Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۳ تیر ۷, شنبه

عه‌لی باپیر فشه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات و مام ڕۆسته‌م هه‌ڵسووڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌ڵێت یه‌كێتی كار بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كات!


عه‌لی باپیر فشه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات و مام ڕۆسته‌م هه‌ڵسووڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌ڵێت یه‌كێتی كار بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كات!
 
عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامیی ده‌ڵێت ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ من و به‌رزانی و نه‌وشیروان مسته‌فا و یه‌كێتی دانامه‌زرێت، باشه‌ ئه‌گه‌ر بڕوات وایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ تۆ دانامه‌رزێت و كاری بۆ ناكه‌یت، ئه‌ی چی ده‌كه‌یت له‌ كوردستان و بۆچی خه‌بات ده‌كه‌یت، له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ خه‌بات بكه‌یت كه‌ كوردستانیش وه‌ك ئه‌فغانستان و پاكستان و سووریه‌ لێ بێت و كۆمه‌ڵێك ڕیش درێژ خه‌ڵك بكه‌نه‌ كۆیله‌ی ویست و داخوازییه‌كانی خۆیان. ئیدانه‌ نه‌كردنی كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كانی ڕێكخراوه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ و داعش و ڕێكخراوه‌كانی دیكه‌ی تیرۆرستیی هه‌ر له‌و پێناوه‌دا دێت كه‌ تۆش وه‌ك ئه‌وان له‌ پێوه‌ندی به‌ كورد و كوردستان بیر ده‌كه‌یته‌وه‌ و به‌رنامه‌ی ئێوه‌ و ئه‌وانیش له‌یه‌ك ئاره‌سته‌ی هاوبه‌شدا به‌ره‌و پێش ده‌چێت. نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ پێڕه‌وی ده‌یان ئایینه‌ و كوردستانیش ناوچه‌یه‌كی فره‌ ئایینییه‌ و له‌وه‌ دڵنیابه‌ كه‌ له‌ كوردستان قه‌د ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی پێك نایه‌ت و له‌و هه‌وڵه‌ش ڕێگری ده‌كه‌ین.

ئیتر ئه‌گه‌ر تۆش باوه‌ڕت به‌ ده‌وڵه‌تی كوردی نییه‌، باشتر وایه‌ له‌ شاخه‌كانی ئه‌فغانستان و پاكیستان، یان له‌نێو ڕێكخراوه‌كانی دیكه‌ی تیرۆرستی جێ و شوێنێك بۆ خۆت بدۆزیته‌وه‌. باشه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ كورد درووست نابێ، ئه‌ی ده‌تهه‌وێت داگیركه‌رانی كوردستان درووستی بكه‌ن! تاكوو كه‌ی دژی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردن. بۆ ده‌بێ به‌س كورد پێڕه‌وی پێواژۆی ئۆمه‌تی ئیسلامیی بێت و مافی درووست كردنی ده‌وڵه‌تی خۆی له‌سه‌ر خاك و ئاو و نیشتمانی خۆی نه‌بێت، ئه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی موسوڵمان ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌یه‌. دیاره‌ هه‌ر باوه‌ڕت پێی نییه‌ و حه‌زیش ناكه‌یت ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كوردییه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت به‌دی بێت. به‌ڕێز مه‌سعوو به‌رزانی له‌ كه‌ركووك ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پێویست بكات چه‌ك له‌شان ده‌كه‌م و ده‌بمه‌ پێشمه‌رگه‌، تۆش هه‌ر گوێڕایه‌ڵی ئێران و عه‌ره‌بستان ببه‌. عه‌لی باپیر ده‌یهه‌وێت له‌ بایه‌خی په‌یامه‌كه‌ی به‌ڕێز به‌رزانی كه‌م بكاته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ی به‌ درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی كردبوو.

هه‌ر ئه‌م عه‌لی باپیره‌ پێش به‌ڕێوه‌چوونی خولی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارله‌مانی ئێراق وتی كه‌ پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیی پێیه‌، ده‌یویست خه‌ڵكی كوردستان چه‌واشه‌ بكات و له‌و ڕێگایه‌وه‌ ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێت،  خه‌ڵكی كوردستانی به‌گه‌مژه‌ و كورتبین ئه‌ژمار ده‌كرد و وای ده‌زانی كه‌ به‌و قسانه‌ ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌خۆشیه‌وه‌ خه‌ڵك فریوی قسه‌كانی نه‌خوارد و ده‌نگی به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ به‌ده‌ست نه‌هێنا. ئیستاش ده‌ڵێت ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ من و ئه‌م و ئه‌و پێك نایه‌ت، باشه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی پێك نایه‌ت، تۆ به‌شوێن چییه‌وه‌یت؟ پێناسه‌ی حیزبه‌كه‌ت چییه‌؟ له‌وانه‌ پێك هێنانی ده‌وڵه‌تی گه‌وجستانی باپیرستانی تیرۆرستان بێت. كورد خاوه‌ن ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌تی و پێویسته‌ كه‌ هه‌موومان ڕێز له‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان بگرین و هه‌وڵ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی بده‌ین.

شێخ سه‌عیدی پیران، شێخ عه‌بیدۆڵای نه‌هری، مه‌لا مسته‌فای به‌رزانی و شێخ ئه‌حمه‌دی به‌رزان و شێخ مه‌حموودی نه‌مر و پێشه‌وا قازی مه‌حه‌ممه‌د و ده‌یان كه‌س و كه‌سایه‌تیی دیكه‌ی كوردستانیی هه‌ر هه‌موو موسوڵمان بوون و له‌ پێناو خه‌ونی ده‌وڵه‌تی كوردی گیانی خۆیان فیدا كرد، ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وانه‌ بوون، ئه‌وانه‌ نۆكه‌ری بێگانه‌ نه‌بوون. ئه‌وانه‌ چڵكاوخۆری داگیركه‌ر نه‌بوون. ئه‌وه‌ی وه‌ك عه‌لی باپیر بیر ده‌كاته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ فشه‌ ده‌زانێت و هه‌وڵی سه‌ركرده‌كانی كورد بۆ  درووست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ فشه‌ ئه‌ژمار ده‌كات نۆكه‌ری بێگانه‌یه‌ و خزمه‌ت به‌ بوونی كورد ناكات. نه‌ته‌وه‌كانی موسوڵمان له‌ ڕێگای ئایینی ئیسلامه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌كه‌ن. توركه‌كان له‌ ڕێگای ئایینه‌وه‌ سه‌دان ساڵ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ حوكوومه‌تیان ده‌كرد، عه‌ره‌به‌كان هه‌روه‌ها، فارسه‌كانیش هه‌روه‌ها. باشه‌ كێشه‌ نییه‌ ئیسلامیی بن، به‌ڵام ئیسلامییه‌كی كوردستانیی! چ پێویست ده‌كات كه‌ نۆكه‌ری بێگانه‌ بین و له‌ دژی ده‌وڵه‌تی كوردی بوه‌ستینه‌وه‌. ده‌بێ سنوورێك بۆ سه‌ره‌ڕۆییه‌كان دابنرێت. ئه‌ركی حوكوومه‌تی هه‌رێمه‌ كه‌ ڕێ له‌ پێوه‌ندی ده‌ره‌كیی حیزبه‌كانی كوردستان بگرێت و ته‌نیا حوكوومه‌ت مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ دوونیای ده‌ره‌وه‌دا له‌ پێوه‌ندی گرتندا بێت. له‌ هیچكام له‌ وڵاتانی دوونیا حیزبه‌كان سه‌ره‌ڕۆییانه‌ له‌گه‌ڵ دۆست و دووژمنه‌كانیاندا مافی پێوه‌ندی گرتنیان نییه‌.

یه‌كێتی و ڕووداوه‌كانی نوێی ئێراق و كوردستان؛

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ مام ڕۆسته‌م هه‌ڵسووڕاوی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووكی خۆی، ده‌ڵێت تاكوو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان مابێت كورد به‌رامبه‌ر به‌ دووژمن یه‌كناگرێت. درێژه‌ی پێده‌دات و ده‌ڵێت تا یه‌كێتی هه‌بێت له‌مه‌ زیاتر چاوه‌ڕێ ناكرێت، با یه‌كێتی خۆی ته‌سلیمی ئێران نه‌كردبایه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی كوردستان هاوهه‌ڵوێست بووایه‌، ئێران حه‌دی نه‌بوو ئیستا ته‌داخولی كوردستان بكات، له كۆتاییدا ده‌ڵێت له‌ درێژایی شۆڕش و به‌رخۆدانی كورد سه‌دان ساڵه‌ ده‌بێ كه‌سێك هه‌بێ كه‌ خیانه‌ت له‌ دواڕۆژمان بكات… به‌داخه‌وه‌.  كه‌سێكی وه‌ك مام ڕۆسته‌م كه‌ به‌ یه‌كێ له‌ كادره‌ هه‌ره‌باشه‌كانی یه‌كێتی به‌ ئه‌ژمار ده‌هات و هه‌نووكه‌ له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا درێژه‌ به‌خه‌باتی خۆی ده‌دات، بۆ ده‌بێ به‌و چه‌شنه‌ له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بێته‌ ده‌نگ و هاوار بكات. له‌وانه‌یه‌ مام ڕۆستم ئاگاداری هندێك له‌ كۆندوبه‌نده‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و یه‌كێتی بووبێت، بۆیه‌ هه‌نووكه‌ هاتووه‌ته‌ ده‌نگ.

باشه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران چی بۆ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كردووه‌ كه‌وا نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكاته‌ قوربانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد له‌ باشوور تووشی سه‌رلێشێوان بكات. ئیستاكه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ قازانجی كورده‌ بۆ ده‌بێ پارتێكی وه‌ك یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ له‌پێناو كورددا سه‌دان قوربانی داوه‌ و كۆڵه‌كه‌كانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان له‌ باشوور كه‌ یه‌كێتی ڕوڵی سه‌ره‌كیی تێدا گێڕاوه‌ و له‌سه‌ر گۆمی خوێن بوونیادنراوه‌، بۆ ده‌بێ به‌و چه‌شنه‌ له‌ قازانجی كۆماری ئیسلامیی و داگیركه‌رانی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی سیاسیی كورد بكات!

بۆ ده‌بێ یه‌كێتی ئیزن به‌ میلیشای تنئاژۆی شیعه‌كان بدات كه‌ له‌ كه‌ركووك هێز كۆكه‌نه‌وه‌ و مانوڕی سیاسیی و چه‌كداری بده‌ن و هێزی خۆیان پێشان بده‌ن، بۆ ده‌بێ ڕێ به‌ حوكوومه‌تی ڕۆخاوی مالیكی بدرێت كه‌ چه‌ك و چۆڵ بۆ میلیشا شیعه‌كان بنێرێته‌ كه‌ركووك، باشه‌ شیعه‌كان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان كێشه‌ و ئاژاوه‌ نییه‌ بۆ پارێزگاری له‌ موسڵ و به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ناكه‌ن كه‌ داعش داگیریان ده‌كات، بۆ ده‌بێ بگه‌نه‌ كه‌ركووك. باشه‌ خۆ كه‌ركووك به‌ده‌ست كورده‌وه‌یه‌ و ماڵ و ژیانی هاوڵاتییانی كوردستان و عه‌ره‌ب و توكمه‌ن پارێزراوه‌. هه‌ڵسوكه‌وتی شیعه‌كان له‌ كه‌ركووك جێی گومانن و خۆیه‌كلایی نه‌كردنه‌وه‌ی هندێك هێزی كوردیش به‌هه‌مان چه‌شن.

من هیوادارم كه‌ یه‌كێتی به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و نه‌بێته‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیی. هه‌روه‌ك وتوومه‌ و ئیستاش دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌ر پارتێكی كوردیی یانخود هه‌ر ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مێك له‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران نزیك بێته‌وه‌ به‌چۆكدا دێت و ده‌ڕۆخێت. هه‌نووكه‌ یه‌كێتی له‌ دۆخێكی باشدا نییه‌، ده‌بێ به‌ وریاییه‌وه‌ بجووڵێته‌وه‌. ده‌كرێ هه‌موومان ڕابردوو له‌چاڵ نێین و ده‌رسی سه‌ركه‌وتنی لێوه‌رگرین و ئیزن به‌ دووپات بوونه‌وه‌ی نه‌ده‌ین. هه‌نووكه‌ كورد له‌ دۆخێكدا نییه‌ كه‌ وه‌ك پێش خزمه‌ت به‌ داگیركه‌ر بكات و داگیركه‌ری كوردستان و به‌تاییبه‌ت كۆماری ئیسلامیی ئێران یاری به‌ چاره‌نووسیه‌وه‌ بكات. ئیستا كورد بووه‌ته‌ ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ ناوچه‌كه‌ و كۆماری ئسیلامیی ئێران و سوریه‌ و ده‌ورووبه‌ر ده‌توانن كه‌ڵك له‌ ئه‌زموونی دیموكراسی كوردستان بگرن. كورد ئاماژه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ و ده‌ورووبه‌ر

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر