ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ ٣٤ـەمین فێستیڤاڵی کەلتووری کوردی نێونەتەوەیی نارد. قەرەیلان لە پەیامەکەیدا بەتایبەتی سەرنجی خستە سەر پرۆسەی ئێستا و گوتی: "شەڕی چەکداری لە تێکۆشانی ئازادیدا رۆڵی پێویستی گێڕا. لەمەبەدواوە بە ڕێبازی سیاسەتی دیموکراتیک دەتوانین بە ئەنجام بگەین."
قەرەیلان وتیشی: "هێشتا هیچ شتێک لە ئارادا نییە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم قۆناغەی وەک قۆناغی تێکۆشان شرۆڤە کرد. دەبێت هەموومان ئەم قۆناغە وەک پرۆسەی تێکۆشان هەڵسەنگێنین."
دەقی پەیامەکەی قەرەیلان بەمجۆرەیە:
گەلی هێژامان، دۆستانی شکۆدار، سڵاو و ڕێز بۆ هەمووتان.
بە ناوی بەڕێوەبەریی تەڤگەرەکەمانەوە، ٣٤ـەمین فێستیڤاڵی کەلتووری کوردی لە ئێوە پیرۆز دەکەم و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
پێش ٣٤ ساڵ منیش لە ئەورووپا بووم و لەو کاتەدا بڕیاری ڤیستیڤالێکی لەم شێوەیە درا. ئێوەش لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو ساڵێک وەک نەریتێک ئەمە درێژە پێ دەدەن. ئەمە لە دژی ئاسیمیلاسیۆن، قڕکردنی کەلتووری، هەڵوێستێکی زۆر هێژا و بە مانایە. لە هەمان کاتدا، بۆ یادکردنەوەی شەهیدە قارەمانەکان ڕاگەیەندراوە. ئەمەش هێژا و بە مانایە. ئێمە لەبەر ئەم هەڵوێستەی ئێوە سوپاستان دەکەین و پیرۆزبایییتان لێ دەکەین.
هەڤاڵانی هێژا؛
وەک دەزانن، تێکۆشانی ئێمە، تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر گرنگ، زۆر هەستیار و مێژووییدا تێپەڕ دەبێت. بە بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥دا، تێکۆشانەکەمان چووە ناو قۆناغێکی نوێوە. ئەم قۆناغە، قۆناغی پەڕینەوەیە لە ستراتیژیی شەڕی چەکداری بۆ ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک. ئێوەی کوردستانیانی ئەورووپا، لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەن. تا ئەمڕۆ ڕەنجی ئێوە لە تێکۆشانەکەماندا زۆر بوو، بەشداری گرنگتان هەبووە. هیوادارین لەم قۆناغە نوێیەشدا هەوڵ و بەشداری ئێوە بە شێوازێکی بەهێز بەردەوام بێت.
دەبێت بزانرێت، ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسە نوێیەی بۆ ئەوە پەرە پێ داوە کە ڕێگە لە پێش سەرکەوتن بکاتەوە. وەک تەڤگەرەکەمان باوەڕمان بەم پرۆسەیە هەیە. شەڕی چەکداری لە تێکۆشانی ئازادیدا ڕۆڵی پێویستی گێڕا. لەمەبەدواوە بە ڕێبازی سیاسەتی دیموکراتیک دەتوانین بە ئەنجام بگەین. گرنگترین بابەتی بەڕێوەبردنی پرۆسە نوێیەکە، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. بۆ هەموو هەڤاڵان، گەریلاکان ئەمە نەبێت، نابێت. لەبەر ئەوەی دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بێت و خۆی ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببات. ئەگەر ئەمە بەدی نەیەت، پرۆسەکەش سەرکەوتوو نابێت.
وڵاتپارێزانی شکۆدار؛
تەڤگەرێکی بە ئەزموونین. ئەم پرۆسەیە لە هەمان کاتدا مەترسی خۆیشی هەیە. بۆیە دەبێت بە ئاگاداری و ڕێوشوێنەوە مامەڵە بکەین. واتە وەک تەڤگەر و گەل دەبێت لەم قۆناغە بەم شێوەیە بڕوانین. هێشتا هیچ لە ئارادا نییە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم قۆناغەی وەک قۆناغی تێکۆشان شرۆڤە کرد. هەموومان دەبێت ئەم قۆناغە وەک پرۆسەی تێکۆشان بگرینە دەست.
دەوڵەتی تورک دژ بە گەلی کورد سیاسەتی نکۆڵی بەڕێوە برد. گەلەکەمان هەر داوای مافی پەرە پێدا، ئەوە وەک ڕاپەڕین هەژمار کرا و بە زۆرەملێ، بە فشار و هێرش کراوە. تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی ئێمەش بە هەمان شێوە وەک ڕاپەڕین هەژمار کرا. ئەمە نزیکەی ٥٠ ساڵە بۆ ئەوەی تەڤگەرەکەمان تەسفیە بکرێت، سەرکوتبکرێت، چەندین رێ و ڕێباز بە کار هێنران. بە تایبەت، ئەم دە ساڵەی دوایی بە هاوکاریی ناتۆ، بە پشتگیریی هەندێک هێزی هەرێمەکە، بە بەکارهێنانی هەموو چەکێکی مۆدێرن، چەکی قەدەغە ویستیان ئێمە لەناو بەرن. بەڵام لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی لە ناوبردندا، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەرخۆدانێکی مێژووییان ئەنجام دا، بە ڕۆحێکی فیدایی بەرخۆدانیان کرد. لە کۆتاییدا نەیتوانی ئێمە لەناو بەرن، نەیتوانی ئێمە تێکشکێنن. لەسەر پێ ماینەوە. بۆ ئەمە دەوڵەت پەنای بردە بەر ڕێبەر ئاپۆ. ئەم پرۆسەیە لەسەر ئەم بنەمایە پێش کەوتووە. بێگومان لەمەدا ڕۆڵی شەهیدە قارەمانەکان زۆر گەورەیە. لە پەرە پێدانی ئەم پرۆسەیەدا، رەنجی ڕێبەر ئاپۆ و بەرخۆدانی شەهیدە قارەمانەکان ڕۆڵی سەرەکییە.
وڵاتپارێزانی شکۆدار؛
لە ٥٣ ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان سەرکەوتووبێت، بنەمایەکی بەهێز دانراوە. ئەمە بە ئاسانی درووست نەبوو. بە رەنج، فیداکاری و بەرخۆدان درووست بوو. بەرخۆدانی هەموو گەلەکەمان، بە ڕەنجی کوردانی ئەورووپا، ئەم شتانە بەدی هاتن.
ئێستا بۆ ئەوەی گەل لەناو نەچێت و سەرکەوتووبێت، دوو شتی سەرەکی پێویستن.
یەکەم؛ بونیاتنانی ستراتیژی، واتە سەرۆکایەتی ستراتیژیک.
دووەمیش؛ درووستکردنی قارەمانەکانی خۆیەتی.
کۆمەڵگەیەک کە قارەمانەکانی خۆی درووست بکات، ستراتیژیی خۆی بونیات بنێت، تێک ناشکێت. ئەمڕۆ ئەم دوانە هەن. دەتوانین لەسەر بنەمای ئەو ڕوانگەی کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد پەرەی پێداوە و لەسەر ئەو زەمینەیەی کە قارەمانەکان درووستیان کردووە، تێکۆشانەکە زیاتر فراوان بکەن و سەرکەوتووی بکەن.
قارەمانەکانمان هەن: لە مەزڵوم دۆغانەوە تا عەگیدەکان (مەعسوم کۆرکماز)، لە بێریڤانەکانەوە تا بێریتانەکان، زیلان، ساراکان و دەلال ئامەدەکان... دیسان شۆڕشگێڕە مەزنەکان عەلی حەیدەر کایتان، ەزا ئالتون، نورەدین سۆفی، ئەرداڵ (ئەنگین سینجەر)، ئەتاکان ماهیر، عادل بیليکی، نودا کارکەر و عەگید چڤیانە قارەمانەکانمان هەن. هەر لە کۆتاییدا قارەمانەکانمان وەک مۆردەم چەولیگ هەن. دەتوانین لەسەر ئەو بەها و میراتەی کە ئەوان درووستیان کردووە، داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک دابمەزرێنین.
وڵاتپارێزانی هێژا، هەڤاڵانی شکۆدار؛
ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەیران، شەڕ و پێشهاتی گرنگ ڕوو دەدەن. گەلی کورد لە هەرێمەکەدا گەلێکی بەهێز و گرنگە. بەڵام ئێستا بێستراتیژیین. بۆ ئەوەی لە هەرێمەکەدا ببنە ئیرادەیەک، وەک گەلانی دراوسێ لەسەر خاکی خۆیان بە ئازادی بژین، مەرجە دەبێت ستراتیژییەکی هاوبەشی هەبێت و یەکێتیی خۆی دابمەزرێنێت. لەبەر ئەم هۆکارە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، یەکێتیی دیموکراتیک نەبێت نابێت، دەبێت مەرجێک بێت. بە ناوی تەڤگەرەکەمان، بانگەواز لە هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان دەکەم: وەرن با ستراتیژییەکی هاوبەش دابمەزرێنین و ئەم پرۆسە مێژوویی و گرنگە بە یەکێتیی دیموکراتیکی نەتەوەیی تاجداری بکەین. هیوای هەموو گەلەکەمان ئەوەیە. وەک تەڤگەر، ئێمە ئامادەین لەم ڕووەوە هەر جۆرە فیداکارییەک بکەین.
وڵاتپارێزانی شکۆدار، گەلی هێژامان، گەلی ئێمە لە ئەورووپا؛
وەک ئەوەی گوتمان، لە تێکۆشانی ئێمەدا تاوەکو ئێستا ڕەنجێکی گەورەتان هەیە. بەڵام دەبێت لە ئێستا بە دواوە زیاتر بەشداری بکەن. دەبێت ئەوە بزانرێت کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسە نوێیەی بۆ سەرکەوتنی ئێمە و گەورەکردنی جەماوەرەکەمان دەستپێکردووە. لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت هەموو گەلەکەمان بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەورووپا و دەرەوەی وڵاتن، لەم قۆناغە نوێیەدا پشتگیریی خۆیان چ لە ڕووی ماددی و چ لە ڕووی مەعنوییەوە بەهێزتر بکەن. تێکۆشانی ئێمە دوای ئەم قۆناغە هێشتا مەزنتر دەبێت.
ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنیا بۆ کوردستان و هەرێمەکە، بەڵکوو بۆ سەرانسەری جیهانیش ڕوانگەی چارەسەریی پەرە پێداوە. ئێمە لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەدار، گوزارشت لە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەکەین. بونیاتنانی کۆمەڵگەی ئازاد، دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی کە پشت بە ژنانی ئازاد دەبەستێت، ئەمڕۆ بۆ هەموو کەسێک پێویستییەکە.
لەبەر ئەم هۆکارە ئێوە دەتوانن لە ئەورووپا و لە سەرانسەری جیهاندا ببنە پێشەنگی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و دەتوانن لە هەموو شوێنێک گوزارشتی لێ بکەن. بەڵام بۆ ئەمە دەبێت سەرەتا خۆتان ڕێکخستن بکەن. لە کۆمۆنە دیموکراتیکەکاندا خۆتان ڕێکخستن بکەن، ببنە خاوەن ئیرادە. لە هەر شوێنێک دەبن، ببن؛ بەڵام بە تەنیا مەمێننەوە. خۆتان ڕێکخستن بکەن، لە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیدا بەشدار بن. ئەگەر ئێوە ئاوا بکەن، دەتوانن لەم قۆناغە مێژووییەدا ڕۆڵێکی مەزنتر بگێڕن.
لەسەر ئەم بنەمایە، جارێکی تر فێستیڤاڵەکەتان پیرۆز دەکەم و بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم. لە قۆناغی نوێدا بۆ هەمووتان سەرکەوتن دەخوازم.
بژی تێکۆشانی گەلەکەمان! بژی سەرۆک ئاپۆ!
هیوای سەرکەوتنتان!.




هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر