لە دونیای سیاسەتی حکومەتە دیکتاتۆرەکان و لە ململانێ بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکانیان، زۆرجار بۆ شاردنەوەی لاوازییەکانیان، پەنا بۆ توندترین فۆرمەکانی سەرکوتی ناوخۆیی دەبەن.
.
هەڵکشانی بێ وێنە و مەترسیداری ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، هاوکات لەگەڵ ئەو جەنگەی لە دوو مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئارادایە، دیاردەیەکی کاتی و سادە نییە. بەڵکو گەورەترین و قورسترین زیانی بۆ جەماوەری ئێران هەیەو بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە تەنانەت لە قۆناغی ئاگربەستیشدا، هەڵگری پەیامێکی ستراتیژیی قووڵ و ئاڵۆزە.
رژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی لە چوارچێوەی سزایەکی یاساییەوە گۆڕیوە بۆ ئامرازێکی سەربازی و وەک “بەرەی سێیەمی جەنگ”. لە کاتێکدا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی جۆرێک لە بێدەنگی وهێوربوونەوەی کاتی دەبینرێت، ڕژیم لە ناوخۆدا ماشینێکی بێبەزەییانەی جەنگی دژی هاووڵاتیانی خۆی خستووەتە گەڕ، کە ئامانج لێی داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێزە لە ناوخۆدا.
ئاگربەست بۆتە هەڵێک بۆ دەسەڵاتداران تا هەوڵ بدەن شکستە گەورەکەیان لە خەڵک بکەن و بۆ شاردنەوەی درزە ئەمنییەکان لە ڕوانگەیەکی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە، ئەم هەنگاوە هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ داپۆشینی ئەو کەلێن و درزە هەواڵگرییە قووڵانەی کە لە کاتی پێکدادانەکاندا بە ڕوونی دەرکەوتن و بوونە هۆی گورزی گەورە لە پێگەی ڕژێم.
دەسەڵاتداران لە ئێران دەیانهەوێت لە ڕێگەی ئەم خوێنڕشتنە بێوچانەوە، بە جیهان و بەتایبەت بە نەیارەکانی بیسەلمێنێت کە پاشەکشەی تەکتیکی یان قبوڵکردنی ئاگربەست لە دەرەوە، بە هیچ جۆرێک مانای لاوازیی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی نییە لە ناوخۆدا. کرۆکی ئەم سیاسەتە خزمەت بە دوو ئامانجی دوالیزمی دەکات: لە گەرمەی شەڕدا، پەتی سێدارە وەک ئامرازێکی ڕەهای “تۆقاندنی پێشوەختە”بەکارهێنرا، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گۆڕانی قەیرانە دەرەکییەکان بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەریی سەرتاسەری بکرێت. بەڵام درێژەدان بەم ستراتیژە لە کاتی ئاگربەستدا، نامەیەکی کراوەو دیپلۆماسییەکی زبرە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل؛ پەیامەکە ئەوەیە کە دەسەڵات لە ئێران هێشتا ئامادەی گەڕێکی تری شەڕە و سازش لەسەر خۆسەپێنیە ناوخۆییەکەی ناکات.



Ariel Time

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر