Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ دی ۸, یکشنبه

وتووێژی مانگنامەی سەربەستی لەگەڵ بەڕێز عیرفان ڕەهنموون نووسەر، چالاک و شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حدکا لەپێوەندی بەکۆمەڵێک پرسی سیاسیی و گرینگی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکەو دۆخی کورد بەتاییبەتی!


وتووێژی مانگنامەی سەربەستی لەگەڵ بەڕێز عیرفان ڕەهنموون نووسەر، چالاک و شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەندامی پێشووی 
کومیتەی ناوەندی حدکا لەپێوەندی بەکۆمەڵێک پرسی سیاسیی و گرینگی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکەو دۆخی کورد بەتاییبەتی!

وێنه

سەربەستی: لاوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم دۆخ و قۆناغە دژوارەدا کە تێپەڕی دەکات، هەروەها لەتمە لێکەوتن لە ئابووری و دابەزینی ئاستی جەماوری و دەرکەوتنی ڕووخساری سیاسیی و دژە مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و شکستهێنانی بەشێک لە پڕۆژەو پلانەکانی ڕژیم لە ناوچەکەو پاشەکشێ کردن لە بەرامبەر ڕۆژئاوا لە پێوەندی بەهندێک پرسی ناوچەیی و جیهانی کە کاریگەری لەسەر ئاشتی لە ناوچەکەو تەنانەت لە جیهانیش دادەنێت، لە کۆتاییدا دەرفەت دان بەڕژیم بۆ خۆساز کردنەوەو نوێبوونەوەی جمگەکانی کە ماوەیەک دەبوو تووشی قەیرانی سیاسیی و بنەڕەتی ببوون و ئاراستەکردنەکە لەژیر تەوژم و کاریگەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەچوو.
لە چاوێلکەی کوردستانیشەوە کزبوونی بیرو هزری نەتەوەیی لەژێر کاریگەری ئیستراتیژی پڕ لە هەڵەی سیاسیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بێ بەرنامەیی و بێ پلانی لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکان و نشتەجێبوونیان لە باشووری کوردستان و دابەزینی ئاستی جەماوەرییان و نەبوونی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و کاریگەر کە بزاڤی نەتەوەیی یەک گوتارو یەک هەڵوێست بکات، هەروەها لەتبوون و پەرتەوازە بوونی لایەنە ئاماژە پێکراوەکان و دوور کەوتنەوە لە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و داماڵیین لە هزرە بنەماییەکانی پێکهاتنی ئەو ڕێکخراوانە و ئاراستەبوون بە لایەکی دیکە کە لە بەرژەوەندی گەلی ڕۆژهەڵات نەشکێتەوەو پێچەوانە درێژ کردنەوەی کێشە سیاسیی - نەتەوەییەکان و سڕکردنی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمانی لێبکەوێتەوە و هاوکات چۆڵنەکردنی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەبێ کاریگەر دانانی لایەنەکانی دیکەو سەپاندنی سیاسەتی ڕاگەیاندنی لاوازو دوور لەهەر چەشنە لە بەرچاو گرتنێکی بنەمای نەتەوەیی بوون و بەگرینگ پێناسە نەکردنی ئەو بیرۆکە نەتەوەییانە کە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری دەکات و ئاراستەکە بەلای کوردستانی بووندا دەگەڕێنتەوەو بەربژێر نەکردنی بیرۆکەی بەپێس و ڕوانگە گشتییەکانی ڕێکخەری بزاڤی نەتەوەیی و پێشخستنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هۆشیار نەکردنەوەی ئەو کۆمەڵگایە لەئاست مافەکانی، لە کۆتاییدا هەڵنەبژاردنی پڕۆژەی نەتەوەیی و شۆناسی کوردبوون و گێڕانەوەی پێناسەی نیشتیمانی بەخەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان و دوور نەکەوتنەوە لە هزری ئێرانیبوون.
هاوکات زاڵبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و میلیتاریزە کردنی ئەو کۆمەڵگایە و لەدار دان و بەندکردنی ڕۆڵەکانی کورد لە بەندیخانەکان و بێ هیوا بوونی خەڵکی ڕۆژهەڵات و بیر کردنەوە لەوەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری لەناو جمگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەو پرس و بابەتانە دەبن کە لەگەڵ بەڕێز عیرفان ڕەهنموون، نووسەر، چالاک و شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تاوتوێی دەکەین و ڕوانگەکانی بەڕێزیان لەو پێوەندییانەدا دەخەینە بەرباس و دەورووژێنین.
وێنه
سەربەستی: عیرفان ڕەهنموون لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٣ی زایینی شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە شارەکانی سنەو مەریوان تەواو کردووە. دواتر لە زانکۆی ئەسفەهان درێژەی بەخوێندنی بنەما فەلسەفییەکانی ڕۆژئاوایی داوەو تا ئاستی ماستەر خوێندووێتی.

ناوبراو ئەندامی ئەنجوومەنی ئەدەبی شاری مەریوان بووەو نزیک بە بیست ساڵە کە ژیانی تێکەڵی کارو چالاکی سیاسیی بووە. هەروەها ئەندامی دەستەی دامەزراندن و بەڕێوەبەری ناوەندی زانستی ـ فەرهەنگی ڕۆنان لە شاری مەریوان بووە، شیاوی ئاماژەیە کە ئەو ناوەندە ساڵی ١٩٩٩ی زایینی دامەزراوەو تاکوو ئیستاش چالاکە.
هاوکات ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری فارۆس ـ زاگرۆس لە زانکۆی ئەسفەهان بووەو لەگەڵ زۆربەی گۆڤارەکانی خوێندکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زانکۆکانی ئێران هاوکاری کردووەو بڵاو کراوەکانی تێدا بڵاو کردووەنەتەوە.
دواتر بەهۆی کاری سیاسیی تووشی کێشە دەبێت و هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ دەهڵێت و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات و لەناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا دەگیرسێتەوە. لەو ساڵانەدا کە ئەندامی حیزبی دیموکرات بووە، چەند بەرپرسیارێتییەکی لەو حیزبەدا بەئەستۆ بووە؛ لەوانە سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستان، ئەندامی دەستەی دامەزراندنی یەکێتی خوێندکارانی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی حدک ئێران بووە، ئیستاش لە دەرەوەی وڵات ژیان دەکات.
***
  • بە گشتی بارودۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن هەڵدەسێنگێنی؟
وڵام؛ ڕژیمی ئیسلامی ئێران وەک ڕوون و ئاشکرایە، ڕژیمێکە کە بەزبرو زەنگ و لە ڕێگای ئاگر و ئاسنەوە خۆی بەسەر دانیشتوانی ئێراندا سەپاندووە. لە ئاستی نێوخۆییدا؛ قەیرانی ئابووری, نەمانی ڕەوایی سیاسیی و مەزهەبی، نەبوونی ئازادییە سەرەتاییە مرۆییەکان، سیاسەتی سەرکووت و توندووتیژی دژی نەتەوە بندەستەکان، چەوسانەوەی کرێکاران، پێڕەو کردنی سیاسەتی چاخەکانی ناوەڕاست دژبە ژنان و... هتد. ئەمانە کۆمەڵە گرفتێکن کە بەربینگیان بە ڕژیمی ئاخووندیی تاران گرتووە و ئاستەمە کە ئەو گەنگەشە و قەیرانانە، بەبوونی ڕژیمێکی کۆنەپەرەست چارەسەر بکرێن، لەبەر ئەوە پێم وایە ئەو سیستمە ناتوانێ وڵامدەر بێت و بەپێی یاسای دیالکتیک بەرەو هەڵدێری نەمان بەڕێوەیە. لە ئاستی ناوچەیی دا؛ ڕژیمی ئێران توانیوێتی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستانەی خۆی پەرە پێ بدات و خۆی خزاندووەتە پاکیستان، ئەفغانستان، عێراق، لووبنان، سووریە، فەلەستین، سوودان، ئەرمەنستان، یونان و تەنانەت ڕووسیەش، هەرچەند لە ئاستی نێوخۆییدا سەرکەوتنی جێگای سەرنجی بەدەست هێناوە و وەک هێزێکی ناوچەیی گرینگ لە هاوکێشە سیاسییەکاندا خۆی سەپاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو ئەو ناوچەیەدا بەڕژیمێکی ئاژاوەگێڕ و دەستێوەردەر ناسراوە و هەموو وڵاتانی عەرەبی جگە لە ڕژیمی شیعەی عێراق و سووریە، ڕژیمی ئێران بە مەترسییەکی ژئۆ-ئیستراتیژیک دەزانن. هەروەها ڕژیمی توورکییەش لە بەرامبەر ئێراندا هەست بەمەترسی دەکات و زۆرتر خۆی لەگەڵ سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی هاوئاهنگ دەکات و ئیسرائیلیش ڕژیمی ئێران بە مەترسییەکی گەورە دەبینێ بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری ئیسرائیل. لە ئاستی نێونەتەوەیی دا؛ ڕژیمی ئێران بە ڕژیمێکی ئاژاوەگێڕ و مەترسی بۆ سەر تەناهی نێونەتەوەیی دەژمێردرێت، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە ڕووسیە و چین پشتیوانی بێ ئەملا و ئەولای ئیستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.
  • تا چەند پێتوایە کە حەسەن ڕۆحانی دەتوانێ کێشەو گرفتە پێشهاتووەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەر بکات؟ و ئایا لە ئاکامدا سەرکەوتوو دەبێت لەو هەوڵانەی کە دەستیپێکردووە؟
وڵام؛ پێم وایە ڕووحانی باشترین بژاردەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و ئامانج لە هێنانی ڕووحانی بە ڕای من کۆی سیستمی ڕژیمی ئێران کۆک بوون لەسەر هێنانە سەرکاری، ئەوەیە کە لە ئاستی نێوخۆییدا نەختێ لەبەر بێزاریی پەنگخواردوویی خەڵکی وەزاڵە هاتووی وڵاتی ئێران کەم بکاتەوە و بتوانێ دەلاقەیەکی دڵنیایی بخاتە سەر پشت بۆ ئەوەی ئەو بێزارییە تێکچرژاوە نەتەقێتەوە. لە ئاستی نێونەتەوەییشدا بەو ئامانجە هێنایان کە گوشارە نێونەتەوەییەکان لەسەر ڕژیم کەم بکاتەوە و گەمارۆ ئابوورییەکان هەڵوەشینێتەوە. چونکە گەڵاڵە داڕێژەرانی سیاسیی ڕژیمی تاران بەو ڕایە گەییشتوون کە ئەگەر ڕژیم هەروەها درێژە بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی بدا، ئەگەری هێرشێکی کوتوپڕ و گورچکبڕ لەلایەن ئیسرائیل و ناتۆوە دێتە ئارا، هەرچەند ڕەنگە ڕووحانی لە کورتخایەندا ڕزگاریدەری ڕژیمی تاران بێت، بەڵام لە درێژخایەندا ڕژیم ناتوانێ لە بەرامبەر زەریای ویست و داوە ڕەواکانی خەڵکی ئێراندا بەپێوە ڕاوەستێ، دێر یان زوو مەحکووم بە لەناو چوونە.
  • لەئاکامی شکست یان خود سەرکەوتنی وتووێژەکانی نێوان پێنج کۆ یەک، پێوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران بەرەو کوێ دەڕوات؟ و هەڵوێستی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چی دەبێت؟
وڵام؛ ئەگەر وتووێژەکانی ڕژیمی تاران و پێنج کۆ یەک بگاتە بنبەست، بەدڵنیاییەوە ئێران ناتوانێ تەنانەت یەک بەرمیل نەوت هەناردە بکات و دەرەنجامەکانی ئیزوولە بوونی تەواوی ئێرانە و ئەگەری گورزێکی گورچکبڕی سەربازی لە ناوەندە نیزامی و ئەتۆمییەکانی ئێران بە شێوەیەکی پەراکتیکی دێتە گۆڕێ، کێشەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی سوننە تەنیا لە پرسی ناوەکی ڕژیمی تاراندا قەتیس نابێتەوە، بەڵکوو کێشەی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئێران دا، دەگەڕێتەوە بۆ هێژموونیخوازی ئەو ڕژیمە لە ناوچەی هەستیار و ئیستراتیژیکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. لەبەر ئەوە تەنانەت ئەگەر وتووێژە ناوەکییەکانی ئێران و وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاواش بە ئاکامی دڵخوازی هەردوو لاش بگات، ناکۆکییە قووڵەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە جێگای خۆی دەمێنێتەوە و تەنانەت زێدەتریش دەبێت.
  • لە ئاکامی ڕەواندنەوەی ئابلۆقە ئابوورییەکانی سەر ڕژیم و چارەسەرکردنی کێشە ئەتۆمییەکە، بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ چی بەسەر دێت و ڕوانگەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەو پێوەندییەدا چۆن دەبیت؟
وڵام؛ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی چارەسەر کردنی کێشەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دا، لەسەرەوەی داخوازییەکانیانە و مافی مرۆڤ بۆ سیاسەتڤانە ڕۆژئاواییەکان، تەنیا ئامرازێکە و کەڵکی تاکتیکی لێوەر دەگرن، بەڵام سرووشتییە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگ نەبن لە ئاست پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دا، بەڵام ئەو ڕێکخراوانە ناتوانن ئەوەندە کاریگەری بن کە ڕژیمی تاران ناچار بکەن ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، تەنیا دەتوانن لەقاودەری پێشێلکارییەکان بن.
  • ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێت لە بەرامبەر ئیستراتیژی ئەمریکا و تورکیەو هندێک هێزی بچوکیتری ناوچەکە و تەنانەت هەلوێستی سوونیگەرایی حوکوومەتی ئیسلامی تورکییە و عەرەبستان، پشتێنەیەکی شیعەگەری لە عێراق و سووریەو هندێک ناوچەو وڵاتی دیکە ساز بکات، تا چەند بە سەرکەوتوو جێگرتوو دەزانی و چۆن دەیبینیت؟ و لایەنی بەرامبەر چۆن لە گەڵی هەڵسووکەوت دەکات و دژکردەوەی چی دەبێت؟
وڵام؛ ڕژیمی ئیسلامی ئێران ٣٣ ساڵە کە کار لەسەر ئیستراتیژی هیلالی شیعە دەکات و دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە. ڕژیمی تاران پەلی کێشاوەتە نێو شیعەکانی ئەفغانستان، عێراق، سووریە و لوبنان و توانیوێتی قووڵایەکی ئیستراتیژیک بۆ خۆی درووست بکات و بەشێوەیەک ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی سوننە گمارۆ بدات. لە بەرامبەر ئەم ڕادیکالیزمی شیعەگەریش توورکییە و قەتەر و ئوردوون و عەرەبستانی سعوودیش پەرە بە ڕادیکالیزمی سوننەگەریی دەدەن و لە کردەوەدا دوو بەرەی ڕادیکاڵی شیعە و سوننە هاتووەتە ئاراوە و لە جەنگی سوورییەدا بە زەقی خۆی نیشان دەدات. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوە کە توورکییە و ڵاتانی عەرەبی سوننە ئیدی ڕێگا نەدەن کە ڕژیمی ئێران لەوە زیاتر پەرە بە زێدەخوازییە ئیستراتیژییەکانی بدات و لە داهاتووێکی نە زۆر دوور دا، ڕژیمی ئێران زەمینگیر دەکات و ئیسرائیلیش لە ژێرەوە یارمەتی هێڵی سوننە دەدات. بەڵام ئیستراتیژی ئیسرائیل ئەوەیە کە شیعە و سونی دەرگیر ببن و لەناو بردنی ئیسرائیل مانایەکی ئەوتۆی نەمێنێ. چونکە ئیسرائیل ڕادیکالیزمی شیعە و سوننە بەمەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێ، بەڵام لە جەنگی ئەو دوو بەرەیەدا ئیسرائیل قازانج دەکات. هەروەها وڵاتانی عەرەبی سوننە، بەتاییبەت عەرەبستان، پێی وایە کە مەترسی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی- ئیسلامی زۆر زیاتر لە مەترسی ئیسرائیلە.
  • هەر وەک ئاگادارن کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو زۆر کەس و لایەن و تەنانەت چەند پارتێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوکات نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بوون، بەهیوای ئەوە کە ئاڵوگۆڕێک لەناو ئەو سیستمەدا پێک بێت، پەیامی تاییبەتیان لەو پێوەندییەدا بڵاو کردووەتەوە و پشتیوانیان لە بەشێک لە کەسایەتیی و باڵەکانی ناو ڕژیم کردووەو پشتیوانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش لە ئێران کرد، بەلە بەرچاو گرتنی ئەوە کە ئەو ڕژیمە، دەسەڵاتدارێتییەکی توتالیتەرو دۆگما و داخراوەو بنەماکانی لەسەر پێوەرە ئیدۆلۆژییەکان دامەزراوە. تا چەند پێتوایە لە ئەگەری کاریگەر بوونی کێشە سیاسیی و نێوخۆییەکانی نێوان باڵەکانی ڕژیم و لاواز بوونی سیستمی دەسەڵاتدارێتی وەلایەتی فەقی، کرانەوەیی سیاسیی ڕوو بدات؟ و دۆخی مافەکانی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بکەوێتە ڕۆژەڤەوەو هەنگاوی بۆ هەڵنێنەوە؟ یان خود دەکرێ لە سیستمی وەلایەتی فەقیدا ئاڵوگۆڕ پێک بێت؟
وڵام؛ ڕژیمی تاران، ڕژیمێکی ڕێفۆرم هەڵنەگرە و تاسەر ئێسقان پاوانخوازە و هێژموونیخوازە، ڕەنگە ڕژیم لە هندێ بڕگەی مێژوویی دا، لە بەرامبەر ناڕەزایەتیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران دا، ناچار بە پاشەکشەیی کورتخایەن و تاکتیکی ببێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی سرووشت و ماهییەتی ئەو ڕژیمە ناتەبایە لەگەڵ ڕێفۆرم و کرانەوەی سیاسیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەرجەم پێوەر و پارامیترە دیموکراتیکەکانی سەردەم. ئەوەی کە بۆ پرسی کورد دەگەڕێتەوە، کرانەوەی سیاسیی لە ئێران لە جەوهەردا، هیچ پێوەندییەکی بە کوردستانەوە نییە. چونکە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە و تەنیا لە ڕێڕەوی خەباتێکی سیاسیی، کولتووری بەمەبەستی ڕزگاری نشتیمانییەوە دەکرێ ئازاد بکرێت. ڕزگاری و ئازادیی نەتەوەی کورد تەنیا خۆی لە دامەزرانی دوڵەتێکی نیشتیمانی- دیموکراتیکی سەربەخۆدا دەبینێتەوە و خودموختاری و فیدرالیزم ناتوانن ڕێگەچارەی هەمە لایەنی پرسی نەتەوایەوتیی گەلی کوردستان بن.
***
  • گەشەی بیرو هزری نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینی؟
وڵام؛ پێم وایە بیرو هزری نەتەوایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، لە حاڵی پەرەسەندن دایە و ڕەوتەکە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێ کە پرسی سەربەخۆیی ببێتە پارادایمی زاڵ، کۆمەڵگای کوردستان ڕێگەچارەی خودموختاری بەتەواوەتی وەلا ناوە و ڕەخنەی زۆر قووڵ و جیدی لە ڕێگەچارەی فیدرالیزم هەیە و پێم وایە بزاڤی میللی-دیموکراتیکی کوردستان بێ شەرم کردن و خۆ بەکەم زانین، درووشمی سەربەخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز بکاتەوە و لێبڕاوانە کاری بەردەوام و جیدی لەسەر هەردوو لایەنی تیۆری و پراکتیکی ڕێگاچارەی سەربەخۆیی بکات.
  • کاریگەر بوونی بیرۆکەی ئێرانی لەسەر شۆناسی نەتەوەیی کورد لە چی ئاستێکدا دەبینی و کاریگەری نەرێنی حیزبی کوردی لەو پێوەندییەدا چۆن پێناسە دەکەیت؟
وڵام؛ ئێران و ئێرانی بەو مانایەی کە شۆڤینیزمی پان ئێرانیست و پان فارسیزم باسی لێوە دەکات نە ژێرخانی تیۆریکی هەیە و نە مێژوویی و تەنیا دەمامکێکە کە شۆڤینیزمی فارس خۆی لەژێر دا حەشار داوە. بەداخەوە حیزبە کوردییەکان زۆرکات بەشەرمەوە لە شۆناسی نەتەوایەتیی خۆیان دەدوێن و مرۆڤ هەست بەوە دەکات، بەداخەوە هەندێ لەو سیاسەتڤانانە لە بەرامبەر گەلی باڵا دەستی فارس دا، هەست بەخۆ بەکەم زانین دەکەن بۆ ئەوەی فارسە ڕەگەزپەرەستەکان خۆشحاڵ بکەن دەڵێن کەس لە کورد ئێرانیتر نییە لە کاتێک دا، کورد وەک نەتەوە تەنیا و تەنیا کوردستانییە و هیچیتر، هەروەک فارسیش تەنیا خەڵکی فارسستانە، وشەی ئێرانی بۆ یەکەم جار لە کتێبی ئەڤێستا دا، بە ”ئێران ڤیچ” ناو براوە کە تەنانەت چیای ئەلبۆرزی نزیک تارانیش ناگرێتەوە و نێوی ناوچەیەکی جوگرافیایی بەرتەسکە لە ئێرانی ئیستا دا.
  • تا چەند پێت وایە کە کاتی ئەوە گەییشتووە کە حیزبە کەلاسیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیان بە ئاڵوگۆڕێکی قوڵی نەتەوەیی و بنەڕەتی هەیە کە لە ناو بەرنامە و پلانە ئیستراتیژییەکانیان بەدی بهێنن و جێگیری بکەن؟
وڵام؛ بەڵێ پێم وایە کە حیزبەکانی کوردستان پێویستە ڕێگاچارەی فیدرالیزم وەلا بنێن، چونکە فیدرالیزمی نەتەوەیی-جوگرافیی کێشەی تیۆری هەیە و زۆر ئاستەمە لە ئێران پیادە بکرێ و تەنانەت ئەگەریش پیادە بکرێ، ناتوانێ کێشەی گەلانی بندەست چارەسەر بکات. لەبەر ئەوە پێویستە بزاڤی نەتەوایەتیی ئاڵوگۆڕێکی قووڵ بەسەر تیۆری و پەراکتیکی خۆیدا بهێنێت. چونکو ئەو خوێندنەوەیەی ئیستای سەرجەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناتەبایە لەگەڵ هاوکێشە سیاسییە نێونەتەوەیی، ناوچەیی و تەنانەت نێوخۆییەکانیش دا. بزاڤێکی ئازادیبەخش تا خوێندنەوەیەکی قووڵ و زانستی لەسەر دۆخی هەنووکەیی نەبێت ناتوانێ ستراتیژییەک هەڵ گرێ کە بتوانێت کاریگەری لەسەر دۆخی هەنووکەیی دابنێت و بتوانێت وەرچەرخانێکی مەزن و مێژوویی درووست بکات. ڕزگاری و ئازادی کوردستان پرسێکی مێژوویی، ئالۆزە، پێویستی بە هەژانێکی مەزنی هزری و کردەکی هەیە. هەر بۆیە خوێندنەوەی سەرپێی و کرداری نیوەناچڵ ناتوانێ وەرچەرخانی گەورە و مێژوویی بێنێتە ئاراوە.
  • هەر وەک ئاگاداریت کۆمەڵەکان بوونەتە شەش بەش و دیموکراتەکانیش بەزیندوو بوونەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ، بوونەتە سێ بەش. ئەگەر دەکرێ هۆکاری سیاسیی و ڕێکخراوەیی، پەرتەوازەبوون و لێک دابڕانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتاییبەتی کۆمەڵە و دیموکراتەکان باس بکەیت؟
وڵام؛ ئەو پرش و بڵاوی و جودابوونەوانەی کە لە حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەدا هاتوونەتە ئاراوە خاڵییە لە هەرچەشنە بنەمایەکی تیۆری و ئیدۆلۆژیک و لە ڕاستیدا شەڕی دەسەڵاتێکە کە بوونی نییە. هۆکاری سەرکەی ئەو پرش و بڵاوییە ڕاست دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی ناڕاستی هاوکێشە سیاسییە نێونەتەوەیی و ناوچەیی و نێوخۆییەکان و نەبوونی پلانی شۆڕشگێڕانە و کەمپنشینی و خولانەوە لە بازنەیەکی بۆژ دا.
  • ڕۆڵی ڕاگەیاندنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتاییبەت تێڤێ چۆن دەبینی؟ ئایا پێت وایە کە وڵامدەری بیرو هزری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات بووبێت؟ یان خود کێشە بنەڕەتی و بنەماییەکانی ئەو بەشەی کوردستان بخاتە ڕۆژەڤەوە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت؟
وڵام؛ پێم وایە ڕاگەیاندنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە وڵامدەری پرسی ئاڵۆزی کورد بێت و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەدی بێنێت. بزاڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبنەڕەتدا بەدەست بێ بەرنامەییەوە دەناڵێنێت و ئەم بێ بەرنامەیی و بەرچاوتەنگی هەڕەمەکی کار کردنە بەهەموو بەشەکانی بزاڤی کوردەوە دیارە و لە بەشی ڕاگەیاندنیشدا زۆر زەق و بەرچاوە. ئەو بێ بەرنامەییەش بووەتە هۆی ئەوەکە ڕۆژ بەڕۆژ لە بینەران و خوێنەرانی ئەو ڕاگەیەنە حیزبیانە کەم بکاتەوە، ڕاگەیاندن ئامرازێکی گرینگ و هەستیار و ئاڵۆزە و بە مرۆڤی نەخوێندەوار و کەم خوێندەوار هەڵ ناسووڕێت.
  • لایەنە ئێرانییەکان یان خود کەسایەتییەکانیان تاکوو ئیستا بۆ جارێکیش هەڵوێستێکی مرۆڤانەیان لەمەڕ لەدار دان و بەندکردنی چالاکانی سیاسیی کورد نەنوواندووەو بگرە زۆرجاریش ئەو کەسایەتییە ئێرانیانە بێڕێزیان بە تێکۆشەرانی کورد لە بەندیخانەکان کردووە، ئەو بێڕێزییانەیان لە ماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە ڕاشکاوانە بڵاو کردووەتەوەو دژایەتییان لەگەڵ مافەکانی کورد بەڕوونی دەربڕیوەو لەهندێک تەلەفیزیۆنی ئیرانیشەوە ئەو شێوە بێرێزی کردنە پەرەی گرتووە. لە بەرامبەردا بەرپرسی یەکەمی حیزبەکانی کۆمەڵە و دیموکرات یان خود ئەندامانی ڕێبەرایەتییان لە کۆڕو کۆبوونەوە ئێرانییەکان لەژێر ئاڵای شیروخۆرشید و لەبن پەنای سروودی ئێرانی هەڵدەستنە سەرپێ و پتر نووقمی ئێرانیبوون دەبن. تەنانەت ئەوەندە لە لایەنە ئێرانییەکان نزیکن ئەوەندە لە لایەنە نەتەوەییەکان نزیک نین و پێوەندیان پێکەوە نییە. ئەو شێوە پێوەندیی و تێکەڵ بوونانە چۆن دەبینیت؟ ئایا لەگەڵ داخوازی نەتەوەیی و مافە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی کورددا دەگونجێن؟ پێوەندی نزیکی نێوان کۆمەڵەو دیموکراتەکان لە گەڵ پان ئێرانییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی بەناو لیبڕاڵ و ئازادیخوازی ئێرانی چۆن دەبینی؟ تا چەند ئیستراتیژی سیاسیی ئەو پارتانە کەوتووەتە ژێر کاریگەری تەوژمی سیاسیی ئێرانی بوون؟
وڵام؛ بەپێی زانیاری و بۆچوونی من ئۆپۆزیسینۆنی ئێرانی جگە لە ڕێکخراوی مووجاهدینی خەڵکی ئێران، لە کردەوەدا بوونی نییە و ئەو بەناو پارت و ڕێکخراوە چەپ و ڕاست و شۆڤینییانە هیچ نین جگە لە پاشماوەی حیزبەکانی پێشووی ئێران کە دوای پەرت و بڵاوی و لەت و پەت بوونە و زۆرتر لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی گیرساونەتەوە و پتر لە قاوەخانە دەچن تاکوو حیزنی سیاسیی. ئەو ڕێکخراوانە نە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا حیسابیان بۆ دەکرێ و نە هێزە ناوچەییەکان دانیان پێدا دەنێن و نە لە نێوخۆی ئێراندا ئەندامێکی ئەوتۆ و کارو چالاکی دەرهەستیان هەیە. بۆیە دیالۆگ لەگەڵ ئەوانە هەم کات بەفیڕۆ دانە و هەم لە پرستیژی بزاڤی ڕزگاریی کوردستان کەم دەکاتەوە.
  • لە ئەگەری گرتنی کونگرەی نەتەوەیی کورد پێگەی هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بەلە بەرچاو گرتنی ئەو گرژی و ئالۆزی و لێک دابڕانانە چۆن دەبینیت؟ یان گرتنی ئەو کونگرە تا چەند پێوەندی بە کێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە یان خود کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەپێوەندی بەڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت؟
وڵام؛ کونگرەی نەتەوەیی کە وا بڕیار بوو لە هەولێر بگیرێ. کونگرەیەکی سیمبولیکە و لە کردەوەدا ناتوانێ هیچ شوێنەوارێکی سیاسیی ئەوتۆ بەجێ بهێڵێت. وەک لە کونفرانسی ئامادەکاریی ئەو کونگرەیەدا دەرکەوت سەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان، سەنگیینی دەکات. پێگەی ئەو کونگرەیە هاوتا نییە لەگەڵ خەباتی دوور و درێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوتا نییە لەگەڵ ئەو دەستکەوتنە مێژووییانەی کە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژووی نەتەوەی کورددا بەدیاری هێناوین. بەڵام بەسرنجدان بە لاوازی و پرش و بڵاوی و کەمپنشینی و ئۆردووگانشینی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێم وایە بەشی زۆریان بەرکەوتووە. بەڵام بەبڕوای من کونگرەیەک ئەگەری کونگرەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بێت نابێ ببێتە مەیدانی کێشمەکێش بۆ بەشی زیاتر و ئەندامی زیاتر لە کونگرە دا، بەڵکوو دەبێت لە کەش و هەوایەکی ئاشتیانە و هاوخەباتیانە و هاوڕێیانەدا بەڕێوە بچێ و بتوانێ پەیامێک بە داگیرکەرانی کوردستان بدات، کە کورد نەتەوەیەکی دابەشکراوە، بەڵام ئەم کونگرەیە هەموو کوردی یەک خستووەتەوە بۆ هاوخەباتی و پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی.
  • ئایا گرتنی بەرەی کوردستانی لەڕۆژهەڵات لەم هەلومەرجەدا بە مسۆگەر دەزانیت؟
وڵام؛ کاتێ دەتوانین باس لە بەرەی کوردستانیی بکەین، کە حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات لە مەیدانی ڕاستەقینەی خەبات، واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن، بە ئەورووپا و باشووری کوردستان و کەمپ و ئوردووگا، بەرەی کوردستانی دانامەزرێت و ئەگەریش دابمەزرێت بەتەواوی خاڵی لە نیۆڕۆک دەبێت.
  • ڕێکەوتنی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا تا چەند هیوای پارتە کەلاسیکەکانی ڕۆژهەڵات دەخاتە بنە ئاو؟
وڵام؛ پێم وایە دەستەواژەی حیزبی کەلاسیک دەستە واژەیەکی هەڵەیە کە لە میدیای کوردیدا بەکار دەهێنرێت، چونکە حیزب خۆی لە خۆیدا دیاردەیەکی موودێڕنە و لەگەڵ گەشەی سەرمایەداری و هاتنە ئارای چینی بورژوازی دا، هاتووەتە کایەوە، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ بەشی دووەمی پرسیارەکەت دا، پێم وایە کە هەموو ئەو حیزب و لایەنانەی کە پشتیان بە گورزی سەربازی ڕۆژئاوا لە ئێران بەستووە بەهاتنە سەرکاری ڕووحانی و ئەگەری بەئاکام گەییشتنی وتووێژەکانی ئێران و ڕۆژئاوا، نائومێد دەبن، بەڵام من پێم باشە ئەو کەسانە نائۆمێد و هیوابڕاو ببن، چونکە تا مرۆڤ هیوابڕاو نەبێت ناتوانێ بە قووڵی بیر بکاتەوە و گەڵاڵەی ورد دابڕێژێ. ئەگەر ئەو نائۆمێدیە ببێتە هۆی بیرکردنەوەی قووڵ و بەخۆداچوونەوە، پێم وایە نائۆمێدییەکی ئەرێنییە.
  • تا چەند پێت ڕەوایە کە پارتە فیدراڵی خوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزو ئینرژی کورد بۆ هەموو ئێران تەرخان بکەن؟ و کوردستان بەبەشێکی بچوک لەو ئیستراتیژییە سیاسییە پێناسە بکەن کەبۆ ئەو وڵاتە لە پێشیان گرتووە، لە کاتێکدا لەناو ئێرانییەکاندا تەنانەت یەک ئەندامیان نییە. هەر وەک لە پرسیاری پێشووتردا ئاماژەی پێکرا کە ئێرانییەکان کورد وەک نەتەوە چاو لێناکەن، بۆ نمونە نەک هەر فارسەکان بەڵکوو ئازەرییەکانیش هەمان ڕوانگەیان لە پێوەندی بە کوردەوە هەیە.
وڵام؛ من وەک خۆم پێم وایە دامەزرانی فیدرالیزم لە ئێراندا ئاستەمە، چونکە دەبێ لە پێشدا کۆمای ئیسلامی هەڵوەشێتەوە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بڕۆخێت لە گەڵیشیدا ئێران دەڕۆخێت. واتە گەلانی بندەستی جوگرافیای ئیستای ئێران ئامادە نابن بچنە ژێر باری هێژموونی شۆڤینیزمی فارسەوە و دوای ڕۆخانی ڕژیمیش، ئیدی شۆڤینیزمی فارس ناتوانێ دەسەڵاتێکی ناوەندی درووست بکات تا ئێمە لێی بپاڕێینەوە مافەکانمان بدات. بۆیە من پێم وایە فیدرالیسم ناتوانێ جارێکی دیکە یەکێتی خاکی ئێران بپارێزێ و چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی تەنیا لە ڕێڕەی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەییەوە دەگوزەرێت.
***
  • هەروەک ئاگاداریت لەو کاتەوە کە حیزبی دادوگەشە پێدان لە تورکییە حوکوومەتی بەدەستەوە گرتووە پرسی کرانەوەی دیموکراتی و چارەسەر کردنی پرسی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتەیە، هاوکات لەنەورۆزی ساڵی ڕابردوو عەبدووڵلا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراونی پارتی کرێکارانی کوردستان پشتیوانی خۆی بەچارەسەر کردنی پرسی کورد لەباکوور دەربڕی و هەوڵەکانی حوکوومەتی دادوگەشە پێدانی بەرز نرخاندو نامەیەکی ڕەوانەی قەندیل کرد بەمەبەستی ئەوە کە گەریلاکان لەباکووری کوردستان بکشێنەوە، بەڵام چالاکانی سیاسیی و مەدەنی لەباکووری کوردستان پێیان وایە کە تاکوو هەنووکە ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لەبەرژەوەندی کورد لەیاسای بنەڕەتی کۆماری توورکییەدا بەدی نەهاتووەو جێگیر نەکراوە. تا چەند پێت وایە کە کرانەوەی دیموکراتی ئامانجی خۆی دەپێکێت؟ ئایا حوکوومەتی دادوگەشە پێدان باوەڕی بەچارەسەرێکی ڕەئالیستییانەی پرسی کورد لەباکوور هەیە یان خود وەک تاکتیک ئەو پرسە دەورووژێێت؟ و بۆ لاواز کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عەبدووڵا ئوجەلان و تەنانەت سەرکردەکانی باشووری کوردستان کەڵکی نابەجێ وەردەگرێت؟
وڵام؛ پێم وایە پارتی دادوگەشەپێدان هەرگیز ئامادە نابێت کە سەرجەم مافەکانی کورد بەفەرمی بناسێت و ئەو دیالۆگەش کە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان،دا دەستی پێکردووە، زۆرتر تاکتیکی سیاسییە و دەیهەوێ بەو تاکتیکە سیاسییە لە هەڵبژاردنەکانی توورکییەدا، دەنگی شارە کوردییەکانی توورکیە بۆ خۆی مسۆگەر بکات. حەشیمەتی کورد لە توورکییە ڕەنگە بگاتە ٢٥ میلیۆن کەس و چارەسەری کێشەی کورد لە توورکیە، بێگومان توورکییە هەڵدەوەشێنێتەوە. هەر بۆیە من هیچ ئومیدێکم بەو دانیشتنانە نییە و ئامانجی توورکییە، هەڵبژاردن و کڕینی کاتە بۆ یەکلا بوونەوەی شەڕی سووریە. چونکە توورکییە ناتوانێ باس لەوە بکات کە خەریکی ڕزگار کردنی گەلی سوریەیە لە ژێر دیکتاتۆریی ڕژیمی ئەسەد دا، بەڵام بۆ خۆی نەتەوەی کورد لە توورکییە بچەوسێنێتەوە کە دوو هێندەی حەشیمەتی هەموو سوریەیە.
  • لەپاش ئەوە کە بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی عەرەبی دەستی پێکردو لە هندێک وڵات سەرکەوتنی بەدەست هێنا، تەوژم و شنە بای ئەو بەهارە وڵاتی سووریەو ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، گرووپە ئیسلامییەکان بە هاوکاری توورکییەو هندێک وڵات و لایەنی دەرەکی دەستیان بەسەر بەشێک لەناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوادا گرت، لەپاش شەڕێکی چەند مانگە، هەنووکە ڕۆژئاوای کوردستان حوکوومەتی کاتیی دامەزراندووە، بەڵام ئەو حوکوومەتە بەشێک لەپارتە کوردییەکانی ڕۆژئاوا لەخۆ ناگرێت، بەوتەی چاوەدێرانی سیاسیی ئەو پارت و لایەنانە کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نزیکن لە دەرەوەی ئەو حوکوومەتەوەن و لە بەرامبەردا لایەنەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان حوکوومەتی کاتیی ڕۆژئاوایان پێک هێناوە. ئاسۆی ئەو حوکوومەتە کاتییە چۆن دەبینی؟ ئەگەر بەشار ئەسەد سەرکەوێت بەسەر ئسلامییەکان و ئەرتەشی ئازاد تێک بشکێنێت، هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان یان خود وەک ناوچەیەکی فیدڕاڵ لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکات؟ پێوەندی هێزە ناوچەییەکان لەگەڵ ئەو حوکوومەتە چۆن دەبێت؟
وڵام؛ من بە ئومیدەوە دەڕوانمە ئەو دەسەڵاتە خۆجێیە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان پێک هاتووە، هەرچەند ڕوونە کە ڕژیمی تاران و تەنانەت ڕژیمی ئەسەدیش پێیان باشە کە ئەو ناوچەیە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوە بچێ تا کوردەکان بتوانن ڕێگا لە ئەرتەشی ئازادی سووریە و گرووپە کۆنەپەرەست و ئیسلامییەکان بگرن کە لەوێوە هێرش نەکرێتە سەر ڕژیمی بەشار ئەسەد. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دامەزرانی ئەو دەسەڵاتە خۆجێیە کوردییە بە پۆزەتیڤ دەزانم و ئەگەر پارتی یەکێتی دیموکرات بارسەنگی هێز بپارێزێت و نەبێتە پاشکۆی هێزە دەرەکییەکان دەتوانین لە داهاتوو دا، شایەتی سەرهەڵدانی حوکوومەتی ئیقلیمی ڕۆژئاوای کوردستان بین. پێم وایە تازە زۆر زەحمەتە کە ڕژیمی ئەسەد بتوانێ کونترۆڵی سووریە بکاتەوە. هەربۆیە پێم وایە قەیرانی سووریە ساڵەهای ساڵ درێژە دەکێشێ و لە کردەوەدا دەبێ بە سێ پارچە، پارچەی ڕژیمی ئەسەد، پارچەی ئەرتەشی ئازاد و گرووپە ئیسلامییەکان و پارچەی ناوچە کوردنشینەکان. پێویستە پارتی یەکێتی دیموکرات واز لە پاوانخوازی بێنێ و ڕێگا بەپارتەکانی دیکەش بدات کە لە پڕۆسەی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان دا، ڕۆڵی خۆیان هەبێ و بەشدار بن لە ئیدارە و گەشەپێدانی ڕۆژئاوای کوردستان. پێم وایە ئەگەر کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو بن و نەبنە داردەستی وڵاتانی ناوچە و یەکڕیزی نەتەوەیی بپارێزن و سیاسییانە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە بکەن، دەتوانن دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزن. ئەگەر کوردەکانی ڕۆژئاوا ئەکگرتوو بن و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی- دیموکراتی دابمەزرێنن، پێم وایە لە کۆتاییشدا کۆمەڵگای نێونەتەوەییش بەفەرمی دەیناسێ و هەموو نەتەوەی کوردیش یامەتیدەر دەبن بۆ سەقامگیر کردنی وەها دەسەڵاتێکی نەتەوەیی- دیموکراتیک.
  • پارتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، لە زۆر بواردا کێشەیان هەیە، بەپێی زانیارییەکان هۆی دواکەوتنی گرتنی کونگرەی نەتەوەیی کورد هەر لەو پێوەندییە دایە، دەکرێ باس لە هۆو ئامانجی ئەو کێشانە بکەیت؟
وڵام؛ پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو پارتی بەهێز و بەدەسەڵاتن لەناو بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورددا و بێگومان تەبایی ئەو دوو هێزە دەتوانێ ڕۆڵی گرینگی هەبێ لە دامەزران و سەرکەوتوو بوونی کونگرەی نەتەوەییدا و بەپێچەوانەوە ناتەبایی ئەو دوو هێزەش دەتوانێ لەمپەرێکی گرینگ بێت لە نەبەستران یان خود ناسەرکەوتوو بوونی کونگرەی نەتەوەیی دا، پێم وابێ کێشەی ئەو دوو هێزە زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان بەوە تاوەنبار دەکات کە ڕێگا دەگرێ لە بەشداری پارتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە پارتی دیموکراتەوە نزیکن. پارتی کرێکارانیش لە بەرامبەر دا، پارتی دیموکرات بەوە تاوەنبار دەکات کە بە بڕیاری توورکییە گوشار دەخاتە سەر پارتی یەکێتی دیموکراتی و سنوورەکانی باشووری کوردستانی بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان دادەخات و گوشاری ئابووری دەخاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
***
سەربەستی؛ زۆر سپاس کاک عیرفان بۆ ئەوە کە ئەو دەرفەتەت بەئێمە دا کە ئەو وتووێژەت لەگەڵ ساز بکەین، ئەگەر شتێک ماوە بۆ وتن و ئێمە باسمان نەکردووە، فەرموو باسی بکە.
منیش سپاسی ئێوەی بەڕێز دەکەم بۆ ئەم دەرفەتەی کە پێکتان هێنا تا لەسەر پرسە گرینگەکانی پێوەندیدار بە کوردستان بدوێین.
سەرچاوە: سەربەستی 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر