جیاوازیی ئاشبەتاڵی یەک و دو!
د. هەژار عوسمان مەعروف
لە بەهاری ١٩٧٥ مەلا مستەفای بارزانیی ڕابەری شۆڕشێ ئەیلول (١٩٦١ تا ١٩٧٥) بە بڕیارێکی تاکڕەوانە ئاشبەتاڵی بەو شۆڕشە کرد ئەگەر چی دەیان سەرکردەی سەربازی و سیاسی و حیزبیی تر بێهودە هەوڵیاندا بیهێننە سەر ڕای خۆیان کە دەیانویست درێژە بە شۆڕشەکە بدەن بەڵام بە تاکتیک و شێوازی جیا. لە مانگی یەکی ٢٠١٦ وە بە پێنەدانی موچەی چوار مانگی ٢٠١٥ و بە کەمکردنەوە ی موچە ی فەرمانبەران هەتا ڕادەی سێ بەش لە چوار بەشی موچەکەیان ئیتر نەک هەر بۆ ڕە خنەگرانی جۆراجۆری چەندین ساڵەی حوکمی پارتی و یەکێتی بەڵکو بۆ لایەنگرانی ئەو دو حیزبە خۆیشیان دەرکەوت کە پارتی و یەکێتی شکستێکی مێژوییان هێنا لە حوکمکردن و بەڕێوەبردنی باشوری کوردوستان. ئەم دۆخەی ئێستای گەلەکەمان دەتوانرێ بە ئاشبەتاڵی دوهەم دابنرێ، پشکی پارتی لەم ئاشبەتاڵەدا زۆرترە لە پشکی یەکێتی، جیاوازیەکانی ئەم دو ئاشبەتاڵە: لە یەکەمدا پارتی و سەرۆکەکەی هۆکەی بو، لە دوهەمدا پارتی و یەکێتی هۆکەیەتی. لە یەکەمدا ڕێکەوتنی شای ئێران و سەدام هۆی ڕاستەوخۆ بو، لە دوهەمدا پارتی و یەکێتی هۆی ڕاستەوخۆن . لە یەکەمدا شای ئێران توانی شۆڕشی ئەیلول بکاتە مقاشی دەستی بۆ چۆکپێدانی سەدام، لە دوهەمدا ئۆردوگان لە ڕێی پارتیەوە توانی نەرم نەرم هەرێم داگیربکات و دەستبنێتە بینی خەڵکەکەی و ئاوا برسیی بکات. لە یەکەمدا داخ و ڕقی خەڵک زۆرتر لە داگیرکەرانی کوردوستان (ئێران و عێراق) بو، لە دوهەمدا لە دەسەڵاتدارانی ناو پارتی و یەکێتیە. لە یەکەمدا هەست و شعوری بەزەییهاتنەوە بە کورد لە دەرونی خەڵک زاڵتر بو، دوای سێ مانگ ئەم هەستە گەشەیکرد و بوبە هەستانە وە و ژیانەوە و ڕەفزکردنی ئاشبەتاڵ ، خەڵکی کوردوستان ئامێزی میهرەبان و گەرمی خۆیان بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکێتیی نیشتمانی کوردوستان کردەوە و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی لێکەوتەوە، لە دوهەمدا هەستی نائومێدی و ڕەشبینی و ئیفلیجی بەسەر بەشێکی زۆری خەڵکدا زاڵە، بەسەر بەشێکی تریشدا هەستی توڕەیی و ڕق و تۆڵەسەندن لە پارتی و یەکێتی زاڵە. لە ئەنجامی یەکەمدا چۆڵپێکردن و وێرانکردنی پتر لە ٥٠٠٠ گوندی کوردستان و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی لێکەوتەوە، لەوەی دوهەم برسێتی و بێکاری و کۆچ و ئیفلیجیی پرۆژەکانی ئاوادانکردنەوە ی لێکەوتەوە. لە بەر ئەم سێ جیاوازیەی خوارەوە من هێشتا تەواو نائومێد نەبوم: لەوەی یەکەم حوکمی کوردوستان لە دەست کوردا نەبو، کورد تەنها مابۆوە، لەوەی دوهەم هێشتا لەدەست خۆماندایە و وڵاتەکەمان ئاوەدانە، لەوەی یەکەم دۆخی کوردی بەشەکانی تر لە ئێمە خراپتر بو، لە دوهەم کوردانی هەر سێ پارچەکە لە گەرمەی خەباتی جۆراوجۆردان و پشتگیریمان لێدەکەن. لە یەکەمدا کورد هاوپەیمانی دەرەکیی نەبو، بەڵام لە دوهەمدا هاوپەیمانیەکی بەهێزی هەیە لە شەڕی دژی داعش. لە یەکەمدا کورد خاوەنی نەوتی خۆی نەبو، لە دوهەم کورد بە سەربەخۆیی لە عێراق نەوتی خۆی دەردەهێنێ .ئومێدەکەم ئەوەیە یەکێتی دەتوانێ بە گێڕانەوەی ئەو پارانەی لایانە پارتیش ناچار بکات بە گێڕانەوەی پارەکانیان ، یەکێتی دەتوانێ زەخت لە پارتی بکا لە ڕێکەوتنە ناهاوتاکانی لەگەڵ تورکیا پەشیمان بێتەوە ، یەکێتی دەتوانێ واز لەم دودڵی و ڕاڕاییە بێنێ و لەگەڵ گۆڕان ڕێکەوتنی سیاسی بکات بۆ چاکسازیی بنەڕەتی لە سیستمی حوکم. یەكێتی ئەگەر ئەمانە بکات، خۆیشی لە پارچە پارچە بون ڕزگار دەکات. یەکێتی بۆ ئەمانە ناکات؟ کوان هێزە زیندو و بە ویژدانەکانی ناو یەکێتی؟
د. هەژار عوسمان مەعروف
جیاوازیی ئاشبەتاڵی یەک و دو!
د. هەژار عوسمان مەعروف
جیاوازیی ئاشبەتاڵی یەک و دو!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر