نیشتمانی عەرەب یان نیشتمانی دوور لە دیموكراسیەت یان نیشتمانی چەكەرەكردن و پێگەیاندنی دیكتاتۆرەكان،ئەو دیكتاتۆرانەی كە لەگەل كورسیەكانیان چوونەتە ناو عەشقێكی هەتا هەتایی و پێیان وایە لە ئەزەلەوە هەر بۆ ئەوان بووە،هەردەبێ بۆ ئەوانیش بێ،خەو بەوە دەبینن لە دونیای ئەبەدیشدا چوار چمك لە كورسیەكانیان بگرنەوە و دیسان پێیان بدرێتەوە،لەمێژووی كۆن و نوێ دا وڵاتێكی عەرەبی كەشێكی دیموكراسی وای بەخۆیەوە نەبینیوە كەرۆژێك بتوانێ یەكێك لە سەركردەكانی بە ئارەزووی خۆی هەڵبژێرێ، زۆربەی سەركردە عەرەبەكان یان بەكودەتای سەربازی یان كوڕی یەكێك لە سەركردەكان بوون جلەوی فرمانڕەواییان گرتۆتە دەست و ئیتر ئەگەر بەزۆر لانەدرابن ئەوا تالەدوایان هاتبێ دەسەڵاتەكەیان بۆخۆیان مۆنۆپۆل كردووە و بە مافی كەسی تریان نەزانیوە،ئەو وڵاتانەش كە شانشینن ( ملكی ) وەك مەغریبی عەرەبی و ئوردن،وڵاتانی كەنداوئەوە لە باب و باپیرانیانەوە بۆیان جێ ماوە و بێگومان ئەوانیش بۆ یەكێك لە كوڕكانیان جێ دێلن.
رادەی بێزاری لە زۆربەی وڵاتە عەرەبیەكان گەیشتۆتە ئەوپەڕی و بارو دۆخی گوزەرانی زۆرینەی خەلك ئەوندە خراپ بووە بۆیە،لە ماوەیەكی وا كەم دا وەك گڕی لاشەی( محمد البوعزیزی )گەلی تونس وا گڕی گرت و كلپەی گڕی جستەی ئەم گەنجە تونسیە لە نێوان شەو رۆژێك دا بووە شۆڕشێكی سەرتاسەری وا كەهەمووتونسی گرتەوە ولە دوای ئەویشدا هاوڵاتیەكی جەزائیری و دوای ئەویش گەنجیكی میسری هەروەها كەسێكی مۆریتانی لەبەردەم كۆشكی ئەنجوومەنی پیرانی مۆریتانیا خۆی سوتاند،راپەڕینەكەی تونس هەربە تونس نەوەستا و لە چەند رۆژێكی كەم دا زۆربەی وڵاتە عەرەبیەكانی وەك میسر و مۆریتانیا و جەزائیرو یەمەن و ئوردنیشی گرتەوە هاوڵاتیانی ئوردن لە دوای نوێژی هەینی رۆژی 14/1/2011 رژانە سەر شەقامەكانی عەممانی پایتەخت وبە شێوەیەكی ئاشكرا داوای لەسەر كارلابردنی حكومەتیان دەكرد.
دواین جار دەسەڵاتە 24 ساڵیەكەی( زین العابدین بن علی ) بە خۆسوتاندنی گەنجێكی تونسی كلپەی ئاگری شۆرشیكی بەرفراوان دەگیرسا و لەنێوان شەو و رۆژێك شوێنێك نەما فرۆكەی ئەو دیكتاتۆرە لێی بنیشێتەوە.
زین العابدین بن علی دووەم سەرۆكی تونسە لە ساڵی 1987 بە كودەتا بۆتە سەرۆكی ئەو وڵاتە دوای لادانی ( حبیب بورقیبە )بە بیانووی ئەوەی كە بەساڵا چووە،لەسەر كاری لادا وخۆی هەموو دەسەڵاتەكانی گرتە دەست وهیچ هەڵبژرادنێكی ئەنجام نەدا تاساڵی 1999 یەكەم هەڵبژاردن لە تونس ئەنجام درا بێگومان وەك زۆربەی سەركردە عەرەبەكان بە زۆرینەی رەها ( بن علی)خۆی دەرچوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەدرێژرا 23 ساڵی دەسەڵاتی زۆربەی سەرچاوەكانی داهات و ئابووری تونس لە دەست خۆی و دەست پێوەندەكانی بووە، بەپێی هەندێ سەرچاوەی نزیك لێی لە بانكەكانی ئەوروپا خاوەنی نزیكەی( 40ملیار ) یۆرۆیە،هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپاش بڕیاریان داوە كە پارەكانی لاخۆیان بلۆك بكەن.
بێگوومان ( زین العابدین بن علی ) یەكەمین ودواین دیكتاتۆری عەرەبەكان نیە، زۆربەی سەركردە عەرەبەكان كاتێ دەسەڵات دەگرنە دەست بەری نادەن و قەبولیان نیە كەسێكی تر شوێنیان بگرێتەوە،یەكێك لە سیفەتە هەرە نەگریسەكانی دیكتاتۆرە عەرەبەكان ئەوەیە نەك هەر ئەو میللەتانەی لەگەلیان هاونیشتمانن دەچەوسێننەوە وەك نمونەی كوردستانی باشوور بەلكوو هاونەتەوەكانی خۆشیان دەچەوسێننەوە.
بەپێویستی دەزانم لێرە ئاماژە بە چەند سەرۆكێكی تری عەرەبی بدەم لەگەل ئەوماوەیەی كە دەسەلاتیان لە دەستە:
لەهەموو دیكتاتۆرەكان دڕەندەتر و نامرۆڤانەتر( سەدام حسین ) سەرۆك كۆماری عێراق كە بەشێوەیەكی فەرمی لەنێوان ساڵانی 1979 تا 2003 واتە بۆ ماوەی ( 24 ) ساڵ و بەكردەوەش زیاتر لە ( 30 ) ساڵ دەسەڵاتی رەهای عێراق لە دەست تاكە كەسی خۆی بوو لە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتیشی دا هەرچی نەهامەتی ماڵ وێرانی بەسەر گەلانی عێراقی هێنا و هەمووداهاتی ئەو وڵاتەشی خستبووە ژێر دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەو دارو دەستەكەی هەموو پلانە گلاوەكانیشی بەكار برد بۆ ئەوەی مللەتی كورد لە ناوببات،رەنگە میللەتی كورد زیاتر لە هەموو میللەتێكی تر لە دەست دیكاتۆریكی عەرەبی ناڵاندبی ومەینەتی چەشتبێ
(حافزالاسد) لە ساڵی 1970 بووە بە سەرۆك وەزیرانی سوریا و لە ساڵی 1971 بووە بە سەرۆك كۆمار و بۆ چوار جار یەك لەدوای یەك ساڵانی 1978،1985،1992 و 1999 بەراپرسی جەماوەری و بەرێژەی زۆر بەرز دانراوەتەوە،تا مردنی لە ساڵی 2000 هەر سەرۆك كۆماری سوریا بووە لە دوای خۆشی( بەشارئەسەد )ی كوڕی شوێنی گرتۆتەوە ورەنگە ئەویش هەرلە پۆستەكەی بمێنێتەوە تا كۆتایی ژیانی ئەگەربە كودەتایەك یان راپەڕینێكی جەماوەری لانەدرێ،ئەوەی جێی سەرنجە سوریەكان بەچەند رۆژێكی كەم دەسكاری ئەو بڕگەی دەستووری وڵاتەكەیان كرد كەتیادا هاتبوو نابێ سەرۆك كۆمار تەمەنی لە( 40 )ساڵ كەمتر بێ و كردیان بە( 34 ) لەبەر ئەوەی لەو كاتە( بەشار ئەسەد ) رێك تەمەنی( 34 ) ساڵ بوو.
(حوسنی موبارەك ) لەساڵی 1928 لەدایك بووە،لەساڵی 1981 لە دوای تیرۆكردنی(ئەنور سادات )بووە بەسەرۆكی میسر و تارۆژگاری ئەمڕِۆش هەر لە دەسەڵات ماوەتەوە سەرەڕای ئەوەی كە تەمەنی لە 80 ساڵ تێپەڕیوە،ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدایە كە زەمینە خۆش بكات بۆ ئەوەی(جمال موبارەك )ی كوڕی شوێنی بگرێتەوە.
(معمر القزافی )سەرۆكی لیبیا یان رابەری شۆڕشی لیبیا لە ساڵی 1942 لەدایك بووە و لە ساڵی 1969 تا ئێستا واتە بۆ ماوەی (42 ) ساڵە هەر سەرۆك یان كەسی یەكەمی لیبیایە لە سایەی دەسەلاتی ئەولیبیا بۆتە ولاتێكی داخراو و بەسەر جیهانی پێشكەوتوی ئەم سەردەمەدا نەكراوەتەوە لەروو راگەیاندنەوە وڵاتێكی كپە و رووداوە ناوخۆییەكان بەدونیای دەرەوە ئاشنا نابێ ویەكێكە لەو سەركردە عەرەبانەی كە بە بیرو بۆچوونە سەیرەكانی ناسراوە و لەهەموو بوارێك دا گوتاری تایبەتی خۆی هەیە،لە دواین لێدوانیشی دا دەربارەی راپەڕینەكەی گەلی تونس دەڵێت "هێشتا زووبوو گەلی تونس پەلەیان كرد لە لادانی زین العابدین بن علی" هەروها ئامۆژگاری گەلی تونسی دەكرد كە سەرۆكەكەیان بگێڕنەوە و بارو دۆخی وڵاتەكەیان ئارام بكەنەوە .
( علی عبدالله ێالح ) سەرۆكی یەمەن لە 31/ مارسی / 1942 لەدایك بووە ساڵی 1978 تا ئیستا واتە بۆ ماوەی (33 ) ساڵ دەبێ سەرۆكی یەمەنە لە ساڵی 1990 لە دوای پێكەوە لكانی هەردوو پاچەی باكور و باشوری یەمەن سەرۆكایەتی هەردوو پارچە دەكات و لەكێشەیەكی بەردەوام دایە لەگەل حوسیەكانی ئەو ولاتە.
(بن سعید )سوڵتانی وڵاتی عمان لەساڵی 1970 كودەتای لە سەر( سعید بن تیمور) باوكی خۆی كرد و لەسەر كاری لادا و خۆی شوێنی گرتەوە و تا ئێستاش واتە بۆ ماوەی( 41) ساڵ دەبێ كەسی یەكەم یان سولتانی وڵاتی عمانە.
جگە لەمانەی باسمان كردن زۆربەی وڵاتە عەرەبیەكانی تر شانشینن ودەسەلاتی تەواو لە دەست بنەماڵەكانیان دایە ولە هەردەست خۆشیان دەبی،ئەمانەن سەرۆكە دیكتاتۆرەكانی عەرب كە بەخەونی شەوانیش بیر لەوە ناكەنەوە كە ولاتێكی دیموكراسی دامەزرێنن،ئەوەی كورسی دەسەلات دەگرێًتە دەست بە هەڵبژاردنێكی ئازادانەو دوور لەسانسۆر بێتە سەرحوكم،ئەو وڵاتانەش كە ناوە ناوە بەناو هەڵبژاردنێك ئەنجام دەدەن وەك هەڵبژاردنەكانی سەدام حسین و سوریا و زۆربەی وڵاتەكانی تریش بیگومان رێژەی دەرچوونی سەرۆك هەر دەبێ 99،99 % كۆدەنگەكانی خەڵكی ئەو وڵاتە بێ .
زۆرێك لە دیكتاتۆر و شۆڤینەیە عەرەبەكان لە بیرو باوەڕە سیاسیەكانیان بۆ ئەوە دەچن كە رووداوەكانی ئەم دواییەی وڵاتەكانیان دەستی ئەمریكای لە پشتە و ئەمریكا هەوڵدەدات كە ریزەكانی یەكێتی عەرەبی لەبار ببات خۆی هەیمەنە بكاتە سەر وڵاتانی عەرەبی و دەست بەسەر ئابوریان دابگرێ،عێراقیش وەك نمونە دێننەوە هەرگیز بیریشیان بەلای ئەوەداناچێ كە ئەوانن دەنگی ئازادی گەلانی خۆیان كپ كردووە ومیللەتەكانیان لەدژی ئەوان رادەپەڕن نەك بە دەست لە پشت دانی ئەمەریكا و كەسانی تر.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر