Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۳ فروردین ۲, شنبه

بەهار و نەورۆز جێژنی سرووشتی پێدەشتەکانی زاگرۆس!



بەهار و نەورۆز جێژنی سرووشتی پێدەشتەکانی زاگرۆس!

لەنووسینی؛ ئاریتما موحەممەدی
مادەکان لە وەرزی بەهاردا سەرکەوتنی مەزنیان بەدەست هێنا و بەهار و نەورۆزیان وەک هێمای ڕۆژێکی نوێ پێناسە کرد و ئیتر لەو کاتەوە بەبەردەوام بەهار و نەورۆزیان جێژن گرتووە. ئاریتما موحەممەدی


نەورۆز گرینگترین و مێژووییترین جێژنی نەتەوەیی و پڕ باییخی کورد لە مێژووی کوردستان و ناوچەکە و زاگرۆسدا بووە، نەورۆز لە گەڵ ئەوەدا کە شنەی شەماڵ و وەرزی گەرمی و گەشت و سەیران لەگەڵ خۆی دێنێت و بەرگ و ڕووخسارێکی نوێ بە خاک و ئاو و دەشتودەر دەبەخشێت، هاوکات بە وەرزی زاڵبوون بەسەر سەرماوسۆڵەی زستان و بەزاندنی ئەو وەرزە ساردە و زیندوو بوونەوەی گژوگیان و سرووشت پێناسە دەکرێت. لە دەسپێکی ئەو وەرزە خۆشەدا ژیان ڕەنگوبۆی نوێ و گەش بەخۆی دەبەخشێت و تەنانەت باڵندە کۆچەرییەکانیش پەیامی ئەو وەرزە دڵڕفێنە لەگەڵ خۆیان دێنن.
گرینگییەکانی وەرزی بەهار بۆ دانیشتووانی کوردستان لە مێژوو دا؛
کوردستان وەک ناوچەیەکی کوێستانی و پڕ لە دەشت و پێدەشتی سەرسەوز و لێواولێو لە هەزاران گوڵ و گوڵزار، بەهارەکەی جوانتر و ڕازاوەتر دەکات و تاییبەتمەندی تاییبەت بە خۆی هەیە کە بە سەرچاوەی ئاوەدانی نێودێر کراوە، یەکێ لە تاییبەتمەندییەکانی بەهار ئەوەیە کە ئەو وەرزە، جوانترین وەرزی ساڵە، لە دەسپێکی ئەو وەرزەدا زیندەوەران ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەن و ژیان نوێ دەبێتەوە.
نەورۆز و بەهار لە مێژووی کۆنی کوردستان و کورددا باییخی یەکجار زۆری پێدراوە، چونکوو لەو وەرزەدا بووە کە نەتەوەکەمان پلانی بۆ داهاتوو داڕشتووە و ئەو وەرزە سەرەتای کشتوکاڵ و چنینی گژوگیان بووە، ئەوەش بە یەکێ لەو هۆکارانە پێناسە دەکرێت کە بووەتە هۆی ئەوەکە ژیان لە کوردستان بەردەوام بێت و گەشە بکات و کۆمەڵگا پێداویستییەکان و خۆراکی دابین بکات، بێگومان ئەگەر کوردستان بەهاری ئەوەندە خۆش و سرووشتێکی ئەوەندە دەوڵەمەندی نەبوایە ژیانی تێدا بەردەوام نەدەبوو، یان خود کۆمەڵێکی هەژار و نەداری بار دەهێنا کە وەک بەشێک لە کۆمەڵگاکانی باکووری ئەورووپا و بەتاییبەت سکاندیناڤیا کە ئەو کات لە بەشێک لە ناوچەکانی، ڤیکینگەکانی تێدا ژیاوە، لەبەر ساردی و نەبوونی خۆراک و سیپاڵ، بەناچار بۆ مانەوە پەنایان بۆ جەردەیی بردووە و بەبەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر نەتەوەکانی دیکە و ڕاماڵیان کردوون، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوە بووە کە بژێوی ژیانیان دابین بکەن.
کاتێک باس لەوە دەکەین کە کوردستان پێتەختی زانست و گەشەکردنی مرۆڤایەتیی و دەرکەوتنی خۆر و ڕووناکی بووە و شارستانییەت و پێشکەوتن لێرەوە پەلی بۆ جیهان ڕاکێشاوە و شارسازی و قڵا و بینای تێدا ساز کراوە و بونیاد نراوە، بەو واتایە دێت کە پێویستی نەکردووە کە خەڵک بۆ ژیان و دابینکردنی خۆراک بەرەو ناوچەیەکی دیکە کۆچ بکەن. بەواتا کوردستان بە ناوچەیەکی بەپیت و بەرەکەت ناسراوە کە هەموو دەرفەتێکی بۆ ژیانکردن و بەردەوامی ژیان و نەبوونی مەترسی بۆ سەر ژیانی تێدا مسۆگەر بووە. هاوکات کوردستان لەبەر شاخاویی بوونی بۆ پارێزگاری کردن و هێرشی پێچەوانە گونجاو بووە و بەزاندن و داگیرکردنی دژوار بووە. ئابڵۆقەی ئابووری و خۆراک کاریگەری لەسەر دانیشتووانەکەی دانەناوە، ئەوەش لەبەر ئەوە بووە کوردستان بەهاری دەوڵەمەندی هەبووە و پێداویستییەکانی وەک خۆراکی دابین کردووە و لەوەڕگاکانی بۆ ئاژەڵداری لەبار و گونجاو بووە.
لە ڕابردوودا پێداویستییەکانی ژیان لە ڕێگای ئاژەڵ و گژوگیاوە دابین کراوە، بۆ ئەوەش پێویستیان بە بەهاری تەڕ و باراناویی بووە، بۆ ئەوەکە لەو ڕێگانەوە ژیانیان دابین بکرێت و وڵات تووشی وشکەساڵی نەبێت. کەواتا بەردەوامی ژیانی کۆمەڵگا بەسترابووەتەوە بە بەهاری تەڕ و گژوگیای فەراوان. "بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوەش بکەم کە کوردستان تاکە وڵاتێکە لە ئاستی جیهان کە پێویستی بە شتومەکی دەرەکیی نەبووە و نییە و لەنێوخۆدا پێداویستییەکانی خۆی دابین کردووە و خۆی بەڕێوە بردووە".
لە لاپەڕەکانی مێژوودا ئاماژە بە بەهاری زاگرۆس و پێدەشتەکانی کراوە و گرینگی پێدراوە، بەتاییبەت مێژووناسی گەورەی یونان کتزیاس لە چەند بەشێکدا باس لە هێزی مادەکان و دەوڵەمەندی وەرزی بەهاری کوردستان دەکات، هەروەها هێرۆدوتیش بەهەمان چەشن باس لە زاگرۆس دەکات، گژوگیای زاگرۆس و کوردستان بەسەرچاوەی دەواودەرمان نێوی هێنراوە، دەست ڕاگەییشتن بەبەهاری زاگرۆس بە واتای دابین کردنی ژیانێکی بەختەوەر و لەشساقی هەتاهەتایی بووە.
یان خود ئەگەر بەهاری کوردستان ئەوەندە تەڕ و سرووشتێکی ئەوەندە ڕەنگینی نەبوایە کوردستان تووشی وشکەساڵی دەهات و ئەوەش کاریگەری نەرێنیی چاوەڕواننەکراوی لە دوای خۆی جێدەهێشت و کۆمەڵگا تووشی ئاڵۆزی دەبوو و کۆمەڵەکەی دەفەوتا، ئیمە کاتێک دەڵێین کە کورد هەمیشە لە کوردستان و زاگرۆس ژیاوە، بەو واتایە دێت کە ئەم ناوچەیە بۆ ژیانکردن لەبار و گونجاو بووە و کورد لە ڕەوتی مێژوودا ناچار نەبووە بۆ ئەوەکە دۆخی ژیانی باشتر بکات زاگرۆس بەرەو وڵات و کۆمەڵگا یان خود ناوچەیەکی دیکە چۆڵ بکات و کۆچ بکەن. هەروەها ئەو وەرزە جوانە، پەیامهێنەری ئاشتی و سەرکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی لە ڕەوتی مێژوودا بووە، لەبەر ئەوە وەرزێکی بەهار هیوای یەکساڵی کۆمەڵگایەک بۆ دابین کردنی خۆراک و بەردەوامبوونی ژیانی ئەو ساڵەیان بووە، بەهار ئەو وەرزە بووە کە بە سەرچاوەی بەردەوامی ژیان پێناسە کراوە، "زۆرجار ئەوەمان بیستووە کە لە ڕەوتی مێژوودا لە نەبوونی بەهاری تەڕ، وشکەساڵی بووەتە هۆی لەناوچوون و فەوتانی کۆمەڵگایەک".
هاوکات لە ماوەی چەند سالی ڕابردوودا سووتاندنی لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە مەبەستی ئەوە دێت کە سرووشتی جوانی کوردستان تێک بدات و وێرانی بکات. هەر وەک لە دەسپێک و نێۆڕۆکی ئەم بابەتەدا ئاماژەم پێکردووە کە سرووشتی دەوڵەمەندی کوردستان یارمەتیدەری ئەوە بووە کە شۆڕشەکانی کوردستان و تێکۆشەرانی کورد دەستکەوتی مەزن بەدەست بهێنن و بزووتنەوەی کوردستان تووشی ڕۆخان و داڕمان نەبێت و هەمیشە هەلی هەڵگیرسانی خەبات و شۆڕش و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نوێ لەناو سرووشتی کوردستاندا لەئارا و لە گۆڕێدا بووە. هەروەها خاڵێکی دیکە کە پێم وایە زۆر گرینگە ئەوەیە کە هەمیشە ئابڵۆقە ئابوورییەکانی داگیرکەران کاریگەری نەرێنی لەسەر خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد دانەناوە، چوونکوو سرووشتی کوردستان، بەرزی چیاکان و بوونی پێدەشتی فەراوان و گونجاو بۆ کشتوکاڵ ڕێگر لە سەرکەوتنی پلانەکانی ڕژیم و شۆردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بووە. هاوکات سرووشتی کوردستان لە پاراستنی شەڕوانان و شۆڕشگێڕانی کوردستاندا ڕۆڵی مەزنی گێڕاوە. ئەوەش هۆکاری بنەڕەتی ئەوەن کە داگیرکەرانی کوردستان ڕق و کینەی خۆیان بەسەر سرووشتی کوردستانیشدا بڕێژێن.

جوگرافیا و سرووشتی کوردستان؛

کوردستان وەک ناوچە شاخاوییەکانی زاگرۆس لە وەرزی زستاندا سەرمای زۆری بەخۆیەوە بینیوە و هەمیشە ئەوە بەهار بووە کە ئەو مەترسییەی ڕەواندووەتەوە، لە لایەکی دیکەوە لەو وەرزەدا بووە کە مادەکان پەیمانی یەکێتی و یەکڕیزییان لەناو خۆیاندا واژۆ کرد و پلانیان بۆ پێکهێنانی ئیمپراتووری میدیا داڕشت، لە ڕاستیدا وەرزی بەهار وەرزی ڕزگاری و سەرکەوتنی کورد و کوردستان بووە، هەمیشە وەرزی چالاکیی و بەرخۆدان و پێشەوەچوون و دەستکەوت بووە، هەربەو مەبەستەیە کە نەتەوەکەمان لە ڕەوتی مێژوودا دەسپێکی ئەو وەرزەی جێژن گرتووە و بە سەرەتای سەرکەوتن و هیوای نوێ و دواڕۆژی زانیوە.
کوردستان لە باری جوگرافییەوە لە کۆمەڵە شاخێکی بەرز و زەنجیرە کێو و پێدەشتێکی پان و بەرین پێکهاتووە کە وەرزی بەهار لە گەڵ ئەوەدا کە جوانیی و سەرسەوزی پێبەخشیوە، هاوکات سەرچاوەی مەعاش و کەسبوکار و خواردن و کشتوکاڵ بۆ دانیشتووانی بووە. ئەوەش کوردستانی کردووەتە شوێنپێی ڕمڕمانی نەتەوە جیاوازەکانی دەورووبەر و لە دەیان ناوچەی دوورەوە چاویان بە خاکی کوردستان بڕیوە و هێرشیان کردووەتە سەری، هێرشی یونانییەکان و مەغوولەکان نموونەی ئەو هێرشانە بۆ سەر کوردستانن، هەر بۆیە لە مێژووی کۆندا هەمیشە شەڕوانانی نەتەوەکەمان لێهاتوو و لە خۆبردوو بوونە و بەبەردەوام ڕاهێنانیان کردووە و لەباری لەشولارەوە بە خەڵکانێکی لەشساق و باڵابەرز و چوارشانە و بەهێز ناویان هاتووە. ئەوەش ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە کوردستان لەباری سرووشت و خۆراک و گژوگیاوە وەرزی بەهاری دەوڵەمەند بووە و وشەکانی ساڵی و برسێتی تێدا ڕووی نەداوە.
کۆی گشتیی ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە لە پێوەندی بە نەورۆز و وەرزی بەهار ئاماژەم پێکرد بە هۆکاری هێرشی دووژمنانی گەلەکەمان پێناسە دەکرێت کە هەمیشە هەوڵیان داوە کە خۆشی و شادی وەرزی بەهار و دەسپێکی ساڵی نوێ و نەورۆزمان لێ تێک بدەن و گۆماوی خوێن بخەنەڕێ و لاوانی وڵاتمان بەکوشت بدەن. وەرزی بەهار و دەسپێکی ساڵی نوێ لە مێژووی کۆنی کورددا بە واتای خۆڕاگری و هەوڵدان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران و دابین کردنی سەربەستی و ئازادی پێناسە کراوە.
ڕووداوەکانی مێژووی کورد لە نەورۆز دا؛
ئەگەر چاوێکی خێرا بە ڕووداوە گرینگەکانی وەرزی بەهار و نەورۆزی کوردستان لە مێژووی پانسەد ساڵی ڕابردوودا بخشێنین، دەبینین کە زۆربەی ئەو ڕووداوە گرینگانە چ ئەو بەشە کە کاریگەری ئەرێنی و چ ئەو بەشانەش کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر دۆخی سیاسیی و کولتووری نەتەوەکەمان داناوە، لە وەرزی بەهار و نەورۆزدا ڕوویان داوە. ئەوەش بە واتای گرینگی و پڕ باییخی ئەو وەرزە دێت کە داگیرکەران هەستیان بەو ڕاستییە کردووە کە کورد وەک کۆنترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زاگرۆس چەندە گرینگیان بەو وەرزە و جێژنی دەسپێکی ساڵی نوێ و نەورۆز داوە. هەر بۆیە هەمیشە ویستوویانە کە ئەو وەرزە بە خوینی کورد ڕەنگین بکەن و لە بەرچاو و لە زەین و هزری نەتەوەی کورددا ڕەش و بێباییخی دەربخەن.
لەدار دانی پێشەوای کورد قازی موحەممەد و هەروەها کیماباران کردنی هەڵەبجە و سەرکوت کردنی دەیان ڕاپەڕینی دیکەی کورد لەو وەرزە جوان و پیرۆزەدا ڕووی داوە، ئەوەش بە پیلانی داگیرکەران، هەروەها دەیان سەرکەوتن و دەستکەوتی گەلەکەمانیش هاوکات لەو وەرزە و لە دەسپێکی نەورۆز و وەرزی ڕووناکی خۆر و درەوشاوەیی مانگ لە شەوەزنگی پڕ ئەستێرە کە تێکڕا بەرهەمی ئاشت بوونەوەی سرووشتن، بەدەست هاتوون. هەروەها مادەکان لەو وەرزەدا سەرکەوتنی مەزنیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدەست هێنا و بەهار و نەورۆزیان وەک هێمای ڕۆژێکی نوێ پێناسە کرد و ئیتر لەو کاتەوە بەبەردەوام بەهار و نەورۆزیان جێژن گرتووە. جێژنی سەرکەوتن و سەربەستیی گەل و پێکهێنانی دەوڵەتی میدیا گرینگی و باییخێکی یەکجار زۆری بۆ ماد هەبووە. دەسکەوتەکانی ماد تاکوو ئیستاش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆڵ و هێز و پێگەی کورد لە ناوچەکەدا هەیە.
پەیامی نەورۆز لە مێژوودا؛
ئەوەی کە ئیستا بۆ ئێمە گرینگە پەیامی ئەو جێژنەیە کە هاوکات پەیامی باپیرانمانیشە، فەلسەفەی پەیامی جێژن گرتنی نەورۆز و وەرزی بەهار ئەوەیە کە هەمیشە بەسەر هەورازونشیوەکاندا زاڵ بین و خەبات و تێکۆشان لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەرەو پێش ببەین بۆ ئەوەکە ئازادی و سەربەستیی و ژیانێکی نوێ بۆ گەلەکەمان دەستبەر بکەین، بێگومان تاکوو وەرزی زستان تێنەپەڕێنین بەهار و وەرزی جوانی و ڕازاوەیی سرووشت ڕوومەتی گوڵان ناپشکووێت و دارستان وەچ و چرۆ ناکات، بە هەمان چەشن تاکوو قۆناغە دژوارەکان و دۆخی ئاڵۆز و مەترسیدار تێپەڕ نەبێت ڕزگاری یەکجارەکی و سەربەستیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدەست نایەت و بۆ گەل دەستبەر ناکرێت.
بۆیە پەیامی کورد لە ڕەوتی مێژوودا لە پێوەندی بە جێژن گرتنی وەرزی بەهار بەواتای چالاکبوون و خەباتی بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی ماف و ویست و داخوازی بووە، هەر ئەوەشە کە دووژمنانی گەلەکەمانی هەراسان کردووە و هەرکە بەهار وەرزی خۆشی و شادی و نوێ بوونەوەی سرووشت دەگات، ئیتر بەڕێگای جیاواز هێرش دەکەنەسەر گەلەکەمان و لاوان و چالاکانی سیاسیی و مەدەنی ڕاپێچی بەندیخانەکان دەکەن، لە دەسپێکی وەرزی بەهار لە ساڵی ڕابردوودا دەیان چالاکوانی سیاسیی و مەدەنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کران، کە تاکوو هەنووکە چارەنووسی بەشێکیان ناڕوونە و بەشێکیشیان بە تۆمەتی هەڵبەستراو دادگایی کران کە ئاکامەکەی بە بڕینەوەی چەندین ساڵ بەندکردن کۆتایی پێهات.
ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ڕاستی ئەو پەیامە دەسەلمێنێت کە خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاری کورد لە بەهاری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و لە سرووشتی جوان و ڕازاوەی ڕەنگاوڕەنگی پێدەشتەکانی زاگرۆسەوە تێپەڕ دەبێت. بۆ ئەوەکە ئەو پەیامە بە نەوەکانی داهاتوو بگات، دەبێت نەورۆز جێژنانە جێژن بگرین و خۆشی و شادی دەربڕین و دڵەکانمان بە بارانی بەهار بشۆرین و ڕەنگاوڕەنگی سرووشتی بەهار بەهێمای ڕەنگاوڕەنگی بۆچوونە سیاسییەکان پێناسە بکەین و ڕێز لە ڕوانگە جیاوازەکان و پلۆرالیسمی سیاسیی بگرین. هەر وەک چۆن ڕەنگە جیاوازەکان بەهاری ڕەنگین کردووە، بێگومان بۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستانیش بە هەمان چەشن  ئەگەر لە پێوەندی بە داڕشتنی بناغەی داهاتووێکی نوێوە بێت، نەک هەر نابنە درز، بەڵکوو یەکێتی و یەکڕیزی خەباتی گەلەکەمان بتەوتر دەکات و دەستکەوتەکانیش زووتر و ئاسانتر بەدەست دێن.
ئەنجام و کۆی وتار؛
وەرزی بەهار و نەورۆزی کوردستان چەند تاییبەتمەندییەکی بێوێنەی هەیە کە پەیامی هاتنی ئەو وەرزە لە گەڵ خۆیان دێنن، خۆڕێکخستنەوەی سرووشت، گەرمبوونی هەوا، پشکۆی گوڵان، وەچ و چرۆ و گەشەی دارستان، کۆچی باڵندەکان، ڕمەڕم و نمەنمی باران، ڕووناکیی هەتاو، توانەوەی بەفر و هاژەهاژی ئاوی کۆساران، قاسپەقاسپی کەو لەسەر یاڵان و چریکەی بولبوولی ناو گوڵزاران و... هتد. ئەگەر ئەو تاییبەتمەندییانە کە ئاماژەم پێکرد لەیەک کاتوسات و ئاستدا خۆ نەنوێنن، بێگومان بەهار و جوانی ئەو وەرزە ئەوەندە ڕازاوە و سەرسەوز و دڵڕفێن نابێت. پێویستە کە پارت و ڕێکخراوەکانی کوردستانیش بەهەمان چەشن، ڕۆڵی یەکێتی سرووشت بۆ دەستبەر کردنی بەهاری دڵڕفێن بەرز بنرخێنن و پێویستە کە لە سرووشتەوە فێر بین کە ژیانی گەشەکردوو و دەستکەوتی مەزن پێویستی بە هەنگاوی هاوئاهنگ هەیە کە هەوێنی یەکێتی و یەکڕیزی بهێنێتە دی. مرۆڤ بوونەوەرێکی سرووشتیی ناو سرووشتە کە هەنووکە خۆی لە سرووشت دوور خستووەتەوە و بێگومان سرووشتی ژیانی مرۆڤیش گەلێک لە سرووشتی ژینگەی کێویی نزیک و تێکەڵە، دەکرێ مرۆڤ لەو ئەزموونانەی کە ڕۆژانە لەناو سرووشتدا دەیبینێت و فێری دەبێت، بۆ بەرەوپێشەوەچوونی ژیان و دەستکەوتی گەورە کەڵکی لێوەر بگرێت.
پێم باشە لە کۆتایی ئەم کورتە وتارەدا کە لە پێوەندی بە جێژنی نەورۆز و هاتنی وەرزی بەهارە، پێداگری لەسەر ئەوە بکەمەوە کە چوارشەمەسووری پێوەندی بە کورد و کوردستان و جێژنی نەورۆزی کوردەوارییەوە نییە، بەڵکوو چوارشەمە ڕۆژێکە کە لەناو ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا باییخی پێدەدرێت و بە ڕۆژێکی پیرۆز ناسێنراوە و لەژێر کاریگەری کولتووری فارسدا هاتووەتە ناو کۆمەڵگای کوردستان. هاوکات پێویستە کە جارێکی دیکە ئاوڕ لە پەیامی ئەو وەرزە و نەورۆز بدەینەوە و پێداگری لەسەر فەلسەفەی ئەو پەیامە بکەینەوە کە هەمیشە هیوای ئاشتی و ئازادی و بەرخۆدان و تێکۆشانی لەناو دڵی گەلەکەماندا چاندووە، ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەروون و ڕوانگەی تاکی کۆمەڵگای کوردستان داناوە. جارێکی دیکە جێژنی میدیا و هاتنی وەرزی بەهاری دڵڕفێن و نەورۆز پیرۆز بێت. نەورۆز و بەهار هێمای هاتنی ئازادی و ئاشتبوونەوەی سرووشت و دەسپێکی ژیانێکی نوێ و ڕۆژێکی نوێ لە کۆمەڵگای کوردستانن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر