ستاتۆى ناوچه‌که ده‌گۆرێت.
له‌و کاته‌وه که رووداوه‌کانى سوریا ده‌ستى پێکردووه ، زۆربه‌ى چاو‌دێر و ناوه‌نده سیاسییه‌کان باس له کۆتایی هاتنى رێکه‌وتنى سایکس ــ بیکۆ ده‌که‌ن و سه‌رله‌نوێ دارشتنهوهى نه‌خشه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستیان خۆستۆته رۆژه‌ڤه‌وه .
بێگومان ئه‌و بابه‌ته‌ش ئه‌و کاته بووه جێگه‌ى باس که پرۆژه ( رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستى گه‌وره ) سه‌رى نه‌گرت که ئه‌مریکا له‌ساڵى 2003 دواى داگیرکردنى ئێراق خستییه رۆژه‌ڤه‌وه و به‌بێ ده‌ستکارى کردنى سنووره سیاسییه دیاریکراوه‌کان ئامانجى گۆرینى رژێم و سیسته‌مى ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌که‌بوو .
سێ ساڵه رووداوه‌کانى سوریا به‌رده‌وامه ، ئه‌و رووداوانه‌ش کاریگه‌رى راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆى کردۆته سه‌ر ئێراق ، له‌و سۆنگه‌یه‌وه له‌ساڵى 2011 قه‌یرانێکى سیاسى ئێراقى گرته‌وه ، ئه‌و قه‌یرانه‌ش زیاتر له‌نێوان سنوونه ــ شیعه و به‌غداد و هه‌ولێر ره‌نگى دایه‌وه ، تا دوایین جار لهدۆسییهکانى گێربهستى نه‌وتى هه‌ولێر ــ ئه‌نقه‌ره و بڕینى بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه به‌ئاستێکى به‌رزى گرژى ته‌نگه‌ژه گه‌یشت . به‌رامبه‌ر به‌و دۆخه‌ش سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى باشوورى کوردستان هه‌ره‌شه‌ى ئه‌وه‌یان کرد که کورد بێ بژارده نیه و وه‌ڵامى خۆى ده‌بێت ، ته‌نانه‌ت سه‌رۆکى هه‌رێم به ئاشکرا جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه کردوه که (شتکیان به‌سه‌ردێنن لهچاوهرانیاندا نه‌بێت ) دواى ئه‌مه‌ش به‌ماوه‌یه‌کى کورت رووداوه‌کانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا و دواتریش ناوچه‌کانى دیکه‌ى سونه نیشین روویدا .
هیچ گومانێکى تیدانیه که ئه‌و رووداوانه هه‌ره‌مه‌کى و مه‌عنه‌وى نه‌بوون ، به‌ڵکو زاده‌ى پیلان و نه‌خشه و سینارۆیه‌ک بوون که ره‌هه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى ، هه‌رێمى و ناوخۆى ( ئێراق و کوردستانى ) هه‌یه . کۆمه‌ڵێک لێدانه‌وه ، به‌رژوه‌ندى ستراتیجى ، ئابوورى و ئاسایشى هاوبه‌ش وایکردووه که هێز گه‌لێکى جیهانى ، هه‌رێمى ، ئێراقى و کوردستانى له‌و به‌رنامه‌یه بهیهکتربگهن و له‌بوارى کرداریدا جێبه‌جێى بکه‌ن . له‌م نوسینه‌دا مه‌به‌ستم هه‌ڵوێسته‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه ، پاڵێنهرهکانیان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌نگاوێکى به‌و جۆره و ئه‌گه‌ره هه‌مه لایه‌نه‌کانى نیه . به‌ڵکو زیاتر بتوانم سه‌ره‌نج بۆ سه‌ر دۆخى ستاتۆى ناوچه و چارهنوسهکهى رابکێشم که راسته‌خۆ په‌یوه‌ندى به داهاتوو و چاره‌نوسى گه‌لى کوردستانیشه‌وه هه‌یه .
دواى رووداوه‌کانى نه‌ینه‌وا دۆخێک هاتۆته‌ئاراوه که کاریگه‌رى راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ته‌واوى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست ده‌کات ، چونکه ئه‌و ستاتۆ و سنووره سیاسیه‌ی له‌م ناوچه کێشراوه وه‌ک ئه‌نجامێکى یه‌که‌مین جه‌نگى جیهانى هاته‌ئاراوه . کۆمه‌ڵێک ده‌وڵه‌ت ـــ نه‌ته‌وه له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژوه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه‌کانى زلهێزه‌کانى ئه‌وکاته ئاواکران ، به‌بێ پرس کردن به‌و گه‌لانه به‌شێوه‌یه‌کى زۆره‌ملێیانه و له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى هاوسه‌نگى سیاسى هێنرانه لاى یه‌کتر .بهرچاوترینى ئه‌و نمونانه‌ش سوریا و ئێراق بوو .
ئێراق ، له‌سه‌ر بنه‌ماى په‌راوێزکردنى شیعه و بێ ستاتۆیی و بێ به‌ش کردنى کورد له‌ماف و ئازادى ، نزیکه‌ى (80) ساڵ ده‌سه‌ڵاتى که‌مینه‌ى عه‌ره‌بى سونى به‌سه‌ردا سه‌پێندرا ، هه‌مووشمان ئاگادارین که چ کاره‌ساتێکى به‌سه‌ر ئێراقدا هێنا ، به‌تایبه‌تیش شیعه و کوردى دووچارى کۆمه‌ڵکوژى و ناسۆرێکى چۆن کرده‌وه .
له‌گه‌ڵ رووخانى رژێمى به‌عس ، ئه‌وجاره له‌جیاتى رژێمێکى ملـلیگهرایی ــ ناوه‌ندى عه‌ره‌بى سنوونه ، رژێمێکى مللیگهرایی ــ ناوه‌ندى عه‌ره‌بى شیعه جێگاى گرته‌وه ، ئه‌مه‌ش په‌راوێزکردنى سوونه‌کان و دۆخى قه‌یراناوى له‌گه‌ڵ کورد هێنا ئاراوه . له‌کاتیدا شیعه و ده‌سه‌ڵاتداره‌کان لهههڵپهى تۆڵه‌کردنه‌وه‌ى رابردووى تاڵیان بوون ، عه‌ره‌به سونه‌کانیش هیچ کاتێک له‌ده‌ستدانى ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارێتیان هه‌ره‌س نه‌کردوه و هه‌موو شتێکیان ره‌وا بینى تا جارێکى دیکه بگهنهتهوه ده‌سه‌ڵات .
بێگومان له‌بنه‌ره‌تدا ئه‌و دۆخه به‌رهه‌مى سیاسه‌تى ( په‌رتکه ، زاڵبه)ى زلهێزه‌کانه که خۆیان رژێمى قه‌یرانن و له‌سه‌ر قه‌یرانه‌کان ده‌ژین ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش راستییه‌کى دیکه‌یه که چیتر رژێمى ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه بهدۆخى جاران ناتوانێ به‌رده‌وام بێت .
ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کانى که جاران له‌میانى ( پرۆژه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستى مه‌زن ) خوازیاربوون به‌بێ ده‌ستکارى ستاتۆ و سنوره سیاسیه‌کانى ناوچه‌که گۆرانکارى له رژێمهدهسهڵاتدارهکان بکه‌ن ، وه‌ک دیار ده‌بێت ئیتر ئه‌و راستیه‌یان بۆ ده‌رکه‌وتوه که پێویستى به‌گۆرینى ستاتۆ هه‌یه . له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌گه‌رى به‌هێز ئه‌وه‌یه گۆرانکارى به‌سه‌ر ستاتۆى ئێراق و سوریادا بێت ، چونکه کێشه‌ى هه‌ردوو وڵات به‌ناویه‌کداچووه و تا راده‌یه‌کیش چاره‌سه‌رکردنیان وابه‌سته‌ى یه‌کتره .
ئه‌گه‌رێکى به‌هێز ئێراق بۆ سێ هه‌رێم ( سه‌ره‌تا فیدراڵى ، دواترکۆنفیدراڵى )ى شیعه و سوونه و کورد دابه‌ش بێت که ئه‌مه‌ش له‌ده‌ره‌نجامى شه‌ڕێکى مه‌زهه‌بى خوێناوى و درێژخایه‌ن بێته‌ئاراوه ، هه‌مان ره‌وش به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان له‌سوریاش به‌رجه‌سته‌بێت .
بێگومان رێگه‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى ئه‌و ناچه‌یه خۆى لهکۆنفیدرالیزمى دیموکراتى و خۆبهرێوهبهرایهتى گه‌لاندا ده‌بینێته‌وه که ئه‌مرۆ له رۆژئاواى کوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت . به‌ڵام ئه‌و پارچه‌بوونه مه‌زهه‌بى و ئه‌تنیکى ئێستا دروست بووه له‌حاڵى حازردا به‌ربه‌ستێکى گه‌وره‌یه ، بۆیه وه‌ک قۆناخێکى راگوزاره ئه‌گه‌رى سێ هه‌رێمه‌که له‌پێشتره ، تا ئه‌و کاته‌ى خودى ئه‌و گه‌لانه خۆیان بڕیار له‌سه‌ر یه‌کێتى ئاره‌زوومه‌ند و دیموکراتیانه ده‌ده‌ن .
له‌دۆخێکى به‌م جۆره‌دا خاڵى گرنگ بۆ ئێمه‌ى گه‌لى کوردستان ، ته‌واوى هێز و لایه‌نه‌سیاسییه‌کان ئه‌وه‌یه به‌ر له‌هه‌موو شتێک کۆتایی بهدۆخى په‌رته‌وازه‌یی خۆمان بێنین . له‌و پێناوه‌دا خۆمان لهئهجێندا ده‌ره‌کییه‌کان دووربخه‌ینه‌وه ، ئیتر گشت هه‌وڵه‌کانمان چڕبکه‌ینه‌وه بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی ـــ نیشتمانى سه‌رتاسه‌رى کوردستان تا له‌و رێگایه‌وه ببینه خاوه‌ن به‌رنامه و ستراتیجییهکى سیاسى هاوبه‌ش .هێزه سه‌ربازییه‌کانمان له‌چوارچێوه‌ى فهرماندارێتیهکى مه‌یدانى هاوبه‌شدا بخه‌ینه خزمه‌تى دۆزى نهتهوایهتییمان و به‌یه‌ک نوێنه‌رایه‌تى له‌ئاستى جیهان و هه‌رێم دیبلۆماسى کوردستان به‌رێوه‌ببرێت و ئاراسته‌بکرێت .
له‌دۆخى ئێستاى باشووریشدا وێراى ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى به‌رگریکردن له‌خاک و گه‌لى کوردستان راستترین هه‌ڵوێسته ، به‌ڵام نابێ له‌بیرمان بچێت که داعش دوژمنێکى سه‌رسه‌ختى گه‌لى کورده ، ئه‌مرۆ چه‌ند ناوچه‌یه‌کى کێشه له‌سه‌ریان داگیرکردووه ، وه‌ک چۆن ئه‌گه‌رێکى به‌هێزه ئه‌و رێکخراوه تیرۆرستییه هێرش بکاته سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کانمان ، له‌هه‌مانکاتدا ئه‌رکى سه‌رشانى هێزى پێشمه‌رگه‌یه ناوچه و ده‌ڤه‌ره داگیرکراوه‌کان ئازاد بکات . چونکه له‌دۆخێکى پێچه‌وانه‌دا بۆ داهاتوو ده‌بێته مه‌ترسییه‌کى گه‌وره .
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر