕ، ئاسن، پەموو، بەرد و دواتریش نەوت. لە ڕاماڵینی ئاسن، زێڕ، بەرد، پەموو و نەوت کەرەستە بەرهەم دەهات و دواتریش بەنرخێکی گران دەیانفرۆشتەوە بە کۆمەڵگای وڵاتانی داگیرکراو و بندەست. هەنووکە دەبینین ئەو وڵاتانەی کە ڕۆژانێک بەدەست داگیرکارییەوە ئۆقرەیان نەگرتبوو بەدەست دەیان کێشەی ئابووری و بەڕێوەبەرایەتییەوە دەناڵێنن و بە وڵاتانی هەژارنیشن ئەژمار دەکرێن.
فەلسەفەی ئەو داگیرکارییە تەنیا سەرمایە بوو. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا سەرمایە ڕۆڵێکی لاوازی لە پێوەندی بە ڕۆخان و داڕمانی کۆمەڵگاکانی جیهان گێڕاوە و لە بە چینایەتیی کردنی کۆمەڵگاش هۆکاری سەرەکیی و بنەڕەتیی بووە. هەنووکە لە وڵاتانی پێشکەوتووخوازدا ئازادی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی جێگیرە، بەڵام چەمکی سەرمایە و کاپیتالیسم زاڵە بەسەر تێکڕای تەوەرەکانی گرینگ و پڕ باییخی کۆمەڵگا. واتا سەرمایە ڕۆڵ و پێگەی مرۆڤەکانی لاواز کردووە و لە بەرامبەردا ڕۆڵی سەرمایە و سەرمایەدار پڕ باییخ کراوە و لە کرداردا دەنگ و بۆچوونی سەرمایەدارێک لە دەنگی چەندین تاکی ئاسایی کۆمەڵگا پترتر و کاریگەرترە. واتا سەرمایە هۆکاری جیاکردنەوەی پێگە و کەسایەتیی مرۆڤەکانە و لەو پێوەندییەدا ڕۆڵی بیروهزر دیار نییە. کەس و کەسایەتییەکانی بیرمەند و خاوەن هزریش وەک رێگەی گەییشتن بە سەرمایە لە خزمەت هەلپەرەستان و قورخکەرانی کۆمەڵگا دان و زۆربەیان بەبێ ئەوە هەستی پێبکەن کڕدراون و بە دراو داگیر کراون و بۆ قورخکەرانی جمگەکانی گرینگی کۆمەڵگا و دەسەڵات دەهزرن. لە جیهانی کۆکردنەوەی سەرمایەدا بەو کەسانە دەوترێت تیژهزر و تیژبیر و زیرەک کە بە ئاسانی سەرمایە کۆ دەکەنەوە و ڕێگای گەییشتن بە سەرمایەداری دەدۆزنەوە، ئیتر گرینگیی چۆنێتی کۆکردنەوەی سەرمایە جێی باییخ نییە. پێگەی ئەو کەسانە زۆر زوو لە کۆمەڵگادا گەشە دەکات و پێش دەکەوێت و دەناسرێن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو تاییبەتمەندییەکانی سەرمایە نەرێنیی نییە، سەرمایە یەکێ لە کۆڵەکەکانی سەرەکیی بنەمای ئابووری و ژێرخانی پێشکەوتن و هاتنەکایەی ئاڵوگۆڕی نوێشە، بەڵام دەبێت چەشن و شێوەی بەکارهێنانی سنووردار و ڕوون بێت، دەبێ سەرمایە بۆ پێشخستنی ژیان و ئاسانکاری و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگادا بێ، نەک لە ڕێگای سەرمایەوە مرۆڤەکان بکرێنە کۆیلە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کۆمەڵ دابنرێت، چونکە ئەوکات ئیتر بەختەوەری کۆمەڵگا بەدی نایەت، بەڵکوو دەبێتە هۆی لاوازبوون و بەکۆیلە بوونی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان و هاوکات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کۆشکی ئەو بەشەکەی دیکەی کۆمەڵ کە سەرمایەی گشتییان قورخ کردووە، لە ئاکامی ئەو هەوڵەش سیستەمی بەچینایەتیی کردنی کۆمەڵگا دێتە کایەوە. وەک ئاماژە، ژیانی قورخکەرانی سەرمایە لە وڵاتانی هەژار و سەرمایەداردا جیاواز نییە هەروەک چۆن ژیانی هەژاران لە وڵاتانی سەرمایەدار و هەژارنشیندا جیاوازییەکی ئەوتۆی تێدا بەدی ناکرێت.
کەواتا لە دۆخێکی لەو چەشنەدا پێشبڕکێی کۆکردنەوەی سەرمایە پەرە دەستێنێت و پەل ڕادەکێشێت بۆ نێو چینەکانی کۆمەڵگا و هزری مرۆڤەکان بەخۆیەوە پەلکێش دەکات، ئەوەش بەختەوەری و ئازادی و دادپەرەوەری کەمڕەنگتر دەکاتەوە و لەولاشەوە ڕێگای بەختەوەری دەبەستێتەوە بە ئاستی کۆکردنەوەی سەرمایە کە ئەمەش کۆمەڵ بەرەو هەڵدێران دەبات و لەئاکامدا تووشی کێشەی مەزنیان دەکاتەوە و لەسەر هێڵی بنەڕەتی خۆشەویستیی و بەختەوەری دووریان دەخاتەوە. کاتێک سەرمایە بووبە گرینگترین پێوەری هەڵسەنگاندنی کەسایەتیی مرۆڤەکان، ئیتر وێنەی کۆمەڵ دەگۆڕدرێت و دەسەڵاتداران لە ڕێگای سەرمایەوە هەوڵ بۆ داگیرکردن و قورخکردنی جمگەکانی سەرەکیی کۆمەڵگا و دەسەڵات دەدەن و هەلپەرەستان و سەرمایەخوازان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن پەنا بۆ ئەو تاکتیکانە دەبەن کە لەو ڕێگانەوە دەتوانن بە ئاسانی جمگەکانی دەسەڵات بگرنەدەست و ڕای گشتیی و پێکهاتەکانی کۆمەڵ پەلکێشی گۆڕەپانی سرنجەکانی سیحراوییان دەکەن و کاریگەرییان لەسەر دادەنێن، بەشێک لەو کەسایەتییانەی هەلپەرەست بۆ گەییشتن بە مەبەستەکانیان کەڵک لە ئایین و بەشێکیش کەڵک لە سیاسەت وەردەگرن و هەردوولا ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە و ئەو ئامانجەش داگیرکردنی کۆمەڵگا و دەسەڵات و کۆکردنەوەی سەرمایەیە. کاتێک کە سەرمایە بووبە کاریگەرترین ئەکتەری گۆڕانکاری و ڕێخستنی کۆمەڵگا، ئیتر تاکتیک و ستراتیژی سەرمایەداران و هەلپەرەستان دەبێتە درووشمی بریقەدار کە تەنیا ئامانجیان لەوە ڕاکێشانی سرنجی لاوان و چینەکانی کۆمەڵگایە بۆ بەهێز کردنی پێگەی خۆیان و برەودان بە ئاڵوگۆڕ پێکردنی سەرمایەیە. لە کۆمەڵگایەکی لەو چەشنەدا هیوای کۆمەڵ دەبێتە تاکتیکی پووچی هەلپەرەستان و سەرمایەخوازان بۆ کۆ کردنەوەی هێز و پێگە بە ویست و داخوازی گەل گۆڕەپانی کێبڕکێی یاریکردنەکە گەرم دەکەن، ئەوەی کە هەڵگری درووشمی بریقەداری بەرفەراوان بێت و سرنجی گەل ڕابکێشێت سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام هەموویان لە نێۆڕۆکدا هەڵگری یەک فەلسەفەن بە ناوی فەلسەفەی کۆکردنەوەی سەرمایە و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و قورخکردنی جمگەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگا.
لە کام وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، یانخود لە کام وڵاتی ئەورووپی و ئەمریکیدا لە کاتی گۆڕینی ڕووخساری سیاسیی و جێگرتنەوەی ڕووخساری نوێ سیاسەتی بنەڕەتیی ئەو وڵاتە گۆڕانکاری بنەڕەتیی بەخۆیەوە بینیوە! نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە ئاستی خزمەتکردن لەهەر کام لەو وڵاتانە جیاوازە هەروەک چۆن ئاستی تێگەییشتنیان لە کێشەکانیش جیاوازە. جیاوازیی هزریی و زانستیی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە نێوان وڵاتێکی دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتێکی پێشکەوتووی ئەورووپیدا گەلێک بەربڵاوە و ویست و داخوازی گەلانیش بەپێی دۆخی ژیان و گووزەرانیان جیاواز دەبێت. جیاوازی لە نێوان داخوازی نەتەوەیەکی بندەست و سەردەستدا هەیە، نەتەوەیەکی بندەستی وەک کورد دەیان داخوازی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووری و سەدان ئاوات و خەونی جیاواز، ئاڵۆز و مەزن لە هزر و مێشکیدا دەپەروەرێنێت. لەوانەیە داخوازی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەک کورد سنووری هەموو ویست و داخوازییەک تێپەڕێنێت، بەڵام نەتەوەیەکی سەردەستی وەک فارس، تورک، عەرەب، یانخود هەر نەتەوەیەکی دیکەی خاوەن دەوڵەت، دەکرێ ویستەکانی ئابووریی بن و لە هەوڵی باشترکردنی ژیان و دەرفەتی نوێ خۆی ببینێتەوە. داخوازی مووسڵمانەکانی مەیانمار، ڕواندا و ئەفریقای ناوەند کە بەهۆی مووسڵمانبوونەوە دەسووتێنرێن و دەکوژرێن جیاوازە لە داخوازی گەلانی دیکەی ئەفریقا کە ڕۆژانە لەبەر نەخۆشین و برسێتی دەیان کەسیان ژیان لەدەست دەدات. کەواتا جیاوازی داخوازی گەلان بەپێی هەلومەرجی ژیانیان دەبێت، ئیتر ئەو جیاوازییە هەموو تەوەرەکانی سیاسیی، ئایینیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و کولتووریی دەگرێتەوە.
لە گۆڕەپانی سەرمایەخوازان و هەلپەرەستاندا لاوان و تازەپێگەییشتووان ڕۆڵی سەرەکیی لە سەرخستنی ئەو چەشنە کەسایەتییەکان دەگێڕن و سرنجی بەشێکی هەرەزۆر لە کۆمەڵ بۆ لای ئەوان ڕادەکێشن و گوڕوتین بەو یارییە دەدەن کە ڕێکخراوە. لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا سەرمایەخوازان و دەسەڵاتخوازان لە ڕێگای ڕێخستنی تاییبەتەوە کە سرنجی کۆمەڵیان پەلکێشی گۆڕەپانی ململانێی سەرمایە کردووە، سەرکردایەتیی و ڕێبەرایەتیی کۆمەڵگا دەکەن و ئیزن و برەو بە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی قووڵ و نوێ لە کۆمەڵگادا نادەن و ڕێ لەهەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک دەگرن کە لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت. کەواتا هه‌میشه‌ ڕووخساری نوێ و نه‌وه‌ی نوێ‌[2] به‌ واتای بیروهزری نوێ نه‌بووه‌ و نییه‌ و ناكرێ كه‌ ڕووخساری نه‌وه‌ی نوێ به‌ بنه‌مای پێشکەوتن و تێکۆشانی ئەو نەوە نوێیە پێناسە بکرێت کە پێمان وایە پێشکەوتن دەهێنێتە کایەوە و کۆمەڵگا لە پاشكه‌وتوویی و داخراوەیی ڕزگار دەکات‌ و بەرەو دوونیایه‌كی پێشکەوتووتر دەیخاته‌ ڕێ و به‌ربه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگا تێكده‌شكێنێت و ژیانێكی نوێ بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو دابین ده‌كات و بن ده‌نێت. پێچەوانەی ئەو ڕوانگەیە کە پێی وایە سەرمایە مرۆڤەکان دەکاتە خاوەن هزر و کۆمەڵگا و پێکهاتەکانی دەکاتە کۆمەڵێکی ڕووناکبیر، من پێم وایە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری و کۆمەڵگایەکی هەژارنشین لەیەک ئاستدا باییخ بە ڕووناکبیری کۆمەڵایەتیی و هۆشیاری سیاسیی دەدەن، چونکە کاتێک کە سەرمایە دەبێتە کاریگەرترین ئەکتەری سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی، ئیتر هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا ئەرکی سەرەکیی خۆیان لەبیر دەکەن و پەلکێشی گۆڕەپانی کۆکردنەوەی سەرمایە دەکرێن. لەو کێبڕکێیەدا هەمیشە براوە دیاری کراوە و تەنیا پێکهاتەکانی کۆمەڵ بۆ گەرم کردنی یارییەکە تێوە دەگلێن. ئەوانەی کە یارییەکە دەستپێ دەکەن، هەر خۆیانیش ئارەستەکەی دەگۆڕن، وەک فۆرمۆلەکانی بیرکاری وایە کە دەتوانن بەچەند شێوەی جیاواز و بە ئارەستەگەلی نایەکساندا تێپەڕبن، بەڵام لە کۆتاییدا یەک ئەنجام و وڵام بەدەست دەهێنن.
کەواتا کاتێک کە باییخە کۆمەڵایەتییەکان ون دەبن، سەرمایە دەزێت و پەرە دەستێنێت و دەسەڵاتی سەرمایەدارانیش گەشە دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی وەلانانی پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگا کە جێی باییخ و پەیوەست بە پێشکەوتنی گشتیی وڵات لە کۆی ئاستەکانی پێوەندیدار دان. هەموو کۆمەڵگایەکی خاوەن سەرمایەدار پێشکەوتوو، ڕووناکبیر و خاوەن هزر نییە. لەبەر ئەوە لەو وڵاتانەدا سەرمایە مڵکی تاکەکەسییە نەک مڵکی گشتیی و لە خزمەت بەرژەوەندی نیشتمانیدا نییە. سەرمایە دەبێتە هۆی لاواز بوونی کولتوور، ناسنامە، ڕووناکبیری کۆمەڵایەتیی، ئاستی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و کولتووریی دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و پتر کۆمەڵگای جیهانیی بەرەو یەک کولتووری، یەکزمانیی و سیستەمێکی هاوبەشی ئابووریی هەنگاو دەنێت کە تێیدا تەنیا سەرمایەداران بڕیاردەری سەرەکیی دەبن و کولتووری وڵاتانی هەژارنشینیش دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو سیستەمە جیهانییەوە. لە ئاکامدا ناسنامە و کولتووریان مەترسی فەوتان و لەنێو چوونی لەسەر دەبێت. هاوکات لە وڵاتانی هەژاردا موودەکانی کولتوور بەڕۆژ دەکرێن و جلوبەرگ و ناسنامە لەژێر کاریگەری کولتووری جیهانی سەرمایەدا بەرەو لەناوچوون دەڕوات. ئەنجامی ئەو یارییەش گلۆبالیزمە، کاتێک کە ئەو سیستەمەش تووشی کێشە دەبێت، هەموو جیهان دەبنە بەشێک لەو کێشەیە، وەک ئاماژە، کاتێ کە کێشەی ئابووری بنەمای سەرمایەداری لە ئەمریکا هەژاند کەچی وڵاتانی دیکەشی گرتەوە و زۆربەی وڵاتان لەو یارییەدا زەرەریان بەرکەوت. واتا لە کاتی تەپاوتل کردنی سەرمایەدا تەنیا هەژاران زەرەرمەند دەبن. چونکە سەرمایە جێی سەرمایە دەگرێتەوە، بەڵام هەژاران ئەوەی کە هەیانە لەدەستی دەدەن. کەواتا گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیی و ئاستی هۆشیاریی سیاسیی و کولتووری لەهەر دووبەری کۆمەڵگای هەژارنشین و سەرمایەداردا لەیەک ئاست دابەزین بەخۆیەوە دەبینن. بەڵام لە کۆمەڵگایەکیی جڤاکییدا کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵ لە یەک ئاستی مامناوەندیدا بەهێز و یەکگرتوون، پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و گەشەسەندنی هزری و ڕووناکبیری دێتە کایەوە و باییخەکانی کۆمەڵایەتیش زێتر خۆ دەنوێنن، ئەو کاتەش نرخ، پێگە و مەزنیی مرۆڤ لە سەرمایە پڕ باییختر دەبێت.
بۆیە دەڵێم پێویستە کە پێناسەی مرۆڤەکان بیر و هزریان بێت، نەک تەمەن یانخود سەرمایە بە گرەوی نوێبوونە و ڕێفۆرم و گۆڕانكاری پێناسه‌ بكه‌ین، کەواتا فەلسەفەی چارەسەركردنی کێشەکان هەمیشە لە بیروهزری مرۆڤەکانەوە سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت نەک لە تەمەنیاندا خۆی باڵا دەکات. بەڵام ئەوەش ڕاستە کە تێکڕای کردار و هەڵوێست، پارچەکردار و دژکردەوەی مرۆڤ لە هزرییەوە پێناسە دەکرێت، کەواتا ئەوەی کە لەو پێوەندییەدا گرینگ و جێی باییخە، پەروەردەی کۆمەڵگایە کە دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێت و مرۆڤەکان بە ئارەستەگەلی جیاوازدا ببات، بێگومان پەروەردەیەکی زانستیی و کۆمەڵایەتیی، گشتگیر و هەمەلایەن بیروهزری مرۆڤەکان بە ئارەستەی کرداری ئەرێنیدا دەبات و لە ئاکامدا کۆمەڵگایەکی بەختەوەر دێنێتە کایەوە کە بنەمای هەموو پێشکەوتنێک و گۆڕانکارییەکی خێرا مسۆگەر دەکات. پێچەوانە پەروەردەیەکی هەڕەمەکیی و نازانستیی کۆڵەکەکانی بەهێزی کۆمەڵگا بنکۆڵ دەکات و دەیانڕۆخێنێت و کۆمەڵ بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەخاتەڕێ و تۆی گۆڕانکاری لەنێو دەبات.
درێژەی هەیە...


[1]مەبەست لە چینەکانی کۆمەڵگا بەرەواردکردنی ئاستی ئابووری پێکهاتەکانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو پێناسەی جیاوازبوونی پێکهاتەکانی ڕەگەزی، سیاسیی، ئایینی و نەتەوەییە.
[2] نەوەی نوێ بەواتای منداڵی ساوە، یانخود مێرمنداڵ و تەنانەت لاویش دێت، ئەوەی کە بە تەمەن نوێیە، بەڵام خاوەن هزر و بلیمەت نییە، یانخود کەسێکی ئاساییە وەک مرۆڤەکانی دیکە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر