Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۸۸ مهر ۲, پنجشنبه

کوردستانی - كورد له‌ سوپای عێراق که‌متره‌ له‌ نیوه‌ی رێژه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی











کوردستانی - كورد له‌ سوپای عێراق که‌متره‌ له‌ نیوه‌ی رێژه‌ی‌ راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی
کارزان که‌ریم/ هه‌ولێر- و‌ته‌بێژی هێزه‌کانی پاسه‌وانی هه‌رێمی کوردستان، جه‌بار یاوه‌ر رایگه‌یاند؛ رێژه‌ی كورد له‌ سوپای عێراق‌دا (8،2)ه‌ و زۆر كه‌متره له‌ ئاست رێژه‌ یه‌کسانه‌که‌ی خۆی، که پێویسته‌ (22%) بێت.
وته‌بێژو ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی هێزه‌کانی پاسه‌وانی هه‌رێم، لیوا جه‌بار یاوه‌ر بۆ "ئاژانسی په‌یامنێر" وتی:"به‌ پێی ده‌ستوور كه‌ له ‌مادده‌ی 9دا، دیاری كراوه، ده‌بێت پێك هاته‌ی نه‌ته‌وه‌كان له‌ سوپادا ‌هه‌بێت و به‌پێی رێژه‌ی دانیشتوانیش له‌ هێزه‌کانی ئاسایش و سوپا‌دا به‌شدار بن، به‌ڵام رێژه‌ی كورد یه‌ك له‌سه‌ر سێ‌یه‌، ئه‌مه‌ش پێشێل‌كردنی ماده ده‌ستوورییه‌که‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ‌كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تردا".
زیاتر وتی:"بۆ پرسی زیادكردنی رێژه‌ی كورد له‌ هێزه‌کانی ئاسایش و سوپای عێراق‌دا، گفتوگۆی زۆر كراوه، له‌ساڵی 2006 تا كۆتایی ساڵی 2008ی رابردوودا، به ‌ده‌یان دانیشتن له‌ هه‌ولێر و ‌به‌غدا ئه‌نجام دراون، هه‌روه‌ها له‌كاتی ده‌ست‌به‌كاربوونی پێنج لیژنه‌ كه‌ له‌سه‌ر پێشنیازی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ یه‌كلایی‌كردنه‌وه‌ی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان‌دا پێک هاتن، به‌ڵام تا ئێستا ناوه‌ڕۆكی هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ک جێ به‌جێ نه‌كراوه"‌.
روونیشی كرده‌وه و وتی:"گفتوگۆكان ته‌نها له‌ باره‌ی رێژه‌ی كورد نه‌بوون له‌سوپادا، به‌ڵكو له ‌باره‌ی هێزی پێشمه‌رگه ‌و یاسای پێشمه‌رگه ‌و پێداویستی سه‌ربازی و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراق‌دا بوون، بۆ ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك هێزی یاسایی به‌پێی بڕگه‌ 5ی ماده‌ی 121 ره‌وشی ده‌ستووری خۆی وه‌ر بگرێت".
و‌ته‌بێژو ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی هێزه‌کانی پاسه‌وانی هه‌رێم، و‌تیشی:"بڕیاربوو، سه‌رجه‌م ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش به‌ڵێنی جێ‌به‌جێكردنیانی دا، له ‌كۆتایی مانگی 10ی ساڵی 2007دا بڕیاریدا، دوو تیپی سه‌ربازی له‌ سنووری هه‌رێم‌دا ‌دروست بكرێن، به‌وه‌ش ‌30 هه‌زار چه‌كدار بۆ سه‌ر رێژه‌ی كورد له‌ سوپا‌ زیادی ده‌کرد، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌کرا و هیچ هه‌نگاوێكی جددیش بۆ ده‌ست به‌كاربوونی ئه‌و دوو تیپه‌ سه‌ربازییه‌ نه‌نراوه،‌ سه‌ره‌رایی ئه‌وه‌ی فه‌رمانی فه‌رمی له ‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ده‌رچوو، ‌ئێستاش رێژه‌ی كورد به‌رده‌وام له‌كه‌م بوونه‌وه‌دایه، ئه‌مه‌ له‌ کاتێكدا، له‌ پاش فه‌رمانه‌که‌ی مالکی، ‌چه‌ندین ژماره‌ له‌ هێزه‌كانی به‌در و سه‌حوه‌ ئیسناد خرانه‌ سه‌ر سوپای عێراق، به‌ڵام پرسی ئه‌و دوو تیپه سه‌ربازییه‌ كوردییه‌، هه‌ر وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه

/////////////////////////


نێوده‌وڵه‌تی - قه‌زافی به‌ڵێننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانی دڕاند
PNA- سه‌رۆکی لیبیا معه‌‌مه‌ر قه‌زافی له‌ ناو باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و له‌به‌ر‌ده‌م سه‌رکرده‌ی وڵاتانی جیهان‌دا، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی به‌ ئه‌نجومه‌نی ترس و تیرۆر له‌قه‌ڵه‌م دا و به‌رگی به‌ڵێننامه‌ی رێکخراوه‌که‌شی دڕاند.
سه‌رۆکی لیبیا معه‌‌مه‌ر قه‌زافی چه‌ندین بابه‌تگه‌لی ورووژێنراوی له‌ ناو باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و له‌به‌ر‌ده‌م سه‌رکرده‌ی وڵاتانی جیهان و به‌ر‌پرسانی رێکخراوه‌که‌ و له‌میانه‌ی پێشکه‌شکردنی وتاری وڵاته‌که‌ی‌دا، خسته‌ روو، به‌ تایبه‌تی کاتێک ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی به‌ ئه‌نجومه‌نی ترس و مافی فیتۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌که‌شی به‌ تیرۆر له‌قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها به‌رگی به‌ڵێننامه‌ی رێکخراوه‌که‌ی دڕاند.
قه‌زافی وتی:"له‌ جه‌نگی جیهانی‌دا، نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ سێ یان چوار وڵات له‌ دژی ئه‌ڵمانیا پێکهات و به‌بێ ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری وڵاتان ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌ بوونی مافی ڤیتۆ بۆ خۆیان دروست کرد، بۆیه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌رگای ئه‌ندامبوون له‌ ئه‌نجومه‌نه‌که دابخرێت و یه‌کێتییه‌کانی دیکه‌ی جیهان جێگه‌ی بگرنه‌وه"‌.
وتیشی:"له‌پاش ئه‌م وتاره‌مان‌‌دا، ئێمه‌ پابه‌ندی بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نابین، ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ کۆمه‌ڵه‌ی گشتی‌دا نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان‌دا، ده‌خه‌ینه‌ ده‌نگدانه‌وه‌، به‌وه‌ی یان به‌رده‌وام بین یاخود دابه‌ش بین".
قه‌زافی وتیشی:"کارکردن به‌ به‌ڵێننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کۆتایی پێهات" و هاوکات، به‌شێک له‌ به‌رگی به‌ڵێننامه‌که‌ی دڕاند
.‌".

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر