Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ خرداد ۱۷, جمعه

هاوار بازیان: یەكساڵەی رفاندنی مەولوود ئافەند لەژێر پەردەی ئیتلاعات و یەكێتیدا



ئافەند، كە رۆژنامەنووسێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و هاوكات نەیاری رژێمی كۆماری ئیسلامی بوو، بەهۆی ئەو دوو تایبەتمەندییە پیشەیی و سیاسییەوە، وەك پەنابەرێك پەڕیوەی باشوور بوو، لەڕووداوێكی تەواو پلان بۆ دانراو لەسەردانێكی بۆ شاری سلێمانی بێ سەروشوێن كرا، كە نزیكەی یەك ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕ دەبێ، بێ ئەوەی هیچ چارەنووسێك لەو رۆژهەڵاتییە بێ كەس و لێقەوماوە لەباشووری وڵات دیار بێ.


 بەڵام ئەو پێشهاتە دوای یەك ساڵ چەندین راستی سەلماند، بەتایبەت بەسەرهاتی مەولوود ئافەند، كە خۆی سەرنووسەری گۆڤارێكی وەك “ئیسرائیل-كورد” بوو، هەروەها چۆنیەتیی دیارنەمان و شوێنی رووداوەكە دنیایەك وردەكاری و گومانی لێكەوتەوە، كە لە سێ بەشدا باسیان دەكەین، لەوەی ئایا مەولوود بۆچی وای بەسەر هات؟ كێ لەپشت ئەو كارەوە بوو؟ داهاتووی كەیسی مەولوود چی بەسەر دێ؟
مەولوود بەپێی ئەوەی كار و ناسناوی پیشەكەی ناوی “ئیسرائیل”ی لەسەر بوو، لەلایەن دەزگاكانی هەواڵگریی كوردی و ناكوردی بەتایبەت ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامییەوە تەواو گرنگی پێ دەدرا و ژمارەیەك كەس و رۆژنامەنووسی لێ نزیك كرایەوە تا كۆنتڕۆڵی بكەن. بەشێوەیەك كە چاودێریكردنی مەولوود و شوێنی مانەوە و هاتوچۆكانی وەك چاودێردیكردنی باڵوێزخانەیەكی ئیسرائیلی گرنگی هەبوو.
هەموو پێیان وابوو سەرجەم بازرگانەكانی ئیسرائیلی لەڕێگەی نووسینگە یەك ژوورییەكەی ئەو گۆڤارەوە هاتوچۆ دەكەن، یان هەموو پڕۆژە ئابوورییەكانی ئیسرائیل لەكوردستان لەسەر لاپتۆپە 10 ئینچییەكەی مەولوود دانراون و تەندەرینگ كراون. هەبوو پێیان وابوو سەرجەم ڤیزاكانی چوون بۆ ئیسرائیل لەژێر پرینتەرە بچووكەكەی ژووری مەولوود چاپ دەكران. یان لەو بڕوایەدابوون كۆبوونەوە ئەمنییەكانی مۆساد لەبارەی ئێرانەوە هەمووی لەو ژوورە تەنگ و بچووكەدا بەڕێوە دەچوو. بەكورتی زۆركەس و لایەنی ئەمنی لەو بڕوایەدا بوون گۆڤاری ئیسرائیل-كورد خەریكی هەموو شتێكە بێجگە لەگۆڤار و كاری راگەیاندن!
ئەو روانینە هەڵەیە دەرفەتی گەورەكردنی مەولوودی وەك سەفقەیەكی باش خستە بەردەستی هێزە هەواڵگرییەكانی كوردی لەباشوور تا بەرامبەر دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانی ئاڵوگۆڕی پێبكەن. هەرچەندە ئیتلاعات بەباشی ئاگەدار بووە لەوەی مەولوود لەو ئاستەشدا نییە، كە كوردەكان بەرزیان كردووەتەوە، بەڵام لێرەدا پرسێكی گرنگتر هەیە كە ئەویش ستراتیژییەتی ئیتلاعاتە، كە بەردەوام بەدوای دۆزینەوەی كەس و كەسانێكە، بەجۆرێك پەیوەندییان بەئیسرائیل و رۆژئاوا هەیەو لەژێر ئەو ناوەدا چالاكییەكی ئەمنی، ئایینی و سیاسیی بەرچاو ئەنجام بدات و هاوكات ئەو پەیامەش بەناوەخۆی وڵاتەكەی و بەشێك لەدەرەوەی وڵاتیش بدات، كە دەزگای ئیتلاعات لەناسین و هەڵوەشاندنەوەی پەیكەری دەست و پەیوەندەكانی ئیسرائیلی و هەر هەواڵگرییەكی دیكەدا هێزێكی باڵا و چاوێكی كراوەو وریای هەیە. (بوونی ناوی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد و پەیوەندیی مەولوود بەو گۆڤارەوە زەمینەی ئەو كارەی دژی ئەو رەخساند).
لەكاتێكدا مۆسادی ئیسرائیلی و ئیتلاعاتی ئێرانی باشتر لەهەر كەس و لایەنێك یەكتری دەناسن و لەتوانای یەكتری شارەزان. هەروەها ئیسرائیل لەكوردستان رەنگە كارە سیاسی و ئەمنییەكانی خۆی لەئاستێكی زۆر بەرزدا ئەنجام بدات، كە هەرگیز دەستی ئیتلاعاتیان پێ نەگات.
بەرامبەر كەیسی مەولوود و سەرخستنی ئەو نیازەی سەرەوەی ئیتلاعات كە باسی كرا، دەزگا هەواڵگرییەكانی یەكێتی نیشتمانی/ دەزگای زانیاری و ئاسایش لەسلێمانی/ زیاتر مەیلی هاوكاریكردنی ئیتلاعاتیان هەبوو، چونكە ئیتلاعاتی ئێرانی لەگەڵ یەكێتیدا باشتر ئەو پرۆژەیان بۆ ئەنجام دەدرا. بەتایبەت كە لەو كاتدا پارتی دیموكرات و ئێران ماوەیەك بوو تووشی هەڵبەزینەوەی سیاسی هاتبوون، جگە لەوەی یەكێتیی نیشتمانی زیاتر پێویستی بە وەرگرتنی باج لەئیتلاعات هەبوو و لەڕوانگەی تارانەوە لەنێوان دەزگای پاراستن و دەزگای زانیاریدا هەمیشە سەری دەزگای زانیاری بۆ ئیتلاعات نزمتر بووە.
دڵنیام ئەگەر مەولوود ئافەند ئەو سەردانەی 2012.6.8ی بۆ سلێمانی نەكردبووایە، ئەو رووداوە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی دەرەوەی یەكێتیدا رووی نەدەدا، یان لانیكەم لەدۆخی ئێستەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا رێگەی سەرگرتنی پێ نەدەدرا.
مەولوود ئافەند نەیار و دوژمنی زۆری هەبوون، كە بەشێكی مەترسیداریان هەر لەدەوروبەر و نزیكی خۆی بوون. ژمارەیەكیان تا رادەیەك لێی نێزیك بوون، كە متمانەی هەمووی شتیان لای مەولوود دروست كردبوو. كێشە دارایییەكانی گۆڤارەكەی مەولوود و زۆربوونی فشارەكانی هەواڵگری هاوكات بوون. لەو رێگەوە كەسانێك بەناوی كاری بازرگانی خۆیان لەمەولوود نزیك كردەوەو وایان پیشان دا كە لەپێناو دابینكردنی سەرچاوەیەكی باشی ئابووری و دارایی بۆ گۆڤارەكە پێویستە بیر لەچالاكی ئابووری بكرێتەوە. مەولوود كەسی بازاڕ و كاسبی نەبوو و ئاگەدار نەبوو لەوەی بەشێكی ئەوانەی بەناوی راگەیاندن یان بازرگانی لێی نزیك دەبنەوە، نیازێكی دیكەیان هەیە. چەند مانگێك بەر لەڕووداوی دیارنەمانی، نزیكەكانی مەولوود وایان پیشان دەدا كە ئەگەر بەشێوەی كاتی واز لەڕاگەیاندن بێنێ و روو لەكاری بازرگانی بكات، ئەوە هاوكات دەتوانێ بەشێوەیەكی تێروتەسەل گۆڤارەكەی چاپ بكا و هەروەها لەڕووی ئابوورییەوە دەبووژێتەوە. پێشتریش یەكێتی نیشتمانی بەڕەسمی دوو جار داوای داخستنی گۆڤارەكە و راگرتنی كاروبارەكانی كردبوو.
هەموو شتێكی مەولوود لەگەڵ كردنەوەی رێگەی چوونە سلێمانی رووی دا. بەشی چاودێری كۆمپانیاكانی تەلەفۆن سەرجەم پەیوەندییەكانی دوا ساتەكانی مەولوود و تا گەیشتن بەسلێمانییان لەلایە، كە لەسەر داوای دەزگا هەواڵگرییەكانی هەرێمی كوردستان ئەو پرسە تا ئێستەش بێدەنگەی لێكراوە.
بەڵام رووداوەكە هاوكێشەیەكی ئاسانە! مەولوودی خاوەن ئیقامەی سیاسیی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ گەیشتنی بۆ سلێمانی بێ سەروشوێن دەبێ. لەشوێنێكی ئەو شارە دیار نامێنێ، كە بەهۆی كامێراكانی چاودێرییەوە رۆژانە دەیان وێنەی كچە كرێكاری چینی و بەنگلادیشی تۆمار دەكرێ، لەژێر ئەو دەسەڵاتەیدا كە نموونەی تیرۆركردنی سەدان كوردی دیكەی رۆژهەڵاتی تێدا تۆمار كراوە، ئەویش بێ سەروشوێن دەبێ. لەو شارەی كە لەگەڵ رووداوەكە و دواتریش سەرجەم دەزگا هەواڵگرییەكانی یەكێتی نیشتمانی هەر لەدەزگای زانیاری تا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بڕیاری بایكۆتكردنی بەدواداچوونی ئەو كەیسە دەدەن. لەو شارەدا كە حكوومەتی بەغدا یەك نوێنەرایەتیی تێدا نییە، بەڵام سێ بارەگای ئاشكرای ئیتلاعاتی ئێرانی تێدایە. لەژێر دەسەڵاتی ئەو بەشەی كوردستان كە تێیدا خوێنی كوردی رۆژهەڵات ساڵانێكە سوور نییەو وەك ئاوی سپییە، ئەویش خوێنی بەتاڵان دەفرۆشرێ.
دواتریش كە هەوڵی زۆر بۆ روونكردنەوەی ئەو كەیسە درا و كەمپین و ئیمزای بۆ كۆ كرایەوە و بەشێكی بەرچاو لەكەناڵەكانی راگەیاندن كاریان لەسەر كرد، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی لەوەش پتر ملهوڕییان كردو گوتیان هەر ئاگاداری رووداوێكی لەو شێوەیە نین! بێ وەڵام مانەوەی ئەو هەمووە هەوڵ و تەقەلایە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كوردێك لەكوردستانی ئازاد بێجگە لەوەی دڵنیای كردینەوە دیسان كورد بەدەستی كورد پێشكێشی كوردكوژ كرایەوە، هەستێكی ناخۆشی بەهەمووان بەخشی.
بەڵام ئایا ئەو رووداوە هەروا بێ ئەنجام و سەرەداو دەمێنێ؟ بێگومان نەخێر، چونكە رفاندن و رووداوی زۆر لەوە گەورەتر بەتێپەڕبوونی كات روون بووەتەوەو سەرجەم وردەكارییەكانی پشتی ئاشكرا بووە. لەبارەی مەولوودەوە نیگەرانییەكە لەوەدایە تا ئێستە هیچ جۆرە ئیرادەیەك بۆ پەیداكردنی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە نییە. هیچ كەس و لایەنێك بەڕەسمی خۆی لەو رووداوە بەرپرس نازانێ، نازانم كەی، بەڵام دڵنیام لەوەی رووزەردی هەر بۆ كوردفرۆشان دەمێنێتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر