Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۸۹ فروردین ۴, چهارشنبه

حه‌قی‌ خۆمان داوه‌ته‌ ده‌ست خودا تۆڵه‌مان بۆ بكاته‌وه‌



حه‌قی‌ خۆمان داوه‌ته‌ ده‌ست خودا تۆڵه‌مان بۆ بكاته‌وه‌
كه‌ركوك: له‌لایه‌ن كوڕێك و دو خزمی‌ به‌رپرسێكی پارتییه‌وه‌، ده‌ستدرێژی‌ سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ر ژنێك و تۆمه‌تی تیرۆریستیش ده‌خرێته‌ پاڵ مێرده‌كه‌ی
(سبه‌ی‌):
دو خزم و (ر)‌ كوڕی عه‌قید (ج)، كه‌ به‌رپرسێكی سه‌ربازی پارتیه‌ له‌ شاری‌ كه‌ركوك، به‌ جلی‌ سه‌ربازیه‌وه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی‌ و پاش ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست و قاچی ژنه‌كه‌ی‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، ده‌ستدرێژی‌ سێكسی ده‌كه‌نه‌سه‌ر، دواتریش مێرده‌كه‌ی‌ به‌ تۆمه‌تی‌ تیرۆست بون، ده‌ستگیر ده‌كه‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه‌ پشتیوان عومه‌ر كه‌ هاوسه‌ری‌ ئه‌و ژنه‌یه‌، به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: "له‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی‌ له‌ كه‌ركوك هه‌فته‌ به‌ هه‌فته‌ ده‌وام ده‌كه‌م، رۆژێكیان دوای‌ ته‌واوبونی‌ ده‌وامم رۆشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و ژنه‌كه‌مم بینی‌ ده‌گریا و ره‌نگی تێكچوبو، پرسیارم لێكرد چی بوه‌ بۆ ده‌گری‌، وتی: شتێ بوه‌ ئه‌گه‌ر باسی بكه‌م هه‌ردوكمان ده‌كوژن، دواتر زۆرم بۆ هێنا روداوه‌كه‌ی‌ بۆگێڕامه‌وه‌. وتی: شه‌و منداڵه‌كانم بردوه‌ته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌رئاو له‌ پڕ سێ كه‌س هاتنه‌ حه‌وشه‌كه‌ و په‌لاماریاندام و ده‌ست و قاچیان به‌ستم و بردمیانه‌ ژوره‌وه‌، پاشان دوانیان ده‌مانچه‌یان خسته‌سه‌ر سه‌رم و به‌ زۆر ده‌ستدرێژی‌ سێكسیان كرده‌ سه‌رم و به‌ فیدیۆش وێنه‌یان گرتم".
پشتیوان ده‌ڵێ‌: "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستدرێژی‌ سێكسیان كردبوه‌ سه‌ر ژنه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌شیان لێكردبو ئه‌گه‌ر باسی بكات ڤیدیۆكه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌و هه‌ردوكمان بكوژن".
پاش روداوه‌كه‌ پشتیوان له‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ عروبه‌ سكاڵا تۆمار ده‌كات له‌ دژی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ و له‌لایه‌ن (ش.م) سه‌رجه‌م به‌رپرسانی كورد له‌ كه‌ركوك له‌ روداوه‌كه‌ ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌. به‌ڵام له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ عه‌قید (ج) ئه‌و سێ كه‌سه‌ ته‌سلیم به‌ پۆلیس ناكات و له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دا ده‌بێت به‌ پاره‌ پشتیوان رازی بكات ده‌ست له‌ سكاڵاكه‌ی‌ هه‌ڵبگرێت.
پشتیوان وتیشی‌: "من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌چومه‌ ژێرباری‌ داواكاریه‌كانی‌ و پێموت چاوه‌ڕوانی‌ بڕیاری‌ یاسا ده‌كه‌م".
له‌ماوه‌ی‌ گیرانی ئه‌و كه‌سانه‌دا عه‌قید (ج) به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیداوه‌ پشتیوان رازی‌ بكات به‌ وازهێنان له‌ سكاڵاكه‌ی‌، به‌ڵام ناوبراو سوربوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ یاسا كاری‌ خۆی‌ بكات، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ رۆژێكیان له‌لایه‌ن سێ ئۆتۆمبێلی‌ جام ره‌ش له‌ جۆری‌ مۆنیكا له‌ناو بازاڕی‌ قادسیه‌ به‌ به‌رچاوی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌فڕێندرێ‌ و ده‌برێ‌ بۆ ماڵی‌ عه‌قید (ج) و چه‌ند كه‌سێك ده‌كه‌ونه‌ گیانی پشتیوان و به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك بۆ ماوه‌ی‌ سێ سه‌عات ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ ده‌ده‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ ناچاری‌ بكه‌ن له‌ سكاڵاكه‌ی‌ په‌شیمان ببێته‌وه‌.
ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ روداوه‌كه‌یان بینیبو، (ش.م)له‌ فڕاندنی پشتیوان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ ته‌له‌فون عه‌قید (ج) ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چاره‌نوسی گیانی‌ پشتیوان له‌ ئه‌ستۆیه‌تی. دواتر ده‌ست له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ هه‌ڵده‌گرن و به‌ فه‌رمانی‌ (ج) ده‌درێته‌ ده‌ست پۆلیسی‌ تاوان و به‌ تاوانی‌ تیرۆریستی‌ ژماره‌ 4 ده‌ستگیر ده‌كرێت و ده‌خرێته‌ به‌ندینخانه‌وه‌.
له‌ناو به‌ندینخانه‌ی‌ پۆلیسیشدا بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ش رۆژ حیمایه‌كانی‌ (ج) ئه‌شكه‌نجه‌یانداوه‌ و به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دابون ناچاری‌ بكه‌ن له‌ سكاڵاكه‌ی‌ پاشگه‌ز ببێته‌وه‌.
به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ناوبراو له‌وكاتانه‌ی‌ ئه‌مریكیه‌كان سه‌ردانی‌ به‌ندینخانه‌كه‌یان كردوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاری‌ گیرانی‌ به‌ندییه‌كان، به‌ نیو سه‌عات پێشتر ئه‌و سه‌ردانه‌یان پشتیوانیان شاردوه‌ته‌وه‌.
دواتر پشتیوان دراوه‌ به‌ به‌شی ته‌سفیرات و له‌وێش وه‌كو تیرۆریست ئیفاده‌ی‌ لێ وه‌رگیراوه‌ و به‌ ویستی‌ خۆیان دۆسیه‌یان بۆ دروستكردوه‌. كاتێ‌ دۆسیه‌كه‌شی ده‌خرێته‌ به‌رده‌م دادوه‌رێك به‌ناوی‌ (ف) و حاڵ و باسی خۆی‌ بۆ باس ده‌كات، كه‌چی یه‌ك مانگی رێك بێ ئاكام له‌ به‌ندینخانه‌دا ده‌هێڵرێته‌وه‌.
سه‌ره‌نجام بۆ ئازادكردنی پشتیوان دایكی تكا له‌ (ر.ع) ده‌كات كوڕه‌كه‌ی‌ بۆ به‌ربدات، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ به‌رپرسی‌ پۆلیس قسه‌ ده‌كات و پشتیوان ئازاد ده‌بێت. پشتیوان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات به‌رله‌وه‌ی‌ ده‌ستگیر بكرێت چه‌ندجار چوه‌ته‌ لای‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ مه‌ڵبه‌ند، به‌ڵام پێیان وتوه‌ "تۆ ده‌نگت به‌ گۆڕان داوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كمان به‌ كێشه‌كه‌ته‌وه‌ نیه‌".
تائێستا پشتیوان هیچی له‌ سكاڵاكه‌ی‌ ده‌ست نه‌كه‌وتوه‌و له‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌دایه‌ یاسا كاری‌ خۆی‌ بكات.
جێ ئاماژه‌ پێكردنه‌ پشتیوان ته‌نها دایكی‌ هه‌یه‌ و ژنه‌كه‌شی‌ ته‌نها دو مامی‌ هه‌یه‌ و له‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفالدا سه‌رجه‌م كه‌س و كاری‌ هه‌ردوكیان بونه‌ته‌ قوربانی.
سبه‌ی‌ په‌یوه‌ندی به‌ دایكی‌ پشتیوانه‌وه‌ كرد و به‌ده‌م گریانه‌وه‌ وتی‌: "ئێمه‌ فه‌قیرین و بێده‌سه‌ڵاتین، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌عدایان لێكردین ئێستا خێزانه‌كه‌شمان په‌رته‌وازه‌ بوه‌، بوكه‌كه‌م له‌ ماڵی‌ خزمێكی‌ خۆیه‌تی‌، كوڕه‌زاكانم هه‌ریه‌كه‌ و له‌ ماڵێكه‌، من كوڕه‌كه‌كه‌شم له‌ شوێنێكی‌ تر خۆمان حه‌شارداوه‌، ئه‌ترسین به‌وه‌ش وازمان لێ نه‌هێنن و بمانكوژن، ئه‌وان مه‌سئولن و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ یاساش كار بۆ ئه‌وان ده‌كات، بۆیه‌ حه‌قی‌ خۆمان داوه‌ته‌ ده‌ست خودا تۆڵه‌مان بۆ بكاته‌وه‌".
پشتیوان له‌ قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد: "من لایه‌نگری‌ گۆڕان بوم، ئێستاش ئه‌وه‌ بۆته‌ خاڵێك كه‌ هه‌مو به‌رپرسه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی‌ كه‌ركوك به‌ كێشه‌كه‌ی‌ منه‌وه‌ دژی‌ من بن و پشتیوانی‌ تاوانكاره‌كان بن، هه‌مویان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌من ته‌نازول بكه‌م له‌ حه‌قی‌ خۆم، پێیان وتم چه‌ندت پاره‌ ده‌وێت چه‌ند ژنت ده‌وێت ده‌تده‌ینێ‌ و بۆت ده‌هێنین، به‌ڵام ته‌نازول بكه‌".
پشتیوان باسی‌ له‌ ڕۆڵی‌ (ش.م) كرد و وتی‌: "هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كاك (ش.م) نه‌بوایه‌ من تیاده‌چوم، ئه‌و پێی‌ وتم تا ئه‌مانه‌ نه‌ده‌م به‌ ئیعدام وازناهێنم، به‌ڵام دوای‌ ئه‌و هه‌مو ته‌داخولانه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسانی‌‌ كه‌ركوك و ئازادكردنی‌ تاوانباره‌كان،(ش.م) پێی وتم من ناتوانم هیچت بۆ بكه‌م و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا هیچ ناكرێت...!".
له‌ كۆتایی‌ قسه‌كانیدا پشتیوان به‌ (سبه‌ی‌) وت: "ئێستا خێزانه‌كه‌م هه‌ریه‌كه‌ له‌ شوێنێك خۆی‌ شاردۆته‌وه‌، سه‌رقاڵی‌ فرۆشتنی‌ خانوه‌كه‌مم بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك به‌جێبهێڵم و له‌ده‌ست ئه‌و زاڵمانه‌ هه‌ڵبێم، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت من ته‌نازول بكه‌م بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌مكوژن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر من كردویانه‌ هه‌زارجار له‌ كوشتن زیاتره‌، بۆیه‌ ئاماده‌نیم له‌ حه‌قی‌ خۆم خۆش بم".
به‌مه‌به‌ستی‌ زانیاری‌ زیاتر (سبه‌ی‌) په‌یوه‌ندی‌ كرد به‌ (ش.م)، به‌ڵام دوای‌ هه‌وڵێكی‌ زۆر ژماره‌كه‌ی‌ به‌رده‌ست نه‌بو.
سه‌ر چاوه‌
http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=25487&cat=1

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر